Home بیروڕا مردنێک وەک سەردەشت عوسمان

مردنێک وەک سەردەشت عوسمان

by Hawpshti Media
0 کۆمێنتەکان 62 بینینەکان
هەژار کاکەیی
هەموو هەوڵێکی مرۆڤ بۆ زیاتر زیندەگی کردنە لە ژیان و درێژەدانە بەو کاروانە ڕۆتینەی ڕۆژانە . هەموومان کە باسی مردن دەکەین ڕاستەوخۆ بیر لە درێژبوونەوەی تەمەنی خۆمان دەوروبەرو کەسە نزیکەکانمان دەکەینەوە . بێ ئاگا لەوەی هەندێجار ئەوەی مردن پێتی دەبەخشێت بە هەزار ساڵ تەمەن ناتوانی بەدەستی بێنیت .
سەردەشت گەنجێکی بوێر و ڕۆژنامەنوسێکی تازە هەلکەوتووی قەلاو منارە بوو . ئەو لەو تەمەنە گەنجیەی کە تێیدا ژیاو لەو تەمەنە کورتەی کاری ڕۆژنامەوانی جگە لە کەس وکارو هاوڕێ هەندێ کەسی نزیکی خۆی هیچ کام لە ئێمە نەماندەناسی . بەڵام دوای تیرۆر کردن و شەهید کردنی سەردەشت ئەوکات وەک با بابەتە ڕۆژنامەوانیەکانی بلاو بوویەوە ،نەک تەنها لە ناوخۆی هەرێم بەڵکو لە زۆربەی وڵاتان و ڕۆژنامەجیهانیەکان بە زمانە جیاوازەکان وەرگێڕان بۆ بابەتەکانی کرا . ئیتر سەردەشت بوو بە ناوێکی دیاری هەولێر لە سەرتا سەری جیهان ناسێندرا .
لە ڕاستیدا دەست بردنی سەردەشت عوسمان بۆ ئەو جۆرە میتۆدەی نوسین لە ژێر دەسەڵاتی پارتی هەم داهێنانی ڕۆژنامەوانی بوو بۆ ئەو کات هەم نەترسانی بوو لە دەسەلاتە دیکتاتۆریەکەی پارتی لە هەولێر . سەردەشت ویستی بە هاوتەمەنەکانی خۆی بڵێت ئێوە مەترسن وەرن دەنگ هەڵبڕن بۆ ڕووخاندنی بتەکان و هەروەها بەو نوسینانەی ویستی بە جیلی پێش خۆیی بڵێت ئەوەی ساڵانێکە ئێوەی گەورەتان کردوون بەسەرماندا و نەتانوێراوە بە ووشەیەک ناڕەزاییان لە دژ دەرببڕن ئەوەتا من بە ئاشکرا و بێ خۆشاردنەوە باسی ڕووخانی ئەو بتانە دەکەم و جاڕی شۆڕشێک دەدەم کە دوای خۆشم پشکۆی ئەو شۆڕشە کوژانەوەی مەحالە .
هەرواش بوو سەدەشت عوسمان بە نەناسراوی ژیا بەڵام کاتێک شەهید بوو ئیتر بۆ هەتا هەتایە هەم نوسینەکان و هەم یادەکەشی لە هزری هەموو ئازادیخوازێک دەمێنێتەوە .
بۆیە ئەو مردنەی سەردەشت عوسمان زۆرکەس ئیرەی بەو مردنەی دەبات ئاخر مرۆڤ کە دەمرێت وون دەبێت بەڵام سەردەشت کە شەهید کرا زیندوو بوویەوە .
درود بۆ گیانی سەردەشت عوسمان و هەموو شەهیدانی قەلەم

لێدوانێک بەجێ بهێلە