80
باسێک کە لە مێزگردی پرسی تیرۆری ڕۆژنامەوانان و ئازادی لە کوردستان لە ٣-٥-٢٠٢٥ لە شاری یۆتۆبۆری پێشکەشم کرد

دۆستان و دوژمنانی ئازادی کێن؟
من سەرەتا بەوە دەست پێ بکەم کە ئەمڕۆ ئەگەرچی ڕۆژی ئازادی چاپەمەنی، یاخود ئازادی ڕۆژنامەگەرییە. ئێمە لە ساڵیادی سەردەشتدا، بە تایبەت لە کوردستان، لەگەڵ پرسی ئازادی بە مانا فراوانەکەی مامەڵە دەکەین.
هەڵە ئەم قسانە لێک نەدرێتەوە. ئازادی چاپەمەنی و ڕۆژنامەوانی وەک بەشێکی گرنگی ئازادی دەربڕین. کەم بایەخ نییە. بەڵام هەڵوێستێک کە سەردەشت لە نووسینەکانیدا نیشانی داوە، ڕووداوی تیرۆر کردنی و لێکەوتەکانی و بەرەنگاریەک کە تا ئێستا لەژێر ناوی ئەودا زیندووە و بەردەوامە و ئەم مێزگردەش نیشانەیەکی ئەو بەردەوامیەیە کەیسی سەردەشت پەیوەست دەکاتەوە بە پرسی ئازادی ئینسانەوە بە گشتی نەک تەنها ئازادی دەربڕینی ئینسان.
سەردەشت ڕۆڵەی نەوەیەکە کە بەرکەوتێکی ئەوتۆی لەگەڵ سەرکوت و داپڵۆسینی خوێناوی بەعسدا نەبووە. یەکێک لە بەرەنجامە کارەساتئامێزەکانی داپڵۆسین ئەوەیە کە ئازادی و پێناسەی ئازادی بچووک دەکاتەوە. نەوەی سەردەشت و نەوەی دوای ئەویش ئەم گرفتەیان نییە. دروستە کە سەردەشت بە هۆی نووسینەکانیەوە گیانی لێ سەندرایەوە، بەڵام میحوەری نووسینەکانی ئەو بانگەشە بۆ ئازادی دەربڕین نییە. سەردەشت هەوڵی بەدەستهێنانی ئازادی دەربڕین نەدەدا، ئەو ئازادی دەربڕینی مومارەسە دەکرد. دوای ئەویش ئەو ئازادیە سەرەڕای هەوڵی بێ پسانەوەی بەرتەسککردنەوە، بەری پێ ناگیرێت. دەسەڵاتی زەوتکەر و دژە ئازادی لە کوردستان لەسەر بنەمای بەرگرتن بە ئازادی دەربڕین و ئازادی بڵاوبوونەوەی زانیاری خۆی بەرهەم ناهێنێتەوە، بگرە لەسەر بنەمای بەرتەسککردنەوەی ئازادی هەڵسوڕانی سیاسی، یاخود دروستتر بێ بەرهەمکردنی ئازادی پراکتیک و خەباتی سیاسی و پەکخستنی هەموو کایە و کەناڵەکانی کاریگەری دانانی پراکتیکی سیاسی خۆی دەهێڵێتەوە.
بەڵام پرسی ئازادی بە مانا فراوانەکەی ناتوانێت لە پرسی بەرابەری ئابووری و کۆمەڵایەتی داببڕێت. ئەمەش لە نووسینەکانی سەردەشتدا بە ڕوونی خۆی نیشان دەدات. نووسینە ساتێریەکەی بە ناوی من عاشقی کچەکەی بارزانیم، ئاماژە بەو قەڵەشتە گەورەیە دەکات کە کەوتۆتە نێوان چینی باڵا دەستو دەوڵەمەندی کوردستان لەلایەک و چینی کارگەر و زەحمەتکێش و کەمدەرامەتی کوردستانەوە. ئاماژەیەکی ڕوون بە هاوسەرگیری نێوان دەسەڵات و سامان لە کۆمەڵگای کوردستاندا دەکات. سەردەشت قامک دەخاتە سەر ئەو ڕاستیەی کە چۆن دەسەڵاتدار بوون و تەنانەت خزمایەتی لەگەڵ دەسەڵاتدا دەتوانێت لە ڕووی ئابووریەوە و هەروا لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە ژیانی خۆت و کەس و کارت بگۆڕێت. ئەو زۆر نەژیا تا ببینێت. کە چۆن پارەداربوون و سەرمایەداربوونیش دەتکاتە خاوەنی پیگە و جێگاوشوین لە دەسەڵاتدا و چۆن لەڕاستیدا لە ڕوانگەی بەشی هەرە زۆری کۆمەڵگاوە ئازادی لە سایەی ئەو جیاوازیە گەورە چینایەتیەی کە تا دێت فراوانتر دەبێت، هیچ مانایەکی نییە.
ئاشکرایە ئەم ڕاستیەو لێکهەڵپێکراوی ئازادی وبەرابەری لۆکاڵی و تایبەت بە کوردستان نییە. ئەمڕۆ لەگەڵ گۆڕانە زۆر خێراو دراماتیکیانە دەبینین لە ئاستی دنیادا و دەردەکەوێت کە چۆن دەوڵەتە سەرمایەداریە گەورەکان بۆ بەدەستهێنانی سەرمایەی زیاتر و دەربازبوون لە قەیرانەکانی پرۆسەی کەڵەکەی سەرمایە ناچارن کە ئازادیەکان بەرتەسک بکەنەوە، مافە سەرەتاییەکانی ئینسان پی شێل بکەن، دەستبەرداری بەیاننامە و لیژنەکانی مافی مرۆڤ بن کە ساڵەها خۆیان پیوە هەڵدەکێشا، تەنانەت بنەماکانی سیستەمە دیموکراسیەکەی خۆیان هەڵتەکێنن و مانایەک بۆ جیایی دەسەڵاتەکان لە یەکتر نەهێڵنەوە. سەرمایەداری دنیا کەوتۆتە قۆناغێکەوە کە بۆ درێژەدانی ژیانی خۆی دەستەودامێنی نیۆفاشیزم و نیۆنازیزم بۆتەوە و ئاشکرایە بە بێ پەرچەکردارێکی کاریگەر ئایندەی گشت دنیا بەرەو تاریکی دەچێت.
ئەم ئاڵوگۆڕانە زۆر بە ڕوونی نیشانی دەدەن کە چۆن ئازادی و کەرامەتی ئینسانەکان و پێگەی تاکی ئینسانی لە کۆمەڵگەدا بەرهەمی پەرسەندنی سەرمایەداری نییە و بەستنەوەی بەهاکانی ئازادی تاک و کۆمەڵگا بە سەرمایەداری و دەسەڵاتی چینی سەرمایەدارەوە جگە لە درۆیەکی گەورە هیچی تر نییە. ساڵەها ئەمریکا و ئەوەی بە سەرمایەداری خۆرئاوا ناودەبرێ لافی پاراستن و ڕیزگرتنی ماف و ئازادیەکانی تاکی لێ دەدا. لەکاتی ڕووخانی دیواری بەرلین و بانگەشەی سەرکەوتنی دیموکراسی قسە لە کۆتایی مێژوو دەکرا و گوایە تا ئەبەد خۆرئاوا و بەهاکانی سەرکەوتن و ئینسان لە سایەی سیستەمی لیبرالی و ڕێزگرتن لە مافی خاوەندارێتی سەرمایەداران بە بەهەشتی ئازادی گەیشتووە. ئەمڕۆ و پاش چەند دەیە، ئەو ڕاستیە ئاشکرا دەبێت کە ئازادیە فەردیەکان، تەنانەت بە مانای سیاسی و حقوقیەکەشی بەرهەمی بەرەنگاری و خەباتی چینی کارگەر و جووڵانەوە ناڕەزاییەکانی بۆ مافی ئابووری و کۆمەڵایەتی بە ئاسۆی بەدەستهێنانی بەرابەری و کۆتایی هێنانی کۆمەڵگای چینایەتی بووە.
ئەم باسە پەیوەندی نزیکی لەگەڵ پرسی ئازادی لە کوردستانیش هەیە. بەداخەوە کە لە سی ساڵی ڕابردوودا ئازادی ئینسان، ماناکانی، بەربەستەکانی و میکانیزمی وەدیهاتن و ئەو هێزانەی لەبەرژەوەندیاندایە کاری جیددی بۆ بکەن لەلایەن ئایدۆلۆژیایەکەوە پێناسە کراوە کە ڕەگو ڕیشەی لەناو ئەو دیدگا و خەیاڵو یۆتۆبیا زیانبەخشەدایە کە پیی وایە سەرمایەداری و ئازادی تاک جمکن و پێکەوە لەدایک بوون.
کاتێک قسە لەسەر پرسی ئازادی و دەسەڵاتی دوژمن بە ئازادی دەکرێت. قسە لەسەر بنەماڵە و عەشیرەت و جووڵانەوەی چەکداری و هەندێک جار بێ شەرمانە لە “شۆڕشگێڕانی شاخ” دەکرێت، بەڵام باسێک لەو پەیمانە ئەهریمەنیە لە نێوان دەسەڵاتی باڵادەستی کوردستان و کۆمپانیا سەرمایەداریە جیهانی و ناوچەیی و ناوخۆییانە ناکرێت کە بەری ڕەنج و سامانی سەرزەوی و ژێر زەوی کوردستان وەک کۆمەڵێک برای دزو جەردە بەش دەکەن.
کاتێک قسە لە میکانیزمەکانی بەدەستهێنانی ئازادی کراوە، ئێمەیان پاڵ پێوە ناوە بۆ ناو یاریەکی سیاسی پوچ و قێزەون بۆ بەشداری لە پەرلەمان و گوایە لەم ڕێگایەوە دەسەڵاتی مافیاکان کۆتایی دێت و کۆمەڵگا ئازادی خۆی لە بن دەستی بنەماڵە و عەشیرەت و حزبەکانیان دەردێنێت. باسی فەلسەفە و فەرهەنگ و ئەدەب و پەروەردە و میدیای سەربەخۆ… هەزار شتی تر کراوە بەڵام هیچ جورئەتێک بۆ دیتنی ئەو ڕاستیە نەبووە و ئەو پرسیارە هەرگیز نەکراوە: کە چۆن دەکرێت دەسەڵاتی سیاسی لەدەست گروپێکی تاڵانکار دەربهێنیت، لە کاتێکدا تاڵانکارانی سامانی کۆمەڵگای کوردستان و سەرمایەدارانی هاوچینیان بە پشتیوانی موڵک و پەیوەندیە ئابووریە ئیقلیمی و جیهانیەکانیان، نەک تەنها ئیرادەی سیاسی هەرێمیان پاوان کردووە، بەڵکو هەوڵی سەرکەوتوو و ناسەرکەوتوویان داوە و دەدەن کە ئیرادەی سیاسی کوردوستانەکانی تریش پاوان بکەن و خۆیان بە دەمڕاستی هەموو “گەلی کورد” بناسێنن.
کاتێک باسی بکەری بەدیهێنانی ئازادیەکان و ئەنجامدانی گۆڕانکاری بوو لە کوردستان هەمان ئەو دیدە ئێمەیان بۆ ژیر خێوەتی کاراکتەری وا ڕادەکێشا و بە ڕابەری پرۆسەی گۆڕانیان لەقەڵەم دەدا کە ڕۆژی دوای دامەزراندنی دەسەڵاتیکی یاسایی دەبوو بۆ وەڵامدانەوەی دەیان تۆمەت لە بەردەم داداگادا ئامادەبوونایە.
لە ڕاستیدا بۆ بەدەستهێنانی ئازادی لە کوردستان، هەنگاوێکی چارەنووسساز دەربازرکردنی ماناکانی ئازادی، ناسینەوە و دەستنیشانکردنی دۆست و دوژمنانی ئازادی، پرۆسە و میکانیزمی وەدەستهێنانی ئازادی لە دەست ئەو تێڕوانینەیە کە مایەپووچ بوونی لە ئاستی دنیادا ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرە.
ئازادی لە کوردستاندا وەک هەر کۆمەڵگایەکی چینایەتی ناکرێت دوور لە چەوسانەوە و ستەمێک کە لەهەر کۆمەڵگایەکی سەرمایەداریدا هەیە پێناسە بکرێت
ئازادی بەمانای ڕزگاربوونی تەواوە لە دەسەڵاتی ئابووری، سیاسی و کەلتووری سەرمایە و سەرمایەداری. ئازاد بوونە لە هەموو پەیوەندیە دیلهێنەرەکانی کۆمەڵگەی بۆرژوازی. ئازادیە لە ژێرچەپۆکەیی کاری کری گرتە و بندەستی چینایەتی، لە سەرکوتی دامەزراوە پۆلیسیەکانی دەوڵەت و دەسەڵاتی چینی سەرمایەدار. ڕزگاربوونە لە بێ مافی و بن دەستی سیاسی و حقوقی، لەیاساو ڕێوڕەسم و نەریتێک کە لەسەر بنەمای خورافات و خەیاڵ و بەهای ئاینی و دواکەوتوانە دامەزراوە. ڕزگاربوونە لە هەر ستەمێکی نەتەوەیی و ئاینی و ڕەگەزی. لە هەژاری و نەداری، جەهالەت و خورافات و هەر چەشنە هەڵاواردنێک و جیاکارییەک کە لە کۆمەڵگادا پراکتیزە دەکرێت.
دوژمنەکانی ئەم ئازادیە تەنها دەسەڵاتداران و “بنەماڵە” نین. بەڵکو هەموو ئەو چینەیە کە لە چەپاندنی بەشی هەرە زۆری کۆمەڵگا، کارگەران و خەڵکی ڕەنج بابردە و کەم دەرامەتی کوردستان قازانج دەکەن. هەموو ئەو سەرمایەدارانەن کە پارە و خوێن و کەسایەتیان لەگەڵ دەسەڵاتداران و تفەنگبەدەستانی کوردستاندا تێکەڵ بووە.
هەموو ئەو ناوەندە نێودەوڵەتی و سەفارەتانەن کە بەڕۆژ لەگەڵ ڕۆژنامەوانان شین دەکەن و بە شەو پەیماننامە و سەفقەی سیاسی و ئابووری بۆ تاڵانکردنمان لەگەڵ دەسەڵاتدا مۆر دەکەن.
هەموو ئەو ئیسلامی و کۆنەپەرستانە کە لە جەمال عیرفانەوە تاکو عەبدولخالیق مەعروف و شاپور و قابیل لە سەنگەری دەسەڵاتەوە تیرۆری دەنگە ئازادیەکانیان کردووە و بێ شەرمانە بەرانبەر هەر دەنگێکی ئازاد دەوەستنەوە لەسەر خوانی دەسەڵاتی ناوخۆ و دەرەکی دەلەوەڕن.
هەموو ئەو نووسەر و میدیاکارنەن کە تەمەنیان خەرجی جوانکردنی سیمای دەسەڵات و شاردنەوە و پاساودانی کردەوە دزێوەکانی دەسەڵات دەکەن.
میکانیزمی بەدەستهێنانی ئازادی لێکهەڵپیکانی خەباتی جەماوەری کارگەر و زەحمەتکێشی کوردستان بۆ نان لەگەڵ خەبات لە دژی ستەم و جیاکاری و بۆ کەرامەت پێگەی ئینسانی.
بکەری ئەم خەباتەش ئەوانە نین کە تەنها بە شان و باڵی ئازادیدا هەڵدەدەن و پۆپۆلیستانە جیاوازیە چینایەتیەکانی ناو کۆمەڵگا فەرامۆش دەکەن و تەنها سەبارەت بە جەردەیی دەسەڵات گلەیی و گازندە دەکەن.
ئەوانە نین کە جارۆکەی ئومێدیان دابووە بەردەم “باهۆزی دیموکراسی” و ئەمڕۆ ناتوانن لەبەرانبەر ڕەشەبای چەتوونیی کوڕانی مامە داکۆکی لە خانوو و ماڵی خۆشیان بکەن.
ئەوانە نین کە چالاکوانن و دڵسۆزن بەڵام لەبری پشت بەستن بە هێزی جەماوەری خێرنەدیوو و چەوساوە، ڕێکخستنی ڕیزەکانیان، دروستکردنی ڕێکخراوەی ڕاستەقینەی جەماوەری کە لەسەر بنەمای ئەندامگیری و ڕۆڵ بینینی ئەندامان بە خۆشخەیاڵیەوە وەک ڕێکخراوەی کۆمەڵگای مەدەنی یاخود ناحکومی کاری گوشارهێنان ئەنجام دەدەن و منەی پشتیوانی ماددی و مەعنەوی دامەزراو و سەفارەتەکانی ناو هەولێر دەکەن.
بکەری ڕاستەقینەی گۆڕانکاریەکان ئەو مام عوسمان و دایە سێوانەن کە ڕنجدەری و عارەقڕشتنیان بۆ دابین کردنی ژیان هاوئامێزە لەگەڵ سەربەزی و ورەی پۆڵاینیان بۆ داکۆکی لە مافی زەوتکراوی خۆیان.
کەیسی سەردەشت نموونەیەکی درەوشاوەی ئەو ڕاستیەیە کە داکۆکی لە ئازادی بە دەستی کارگەرانو خەڵکانی ڕەنجدەر ئیمکانی هەیە.
لە پاش تیرۆرکردنی سەردەشتەوە، هەموو ئەو دەنگە ئازادانەی کە لە چەقۆی تاوانکاری و سەرکوت گیانیان پاراستووە قەرزاری ڕاوەستاوی خانەوادەی سەردەشتن و لە پێشیانەوە دایە سێوێ و مام عوسمان.
ئەوانەن نموونەی ئەو ئینسانە بە نرخانەن کە رۆژێک لە ڕۆژان پاروویەکی بە ڕەنجی شان پەیدانەکراویان دەرخواردی منداڵەکانیان نەداوە و بەرگێکی بە ماندویی پەیدا کراویان لەبەری کچ و کوڕەکانیان نەکردووە. هەر ئەوانەن کە لەبەرانبەر گەورەترین و تاقەتپڕوکین ترین گوشار و هەڕەشە و تەماع و پاداشت وەک کێو ڕاوەستاون و بۆ یەک چرکەش لە مافی خۆیان خۆش نەبوون.
دایە سێوێ و مام عوسمان لە کەیسی سەردەشتدا نوێنەری ئەو هێزە کۆمەڵایەتیەن کە دەتوانێت وێڕای مافخوازی و مکوڕ بوون لە بەدیهێنانی ئامانجە یەکسانیخوازیەکانی ئازادیش بە مانا فراوانەکەی دەستەبەر بکات.
لێرەوە پەیامی دڵنەوایی و بەشداریم لە خەم و خەونەکانی مام عوسمان و دایە سێوێ بۆ ئەو ئازیزانە دەنێرم.