
هەردیدار و کۆنفرانسێک لە باشوری کوردستان دەکرێت تەواو پیاوانە و نێرانەیە، چەندین بابەتی گرنگی کۆمەڵگا هەیە پشگوێ دەخرێت و زۆربەی کات ئەو چالاکیانە لە دۆڵیکن وکۆمەڵگاو پرسە هاوچەرخەکانی لەدۆڵێکیترن، چونکە کاتێک ئەم دیدار و کۆنفرانسانە گوزارشت لەکۆی پرسەکانی کۆمەڵگا دەکەن کە پرسی ژن و ژینگەو ئازادی لەترۆپکی ئەو دیدار وکۆنفرانسانەدا بن.
کەشی زاڵی ئەو کۆنگرەو کۆبونەوانە زیاتر خۆنمایشکردنی بەرپرسانی سیاسی و ڕییاکردنە بۆ یەکترو، فەرامۆشکردنی تەواوی پرسەکانی کۆمەڵگایە و هەمیشە دەیانەوێت ئەوەمان پیشان بدەن کە سیاسەت هەمووشتێکەو، لەدەرەوەی سیاسەتیش شتێک نیە ناوی پرسی کۆمەڵگا بێت.
ئەم پیاوە سیاسییە کوردانە نزیکەی سی ساڵە بەهەمان شیوە ساڵانە و مانگانە ئەم کەشە نێرینەییانە تێناپەڕێنن، ئەو ژمارە کەمەی لە ژنانیش بەشدارییان پێئەکەن، ڕایاندەکێشن بۆ قسەکردن لەسەر پرسە سیاسییەکان، یان ئەو ژنانەش بەهەمان ئەو ئەقڵیەتە پیاوانەیە بابەتەکانیان پێشکەش ئەکەن.
ئاخۆ ئەو بابەتە هەستیارانەی تایبەتە بە پرسی ژن و پێگەو کاریگەری لەناوچەکە و دەرەوە نابینن؟ ئاخۆ پرسی ژینگە کە لە هەموو جیهاندا بۆتە بابەتی سەرەکی و ترسی داهاتوی ئەم سەرزەمینە سەرقاڵی کردون، و رەنگە چارەنوسێکی تاریک چاوەروانمان بێت، دەسەلاتدارانی ئێمە هەستی پی ناکەن؟
ژن و ژینگە لە زەرەری ئەوانە بۆ باسکردن، چونکە پشکی شێر بەر خۆیان ئەکەوێت لە تێکدانی ژینگەی کوردستان و داگیرکردنی شاخ و گرد و ئاسمان و ڕێسمان، سەرزەوی و ژێر زەوەی. بەشداریپێکردنی ژنانیش بەهۆی سیستمی کۆتاوەیە لە پۆستەکاندا، چونکە چاریان ناچارە و بۆ جوانکردنی سیمای حیزبەکانیان و ترس لەوڵاتانی ڕۆژئاوا تا رەخنەبارانیان نەکەن، بەڵام لەدیدار و بۆنەکاندا لە گفتگۆو دانوستانەکاندا جێگای ژن خاڵییە، ئاخۆ هیچ ژنێک نەبێت هێندەی بەشێک لەو پیاوانە بەتواناو لێهاتووبێت بۆ قسەکردن لەدۆخی کۆمەڵگا؟ یا ئەبی چی بیت؟
ئایا لەخۆتان پرسیوە ئەم بەسیاسیکردنەی کۆنگرەو کۆبونەوەکانتان چەند لەگەڵ واقع دا دەگونجێ ؟ چەند لەگەڵ بزوتنەوەی ژن ژیان ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا دەگونجێ؟ ئایا چەند لەگەڵ ئەوەدا دەگونجێ کە ناوچەکە لەبەردەم بەبیابان بوندایە؟ ئایا چەند لەگەڵ پرسی ئازادیدا دەگونجێت، کە تا ئێستا وڵاتانی ئەم ناوچەی ناوینە لەپێشەوەی ڕیزبەندی ئەو وڵاتانەوەن کە ئازادیخوازانی تیا لەسێدارە ئەدرێت؟