نووسینی عەبدولڕەحمان گەورکی:
پێشەکی
بەرخۆدانی رێکخراوی ئێران بەو تایبەتمەندییە دیارەوە ناسراوە کە “ژنان” لە لوتکەی هەرەمەکەیدایە. لە مێژوودا هیچ کاتێک تایبەتمەندییەکی هێندە دیار لە رێکخراوێکی کۆمەڵایەتیدا نەبووە! هەربۆیە شایەنی ئەوەیە بیر لەم بابەتە بکرێتەوە و لێیەوە فێربوون هەبێت.
بەرخۆدانی ئێران هەموو ساڵێک (رۆژی جیهانی ژنان) بەڕێوە دەبات. سەدان کەسایەتی ژن، لە وڵاتانی جیاجیاوە بەشداری تێدا دەکەن. هەموو بەشداربووان “پێگەی ژنان” لە ریزەکانی بەرخۆداندا بەرز دەنرخێنن، کە زۆربەیان بە کولتوور و بیروباوەڕی جیاوازەوە بەشدارن. ئەوان ئاماژە بەو راستییە دەکەن کە لە هیچ شوێنێکی مێژوو یان جیهاندا ئێستا رێکخراوێکی لەو شێوەیە بوونی نەبووە و نییە. هەربۆیە “هیوایان” لەسەر هەڵچنیوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە روانین لە “پرسی ژنان” و پێگەی ئەوان لە بەرخۆدانی ئێراندا، سەرمایە و خەزێنەیەکی بێهاوتایە کە دەبێت بەهای بۆ دابنرێت. رەنگە هێشتا هەندێک کەس لەم پێگە و سەرمایە نەگەن!
ئەگەر بمانەوێ پانتایی ئامادەیی و پشتیوانیکردنی ژنان لە بەرخۆدانی ئێران بخەینە لیستێکەوە، دەتوانین بڵێین کە هەموو شوێنەکانی جیهان دەگرێتەوە. هۆکارەکەی چییە و بۆچی؟
هێزێکی سەرتر!
پەرەسەندن و فراوانبوونی ئامادەیی و پشتیوانیکردن لە ژنان لە بەرخۆدانی ئێراندا، پێش هەموو شتێک، نیشانەی بەهێزبوونی بەرخۆدانە کە لە جوگرافیای سیاسیی وڵاتێک یان چەند وڵاتێک تێدەپەڕێت. ئەمە لەلایەن بەرخۆدانی ئێرانەوە ناگوترێت، بەڵکو لەلایەن ژنانی جیهانەوە گوتراوە و دەگوترێت.
لە بەرخۆدانی ئێراندا، کەسایەتیی “ژنان” مانا و گرنگی خۆی لە هاوکێشە سیاسییەکاندا هەیە. چونکە ئەم بەرخۆدانە تێکهەڵچووی رووبەڕووبوونەوەی (ترسناکترین دیکتاتۆرییەتی مێژوو)ە، کە “ژنکوژە” و دەیەوێت رێگری لە پێشکەوتنی مێژوو بکات. سیستەمی حکوومەتی، روانین و عەقڵانییەتی دامەزرێنەران و بەرپرسانی ئەم دەسەڵاتە و لە ئاکامدا، دۆخی ژنانی ئەمڕۆ لە ئێران، ئاماژەن بۆ ئەم راستییە.
ژنان هێزی گۆڕانکار
بەرخۆدانی ئێران زۆر جار ئەو “باوەڕ”ەی خۆی راگەیاندووە کە “ژنان هێزی گۆڕانکارن لە کۆمەڵگادا”. ئێستا سەرکردایەتی بەرخۆدان لە دەرەوەی سنوورەکان و بەتایبەتی لەناو سنوورەکانی ئێراندا بە دەست “ژنان”ەوەیە کە ئێستا لە “ناوەندکانی شۆڕش”دا لە ناوخۆێ ئێراندا، دەوری چالاکیان هەیە. ئەم باوەڕەی بەرخۆدانی ئێران بەو مانایە نییە کە پیاوان لە رووبەڕووبوونەوەی دیکتاتۆرییەتدا پەراوێز خراون و بێکاریگەرن. “ژنانی رەها” و “پیاوانی رەها” بۆ یەکتر پێویستن، یان بە واتایەکیتر دوو دیوی دراوێکن. ئازادبوون لە کۆت و بەندەکانی کۆیلایەتی، پێویستییەکی حاشا هەڵنەگرە بۆ پێشخستنی پرۆژەی رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێراندا. بەبێ رزگاربوون لەم کۆت و بەندانە، هەرگیز ناتوانرێت رژێمێکی دیکتاتۆر لە ئێراندا بنبڕ بکرێت!
بە گوتەی خانمی مریەم رەجەوی، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی نیشتمانیی بەرخۆدانی ئێران، دیکتاتۆرەکان خۆیان بە “خوا” ناودەبەن و دەسەڵاتی ناڕەوای خۆیان بە “بەخششێکی ئیلاهی” دەزانن. بەخششێک کە بێگومان بۆ “ژنان” قەدەغەیە و تەنها مافی نەوەکانی نێرینەیە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکیتر. خانمی مریەم رەجەوی ئاماژە بە یاسای بنەڕەتیی دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقیهی دەکات کە خۆی بە “خانەخۆی سەروەری رەها” و “نوێنەری خوا لەسەر زەوی” دەزانێت.
بزووتنەوەی ژنان لە بەرخۆدانی ئێراندا
بە پێچەوانەی دیکتاتۆرییەت، بەرخۆدانی ئێران “ژنان”ی رێکخستووە کە چەندین دەیە لە ریزەکانیدا بە دامەزراوەیی کراو. ژنان و پیاوانی ئازاد و رەها دەزانن چییان دەوێت. ئازادی، دیموکراسی، سەربەخۆیی، و کۆمارێکی دیموکراتی، کە لەو پلاتفۆرمەدا بەرجەستە کراوە کە خانمی مریەم رەجەوی چەندین ساڵ لەمەوبەر رایگەیاندووە.
لە پێشخستنی شۆڕش لە دژی دیکتاتۆرییەتدا، ژنان “پێشڕەو” و “پێشەنگ”ن و رۆڵی “یەکلاییکەرەوە”یان هەیە. ئەم راستییەش بەرهەمی سەدان ساڵ خەباتی ژنانی ئێرانە لە دژی دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکان. شانبەشانی پیاوان لە دژی دیکتاتۆرییەت جەنگاون. خواستی سەرەکیی ئەوان لە خواستی سەرەکیی گەلەکەیان جیا نییە. “ئازادی و سەربەخۆیی”. بەڵام دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکان بە شێوەی جۆراوجۆر دژی ژنان بوون کە جەوهەرەکەی “زۆرەملێ” بووە و شوێنکەوتنی ژنان بۆ پیاوان.
نا بە زۆرەملێ!
خانمی مریەم رەجەوی لە قسەکانیدا روو لە دیکتاتۆرییەکان، چەندین جار رایگەیاندووە، “نا بۆ حیجاب و پۆششی زۆرەملێ، نا بۆ ئایینی زۆرەملێ و نا بۆ حکومەتی زۆرەملێ”. هەرچەندە ژنانی ئێران بۆ گەیشتن بەو پێگەیە باجێکی زۆریان داوە، بەڵام بەبێ بوونی پیاوی ئازاد و رەها، هەرگیز ئەوەیان بۆ نەدەکرا. بە کورتی، “رۆژی نێودەوڵەتی ژنان” لە راستیدا “رۆژی نێودەوڵەتی پیاوان”یشە. پیاوانی ئازاد لە رۆژی جیهانی ئافرەتاندا خۆیان دەبیننەوە. نەک هەر پشتیان پێیەوە گەرمە، بەڵکو شانازیشی پێوە دەکەن. ئێستا ئەم هەڵوێست و روانینە لە ئاستی جیهانیدا رەنگدانەوەی هەبووە!
خانمی مریەم رەجەوی دەڵێت: “هەبوونی ژنان و دەوری سەرکردایەتی و رۆڵی یەکلاکەرەوەی ئەوان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ستەمی ئایینی و رووخاندنی دەسەڵات پێویستە. هەروەک چۆن لە ئێرانێکی ئازادیشدا هەمان رۆڵ و بەرپرسیارێتی، بۆ دیموکراسییەکی راستەقینە و گەشەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتیی بەردەوام پێویستە”.
گۆڕانکارییەکی گەورە
خانمی مریەم رەجەوی وێڕای ئاماژەدان بە مێژووی بزووتنەوەی ژنان لە ناو کۆمەڵگای ئێراندا، پێگەی ئێستایان لە بەرخۆداندا باس دەکات و دەڵێت: “زیاتر لە نیوەی ئەندامانی (ئەنجومەنی نیشتمانیی بەرخۆدانی ئێران) لە ژنان پێکدێت. “ئەم ئەنجوومەنە تاکە هاوپەیمانی سیاسییە لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا کە چوار دەیە لەمەوبەر بە کۆی دەنگ، پلانی هەمەلایەنەی (ئازادی و مافەکانی ژنان)ی پەسەند کردووە.” خانمی رەجەوی لە درێژەدا باسی لە “گۆڕانکارییەکی گەورە” کرد لەناو ئەو بەرخۆدانەدا کە نزیکەی چل ساڵ لەمەوبەر دەستی پێکردووە و جەختی لەسەر “بەردەوامکردنی” دەکاتەوە کە پێشمەرجەکەی “ڕەتکردنەوەی بیرۆکەی جێندەریزمە لەلایەن ژنان و پیاوانی ئازادیخواز”ەوە و هەروەها “رەتکردنەوەی بیرۆکەی ئیگۆتیزم” واتە نکۆڵیکردنی بیرۆکەی “من یەکەمم” لە هەموو فۆرمەکانی دواکەوتووییدا، کە تێکەڵکراوە بە “راستگۆیی و قوربانیدان”. واتا فیداکاریکردن و لە پێشدانانی کۆمەڵ و خەبات و شۆڕش و رزگاری”.
خانمی مریەم رەجەوی پێی وایە “هەموو کەسێک هێز و توانای بێکۆتایی هەیە بۆ بەخشین و فیداکاری”. هەروەها پێی وایە “توانای مرۆڤ لە هەستانەوەدایە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاریکی و ستەم و ستەمکاری” کە هەرگیز پشت بە هێز و شانس و رووداوەکان نابەستێت بۆ هێنانەدیی گۆڕانکاری. بەڵکو ئەوە خۆیەتی دیاریکەر و گۆڕانکار. “ئەو ساتەی مرۆڤ بۆ گۆڕینی جیهان رابوون دەکات، ئەو ساتەیە کە باوەڕمەندە بە گۆڕینی خۆی و دەستبەکار دەبێت”. خانمی رەجەوی دەیەوێت ئەم میتۆد و هەڵوێستە لە پەیوەندییەکانی نێوان جەنگاوەراندا ببێتە کولتوورێک و ئەوەی تا ئێستا لە پێناسەی پیاواندا باس کراوە هەڵبوەشێنرێتەوە. چونکە “پیاوان”یش وەک “ژنان”، (دەتوانن و دەبێ) کولتوورێکی لەو شێوەیە لەناو خۆیاندا بەرجەستە بکەن. مەبەست ئەو پیاوانەیە کە لە جێندەریزمدا بوونەتە کۆیلە و (ژن) وەک کاڵا دەبینن و (خۆپەرەستی)یان کردۆتە پیشەی خۆیان.
خانمی رەجەوی (30) ساڵ لەمەوبەر وتبووی: مرۆڤایەتی تەنها کاتێ لە دیاردەی شوومی کۆنەپەرستی و بناژۆخوازی رزگاری دەبێت، کە ژنان رۆڵی پێشەنگی خۆیان لەم هەڵمەتە جیهانییەدا بگرنە ئەستۆ. رەجەوی روو لە دەسەڵاتدارانی ئێرانی گوتبووی: ئەوەی لە سووکاتیکردن و چەوساندنەوە و سەرکوت و ئەشکەنجە و کوشتن لە جانتاکەتاندا بوو، بەرامبەر بە ژنانی ئێران کردووتانە، بەڵام هەر لەسەر دەستی ئەم ژنە هۆشیار و ئازاد و ئازادیخوازانەوە رادەماڵڕێن. ژنان هێزی گۆڕانکارن. خەبات و تێکۆشانی ژنانی ئێران تەنیا بۆ مافی ئازادبوونی جل و بەرگ نییە. بەڵکو بۆ مافی شۆڕشکردنە لە پێناو ئازادی کە لە جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤدا چەسپاوە”.
وشەی کۆتایی!
دەتوانرێت هەموو شتێک بە خێرایی بنیات بنرێت، متمانەی خیانەتلێکراوی گەل بڕەوێنرێتەوە و بیروباوەڕی لەدەستچوو ببوژێنرێتەوە. دەکرێت دیکتاتۆرییەت لە ئێراندا بڕووخێنرێت و ئێران و گەلی ئێران لە دیکتاتۆرییەت رزگار بکرێت. ژنان پێشەنگی وەها شۆڕش و گۆڕانکارییەکی گەورەن.
نووسینی عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی