کەسوکارانی ئەنفالکراوان بێئومێد بوون لە حکومەتی هەرێم و پێیان وایە گوێیان بۆ ناگیرێت و وەک پێویست خزمەتی نەکردوون و دەڵێن: شەرمە بۆ حکومەت لە ساڵیادی ئەنفالدا ئێمە داواکاریمان هەبێت، دەبوو لەساڵیادی ئەنفالدا دەستخۆشیمان لێ بکردایە نەک داواکاریمان هەبێت.
لە پرۆسەی شاڵاوی ئەنفالدا کە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەدام حسێن و بەدەستی عەلی حەسەن مەجید لە شەش قۆناغدا ئەنجامدرا، ١٨٢ هەزار هاوڵاتی کوردی بێتاوان کۆمەڵكوژ کران و هەزاران گوند ڕووخێندران، بەڵام دوای ٣٧ ساڵ کەسوکارانی ئەنفالکراوان هێشتا دەیان داواکارییان هەیە و حکومەتەکانی بەغدا و هەرێم ئامادە نین داواکارییەکانیان بۆ جێبەجێ بکرێت، لەو بارەیەشەوە کەسوکارانی ئەنفالکراوان لە چەمچەماڵ بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.
شەهلا ئەمین باوکی و بەشێک لە خێزانەکەی بەر پڕۆسەی جینۆسایدی ئەنفال کەوتوون و شەهیدبوون، بە ڕۆژنیوزی وت: من هەموو بەیانییەک بە زەنگی ئەنفالەوە بە ئاگا دێم، بەرپرسەکان تەنها لە ١٤ـی نیسان یادی ئەنفال دەکەنەوە، بەڵام من هەموو ڕۆژێک ئەو یادە دەکەمەوە، ڕۆژانە چەندان جار ڕادەچڵەکێم و ئەو برینەم دەکولێتەوە هەرشتێک دێتە ڕێم دەڵێم هۆکاری بێکەسی و بێ باوکیمە.
ئاماژەی بەوەشدا، چەندان داواکاری هەیە بۆ تەواوی خەڵکی چەمچەماڵ بە گشتیی و کەسوکاری ئەنفال بەتایبەتی بەڵام شەرمە من بێم لە ساڵیادی ئەنفالدا داوای شت بکەم دەبوو حکومەت خۆی هەموو شتێکی دابین بکردایە، دەبوو من دەستخۆشی لە حکومەت و بەرپرسان بکەم، نەک بێم گلەیی بکەم، ئەرکی خۆیانە خزمەت بەهەموو لایەک بکەن.
ئەو کەسوکارەی ئەنفال ڕەخنەشی لە حکومەتی هەرێم گرت و وتی: ئامادەنین ڕۆژی ساڵیادی ئەنفال بکرێت بەپشوو، پایتەختی ئەنفال بەس بەناو پایتەختی ئەنفالە چی کراوە بۆ پایتەختی ئەنفال؟
کەسوکاری ئەنفالکراوان دەیان داواکارییان هەیە و کە گرنگترینەکانیان بریتین لە (ڕووفاتی ئەنفالکراوان بگەڕێندرێتەوە بۆ زێدی خۆیان، جاش و موستەشارەکان سزا بدرێن، حکومەتی عێراق داوای لێبوردنیان لێ بکات، لە ئاستی نێودەوڵەتییدا ئەنفال بە جینۆساید بناسرێت، دەرگای دامەزراندن بۆ نەوەکانی ئەنفالکراوان بکرێتەوە) بەڵام بە هۆی ئەوەی کە حکومەت داواکارییەکانیان جێبەجێ ناکات، ئێستا کەسوکارانی ئەنفالکراوان بە توڕەیی و دڵی توندەوە ئاماژە بەوەدەکەن کە هیچ داواکارییەکیان نییە چونکە گوێیان لێ ناگیرێت.
هەروەها نیگار کەمال بەشێک لە کەسوکارەکەی ئەنفالکراون و وتی: هیچ داواکارییەکمان نییە چونکە نازانین داوا لەکێ بکەین، تەنها داوا لە خوای میهرەبان دەکەین حەقی ئەو گەلە ستەم دیدەیە بکاتەوە، تەنها ئەوەندە داواکاریمان هەیە، چونکە نەکەس هەیە داوای لێ بکەین و نە ئەکرێت و نە بۆمان دەکەن.
سەبارەت بە ئازادیی جاش و موستەشارەکان ئەو کەسوکارەی ئەنفال وتی: هەموو ڕۆژێکمان مردنە، ئەوانەی کەسوکاری ئێمەیان ئەنفال کرد و ئێمەیان جەرگبڕاو و بێناز کرد و دایکی ئێمەیان لەخۆشی کرد، دەبینین بکەرانی ئەنفال لە خۆشترین جێگای ئەم وڵاتە داڵدەدراون و ئێمەش لە سوچێکی ئەم نیشتیمانە بێنازەدا تەنها پارچە زەویەکیان پێ ڕەوا بینیوین لەگەڵ مووچەیەکی کەم، کە بەشی دایکە جەرگ بڕاوەکەمان ناکات نەک خۆمان.
ئەوەشی خستەڕوو، زۆر بێئومێد بووین داوا ناکەین و گوێش ناگیرێت، خۆزگە ئەم کارەساتە جەرگبڕە سوودێکی بۆ ئەم گەلە دەبوو، نەدەکرا بەدەستکەوت بۆ گیرفانی خۆیان، ئێمە قوربانیمان دا ئەوان گەورە بوون و بوون بە خاوەنی پلە و دەسەڵات و ڤێلا.
کاتێک سیمای کەسوکارێکی ئەنفال دەبینیت یاخود ئاشنای سەرگوزەشتەی ژیانیان دەبیت، ئەوا لە گەورەیی ئەو تاوانە و دڵەپڕەکەی کەسوکارانی ئەنفال تێدەگەیت، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە کەسوکارانی ئەنفال لە بارودۆخێکی سەختی ژیاندا دەژێن، بەڵام لەلایەکی دیکەوە سەدان جاش و موستەشار کە ڕۆڵیان لە ئەنفالدا هەبووە بە ئازادیی لە هەولێر و باشووری کوردستاندا دەسووڕێنەوە، هەرچەندە بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق بڕیاری دەستگیرکردنیانی بۆ دەرکردووە بەڵام تا ئێستا کەسیان دەستگیرنەکراون.