Home بیروڕا یادی ڕۆژنامەگەری کوردی لە کێ پیرۆز بێت؟!

یادی ڕۆژنامەگەری کوردی لە کێ پیرۆز بێت؟!

by Hawpshti Media
0 کۆمێنتەکان 49 بینینەکان
هۆشیار عەبدوڵا:
یادی ڕۆژنامەگەری کوردی لەو میدیاکار و ڕۆژنامەوانانە پیرۆز بێت کە دەنگ و ڕەنگی هاوڵاتین و گەیەنەری ڕاستییەکانن بێ شێواندن و ماکیاژ کردن. لەوانە پیرۆز بێت کە نەبوونەتە بوق و دەهۆڵی دەسەڵات و نەبوونەتە کەرەستەی سەرکوتکردنی حەقیقەت و نەبوونەتە ئامرزای شێواندنی هۆشیاری تاک و کۆمەڵگەی کوردستانی. یادی رۆژنامەگەری کوردی لەو رۆژنامەوان و دەنگ و ڕەنگانە پیرۆز بێت کە ستەمکار ناکەن بە پارێزەری وڵات، کە گەندەڵکار ناکەن بە پیاوی قۆناغەکە، کە ستەملێکراو ناکەن بە تێکدەر.
لەوانە پیرۆز بێت کە کاری میدیا و رۆژنامەوانی وەک فەرمانبەری بێچارە تەماشا ناکەن کە بە هۆیەوە ببنە کۆیلەی پارە، بەڵکو کاری رۆژنامەوانی وەک کردەیەکی رۆشنبیری و ئەخلاقی باڵا سەیری دەکەن کە بەرپرسیارێتە لە بەردەم کۆمەڵگە و مێژوودا!
یادی رۆژنامەگەری کوردی لەوانە پیرۆز بێت کە دەنگی ئازاد بە شەیتانی ناکەن، کۆمەڵگە پەرت و دابەش ناکەن، خەڵک لە جیاتی مافەکانی بە شتی لاوەکی و بێماناوە سەرقاڵ ناکەن. لەوانە پیرۆز بێت کە لەسەر برینی و زامی خەڵکی ئەم هەرێمە جەلادەکان نالاوێننەوە، نابنە ماکینەی بەرهەمهێنانی پاساو و بیانوو بۆ هەموو بەدکارییەکی دەسەڵات.
لەو قەڵەم و مایک و سەکۆیانە پیرۆز بێت کە حەقیقەت دەگوازنەوە، کە سڵ لە گووتنی ڕاستییەکان ناکەنەوە، کە کۆمەڵگە ناگەوجێنن، کە تاریکاندن ناکەن، کە خائین و خۆفرۆش و خاک فرۆشەکان ناکەن بە دێو و پاڵەوان.
ئەو یادە لە تۆی هاوڵاتی پیرۆز بێت کە بەهۆی سەکۆکانی سۆشیال میدیاوە ئێستا هەموو تاکێک دەتوانێ رۆژنامەوان بێت و ببێتە «هاوڵاتی رۆژنامەوان» و گەیەنەر و پشتیوانی راستی و حەقیقەت بێت.
لە هەموو ئەوانە پیرۆز بێت، کە بە وشەیەک، دێڕێک، دەنگ و هاوارێک پشتیوانی لە ڕاستی دەکەن و فەرمان بە چاکە دەکەن و خراپە و بەدکاری ڕەتدەکەنەوە.
 

لێدوانێک بەجێ بهێلە