Home هەواڵ (سری سورەیا ئۆندەر) كێیە؟

(سری سورەیا ئۆندەر) كێیە؟

by Hawpshti Media
0 کۆمێنتەکان 57 بینینەکان
🔻(سری سورەیا ئۆندەر) كێیە؟
🔻توركێك كە هەموو رەنگەكانی لە دەوری كورد كۆكردوەتەوە
 
شەوی 15ی ئەم مانگە سری سورەیا ئۆندەر ئەندامی شاندی ئیمرالی (دەم پارتی) جەڵتەی دڵ بوو، بەپەلە گەیاندرایە نەخۆشخانەو لە ئەستەنبوڵ نەشتەرگەرییەکی قورسی بۆ ئەنجام درا.
لەدواین جوڵەی سیاسیدا، سری سورەیا ئۆندەر لەگەڵ پەروین بوڵدان، وەكو وەفدی ئیمرالی سەردانی رەجەب تەیب ئەردۆغانی كرد بەمەبەستی قسەكردن لەبارەی دواین پەرەسەندنەكانی تایبەت بە پرسی چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی كورد لە توركیا.
سری سورەیا ئۆندەر كێیە؟
ئۆندەر لە ساڵی 1962 لە شاری ئەدیەمان لەدایکبووە، منداڵی یەکێک لە خێزانە سۆسیالیستییەکانی ئەو شارە بووە. لە تەمەنی هەشت ساڵیدا باوکی لەدەستداوە، باوكی یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی رێکخراوی ئەدیەمانی پارتی کرێکارانی تورکیا (TİP)، بەڵام مامی یەكێك لە قوتابیەكانی (سەعید نورسی) بووە.
ئۆندەر كە ئەمڕۆ كوردو تورك بۆ تەندروستی ئەو پەرۆشن، سەربە بنەماڵەیەكی تورکە، وەكو خۆی دەگێڕێتەوە دوای ئەوەی هەندێک لەو کتێبە ئەدەبیانەی خوێندوەتەوە کە باوکی لە قۆناغی ناوەندیدا بۆی بەجێی هێشتووە، ڕووی لە بیری چەپ كردووە.
لە تەمەنی لاوێتیدا سری سورەیا ئۆندەر بەشداری لە هەندێك كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی و سۆسیالیستیدا كردووە.
لە کاتێکدا لە ساڵی 1978 خوێندکاری ئامادەیی ئەدیەمان بووە، بەهۆی بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانێکدا بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژ بە کۆمەڵکوژی مەڕەش، ئۆندەر دەستگیرکراوە. ئەمە یەکەم دەستگیرکردنی دەبێت و ساڵانی گەنجی لە زیندان بەسەر بردووە.
دوای تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی، لە فاکەڵتی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی ئەنقەرە وەرگیراوەو بەرەو پایتەخت بەڕێکەوتووە، لەوێش بەردەوام بووە لە بەشداریکردن لە “سیاسەتی شۆڕشگێڕانە”.
ئەو کاتەی کودەتاکەی 12ی ئەیلولی 1980 روویدا، تەمەنی 18 ساڵ بوو؛ ساڵی دواتر بەهۆی کاری سیاسییەوە دەستبەسەرو ئەشکەنجەو رەوانەی زیندانی مەمەک کراوە. حەوت ساڵ زیندانی بەسەر بردووە. دوای زیندان بەشێوەیەكی جیاواز گەڕایەوە.
ئۆندەر دەچێتە ئەستەنبوڵ و لە چەندین کاری جۆراوجۆردا کاری کردووە، لەوانەش لێخوڕینی بارهەڵگر.
دوای لەدەستدانی باوکی، وەک شاگردی تاکە فۆتۆگرافەری شارەکە دەستی بە کارکردن کرد، ئەمەش وای لێکرد هەنگاو بنێتە ناو فۆتۆگرافی و ناڕاستەوخۆ بۆ بواری سینەما، وەكو خۆی دەڵێ ئەو هەمیشە ئارەزووی سینەماو خوێندنەوەو نوسینی هەبووە.
دوای ماوەی زیندانیکردنی، چەندین كاری جیاوازی كردووە، لەپاڵ كاركردنیشدا بەردەوام بووە لە ئارەزووی خۆی بۆ سینەما و نوسین.
لەو ماوەیەدا دەقی ئەدەبی نوسیوە. دوای بەشداریکردنی لە خولی سیناریۆنوسی (بارش پیرهاسان)، سەرنجی لەسەر سیناریۆنووسی بوو.
لە ساڵی 2006 سیناریۆی فیلمی ” Beynelmilel”ی نوسیوە. هەروەها یەکێک بوو لە دەرهێنەرانی فیلمەکە. ئەم فیلمە کە ئیلهامێکی لە ژیانی ئۆندەر وەرگرتووەو خۆی رۆڵێکی بچوکی تێدا بینیوە، لە فێستیڤاڵە جیاوازەکاندا ستایشی زۆری بەدەستهێناوە.
دواتر سیناریۆی فیلمی “منداڵانی…” لە ساڵی 2008دا دروستکردووە. وەک سیناریۆنوس، دەرهێنەر، راوێژکاری سیناریۆو ئەکتەر بەشداری لە ژمارەیەك فیلمی تردا كردووە.
ساڵی 2010 لە بیرگون و پاشان لە رۆژنامەکانی ڕادیکاڵ ستوونی نووسیوە. ئیتر ئۆندەر لە وێنەی ” سەركردەیەكی چەپی جیاواز”دا دەركەوت، کەسێک بوو کە توانای هەبوو دیالۆگ لەگەڵ ئیسلامی- کۆنەپارێز پەرەپێبدات. لە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان دەردەکەوت و لەم بوارەدا چاوپێکەوتنی لەگەڵ رۆژنامەکاندا دەكرد.
لە ساڵی 2011وە گۆڕانكارییەكی تر لە ژیانیدا روویداو رووی لە كاری پەرلەمانی كرد، ئۆندەر لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ئەستەنبوڵ کە لەو ساڵەدا وەک کاندیدێکی سەربەخۆی بلۆکی کرێکاران و ئازادی و دیموکراسی بەڕێوەچوو، وەک پەرلەمانتاری ئەستەنبوڵ هەڵبژێردرا.
جێگای خۆی لە ڕیزەکانی پارتی ئاشتی و دیموکراسی (بەدەپە) كردەوە. لە ساڵی 2013 بە دامەزراندنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)؛ کە ئامانجی یەکخستنی سیاسەتی کوردی و ئۆپۆزسیۆنی چەپی تورکی بوو لە ژێر یەک سەقفدا، بوو بە کەسایەتییەکی گرنگتر. ئۆندەر بوو بە جێگری هاوسەرۆکی هەدەپە.
ئەو لە یەکەم پەرلەمانتاران بوو کە لە ساڵی 2013دا بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی (گێزی پارك)دا کرد. لە یەکەم رۆژی ناڕەزایەتییەکان لەگەڵ خۆپیشاندەرانی دیکە بەر هێرشی هێزە ئەمنییەكان كەوت و رەوانەی نەخۆشخانە كرا.
سری سورەیا ئۆندەر یەکێک بوو لە ناوە گرنگەکانی ئەو ماوەیەی کە ناوی “پرۆسەی چارەسەر”ی لێنرا بوو، لەماوەی ساڵانی 2013-2015 لە تورکیا. ئەو لەنێو ئەو تیمانەدا بوو کە سەردانی زیندانی ئیمرالی و چیای قەندیل-یان دەكرد.
لە ئاهەنگی نەورۆز لە دیاربەکر لە ساڵی 2013دا، ئەوە ئۆندەر بوو دەقی تورکی نامەکەی ئۆجەلانی خوێندەوە، کە داوای کردبوو “هێزە چەکدارەکانمان لە دەرەوەی سنوور بکشێنەوە”. هەروەها ئەو کەسە بوو کە دەقی تورکی ئەو نامانەی خوێندەوە کە ئۆجەلان لە اتی ئاهەنگەکانی نەورۆزدا لە ساڵانی 2014 و 2015دا ناردبووی.
لەم ماوەیەدا ئۆندەر بوو بوو بە ناوێکی ناسراو لە نێو خەڵکدا. شێوازی قسەکردنی ژیرانەی لە مشتومڕە سیاسییەکاندا زیاتر ئەوی بە خەڵك دەناساند.
لە ئاهەنگی پێشوازیی چانکایادا لە ساڵی 2014دا ئەمینە ئەردۆغان هاوسەری رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا پرسیاری کرد “تۆ خەڵکی کوێیت؟”. ئۆندەر وتی:” من خەڵکی ئەدیمانم، ببورن، من تورکم، چارەسەر وەردەگرم”، ئەمە ئەردۆغان و هاوسەرەكەی خستە پێكەنین، دواتر ئەم دیمەنە زۆر لە میدیاكان لێدرایەوە.
خاڵی گرنگی “پرۆسەی چارەسەر” کۆبوونەوەی دۆلمەباخچە بوو. دوابەدوای کۆبوونەوەی نێوان جێگری سەرۆک وەزیرانی ئەو سەردەمە، یەڵچن ئاکدۆغان و شاندی ئیمرالی هەدەپە لە 28ی شوباتی 2015، دەقێک راگەیەندرا. ئەوە ئۆندەر بوو کە سەردێڕەکانی ١٠ بابەتی خوێندەوە.
لەم پرۆسەیەدا، ئۆندەر لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ساڵی ٢٠١٤دا بووە کاندیدی هەدەپە بۆ سەرۆکی شارەوانی گەورەی ئەستەنبوڵ، بەڵام دەنگەکانی لە رێژەی 4.7% مایەوە.
لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی 7ی حوزەیرانی 2015دا هەدەپە بەربەستی 10%ی تێپەڕاند بۆ چوونە ناو پەرلەمانی تورکیا. ئەو پارتە بە زیاتر لە 13%ی دەنگەکان 80 کورسی بەدەستهێنا، ئەمەش وایکرد پارتی دەسەڵاتدار (ئاکەپە) نەتوانێت زۆرینەی پەرلەمان بەدەستبهێنێت.
ئۆندەر لە 6ی کانوونی دووەمی 2018 بە تۆمەتی “پڕۆپاگەندەی تیرۆریستی” دەستگیرکرا. لە 4ی تشرینی یەکەمی 2019 ئازاد کرا. کاتێک لە زیندان ئازاد کرا، یەکێک لە یەکەم قسەکانی ئەوە بوو: “ئێمە تەنیا کاتێک دەتوانین خۆشی خۆمان ئەزموون بکەین کە وڵات هەنگاوێک بنێت بەرەو دیموکراسیکردنی تەواوەتی و ئاشتیی”.

لێدوانێک بەجێ بهێلە