59
«بەبێ بوونی گەلێکی هۆشیار؛ دەسەڵاتی خزمەتکار و ئۆپۆزسیۆنی کارا..وەهمن»

١.
نوێترین ڤێرژنی کوردایەتییەکەیان پاڤیلۆنە بە نانسی عەجرەمەوە! لە ترسی ئەو «گۆڕانکارییە گەورە» یەی بڕیارە هەرێم بگرێتەوە ڕۆژی «نزای نیشتیمانی»یان بەرێوەبرد! لە نێوانی کۆنسێرت و نزادا، دنیا و دینیان ڕوونە و دیارە، ئەوەی نادیارە داهات و پارەی خەڵکی ئەم هەرێمەیە کە لەو مەراسیمانەدا سەرفی دەکەن و حسابیشیان بە دینار نییە و بە دۆلارە!
بۆ نمایشی خۆیان دۆلار وەک کا زۆرە و هەرێم دەڵێی سویسرایە، هەموو سەری مانگێکیش مووچە لە گەروی نەهەنگدایە!
٢.
ئەمڕۆ یادی کارەسات و ڕاپەرینی، ٢٤ ی ٤ ی ١٩٧٤ و ١٩٨٢ ی قەزای پشدەری پڕ شکۆیە! ئەگەر دەتانەوێ لە وەفای حزبە کوردییە دەسەڵاتدارەکانی ئێستای هەرێم بۆ خەڵکی کوردپەروەر و دەڤەری شەهیدان و قوربانی و ڕاپەڕین و تێکۆشان تێبگەن، دیقەتی خزمەتگوزاری و هەلی کار و مەرز و ژیانی ڕۆژانەی خەڵک و گەنجەکانی پشدەر بدەن، باشترین نمونەی بەرجەستەن!
٣.
زۆرینەی کۆمپانیاکانی سلێمانی وەک (شێر) پەلاماری زەوی و زارەکانی سلێمانی دەدەن و وەک (ڕێوی) داهاتەکەی دەخەنە دەستی میدیاکانی پارتی و سپۆنسەریان دەکەن!
٤.
بەڵێنی کەپکۆ چەند خزمەتی خەڵکی کوردستانی کرد، هەژماریش هەر هێندە دەیکات!
٥.
درۆیەک کە میدیاکاری دەربار و فشەکەرە قەومییەکان وەک تاوان دژی کۆمەڵگە ئەنجامی دەدەن ئەوەیە دەڵێن، کۆمەڵگە پێویستی بە دڵنیایی هەیە نەک حەقیقەت!
٦.
هەر سیاسییەک سڵی لەوە نەکردەوە بە ڕاست و چەپدا وەصفی خۆی بکات، گرێی خۆ بەکەمزانی هەیە و نەخۆشە.
٧.
دەبێت هۆشیاری کۆمەڵگە بکەوێتە پێش گۆڕانکاریەکانەوە نەک دوای گۆڕانکاریەکان دیسان بڵێ چیمانکردەوە بە خۆمان! کە دەڵێن گوایە «گۆڕانکاری گەورە بەڕێوەیە»، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا کۆمەڵگەی کوردی دەیەوێ تەمەنی دەسەڵاتدارانی ئێستا درێژ بکاتەوە یان حەفتا بەردیان لە دوا باوێت؟!
٨.
کۆمپانیا بازرگانییەکانی هەرێم هێندەی خەریکی کڕینی بریار و نفوزی سیاسین هێندە سەرقاڵی خزمەتی بازاڕ نین!
٩.
قوباد تاڵەبانی لە دووەمین دیداری یەکێتیدا گووتی «بە هۆی دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە هاوسەنگی هێز رێکخراوەتەوە»، پیرۆزە، چیتر بەهانە و پاساوی «نەبوونی هاوسەنگی هێز» نابیستین!
١٠.
گوتراوە؛ «کە خەڵکی لەچواردەوری گێلێتی کۆدەبنەوە، گێلایەتی دەبێتە دانایی!» دەڵێی بۆ ئێستای هەرێم گوتراوە!
١١.
ئاگاداربن؛ کابینەی «دەهەشەمیش» وەک کابینەی «نۆهەشەم» هەر لە خزمەتی کوردایەتیدا دەبێت! بەڵام ڤێرژنی کوردایەتی ئەمجارەیان کاسکێتی سوتاوە و ڕۆن و ئاو تێکەڵ دەکات!
هۆشیار عەبدوڵا