Home ساڵیادی سەردەشت 2025عەترەکەی سەردەشت عوسمان ..

عەترەکەی سەردەشت عوسمان ..

by Hawpshti Media
0 کۆمێنتەکان 53 بینینەکان
لە ساڵڕۆژی تیرۆرکردنیدا؛
عەترەکەی سەردەشت عوسمان ..
هۆشیار عەبدوڵا
سەردەشت ئاوێنەیەکە رۆژانە ڕووی راستەقینەی ستەمکاران پێشانی خۆیان و خەڵک دەداتەوە، بکوژانی لە ناوی سەردەشت و وشە و دێڕەکانییەوە خۆیان دەبینن و هەموو رۆژێک دەبێت ئەو ئاوێنەیە بە گوللەی ترس بشکێنن، وا دەزانن قەڵەمی سەردەشت و وتارێکی دیکەی سەردەشت هاتۆتەوە بەردەمیان تا ماهیەتی ئینسانی و ئەخلاقی و باوەڕبوونیان بە ئازادی و ئازادی ڕادەربین لە مەحەک بدات، سەردەشت و وێنەکەی، بزە و خەندەکانی بوونەتە ئاوێنەی ترس و مۆتەکە بۆ جەلادەکانی.
جەلادە گەورەکانی پشت تیرۆری سەردەشت، ڕۆژانە فیشەکی ترس هاوشێوەی ئەو فیشەکەی نایان بە دەمیی پڕ لە هاوارییەوە لە ئاوێنەی بەردەمیان دەدەن ، ئاوێنە هاڕە دەکا و وردوخاش دەبێت و بەردەبێتەوە بەڵام وێنە و سێبەری سەردەشت لە جێگای خۆی ناجوڵێ، ساڵ دوانزە مانگ گوللە دەنێن بە سێبەر و ناوی سەردەشتەوە کەچی ناتوانن بیکوژن، هەرچییەک دەکەن ناتوانن نەک سەردەشت بەڵکو وتارێکی، دێڕێکی لە زاکیرەی نەتەوە و مێژوودا بسڕنەوە.
ناتوانن چونکە ئێستا دێڕەکانی سەردەشت بوونەتە گڕ لە ویژدانی نەوە دوای نەوەی ئەم هەرێم و نیشتیمانەدا و تادێ گڕ خۆشتر و نێڵەی بەرزتر و سەردەشت پڕ شکۆتر و جەلادانیشی بەدناو و نابوتترن!
سەردەشت، لەو رۆژەوەی شەهید کراوە رۆشناییەکی گەورەی ئازادییە، مەشخەڵێکە و لەناو دەست و ویژدانی هەموو ئازادیخوازێکدا بەرز ڕاگیراوە.
دەمێکە گوتوومە و گرنگە هەموو ساڵێک دووبارەی بکەمەوە، ئەوەی گوللەکان کوشتیان سەردەشت نەبوو، شکۆی جەلادەکانیی بوو! دیقەت بدەن؛ سەردەشت ئێستا لە هەموو کات زیندووترە و ناوەکەی بۆنی عەتری ئازایەتی و بێمنەتی و شکۆی لێوە دێ، بۆگەنی ناو و بەدکاری جەلادەکانیشی، نیشتیمانێکیان وەڕس و کاس کردووە.
٥ی ٥ی ٢٠٢٥

لێدوانێک بەجێ بهێلە