ابراهیم حسێن:
تڕامپ و دەوڵەتی مۆڵتی میلیاردێرەکانی سەرمایە و بواری تەکنۆلۆژیای زیرەک دواجار گەڕێکی تری شەڕێکی بازرگانی گەورەیان ڕاگەیاند لە دژی ئابورییەکانی تری سەرمایەداری ئەمڕۆ و بەتایبەتی چین کە بە شەڕی تاریفەگومرگیەکان ناسراوە. هەنگاوێک کە لەلایەن زۆرێکەوە بە هەوڵێکی تڕامپ و دەوڵەتی مۆڵتی میلیاردێرەکان لێکدرایەوە بە ئامانجی قەرەبووکردنەوەی باری لاسەنگی کورتهێنانی بازرگانی ئابوری ئەمریکا.
ئەم هەنگاوەی دەوڵەتی مۆڵتی میلیاردێرەکانی تەکنۆلۆژیای زیرەک وەک بەڵتەجە و ملهوڕیەکی بێپەردە لە دژی ئابوورییەکانی تر و بەتایبەت ئابوری چین تەواوی بازاڕی دراو و بازرگانی دنیای توشی هەژانێکی گەورە کرد، بۆرسەکان هاڕەیان کرد و لەهەر لایەکەوە پێشبینیەکان لەسەر دەستپێکردنی سەردەمێکی سەخت بۆ هەموان ڕاوەستان. بەڵام ئەوە تەنیا هەنگا و ڕێکارێک نەبوو کە تڕامپ و دەوڵەتی مۆڵتی میلیاردێرەکان لە ئەمریکا بۆ سازدانەوەی سەرمایەداری لە ئەمریکا بیگرێتەبەر، بەڵکو خۆی بەشێکی کۆمەڵە ڕێکارێکی فراوانی ترن بوون کە بە جەنگ و چاوسورکرنەوە لە ماوەی سی ساڵی رابردودا گیراونەتەبەر لە دژی مەنتیقە سادە ئابوریەکەی سەرمایە کە دەمێکە بە ئاڕاستەی لاوازکردنی پێگە و دەسەڵاتی بێرکابەری ئابوری ئەمریکا لە جوڵەدایە. ئەوەی کە ستراتیژی میلیتاریزم و وێرانکردنی دنیا و ملهوڕی چەک و کوشتاری ڕاستەخۆ نەیتوانی بیکا و ئەنجامی بدا تڕامپ و دەوڵەتی مۆڵتی میلیاردێرەکان دەیانەوێ بە مەنتیقە ئابوریەکە، بە تەنگاوکردنی ئابوورییەکانی تری دنیا و تەنانەت بە خنکاندنیان بە ڕێکاری ئابوری واتە بە جەنگی جیهانی ئابوری، وەڵام بدەنەوە.
بۆیە تڕامپ نوێنەری نیازە سەرشێتەکانی شەخسی خۆی نیە بەڵکو ئەو باوکی سیاسی مۆڵتی میلیاردێرەکانی سەرمایەداری ئەمریکا و نوێنەری بەڵتەجیەت و ملهوڕی و گۆپاڵ بە دەستی گڵۆباڵیزمی سەرمایەداریە لەم سەردەمە کە خەریکە بە شێوازی تر وەڵامی ئەو ڕاستیانە بداتەوە کە وایکردوە رێژەی سودی سەرمایەی ئەمریکا و ئەوروپا لە کۆی زێدەبایی و سەرمایەی کۆمەڵایەتی و سود، سەرباری باڵادەستی ڕێژەیی تەکنیکی سەرمایەداریەکانی ئەمریکا و ڕۆژئاوا بەراورد بە سەرمایەداری و ئابوریەکانی چین و حەوزەکانی تری ئابوری کاری هەرزان، بێتە خوار ئاستی خوازراو.
کابوس یان ئارەزوی گۆڕان بە چین
چین و بازاڕی چین کە تائێستا وەک ڕوگە و جەزیرەیەکی خەیاڵی وا بوو بۆ سەرمایەی گەورەی پیشەسازی ئەمریکا و ڕۆژئاوا بۆ گەورەبوون و کەڵەکەبوون ئێستا ئیتر خەریکە بە کورتیەکەی دەگۆڕێ بە کابوس و غۆلێکی ترسناک کە توانای لوشدانی سەرمایەکانی ئەمریکا و ڕۆژئاوا و رێژەیەکی بەرزی بەرهەمی کاری کۆمەڵایەتی و سودی هەیە. ئەمە ئیتر ئەو خاڵەیە کە سەرمایەداری ئەمریکا و ڕۆژئاوای دوچاری مالیخۆلیا کردوە و تڕامپیسم نەک کۆتایی دیموکراسی و لیبرالیزم نیە وەکو دەوترێت، بەڵکو هەوڵ و ستراتیژێکە بۆ ڕزگارکردنی ئەم دوانە لەو هەموو تەکلیفە زیادانەی کە تا ئێستا تێیانەوە پێچراوە بە زۆری خەباتی چینایەتی و دەیان و سەدان راپەڕین و جوڵانەوە و فشاری چینی کرێکار و چینە بێبەشەکانی کۆمەڵگە. سەرەنجام ستراتیژ و ئاڵایەکە بۆ ڕێکخستنەوەی کاپیتالیزم و سەرمایەداری رۆژئاوا لەسەر بنەمای کاری هەرزان.
دی جی سلیڤان لە کۆبوونەوەی سەرانی سەرمایەداری ڕۆژئاوا لە میونیخی ئەڵمانیا ڕاستەوخۆ ئەمەی ڕاگەیاند، کاتێک ووتی: مەترسی و هەڕەشە لە خودی ڕۆژئاوا خۆیدایە نەک ڕوسیا و ئەوانی تر! وەک ئەوەی پێیان بڵێ کە هەڕەشەکە بەردەستنەبوونی کاری هەرزان و ئەو هەموو تەکلیفەیە کە دەوڵەت و کۆمەڵگە لە دابینکردنی بیمە کۆمەڵایەتی و ڕیفاهیەکان، تەندروستی و لانیکەمەکانی ژیانی چینی کرێکار و هاوڵاتیانە کە شانی ئابوری و بازاڕ و سەرمایەی لەو کەمپەدا قورس کردوە. ناوەڕۆکی پەیامەکە ئەوە بوو ئەگەر ئەوروپا نایەوێ لە شەڕی ئابوری کاری هەرزان دا بکەوێ، ئەوا دەبێ شەڕێکی گەورەی کۆمەڵایەتی لە دژی چینی کرێکار و هاوڵاتیانی کەمپی خۆی بەرپا بکات بۆ ئەوەی ناچاریان بکات بە ئابوری کاری هەرزان و ئابوری کاری هەرزان پیادە بکات ئەگەرنا بە چین و ئەو ئابوریانەی تری سەرمایەداری لە ئاسیای دور دەدۆڕێن کە پشتیان داوەتە ئابوری کاری هەرزان.
دەمێکە لانیکەم لە ماوەی سێ چوار دەهەی ڕابردووە تا ئێستا چین ڕوگەیەکی ئارام بووە بۆ سەرمایەی پیشەسازی ڕۆژئاوا. ڕەوکردن و کۆچی سەرمایەی پیشەسازی بۆ بازاڕی چین مەیل و خواستێکی گەورەی ئەوتۆ بوو کە بە پەتای ڕەوکرن و کۆچ بەرەو چین ناسرا بوو بەجۆرێک کە کرێکاری ئەوروپی و ئەمریکی لەوە دەترسان کە زۆر داوا بکەن یان زۆر مانگرتن بکەن و زۆر پێی لێهەگرن، چونکە وەڵامەکە ئەوە بوو ئەو کاتە کۆمپانیاکان و سەرمایەکان کۆچ دەکەن و ئیتر گەشە و ئابوری سست دەبێ و بێکاری ڕوودەدا.
بەهەر حاڵ ئەم ڕەوە گەورەیەی سەرمایەی پیشەسازی بۆ چین لەماوەی زیاتر لە سێ چوار دەهەدا چینی گۆڕی بە کارگەی پیشەسازی دنیا. ئیتر وردە وردە چین لەوەی کە تەنیا ڕۆڵی سێبەر لە ئابوری سەرمایەداریدا بگێڕێ هاتەدەر و بوو بە یەکێک لە غۆلە گەورە ئابوورییەکانی سەرمایەداری ئەم سەردەمە. شتێک کە ئەمریکا و تڕامپ دەیانەوێ ئەگەریش نەتوانن بەتەواوی بیکەنە شووشەکەوە، هەر نەبێ بتوانن کۆنتڕۆڵی بکەن. هەربۆیە یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی قەڵەمبازی ئابوری چین ئەم ڕوکردنە گەورەیەی سەرمایە پیشەسازی بوو بۆ بازاڕی چین، بەڵام ئەوەی کە وایکرد چین و بازاڕی چین وا بەوشێوە و لەو ئاستە گەورەیەدا ببێتە مەڵبەندی راکێشانی سەرمایەی پیشەسازی دنیا و سەرەنجام ببێ بە کارخانەی پیشەسازی دنیا، بەجۆرێک کە سەرکەوتن و باڵادەستی ڕێژەیی تەکنۆلۆژی ئەمریکا و ڕۆژئاواش دەرەقەتی ڕاستکردنەوەی پارسەنگی هاوکێشەی کورتهێنانی بازرگانیان لەگەڵ ئەو ئابوریە لە رۆژهەڵاتی دور دا نەیەن، ئابوری کاری هەرزان بوو.
سەرەنجام هەرچی تەکنۆلۆژیا گەشە بکات و هەرچی بکات، بەڵام دواجار نهێنی سەروەت و سود لە قودرەتی بەرهەمهێنەری کاردایە و سەرمایە بۆ گەورەبوون و کەڵەکە بوون هیچکات ناتوانێ بەبێ دوانە ئەزەلیەکەی خۆی کە کاری مرۆڤە، بژی و زیاد بکات و گەورە ببێ.
نهێنیە سادەکەی سەرمایە لێرەدا خۆی مەڵاسداوە، واتە نهێنی قودرەتی بەرهەمهێنەری سەرمایە لە توانیستی بەرهەمهێنەری کاردایە. خەللاقیەتی کاری مرۆڤ خوڵقێنەری بەها و سەرچاوەی سەروەتی کۆمەڵایەتیە و سەرمایە خۆی شتێک نیە جگە لە بە ماددیبوونی ئەو توانستە زیندوەی کۆمەڵایەتی کار. بەو مانايە هەرچی بەهای هێزی کار لە خوارتربێ، هەرچی کاتی کاری کۆمەڵایەتی پێویست، بۆ بەرهەمهێنانەوەی هێزی کار کەمتر بێ، ئەوا بەشی سەرمایە و بەمانایەک سودی سەرمایە لە کۆی سەروەتی کۆمەڵایەتی زیاتر و زیاتر دەبێ لە لایەک و لە لایەکی تر نرخی کاڵاکان لە خوارتر و بەو مانایەش هەر ئەم تایبەتمەندیە دەتوانێ وەک عەسایەکی سیحری هەر قەڵایەکی ئاسنین تێک بشکێنێ و هەر بازاڕێک داپۆشن و داگیری بکات.
چین جوغرافیایەکی ئابوری سیاسی سەدان ملیۆنی هێزی کاری هەرزانە کە هیچ گەردو غوبارێکی ئایدیۆلۆژی و هیچ قەڵا و بەربەستێکی ئەخلاقی ناتوانێ ڕێگە لەوە بگرێ کە سەرمایەی ئەمریکی و ڕۆژئاوایی عاشق و شیفتەی خۆی بکات. ڕەو و هیجرەتی چەندین دەهەی سەرمایەی پیشەسازی بۆ بازاڕی چین، بەڵگەی ئەم عەشق و هەوەسە گەورە و قوڵەیە کە سەرمایە بە هێزی کاری هەرزان هەیەتی.
هێزی کاری فراوان و هەرزان و ئاسایشێکی درێژماوە کە بۆ گەشەو کەڵەکەی بێدەردیسەری سەرمایەی پیشەسازی لە چین وڵاتانی کاری هەرزان فەراهەمکراوە ئەو جادوەیە کە وایکردوە سەرمایەی پیشەسازی ڕۆژئاوا، دنیای لیبڕالیزمی بازاڕی خۆی بە جێبهێڵێ و ڕووبکاتە ئابوری کاری هەرزانی دەوڵەتی چین و هەموو دوژمنایەتی کلاسیک و ئایدیۆژی خۆی لەگەڵ دەوڵەتگەرایی ئابوری بە بێدەنگی قوتبدات. هەر ئەم هاوکێشەیەش بوو کە وایکرد چین بگۆڕێ بە کارگەی پیشەسازی دنیا و ڕۆژ ئاوا و تەنانەت ئەمریکاش تاڕادەیەکی زۆر ببن بە کەتالیزۆر و پاشکۆی ئابوری چین، شتێک کە لە زمانی ئابوری سیاسید بۆرژوازیدا پێیدەڵێن کورتهێنانی بازرگانی.
تڕامپیسم تەنیا بریتی نیە لە ڕاگەیاندنی کۆمەڵە ڕێکارێکی سەرو ئاسایی ئابوری بۆ خنکاندنی ئابوورییەکانی سەرمایەداری لە رۆژهەڵاتی دووردا کە تازە سەرباری هێزی کاری هەرزان، دەستیان بە تەکنۆلۆژیای زیرەک و پێشکەوتوش ڕاگەیشتوە، بەڵکو لەهەمانکاتیشدا ستراتیژ و ئالایەکە بۆ ڕێکخستنەوەی سەرلەبەری ئابوری سەرمایەداری لە کەمپی رۆژاواشدا لەسەر بنەمای کاری هەرزان. سەرمایەداری ئەمریکا و ڕۆژئاوا چیتر ناتوانن تەنیا بە ڕووکردنە بازاڕ و ئابوورییەکانی حەوزەکانی کاری هەرزان لە چین و ئاسیای دوور و بۆ هەڵوشینی هێزی کاری هەرزان و بەردەستکردنی سود و سەروی سود بەشێوەکانی پێشوو بەردەوام بن بە بێ پیادەکردنی ڕاستڕەویەکی گەورە لە شێوەی شەڕێکی گەورە و هەمەلایەنەی سیاسی و فەرهەنگی و فیکری لە دژی ژیان و گوزەران و بەشی چینی کرێکار لە سەروەت و داهاتی کۆمەڵایەتی و تەنانەت لە دژی دەسکەوتەکانی مەدەنیەتی تا ئێستا و لە دژی لانیکەمە قبوڵکراوەکانی ژیانی چینی کرێکار و چینەبێبەشەکان لەو کەمپەدا.
هەر بۆیە تڕامپ هاوشانی ئەم جەنگ و شەڕفرۆشیە بازرگانیە لە دژی ئابوریەکانی دەرەوەی ئەو کەمپە، دەبێ و ناچارە کاری ڕێکخستنەوەی ئابوری کاری هەرزان لە ناو کەمپەکەی خۆیدا لەگەڵ چینی کرێکار و هاوڵاتیانی ئەو کەمپەدا یەکلابکاتەوە و ئەو شەڕە، واتە شەڕی ئابوری کاری هەرزان ڕابگەیەنێ. ئەمە بەخشیشی ترامپیسمە بۆئەوەی سەرمایەی پیشەسازی هان بدا کە جارێکی تر بگەڕێتەوە بۆ ماڵ و نشتیمانیەکەی خۆی.
لێگرتنەوەی فراوان و تەنانەت هەڵوەشاندنەوەی فراوانی بیمەکۆمەڵایەتی و دەرمانی و تەندروستیەکان، بەشێک بوون لە ستراتیژێک بۆ هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییپێکهێنانی تەواوەتی ئەو خەرجیانەی کە سەرمایەداری رۆژئاوا بەحوکمی ئەو ئیمتیازانەی لە هێزی کاری حەوزەکانی ئابوری کاری هەرزان لە بەشەکانی تری دنیا و باڵادەستی تەکنۆلۆژی و چ بە هۆی چاوسورکردنەوە و باڵادەستی سەربازی بەسەر دنیاوە و چ بە ناچاری و لە ژێر فشاری خەباتی چینایەتی و هاوسەنگی جێکەوتوی پەیوەندی کار و سەرمایە لە کەمپی خۆیدا، دەیتوانی تەحەمولی بکا. ئیتر جەنگی سەپاندنی ئابوری کاری هەرزان بە کردەوە ڕاگەیەنراوە لە دژی چینی کرێکار و مرۆڤایەتی.
ئەم جەنگە، جەنگە گەورە و سەرەکیەکەی دنیای ئەمڕۆیە ، جەنگی چینایەتی جەنگی کار و سەرمایە. جەنگی دەستبەسەرداگرتنی موقەدەراتی چینی کرێکار و توانای کار و داهێنانی مرۆڤی کارکردوە تا دوورترین و تا قووڵترین ئاستێک کە لەتوانادایە لەلایەن سەرمایە و سەرمایەداریەوە. جەنگی سەرمایەکان لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لەسەر ئەوەیە کێیان لەم دەستبەسەرداگرتنەی موقەدەراتی کار و هەڵسوڕانی مرۆڤایەتی کرێکار و کارکردوو زیاتر یان کەمتری بەردەکەوێ. ڕاشکاوانە دەڵێن ئاسودەییەکی زیاتر لەوەی تا ئێستا بووە، ئازادیەکی زیاتر لەوەی کە تا ئێستا بووە، خۆشگوزەرانیەکی زیاتر لەوەی تائێستا بوە، نەک هەر لە ئیمکاندا نیە، بەڵکو کێشەکە ئەوەیە کە ئەوەی هەبوە لەوە زۆرترە کە سەرمایە و سەرمایەداری بە پێویستی دەزانێ. دەڵێن ئەو هەموو خەرجیە چیە بۆ پەروەردە و فێرکردن. بۆ نەخۆش و بە ساڵاچوان و بۆ دایەنگە و باخچەی ساوایان و بۆ بیمەی بێکاری تەرخانکراوە. دەڵێن کوا باوی ئەو شتانە ماوە، ئابوری و بازاڕ و سەرمایە دەبێ کاری خۆیان بکەن و هەرکەس دەتوانێ ئازاد و تاک و تەنها شەڕی خۆی بکا و بجەنگێ بۆ مانەوە. لە کاتێکدا دنیا لێواولێوی سەروەت و سامانی خوڵقاوی کاری کۆممەڵایەتیە، لە کاتێکدا کە تەکنۆلۆژیایەک بەردەستە و موعجیزەی گەورەی لە توانای بەرهەمهێنەری کاری مرۆڤدا خەڵق کردوە کە لە توانادایە بەڕاستی مرۆڤایەتی خۆشبەخت بکات و مرۆڤایەتیەکی ئازاد لە برسێتی و داماوی و ناچاریی کارکردن لەپێناو مانەوەدا بۆ هەتاهەتایە ڕزگار بکات، خەریکن داماویەکی چەندین ساڵەی تر، بێمافیەکی چەندین دەهەی تر و ڕاستڕەویەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی گەورەی تر کە ناوکۆکەی ئابوری کاری هەرزانە لە ئاستێکی جیهانی و فراواندا دابسەپێنن.
٢٤.٤.٢٩٢٥