Home ڕاگەیاندنی رۆژنامەوانی پەنابەران بەشێکن لەئۆردوی چینی کرێکار

پەنابەران بەشێکن لەئۆردوی چینی کرێکار

by admin
0 کۆمێنتەکان 28 بینینەکان

بەیاننامەی فیدراسیۆنی سەراسەریی پەنابەرانی عێراقی بەبۆنەی یەکی ئایارەوە.

ڕۆژی یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی نێونەتەوەیی چینی کرێکارە، ڕۆژێکە کە کرێکاران لەسەراسەری جیهان بێ گوێدانە ئاین، نەتەوە، نیشتیمان، دووری و نزیکی و سنوورەکان، ڕەنگی پێست، ڕەگەز، جنس و تەمەن…هتد وەك یەك چین بەناسنامەی چینایەتی و نێونەتەوەیی هاوبەشی هەموو کرێکاران بەرپەرچی سەرمایەداران ئەدەنەوە. یەکی ئایارتەنها ڕۆژێك لە ساڵنامەدا نیە، بەڵکو ڕۆژی ئێمە چینی کرێکارە. ڕۆژێکە کە لە ئاکامی خەبات و تێکۆشانی ناڕەزایەتی و قوربانیدانی بێوچانی چینی کرێکار لەدایك بووە.
ئەمساڵ کرێکاران لەدۆخێکدا بەرەو پیری یەکی ئایار دەڕۆن کە سیستەمی کۆیلایەتی بەکرێی ئینسانەکان، بە قەیرانی لەچارنەهاتووی خۆی، جیهانیان کردۆتە دۆزەخ و جێگەیەکی ئارامیان بۆ بەشەرییەتی ئەم سەردەمە نەهیشتۆتەوە. سەردەمانێکی خۆیناوی نیشانی بەشەرییەت داوە، داسەپاندنی برسێتی، بێکاری، هەژاری، ستەمکاری، سەرکوت، جیاکاری ئاینی، ڕەگەزی و نەتەوەیی و هەڵاواردنی ئینسانی، شەڕ و تاوان و میلیتاریزم، ئاوارەیی و پەنابەری و ماڵوێرانی، هەر هەمووی لەژێر سایەی ئەم دەسەڵاتە دیموکراسی!! و لیبرالیزم!! و سیستەمەدا دەچێتە پێش کە بۆتە هەڕەشە لە ئایندەی بەشەرییەت. ملیارەها ئینسان لەگەڵ کاریگەرییە خراپ و وێرانکەرەکانی ئەم سیستەمەدا بەرەو ڕوو کراوەتەوە.
جەنگی بازرگانی، ئابووری، سیاسی، سەربازی و پێشبڕکێی چەك، ڕسوماتی گومرگی، کێشمەکێش و ململانێ لەسەر توانای ئابووری و دابەشکردنی ناوچەکانی نفوس، لەنێوان بلۆکە سەرمایەدارییەکانی جیهان، کە قوربانییەکانی تەنیا چینی کرێکار و توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی نیە، بەڵکو تێچووی چەند ترلیۆن دۆلارێکیش کە لەسەر ڕەنج و گیرفانی چینی کرێکار و توێژی بێبەشانی کۆمەڵگەوە خەرج دەکرێت. ئاسەوارەکەی لەسەر کۆمەڵگە بە هەڵاوسان، گرانی نرخ، هێرشکردنە سەر ئاستی ژیانی ئەم چینە، کەمکردنەوەی خزمەتگوزارییە پزیشکی و تەندروستییەکان، خوێندن، بیمەی کۆمەڵایەتی، بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی هاوکات لەگەڵ بەرتەسککردنەوەی ئازادییە سیاسی و تاکەکەسی و مەدەنییەکان و تاوانبارکردنی دەربڕینی بیروڕا و ڕادەربڕین، پەرەگرتنی ڕاسیزم و فاشیزم، ئەو تێچوونانەن کە چینی کرێکار و خەڵکی بێبەش بۆ پاراستنی ئەم سیستەمە دەیدەن. ئەم دۆخە لە هەمووکات زیاتر بنبەستی ئابووری کاپیتالیستی و بۆگەن بوونی ئەم سیستەمە و قەیران و گرفتەکانی بێئاسۆیی و بێ وەڵامی بۆرژوازی لە جیهاندا دەخاتە بەرچاو کە چارەسەر تەنها لەڕێگەی سەرەوژێر کردنی ئابووری و سیاسی کۆمەڵایەتی ئەم سیستەمەدایە کە حاکمە تابتوانیت ئاسودەیی و ئازادی و یەکسانی بۆ کۆمەڵگە فەراهەم بکات.
مەسەلەی ئاوارەیی و پەنابەری وەك دیاردەیەك کە لە دنیای ئەمڕۆدا ملیۆنەها ئینسانی گیرۆدە کردووە، لەدەست ئەم سیستەمە زاڵمانەیەی سەرمایە هەڵدین ئاوارەو پەنابەر دەبن، بەشوێن سەلامەتی و ئاسایش و ئارامیدا دەگەڕێن، ڕێگەی سەخت و پڕمەترسی دەگرنە بەر، بەنێو دەریا و زەریا بە یەخت و کەشتی ڕزیو، بەسەرما و گەرما تێدەپەڕن تا لە کەنارێکی ئارام لەنگەر بگرن، بەڵام بەرگی پەنابەری بەناچاری بەسەریاندا دادەسەپێنرێت لەگەڵ ئەوپەڕی بێمافی بەرەوڕوو دەکرێنەوە، کەمپ و شوێنە سەربازییەکان دەکرێتە شوێنی حەوانەوەیان، لەلایەن ڕەوتە فاشیستی و ڕەگەزپەرستەکانەوە، ڕووبەڕووی تەحقیر و جیاکاری دەکرێنەوە، ئەم ئینسانانە بەشێکن لە چینی کرێکار هەربۆیە پەیامی ئێمە لە ئایار ڕۆژی جیهانی چینی کرێکار بۆ پەنابەران ئەوەیە کە پەنابەران پێویستە بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئاین و نەتەوە و ڕەگەز وابەستەیی ڕێکخراوەیی لەپاڵ خەباتی ڕۆژانەی کرێکاران و خەڵکی بەشمەینەت بۆ بەرگریکردن لە مودێرینترین و ئینسانیترین دەستکەوتەکانی مرۆڤایەتی لەدژی سیاسەتی جیاکار و دژی بێمافی و ڕاسیزم و فاشیزم نادادپەروەری، یەكدەست ڕابوەستن.

بژی یەکی ئایار، ڕۆژی جیهانی چینی کرێکار
٢٥/٤/٢٠٢٥

 

لێدوانێک بەجێ بهێلە