62
ئیبراهیم عەباس:

پەلەپروزە لە تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان، رۆژنامەنووس و قوتابی دواقۆناغی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی سەحەلاحەدین، دوای چەند وتارێکی کە راستەوخۆ رەخنەی لەنادادی و بێ سەروبەری دەسەڵاتداریەتی باڵای پارتی گرتبوو. هەر زوو ئەم باوەڕە لای خەڵکی کوردستان چەسپا، کە تێرۆرەکە ئەو حزبە و راستر لەوەش بەفەرمانی خانەوادەی دەستڕۆیشتووی حزبەکە کرا. کە دواتر ئەمە چەسپاو ئەوانەی لەم تیرۆرە بەشداربوون، زۆر راستیان ئاشکرا کرد.
هەوڵەکانی پارتی و دەزگا ئەمنیەکان بۆ شاردنەوەی تاوانەکە لە ئەستۆی خۆیاندا، بێ ئاکام بوون، فشارێکی جەماوەری و میدیایی ئەوتۆیان لەسەر دروستبوو، زۆری نەمابوو راپەرینی خەڵکی کوردستانی لێ بکەوێتەوە. ئەمەش بووە ترسێکی گەورەو ئیتر نەتوانن رۆژنامەنووسان و ئەهلی قەڵەم بەم ئاشکرایە تیرۆر بکەن.
بێگومانیش پارتی و هەڕەمی دەسەڵاتیان باوەڕیان بە وەڵامی رەخنە بە نووسین نییە، رێگای وەڵامی نووسین بە فیشەکیان لێگراو ئاستەنگی زۆریان بۆ دروستبوو، لەبەر ئەوە پەنایان بۆ بەکارهێنانی هێزە ئەمنیەکان و دادگاکان برد، لەم نێوەدەشدا ئەوەی مایەی مەترسیی راستەقینەیە، بەکارهێنانی ئەشکەنجە، لەوەش ترسناکتر ئەشکەنجەدانی ئەو بەشانەی جەستەیە کە رەبتی بە پیاوەتیەوە هەیە!.
هێزە ئەمنیەکانی پارتی و ئەو هێزانەی تری پارتی کە تەنها دەزانرێت چەکدارن، بۆ سوکایەتیکردن بە رەخنەگران، رۆژنامەنووسان، چالاکوانان و ئەوانەی راستەوخۆ رەخنە لەسەرانی باڵای پارتی دەگرن، لە دوای تیرۆری سەردەشتەوە، دەستیان نەپارستووە، لە زۆرێک لەم جۆرە کەسانەو تەنانەت ئەو کەس و کارانەشیان کەلەسەر ئەوان حسابن. بەتایبەت لە ئەشکەنجەی ئەو ئەندامانەی جەستە کە رەبتیان بە پیاوەتی مرۆڤەوە هەیە.
پارتی و هەڕەمی دەسەڵاتی حزبەکەیان وای دەبینن، ئەوان هێڵی سورن و رەخنەگران بە دوژمن حساب دەکەن، لەبەر ئەوە پەنا بۆ سوکایەتی جەستەیی رەخنەگران دەبن، ئەگەرچی لە ئەمەشدا ناتوانن بەرامبەر هەموو کەسێک ئەمە بکەن.