نه‌ژاد عزیز سورمێ:
پـۆلی باڵندان،
دوور له هێـللانه
له گوێسوانه و په‌نجه‌ره‌ی ماڵان،
یـاخی
له ئاسمانی وێـكهاتووماندا
بۆرایـیان
ده‌بینرێ و نابینرێ
شه‌ڕی به‌فر و باران ئه‌كه‌ن..
( پۆلـی بـاڵندان..
ئاسمانی وێـكهاتوو..
بۆرایـی..
شه‌ڕ.. )
ڕووی سه‌حه‌ر
سه‌مای ناكامی
شوێـنه‌واری چاوپۆشین،
ئاره‌زووی هاوینه ڕازاوه‌كانی
سه‌ر به زستانه..
ئاره‌زووی،
زینده‌خه‌ونه‌كانی چـیا و
ده‌نگی
دیواره ڕووخاوه‌كانه
سات به سات،
پارێـكیان لێ
به‌لادادێ..
( سه‌مای ناكامی..
شوێـنه‌واری چاوپـۆشین..
زینده‌خه‌ون..
دیواری ڕووخاو..)
كه‌لاری دژواری
په‌یـژه پێلێهه‌ڵبڕاوه‌كان
بڵێسه‌ی كـزی پرسیاران
ته‌می شه‌وق
له ئه‌بستراكتی شه‌یدای بێده‌نگیدا
ده‌توێـنه‌وه..
ئاگردانی سه‌رمابردوو
كوشته‌ی
هه‌ڵپه‌ڕكێ و زه‌ماوه‌ندان
عاشقـكوژانه،
له ئامێـزمان ده‌گرن
وه‌ك ئه‌وه‌ی
له ئاهه‌نگێكی پیرۆزا بـین
پێـكی به‌تـاڵمان له‌ده‌ست بـنێن..
( كه‌لاری دژوار..
بـڵێسه‌ی كــز..
ته‌می شه‌وق..
پێـكی به‌تاڵ.. )
لێره‌وه
له سیمای خانمی
سه‌ر به شه‌وه‌وه
ده‌ركه‌وت،
باڵنده بۆچی
دوور له گوێسوانه و په‌نجه‌ران
ئه‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌ر ده‌كه‌ن..
ئاسمانمان بۆ لێ
وێـكهاتۆ‌ته‌وه
ڕه‌ونه‌قی نان و ئاو
ته‌مه‌نی ئـاڵوواڵایـان
چۆن له باگوزه‌رێـكدا تێپه‌ڕاند..؟
( خانمی سه‌ر به شه‌و..
ئه‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌ر..
ڕه‌ونه‌قی نان و ئاو..
ته‌مه‌نی ئاڵوواڵا.. )
گه‌واڵه
له‌به‌ر خۆری نیشتماندا ده‌رناكه‌ون..
نه‌وه‌ی سه‌ده‌ی به‌یده‌ستان
له عه‌شقی خۆیاندا ده‌گه‌وزێن
بۆ له شه‌وڕاشكانـێ نه‌گه‌یشتن
چاویان له خۆزگه هه‌ڵنه‌گرت..؟
( خۆری نیشتمان ..
سه‌ده‌ی به‌یده‌ستان..
شه‌وڕاشكان..
خۆزگه.. )
باڕێزه‌ش پێ نه‌وه‌ستا
سه‌رابی به‌ر دیده‌مان بڕه‌وێنێـته‌وه
به درێژایی ڕووباران
ڕێكه‌وتی بڕێـكمان نه‌كرد..
چیلكه دارێكمان
له بێشه‌ڵانی چڕی هه‌ستمان ده‌ستنه‌كه‌وت..
ئه‌ندێشه‌ی نه‌وت،
تـاوه بارانێك ده‌رچوو
بێ ئاوڕدانه‌وه
بێ سڵاو
هات و ڕۆیـی..
شته ناشته به‌شتبووه‌كانی دی،
به‌ری چاویان گرتین
نایانهێشت گه‌ردی
سمی ئه‌سپی،
بووكنییانمان لێ دیار بێ..
( بـڕ..
ئه‌ندێشه‌ی نه‌وت..
شته ناشته به‌شتبووه‌كان..
سمی ئه‌سپی بووكنیـیان..)
باڵای مزگێنی ئاودامانی خه‌ون
به كه‌روێشكه‌ی مێرگانیش نابینرێ ..
دڵنیایی،
به گومان پێــچراوه‌ته‌وه
به گـژ باڵنده یاخییه‌كاندا ده‌چێ..
دڵنیایی،
تـارایه‌كی ڕه‌شه
ئاوێنه‌ی دوابڕاو،
پۆلـی باڵندان ده‌رده‌خاته‌وه
زه‌وی و ئاسمانی لێ ته‌نیوین
چاو خومار ئه‌كا
نه‌شئه ده‌داته گه‌ڵایان
به‌ر له وه‌رزی خۆیان هه‌ڵبوه‌رێن..
نامه‌ی شه‌وانه‌ی ئـاگربازی
سواره بێ خه‌به‌ره‌كان
نامه‌ی دڵی ساده‌مان
كه له ڕوو به ڕووبوونه‌وه‌ی شادی‌دا،
ده‌سه‌وه‌ستانه..
په‌ژاره‌ی پشكۆیان،
بارانی لازوه‌ردی چله‌شۆر
له گه‌ڕه‌كی ( هه‌ر كه‌سه بۆ خۆ)دا
ده‌گه‌یێنێ..
( دڵنیایی..
ئاوێـنه‌ی دوابڕاو..
سواری بێ خه‌به‌ر..
گه‌ڕه‌كی- هه‌ر كه‌سه بۆ خۆ-..)
دره‌خت،
گه‌ڕانه‌وه چاخی ته‌وته‌مایه‌تی
دارستان
چڵـی هه‌ڵچووی تـاسان دایده‌پۆشێ
زه‌رده‌په‌ڕ ده‌ستی به‌سه‌ر دادێنێ
سرووشت ده‌رمانی سرووشت ئه‌كا
ئاوازێكی نامۆیـه ڕیتمی داد..
(چاخی ته‌وته‌مایه‌تی..
چڵـی هه‌ڵچوو..
سرووشت..
ڕیتمی داد..)
دامنه‌نـابوو
بگا به‌وه‌ی
وه‌رز هه‌موو لێك بچن
دامنه‌نـابوو
له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی غه‌مزه و
چـاڵی ڕوومه‌تان
ڕه‌نگ تێكه‌ڵ بن
وێنه‌ی شه‌تاوان
له زه‌نوێران
هه‌ڵده‌خلیسكێن
دامنه‌نـابوو..
( لێـكچوون..
ده‌ركه‌وتـنی غه‌مزه..
شه‌تاو..
هه‌ڵخلیسكان..)
به تـێزی سه‌فه‌ره كورته‌كانی نیلۆفه‌ر
تیشكم
له بۆشاییدا دیته‌وه..
ئه‌وه ڕووناهییه هێرش دێنێ
ناهێڵێ
مرۆڤ،
پـۆڵایان پێ
خوار بكرێته‌وه ..
ڕووناكییه،
قه‌دیفه‌ی بێـپایانی تیا
ده‌گه‌شێته‌وه ..
( تیشك..
بۆشایی..
پۆڵا..
قه‌دیفه..)
باس له شایی جنۆكان بوو
له كانیی به‌ردینی گـوندی
ژن و پیاو،
خۆیان تێداویشت
به لافاوی بیابانم چواندبوو
دۆلار و یۆرۆ و یه‌ن ڕاده‌ماڵێ
ته‌ڕیان ناكا..
ئه‌وه‌یه نوێـشكی
سترانه غه‌مگینه‌كانی سه‌رده‌م
وه‌ك كه‌لوپه‌لی خاو
ده‌خزێـنرێنه كارگه‌كان
كارخانه‌چییان به‌رهه‌م بـێنن..
( شایـی جنۆكان..
كانیـی به‌ردین..
سترانی غه‌مگین..
كارخانه‌چی..)
هه‌ناسه
ئاماژه‌ی مـان
به‌به‌ری ترازاندا كه‌وتووه
لێیان كردین
به ڕایه‌ڵێكی له‌رزۆك
به بۆنه و بێ بۆنه
دێ و ده‌چێ ..
باڵنده یاخییه‌كان ده‌مانبینن
هه‌موومان ده‌بینن
كچه چارۆگ ئاڵه‌كانیش
كه تاك و ته‌را ئـاسه‌واریان ماوه
دیماهیی سه‌خت
سروودی به‌سه‌رچوون
موچڕكی خامۆشبوون
ترسمان
به‌دبیـنیمان
هه‌مووی ده‌بینن باڵنده
تیرێژی زه‌رده‌په‌ڕ
شكۆفه‌ی وه‌نه‌وشانیش ده‌بینن
به دیار پیسكه و كه‌لاكخۆران
كه تۆزی ئاردماڵكیشمان
پێ ڕه‌وا
نابینن..
( كچانی چارۆگ ئـاڵ..
دیماهیی سه‌خت..
سروودی به‌سه‌رچوون..
پیسكه و كه‌لاكخۆر..)
تریاكی له‌بیربردنه‌وه‌ی
كه‌ژاوه‌ی بێ خه‌به‌ری بووكنییان ئه‌وه‌یه..
ئه‌وانـه‌ن بـێوه‌پاكیزه‌ی كه‌ناران
بێـئومێد
چاویان له گوڵاڵه‌كانی شه‌رم بڕیوه
سه‌ربرده‌یان ناگێڕدرێته‌وه ..
( تریاك..
كه‌ژاوه‌ی بووكنیـیان..
بـێوه‌پاكیزه‌ی كه‌ناران..
گوڵاڵه‌ی شه‌رم..)
من چیم داوه
شین بۆ باڵنده یاخیبووه‌كان بگێڕم
له شۆسته و شه‌قامان هه‌ڵبله‌رزم
گوڵی ڕاست و چه‌پم
لێ ببنه پلاستیكی ژینگه‌شێوێن
دونیایان پێ ڕازاندراوه‌ته‌وه،
سه‌ر به جه‌نگه‌ڵ
سه‌ر به مه‌رگی دواخراو..
به سه‌مای هه‌وادارانی جه‌نگ خه‌ولێخراو..
دوای مردن،
كام مزگه‌وت ، كیهه كه‌نیسه
پرسه‌یان بۆ داده‌نێ؟
( هه‌ڵله‌رزین..
پلاستیكی ژینگه‌شێوێن..
سه‌مای هه‌وادارانی جه‌نگ..
پرسه..)
چیم داوه
له مه‌وسیمی نه‌داری
له هه‌ڵمی بۆگه‌نی بیره نه‌وتی شێرپه‌نجه‌هێن
به‌دنیهادی تێدا
ته‌رز داوێ
ئاسمان و ئاسمان
ڕووه‌و باڵنده یاخییه‌كان هه‌ڵده‌چێ ..
سه‌رده‌مێكه شه‌خته‌به‌ند،
چیم داوه
له هاژه‌ی تاڤگه
خووڕه‌ی ڕووبار
هاتووچووی ماسییان..
چیم له به‌نده‌ری ئه‌ستێران داوه
تاریكایی،
له‌نگه‌ری لێ ده‌گرێ
شیعری ڕۆژانه‌ی
به ستایلی پاشمۆدرێـنایه‌تی
لێ ده‌نووسرێن..؟
( هه‌ڵـمی بۆگه‌ن..
به‌دنیهادی..
هاتووچووی ماسییان..
به‌نده‌ری ئه‌ستێران..)
سۆز،
سۆزی گه‌ڕانه‌وه‌ی بووكنییانه
له چریكه‌ی باڵنده یاخییه‌كانه‌وه هه‌ڵدڕژێ
ناگاته زه‌وی..
سۆزی چاوه‌ڕوانییه‌كی بێـكۆتاییه
بۆ زیندووڕاگرتنی جه‌سته‌ی خوولیاكانمان
بۆ هیـیچ..
سۆز،
سۆزی گریانی ژنه ته‌نیاكانی
شه‌وه سووتاوه‌كانه
په‌لكه‌گیای گردۆڵكانی
پێ
ئارام ده‌بنه‌وه..
( گه‌ڕانه‌وه‌ی بووكنییان..
ژنانی ته‌نیا..
شه‌وی سووتاو..
په‌لكه‌گیای گردۆڵكان..)
نابێ ئه‌مه دوا پێكت بێ كریڤ!
تـاوپه‌ڕێــنان،
گه‌شتێك
بۆ باخچه‌ی وێرانی خه‌ونه‌كانت بكه
ده‌رگا له (با)ی ناكاو دامه‌خه
بڵێی،
له‌سه‌رچاوه‌ی چۆلپه‌رستییه‌وه دێ
له پاشمۆدرێنه‌دا ده‌ژیێـته‌وه.
كه هه‌واڵێك له بووكنیانه‌وه نه‌بێ
بووك،
له كوێدا
جێی باسه ئه‌زیزم..!
( باخچه‌ی وێـران..
با ی ناكاو..
چۆلپه‌رستی..
بووك..)
چریكه‌ی باڵنده یاخییه‌كان
ده‌مانبه‌نه‌وه ئه‌شكه‌وتان
ده‌مانبه‌نه‌وه ناو
پرسیاره سه‌رمۆره‌كان
زه‌ماوه‌ند
له گۆڕستانان به‌رپا ده‌كه‌ن
زۆر جار،
ده‌سماڵی ده‌ستیان
له كێلی قه‌بران ده‌ئاڵێ
مردووه حه‌ساوه‌كان سه‌خڵه‌ت ده‌كه‌ن..
( پرسیاری سه‌رمۆر..
زه‌ماوه‌ند..
گۆڕستان..
مردووی حه‌ساوه..)
هه‌واڵێك له بووكنییان نییه..
شایی به بێـئاگایی و
دره‌وشانه‌وه‌یه‌ك به‌رپـایه
تـۆز له زه‌وی هه‌ڵده‌ستێنێ..
هه‌واڵێك له بووكنییان نییه
ڕه‌نگه ئه‌م كاروانه‌یش
به ده‌ردی
ئه‌وانه چووبێ
به‌خۆ و خه‌ونه‌كانییانه‌وه
ناوه ناوه
(ئیـجه) هه‌ڵیانده‌لووشێ .
كانوونی دووه‌می 2025