ئا: عەمار عەزیز
ھاوسەرگێری پێش وەختە لەناو ئێزدییەکان بەگشتیو لەناو ئاوارەکانی دھۆک بەتایبەتی ھەر ماوە، بەپێی بەدواداچوونەکانی ئاوێنە ھەژارییو کەمی ھەڵی کار، دیارترین ھۆکارن کە بەشێک لەخێزانەکان کچەکانیان زوو بەشوو دەدەن بەبێ ئەوەی بیر لەتەمەنی کچەکە بکەنەوە.
خدر ئەلیاس، دانیشتووی کەمپی کەبەرتۆیە لەشاری دھۆک، کچەکەی لەتەمەنی ١٥ ساڵیدا بەشوو داوە، بەڵام بەقسەی خۆی کچەی ئێستا پەشیمانە، ئەو بەئاوێنەی وت “کچێکی من حەزی لەکورێک دەکرد کە ئەویش لەکەمپ بوو، دوای ماوەیەک بەمنی وت شوو بەکوڕەکە دەکەم ، زۆر ھەوڵم دا ڕازی بکەم لەو تەمەنە ھاوسەرگیری نەکات، بەڵام بێسوود بوو، ھەر دەمووت بەھیچ شێوەیەک ڕازی نابم، رۆژێکیان لەگەڵ کورەکە ھەڵاتن، لەناو ئێمەش ئەگەر کوڕێکو کچێک ھەڵاتن، دواتر لەیەکتر مارە دەکرێن”.
خدر ئەلیاس، خاوەنی چوار کچو سێ کوڕە، ھیچ مووچەیەکی نییەو رۆژانە کاری فرۆشتنی پاقَلەی گەرم لەناو کەمپدا دەکات، ئەو وتی ” زۆرینەی خەڵکی کەمپ ھەژارن، ٧ منداڵم ھەیە بژێوی ژیانم فرۆشتنی پاقڵەیە، ژیان زۆر قورسە، بەڵام من کچەکەم لەبەر ھەژاری بەشوو نەداوە، بەڵکو خۆی بڕیاری داو ئێستاش پەشیمان بووەتەوە، بەڵام سوودی نیە، ھاوسەرگیری پێشوەختە لەناو ئاوارەکاندا ھەیە، زیاتریش لەبەر دوو ھۆکارە، یەکەم دابو نەریتی ئێزدییەکان، دووەم ھەژاریی”.
بەقسەی پارێزەرێک لەرێکخراوی “داک” سەرەتای ئاوارەبوونی خەڵکی شنگال بۆ ھەرێمی کوردستان رێژەی ھاوسەرگیری پێشوەختە دەوروبەری ٢٠٪ بوو، بەڵام ئێستا کەمبووەتەوە بۆ دەوروبەری ٥٪، ئەوەش بەھۆی جێگیربوونی دۆخی دەرونی ئەوانو چەند ھۆکارێکی دیکە.
سوزان سەفەر، پارێزەر لەرێکخراوی داک بۆ گەشەپێدانی ژنانی ئێزیدی بەئاوێنەی وت “ھاوسەرگێری پێشوەختە لەناو ئێزدییەکانو بەتایبەت ئاوارەکان لەکاتی ئاوارەبوونیان بۆ ھەرێمی کوردستان رێژەکەی دەوروبەری لەسەدا ٢٠ بوو، ئەوەش لەبەرچەند ھۆکارێک لەوانە دۆخی دارایییان زۆر خراپ بوو، خێزان ھەبوو چوار بۆ پێنج کچی ھەبوو لەگەڵ چەند کورێک، بەناچاری کچەکەی خۆی بەشوو دەدا چونکە نەیاندەتوانی وەکو پێویست بەخێوی بکات، تێکچوونی باری دەرونیو بیرکردنەوە لەکۆچ کردن بۆ دەرەوەی وڵات، دوو ھۆکاری تر بوون کە خێزانەکان لەپێناو پاراستنی کچەکانیان لەھەموو روویەکەوە بەشوو دەدا”.
بەقسەی ئەو پارێزەرەو بەپێی ئەو داتایانەی لەبەردەستیدایە، رێژەکە کەمبووەتەوە، بەڵام نایشارێتەوە کە ھەر ماوەو بنبڕ نەبووە، ئەو وتی “دوای زیاتر لە ساڵ ١٠ لەژیانی ئاوارەیی لەناو کەمپەکاندا، تا ڕادەیەک دۆخی ژیانیان جێگیر بووە بەشێکیان کرێکاری دەکەنو ھەیە دوکانی ھەیە یان پیشەیەکی تر دەکات، لەرووی دەرونیەوە باشترە بەراورد بەکاتی ھاتنی چەکدارانی داعش، لێرە دەخوێننو لەڕووی ئەمنییەوە ژیانیان پارێزراوە، ئەمانە وایکردوە کە رێژەکە دابەزێت، ئێستا رێژەکە دەوروبەری ٥٪ە”.
لەبارەی ئەوەی بۆچی ئەم جۆرە ھاوسەرگیریە بەیەکجاری بنبڕ نەبووە، سۆزان وتی “ھەندێک حاڵەت ھەیە بۆ نمونە کچێکو کورێک یەکتریان خۆشدەوێت بەڵام خێزانەکانیان ڕازی نین، دواتر کچەکەو کورەکە بڕیار دەدەن ھاوسەرگیری بکەنو بۆ یەک بن، کوڕەکە بەھەر رێگایەک کچەکە دەبات، دواتر خێزانەکانیان ڕازی دەبنو لەیەکتر مارەد ەکرێن بەبێ ئەوەی رەچاوی تەمەن بکرێت، ھۆکاری دووەم ئەوەیە ھەندێک بنەماڵە لەبنەڕەتدا کچەکانیان زوو بەشوو دەدەن”.
شارەزایەکی کۆمەڵگا ئاماژە بەوە دەکات کە نابێت خێزان کچانی خۆیان لەکۆڵ خۆیان بکەنەوەو زوو بەشوویان بدەن، چونکە لێکەوتەی خراپی دەبێت.
بەسنا مێشو، کۆمەڵناسەو کۆمەڵگایەو خەڵکی شنگالە، بەڵام بەھۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە ١٠ ساڵە لەکۆمەڵگای شاریا لەگەڵ خێزانەکەی دەژی، ئەو دژی ئەوەیە کچان زوو بەشوو بدرێن، بەبڕاوی ئەو ئەنجامدانی ھاوسەرگیری لەتەمەنی بچوکدا زۆر خراپە، ئەو بەئاوێنەی وت “چەند کچێک دەناسم لەتەمەنێکی بچوک ھاوسەرگیرییان کردوە، لەناو ئێزیدییەکاندا بنەماڵە کەوتووە، بنەماڵەی ئێمە کچو کوڕ سەرووی ٢٥ ساڵ ھاوسەرگیری دەکەن، بەڵام بنەماڵەش ھەیە لەتەمەنێکی بچووکدا ھاوسەرگیری دەکەن “.
وتیشی “بەھیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوەدا نیم کچان زوو بەشوو بدرێن، چونکە ڕووبەرووی دەیان کێشە دەبنەوە، لەوانە دوای ماوەیەک زۆربەیان لەیەکتر جیا دەبنەوە، دواجار ھەر منداڵەکانیان باجەکەی دەدەن”.
راوێژکارێکی جڤاتی روحانی ئێزیدی ئاماژە بەوە دەکات کە جڤاتی روحانی رێگە بەشوودانی کچانی ١٣و ١٤و ١٥ نادات، تەنیا دەرفەت بەھەندێک حاڵەت دەدات کە ئەویش نزیک بێت لە ١٨ ساڵ .
خدر دێرو خانسوری، راوێژکاری جڤاتی روحانی ئێزیدی بەئاوێنەی وت “سەرەتای ئاوارەبوونی خەڵکی شنگال بۆ ھەرێمی کوردستان، رێژەی ھاوسەرگیری پێشوەختە زیاد بوو، ئەوەش لەبەر ئەو دۆخە تایبەتەی بەسەر خەڵکی ئێمەدا ھات، ئێستا رێژەکەی کەم بوەتەوە، بەشێکی پەیوەندی بەوە ھەیە لەناو ئێزدییەکان ئەگەر کچێکو کورێک یەکتریان خۆشویستو کوڕەکە کچەی رفاند ئەوا دوای چەند رۆژێک لەیەکتر مارەدەکرێن، ئەمە شتێکی ئاساییەو دروستە “.
لەبارەی ھەڵویستی جڤاتی روحانیو چۆنیەتی بڕیاردان لەھاوسەرگیری پێشوەختە، خانسوری وتی “جڤاتی روحانی بەھیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوەدا نیە کچان لەخوار تەمەنی یاسایی کە ئەویش ١٨ ساڵە ھاوسەرگیری بکەن، بەردەوامیش ئامۆژگاری خەڵکی خۆمان دەکەین خۆیان بەدوور بگرن لەم ھاوسەرگیرییە، جڤاتی روحانی رێگە بەشودانی کچانی ١٣و ١٤و ١٥ ساڵ نادات، تەنیا بۆ چەند حاڵەتێکی تایبەت کە ئەویش نزیک بێت لە ١٨ ساڵ، ئەویش ئەگەر زۆر پێداگرییان لەجڤاتی روحانی کرد ئینجا ڕازی دەبێت”.