Home بیروڕاکۆنگرەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە

کۆنگرەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە

by admin
0 کۆمێنتەکان 53 بینینەکان

موحسین کەریم:    

بەپێی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی نزیك لە پەکەکە، پارتی ناوبراو، لەنێوان رۆژەکانی ٥تا ٧ی ئایاردا کۆنگرەی ١٢ی خۆی بەستوە. ئەگەرچی ڕاگەیاندنەکە شتێکی روون و یەکلاکەرەوەی تێدا نەهاتووە، بەڵام گومان لەوە نیە کە ئەم کۆنگرەیە کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بووە. بەپێی هەندێ میدیای کوردی، میدیاکانی تورکیا پشتڕاستی ئەوە دەکەنەوە کە کۆنگرە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و چەکدانانی داوە!
ئەوەی جێی سەرنجە، ئەم کۆنگرەیە رێك سێ رۆژ پێش سەردانی سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ تورکیا لە رۆژی ٨ی ئایاردا و کۆبونەوەی لەگەڵ ئۆردوگان، سەرۆک کۆماری تورکیا دەبەسترێت، کە یەکێك لە خاڵە سەرەکی و گرنگەکانی کۆبوونەوەی نێوانیان پرسی پەکەکە و هەڵوەشاندنەوەی بووە. لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەیاندا، ئۆردوگان ڕایگەیاند کە لەگەڵ سودانی لەسەر هاوکاریکردن دژی گروپە تیرۆریستیەکانی پەکەکەو گولەن و داعش لێك تێگەیشتنیان کردوە. سودانیش ڕایگەیاند کە پەکەکە هێزێكی قەدەغەکراوە لە عێراقدا و پێشوازی لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی دەکات.
لەچوارچێوەی بەرژەوەندیە هاوبەشەکانی تورکیا و عێراقدا، بەتایبەتی دوای گۆڕانکاریەکانی سوریا، مەسەلەی پەکەکەو بوونی لە عێراقدا بێگومان یەکێك دەبێت لە پرسە سیاسی و ئەمنی و بگرە ئابوریەکانی نیوان ئەو دوو ووڵاتە. بۆیە چ بۆ تورکیا، کۆتاییهاتن و داخستنی کەیسی پەکەکەو چ بۆ عێراقیش، رزگاربوون لە قورسایی پەکەکە و کۆتاییهاتنی بوونی چەکداری ئەو حزبە لە عێراقدا، مەسەلەیەکی زۆر گرنگ و هەستیارە. بەوجۆرە ئەگەری ئەوەی کە ساتی بەستنی کۆنگرەی ١٢ی پەکەکە هاوکاتی سەردان و کۆبونەوەی نێوان سودانی و ئۆردوگان بووە، ئاکامی جۆرێك لە گفتوگۆ و رێکەوتنی ژێربەژێری نێوان هەموو ئەو لایەنانە بێت کە پەیوەندیدارن بەو پرسەوە، شتێکی دوور و بێ پەیوەندی نیە.
بەڵام با بگەڕێینەوە بۆسەر مەسەلەی خودی کۆنگرەی ١٢ی پەکەکە. لە ڕاگەیاندنەکەی پەکەکەدا هاتوە:” کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە لەسەر بنەمای بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ، سەبارەت بە کارەکانی پەکەکە بڕیاری گرنگی مێژوویی وەرگرت.” هەروەها دەڵێت: “ئەنجامەکانی کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە و زانیاری و بەڵگە فراوانەکان لەسەر بڕیارە وەرگیراوەکان، دوای کۆکردنەوەی ئەنجامەکانی هەردوو هەرێمە جیاوازەکە، لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا بۆ ڕای گشتیی ڕایدەگەیەنرێت.”
ئەگەرچی وەکو ڕاگەیاندنەکە دەڵێت بڕیارەکانی کۆنگرە لە رۆژانی داهاتوودا بڵاودەکرێتەوە و هێشتا هیچ شتێکی روون و دیاریکراو سەبارەت بە بڕیارەکانی کۆنگرە لەبەردەستدا نیە، بەڵام وەکو لەسەرەتاوە ئاماژەم پێدا، بەپێی ئەوەی کۆنگرە لەسەر بنەمای بانگەوازەکەی ئۆجەلان ئەنجامدراوە و بڕیاری مێژوویی تێدا دراوە، ئەوە روون دەبێتەوە کە داواکاری ئۆجەلان کۆنگرەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بووە نەك هیچی دیکە. ئۆجەلان بەروون و ڕاشکاوی و بێ هیچ مەرجێك داوای لەپەکەکە کرد کۆنگرەی خۆی ببەستێت و بڕیاری خۆ هەڵوەشاندنەوە بدات. بۆیە هیچ گومانێك نامێنێتەوە بۆئەوەی کە کۆنگرەی ناوبراو ئەرکێکی دیکەی هەبووبێت بێجگە لە بڕیاری خۆ هەڵوەشاندنەوە. کاتێکیش ئەو چەند دێرەی خوارەوەش دەخەینە تەنیشت ئەو بەشەێ سەرەوەی ڕاگەیاندنەکە زیاتر ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە کە پەکەکە کۆتایی بە قۆناغێك هێناوە کە وەکو خۆی دەڵێ ٥٢ ساڵی خایاندوە. ڕاگەیاندنەکە دەڵێت:” کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە کە لە مانگی شەهیدان مانگی ئایار بەڕێوەچوو، بەڕێز و خۆشەویستی و پێزانینەوە یادی شەهیدە قارەمانەکانی تێکۆشانی مێژوویی ٥٢ ساڵەی کردەوە. بانگەوازی لە گەلی وڵاتپارێزمان و هەموو هێزە سۆسیالیستە دیموکراتەکان کرد کە بە شێوەیەکی دروست خاوەنداری لە هەموو بەها دیموکراتیکی و نەتەوەییەکانی تێکۆشانی گەورەی ٥٢ ساڵە بکەن و بەتایبەت خاوەنداریی لە شەهیدانمان بکەن و بۆ هەمیشە یادیان بە زیندووی بهێڵنەوە.” ئەو ڕاگەیاندنە بەروونی ئەوە نیشان دەدات کە ئیتر لەدوای ئەم کۆنگرەیەوە مێژووی ڕابردوو کۆتایی هاتوەو مێژوویەکی دیکە دەست پێدەکات؛ مێژووی دوای پەکەکە!
بێگومان پەکەکە لەو کۆنگرەکەیدا بڕیاری خۆ هەڵوەشاندنەوەو چەکدانانی داوە، بەڵام مەسەلەی جێبەجیبوونی لەمەیدانی واقعی و عەمەلیدا مەسەلەیەکی دیکەیە. پرسی هەڵوەشاندنەوەی هەر حزبێك، دەبێت لە کۆنگرەدا بڕیاری لەسەر بدرێت. ئەگەرچی بەبڕوای من ئەگەر ئۆجەلان داوای هەڵوەشاندنەوە و چەکدادانی پەکەکەی نەکردایە، نە پەکەکە کۆنگرەی بۆ ئەو مەبەستە دەبەست و نە بڕیارێکی لەوجۆرەشی دەدا. هیچ سەرکردەیەکی دیکەی پەکەکە خاوەنی ئەو جۆرە بڕیارە نیە. پێشتر لەقسەکانی موراد قەرەیلان زۆر بەڕوونی ئەوە خرایەروو، کە ووتی دەبێ سەرۆك خۆی بێت قەناعەت بە ئەندامەکانی پەکەکە بکات.
ئێستا پەکەکە دوا بڕیاری خۆی سەبارەت بە ئایندەی سیاسی خۆی لە کۆنگرەی ١٢دا داوە، ماوەتەوە ئەوەی کە کادرو ئەندامانی پەکەکە چی کارێکی سیاسی دیکە دەکەن؟ لەژێر چ ناوێکی دیکەداو بە چ شێوازێك؟ هەروەها لە هەمووی گرنگتر، هێزی چەکداری پەکەکە چی بەسەر دێت؟ چەکەکانیان ڕادەستی كێ دەکەن؟ چەکدارەکانیان دوای دانانی چەك لە کوێ نیشتەجێ دەبن و ئایندەیان چی دەبێت؟ ئایا عێراق و کوردستانی عێراق دەبنە وێستگەی جێبەجێبوونی ئەو بڕیارە!؟ ئایا تورکیا رێگا دەدات بە گەڕانەوەیان؟ ئایا سەرکردەکانی پەکەکە لە قەندیلەوە بەرەو کوێ دەڕۆن!؟ و … تاد. بەڕای من ئەو مەسەلەیە یەکێك دەبێت لە مەسەلە پڕ گرێوگۆڵە و پێچیدەکان! رەنگە دوای بڵاوبوونەوەی بڕیارەکانی کۆنگرەکەیان شتی زیاتر لەوبارەوە ڕوونبێتەوە!

 

لێدوانێک بەجێ بهێلە