یەکی ئایار ڕۆژی جیهانی کرێکاران، ڕۆژی ناڕەزایەتی و هاتنەمەیدانی ئۆردوی کارە بەدژی نەزم و نیزامی سەرمایەداری. ڕۆژێکە کە کرێکاران سەربەخۆ لە ناسنامەی نەتەوەیی و دینی و ئایدیۆلۆژی و ڕەگەزی، لە سەرانسەری جیهاندا، وەک چینێکی کۆمەڵایەتی و جیاواز هێزی خۆی نمایش دەکات.
ئەمساڵ کرێکاران لە دۆخێکدا بەرەو پیری ئایار دەچین کە سەرمایەداری و حکومەتەکانی، کۆمەڵگای بەشەرییان لەنێو گێژاوی چەندین قەیران و جەنگی ناوچەیی و توندکردنەوەی فەزای میلیتاریزم و شەڕی ئابوری و پێشبڕکێی چەک و کاولکاریدا لەپێناو دووبارە دابەشکردنەوەی جیهان لە نێوان زلهێزەکاندا ڕاگرتوە. دۆخی ئیستای جیهان کە گوزارشت لە چەقبەستویی سیستەمی سەرمایەداری و بێوەڵامیی بۆرژوازی جیهانی و حکومەتەکانی بە کێشەکانی ژیانی ملیارەها ئینسان، دەکات، ملی ناوە بە سیاسەتی هێرش بردن بۆ سەر ژیانی چینی کرێکار و هەموو ئەو بەها سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیانەوە، کە دەستکەوتی چەندین دەیەی خەباتی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش بووە و لە ئەنجامیشدا ژیان و مانەوە و ئایندەی کۆمەڵگای بەشەرییان خستۆتە بەردەم تونێلێکی تاریك و هەڕەشەی لەناوچوونەوە!
جەنگی ٣ ساڵەی ئۆکرانیا، کە ژیانی سەدان هەزار مرۆڤی کردۆتە قوربانی و ئەو وڵاتەی بە یەکجاری نابوت و وێران کردوە و ملیۆنەها هاوڵاتی ئۆکرانیای ئاوارەی ووڵاتانی ئەوروپا کردوە، هاوکات کاولکاری و کوشتاری بەکۆمەڵی خەڵکی فەلەستین لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیلەوە، تا تیرۆر و بۆردومان و هێرشە سەربازیەکانی حکومەتەکەی ناتانیاهۆ بۆ سەر خەڵکی لوبنان و سوریا، تا پەلامارەکانی دەوڵەتی تورکیا و نۆکەرانی بۆسەر دانیشتوانی ڕۆژهەڵات و باکوری سوریا، تا شەڕە ناوخۆییەکانی باڵەکانی بۆرژوازی لە سودان و وڵاتانێکی ئەفریقیا و دواتریش ملهوڕی و هێزنواندنی ئەمریکا دژی ئێران کە دۆخی ناوچەکەی ڕووبەڕووی مەترسی جدی کردۆتەوە، هەموو ئەمانە لەپاڵ پەرەگرتنی ڕاسیزم و توندڕەوی و کۆنەپەرستیدا، لەپاڵ، چوونەسەری ڕێژەی بێکاری و گرانی و برسێتی و پشێویە کۆمەڵایەتیەکاندا، وەک بەرهەم و ئەنجامی ئەم دۆخە قەیرانگرتوەی سەرمایەداری، دەسەڵاتدارانی چینی بۆرژوازی لە جیهاندا وادارکردوە بەوەی کە بۆ گەیشتن بە ئامانج و بەرژوەندیەکانی خۆی مرۆڤایەتی بۆ ناو کورەی ئاگر پاڵپێوەبنێت.
عێراق و کوردستان کە ڕاستەوخۆ دەکەونە ناو ئەم گێژاوی کارەسات و ماڵوێرانیەی سەرمایەداری جیهانیەوە، بەناچاری چینی کرێکار و کۆمەڵانی بەشمەینەت لەگەڵ لێکەوتە و کاریگەریە زیانبارە ئابوری و سیاسیەکان و ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە کێشمەکێشی نێوان هێز و دەوڵەتانی ناوچەکەوە دێتەکایەوە بەرەوڕوو دەکاتەوە. لەم نێوەشدا دۆخی کوردستان بەدیار سازدانەوەی پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا، کێشمەکێشی بزووتنەوە و لایەنە بۆرژواییە عەرەبی و ئیسلامیەکان بە سوننە و شیعە و ناسیۆنالیستە کوردەکانەوە دادەنێ و بەم هۆیەشەوە دۆخی سیاسی کوردستان و هەلومەرجی ژیان و گوزەرانی چینی کرێکار بەتایبەتی و خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان لە سەرەگێژی و ناڕۆشنیدا ڕادەگرێ و دۆخی ژیان و گوزەرانی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش ڕووبەڕووی بارگرانییەکی گەورەتر دەکاتەوە.
کرێکارانی کوردستان کە لەسایەی دەسەڵاتدارێتی حیزبە بۆرژوا ناسیونالیستەکانی کورددا، ڕووبەڕوی هەلومەرجێکی سەختی کارو بژێوی بوونەتەوە، وێرای کەمی کرێ، سەعاتکاری زۆر، بێکاری و گرانی و کاری مناڵان و نەبونی یاسایەکی کاری هاوچەرخ کە لانی کەمی مافەکانی چینی کرێکار و ئازادیی مانگرتن و ڕێکخراوبوون بەڕەسمی بناسێنێ، هاوکات دەسەڵاتداران دەستی کۆمپانیا و خاوەنکارەکانیان ئاوەڵاکردوە کە بە دڕندانەترین شێواز کرێکاران بچەوسێننەوە و ماف و ئازادیەکانیان پێشێلبکەن و لەژێر شمشێری لەسەرکاردەرکردن و مەرجەکانی کۆمپانیاکاندا ڕایانبگرن. حکومەتی هەرێم و وەزارەتی کار کە سیستەمی کارکردنی لەسەر بنەمای بازاڕی ئازاد و کاری کۆمپانیاکان دامەزراندووە، بەتەواوی خۆی لە بەرپرسیارێتی لەئاست ژیان و بژێوی کرێکاران و هاوڵاتیاندا دزیوەتەوە و ئامادە نییە لانی کەمی بژێوی و بێمەکۆمەڵایەتیەکان بۆ کرێکاران دەسەتەبەربکات. دابینکردنی موچە لە سامانی کۆمەڵایەتی، بۆ کرێکاران و فەرمانبەرانی کوردستان کە ئەرکی هەر حکومەتێکە، مانگانە دەبێتە کێشە و ژیانی زۆربەی خەڵکی کوردستان ڕووبەڕووی تەنگانەی نەبونی و بێبازاڕی دەکاتەوە.
چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێشی کوردستان لەوەها دۆخیکدا کە بەرەو یەکی ئایار دەچن، نابێ هیچ چاوەروانیەکیان لە دەسەلاتداران و خاوەن کۆمپانیاکان هەبێ، بەلکو دەبێ پەی بەهێزی یەکگرتوی خۆیان ببەن و بە خەباتی خۆیان ماف و داخوازیەکانی خۆیان بسەپێنن. هەربۆیە گۆڕانکاری لە دۆخی ئیستای کوردستاندا، وەیان هەرجۆرە باشبونێک لە سیستەمی کار و بژێویدا، بەندە بە هاتنەمەیدانی کرێکاران خۆیانەوە. بەندە بە خەباتێکی یەکگرتوانە و سەراسەری کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێشەوە. ئەگەر یەکی ئایار ڕۆژی ناڕەزایەتیە بەڕوی سەرمایەداری و هەموو ئەو ستەم و چەوساندنەوەیەی کە خاوەنکار و سەرمایەداران لە کرێکارانی دەکەن، ئەوا دەبێ ئەم ڕۆژە ببێتە ڕۆژی کۆبونەوە لە دەوری داخوازیەکان و ڕیێخراوبونی ڕیزەکانی کرێکاران بۆ باشکردنی دۆخی ژیان. بۆ هەوڵدان بۆ سەپاندنی ئازادیی مانگرتن و ڕێکخراو بوون، بۆ هەلومەرجێکی سەلامەت و ئینسانیتر لە ناوەندەکانی کاردا، بۆ بەدەستهێنانی کرێ و هەقدەستێکی ئەوتۆ کە ژیانێکی شایستە بۆ کرێکاران و خێزانەکانیان مسۆگەر بکات، بۆ بەڕەسمی ناسینی نوێنەرایەتی کرێکاری و بەهرەمەندبوون لە یاسای کارێکی هاوچەرخ،….. کۆمەڵگا پێویستی بە هاتنەمەیدانی چینی کرێکار هەیە. پێویستە چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێشی کوردستان، هەڵسوڕاوان و ڕابەرانی کرێکاری ڕۆژی یەکی ئایار وەک مەیدانێک لەدژی فەزای جەنگی و هەموو ئەو کارەساتانەی ڕووی لە کۆمەڵگا و ناوچەکە کردووە بەدەستەوەبگرن. ڕێگا نەدەن هێزە ڕەنگاوڕەنگە بۆرژوازیەکان بە پڕوپاگەندەی قەومی و ئاینی ڕیزەکانیان پارچەپارچەبکەن. هاوخەباتی و هاوپشتی کرێکارانی کوردستان لەگەڵ کرێکارانی عێراق و ناوچەکە و جیهان و لێکگرێدانی خەبات و ناڕەزایەتیەکان بەدژی دەسەڵاتداران لەیەک ڕیزی سیاسی سەربەخۆی چینایەتیدا مەرجی دانانی سنورە بۆ هەموو ئەو ستەم و چەوسانەوەیەی بەسەر کرێکارانەوەیە.
بژی یەکی ئایار ڕۆژی جیهانی کرێکار
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٢٣ی نیسانی ٢٠٢٥