Home بیروڕاترامپ و شەرع!

ترامپ و شەرع!

by admin
0 کۆمێنتەکان 62 بینینەکان

موحسین کەریم:     

زۆر سەیر نیە کە ترامپ سەرۆکی گەورەترین دەوڵەتی سەرمایەداری کە کارنامەکەی پرە لە تاوانی بەرپاکردنی جەنگ و کۆمەڵکوژی و پیلانگێڕی دژی هەرجۆرە بزوتنەوەیەکی ئینساندۆستی و کرێکاری و سۆشیالیستی و پشتیوانی و هاوکاریکردنی دڕندەترین دەسەڵات و دەوڵەتە سەرکوتگەرە بۆرژواییەکان و گروپە چەکدارەیە تیرۆریستیەکان لە سەراسەری دنیادا، ئێستا دەست بخاتە ناودەستی تیرۆریستێکی وەکو ئەحمەد شەرع، کە دەوڵەتەکەی تا دوێنێ شەرعی لە لسیتی تیرۆردا تۆمارکردبوو وە ١٠ ملیۆن دۆلاریشی وەکو پاداشت بۆ دەستگیرکردن و کوشتنی دانابوو! تیرۆر لە قاموسی سیاسی و فکری دەولەتانی بۆرژوازیدا بەشێوەیەکی گشتی و ئەمریکاو ووڵاتانی رۆژاوا بەتایبەتی بەو هێزو گروپ و کەسانە دەوترێ کە دژی بەرژەوەندیەکانی ئەوان چالاکی چەکداری یاخود سیاسی بکەن! لای دەوڵەتی ئەمریکا هەموو کۆمۆنیست و سۆشیالیستێك تیرۆریستە، چونکە مەترسین بۆسەر دەسەڵات و بەرژەوەندیە چینایەتیەکانی ئەوان و بەتوندترین شێوە دژی دەوەستنەوە و هەرچیان پێ بکرێت بۆ لەناوبردنیان ئەنجامی دەدەن! تاوانەکانی ( سی ئای ئەی) لەسەراسەری دنیادا لەدژی کۆمۆنیستەکان و سۆشیالیستەکان و رابەران و هەڵسوڕاوانی کرێکاری و هەربزوتنەوەیەکی سیاسی کە خۆی بە چەپ ناوزەد کردبێت، لەهیچ کەسێك شاراوە نیە. من وەکو پاشکۆ لیستێك لە هەوڵەکانی سی ئای ئەی و حکومەتی ئەمریکا دژی رێکخراو و کەسایەتی و بزوتنەوە کۆمۆنیستی و چەپ و کرێکاریەکان دادەنێم. با شەڕەکانی ئەمریکا لەدژی خەڵکی ڤێتنام و کۆریاو ووڵاتانی باشوری رۆژهەڵاتی ئاسیا، تاوانەکانی هێرۆشیما و ناکازاکی، دواتر شەڕەکانی لە عێراق و ئەفغانستان و کوشتاری سەدان هەزار هاوڵاتی بێدیفاع لەو دوو ووڵاتە، دەستێوەردانەکانی لە لیبیا و سودان و ووڵاتانی ئەمریکای ناوەڕاست و ئەوروپای ناوەندی و بۆمبارانەکانی یوگوسلاڤیا و … هاوکاری گروپە تیرۆریستیە ئیسلامیەکانی وەکو قاعیدە و تاڵیبان و ئیخوان موسلمین و تاد. لەولاوە بوەستێ.
ئێستا ئەمریکا، دوای ئەوەی کە لەرووی ئابوریەوە توانای کێبڕکێی پێشتری لەئاستی جیهانیدا بەتایبەتی بەرامبەر چین لەدەستداوە، دوای ئەوەی لەرووی هەژمونی سەربازی و سیاسیەوە بەسەر جیهاندا دەوری بەرەو کۆتاییهاتن دەچێت و دنیای فرەجەمسەری خەریكە شكڵ دەگرێ، دوای ئەوەی کە دۆخی ژیان و گوزەرانی چینی کرێکار و جەماوەری کەمدەرامەت لەچاو سامانی ملیاردێرەکانی تەکنۆلۆجیادا لە سفر نزێک دەبێتەوە، مەترسی پەرەسەندنی بارگرژی و شپرزەیی کۆمەڵایەتی رۆژدوای رۆژ هەڕەشە لە پێگەی ناوخۆیی و جیهانیی سەرمایەی ئەمریکی دەکات، ئیتر شێوازی کۆن بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی سەرمایەداریی ئەمریکی بەدەرد ناخوات. ئیتر بەرپاکردنی جەنگە گەرمە ڕاستەوخۆ و بەوەکالەتەکان ناتوانێ داهۆڵی سەرمایەی ئیمپریالیستی ئەمریکی بەسەر ئاسمانی دنیاوە رابگرێ، بۆیە هەوڵدان بۆ هێشتنەوەی ئەوەندەی دەکرێ بهێڵرێتەوە لە هەژمون و پیگەی ئابوری ئەمریکا وەکو جەمسەرێکی بەهێزی ئابوری جیهانی، بوەتە ستراتیژی دەستەی فەرمانرەوای ئەمریکا و ترامپ نوێنەرایەتی ئەم ئاڕاستەیە دەکات. سەردانەکەی بۆ سعودیە، هاوشانی ملیاردێرەکانی ئەمریکا و چینینەوەی ٦٠٠ ملیار دۆلار بۆ کۆمپانیا ئەمریکیەکان و وەرگرتنی بەڵێنی سەدان ملیاری دیکە، بەشداریکردنی لە لوتکەی ووڵاتانی کەنداو و کۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی قەتەرو ئیمارات، کە سەرچاوەی دابیکردنی دەیان ملیار دۆلارن بۆ بازاڕی سەرمایەی ئەمریکی، بەرجەستەکردنی بەکردەوەی ئەم ستراتیژە نوێیەی بۆرژوازی و دەوڵەتی ئەمریکان. کۆبونەوەی ترامپ لەگەڵ ئەحمەد شەرعی کۆنە تیرۆریستی ناو لیستی تیرۆری ئەمریکا، بە ئامادەیی محمد بن سلمان، پادشای جێنیشینی سعودیە، وەکو سەرۆکی شەرعی و موحتەرەمی سوریای دوای ئەسەد، پاداشتی سیاسی ترامپ و ئەمریکایە بۆ سعودیەو قەتەر، کە دوو پشتیوان و هاوکاری راستەوخۆی شەرعن!
………………………………………………………………………………………………………………………..
پاشکۆ: لیستی ژمارەیەك لە هەوڵەکان و سیاسەتەکانی ئەمریکا دژی حکومەت و لایەن و رێکخراوو کەسایەتیە چەپ و کرێکاری و کۆمۆنیستەکان…
گواتیمالا: سی ئای ئەی لە ساڵی ١٩٥٤ کودەتایەکی ئەنجامدا دژی حکومەتی سەرۆک جاکۆبۆ ئاربێنزی کە لە ساڵی ١٩٥٠ بەشێوەیەکی دیموکراسیانە هەڵبژێردرابوو، لەجێگای کارلۆس کاستیلۆ ئارماسی دانا کە یەکەم کەس بوو لە هێڵێکی دیکتاتۆرە ڕاستڕەوەکان.
عێراق: پیلانی سی ئای ئەی دژی عبدالکریم قاسم ساڵی ١٩٥٩ بەهاوکاری جەمال عبدالناصر و رێگاگرتن لە چوونەسەر دەسەڵاتی حزبی شیوعی…دواتر هاوکاری بەعسیەکان ساڵی ١٩٦٣ بۆ تیرۆرکردنی قاسم …. هەروەها کۆکردنەوەی لیستی ئەندامانی حزبی شیوعی و رادەستکردنی بە “حەرەس قەومی” بەعسیەکان کە کاریان کوشتنی شیوعیەکان بوو..
کوبا: شەرفرۆشتنەکانی ئەمریکاو گەمارۆی ئابوری دژی کوبا، پشتیوانی گروپە چەکدارە بەکرێگیراوەکان دژی دەسەڵاتی فیدل کاسترۆ و هەوڵە بەردەوامەکانی سی ئای ئەی بۆ تیرۆرکردنی کاسترۆ لەدوای سەرکەوتنی بزوتنەوە چەکداریەکەی کاسترۆ لە کوبا…
گوانای بەریتانی: ساڵی ١٩٦٤ سی ئای ئەی بەهۆی ترسی بڵاوبوونەوەی شۆڕشی کوبا لە سەرانسەری ئەمریکادا، هەڵمەتێکی سیاسی نهێنی لە دژی چێدی جاگان، سەرۆکوەزیرانی چەپ ئەنجامدا.
بەرازیل؛ کاتێک کودەتای سەربازی لە ٣١ی ئازاری ١٩٦٤ سەریهەڵدا، ئەمریکا هێزی دەریایی و هێزی ئاسمانی بۆ یارمەتیدانی یاخیبووە سەربازییەکان لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنی برا سامەوە نارد. کاتێک کودەتاکە سەرکەوتوو بوو و جواو گۆلارت ڕووخێنرا، کە هاوسۆزی بۆ سۆشیالیزم و نزیکایەتی لەگەڵ کوبادا راگەیاندبوو، دیکتاتۆرییەکی سەربازی ڕاستڕەو دەسەڵاتی گرتە دەست و لە کۆتاییدا تا مانگی ئازاری ١٩٨٥ وڵاتەکەی بەڕێوەبرد.
ئەندەنوسیا: کوشتنی بەکۆمەڵی کۆمۆنیستەکان و ئەندامانی پارتی کرێکاری ئەندونوسیا لەنێوان ساڵانی ١٩٦٥-١٩٦٦دا لەلایەن سوپای ئەو وولاتەوەو بەهاوکاری سی ئای ئەی، کە بە کوشتنی نیو ملیۆن بۆ یەك ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێ. مارشال گرین باڵیۆزی ئەمریکا هانی سەرکردە سەربازییەکانی دا کە دژی نەیارانی سیاسی بەشێوەیەکی توندوتیژ مامەڵە بکەن. لە ساڵی ٢٠١٧دا، بەڵگەنامە ئاشکراکراوەکانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە جاکارتا پشتڕاستیان کردووەتەوە کە ئەمریکا زانیاری لەسەر کوشتنی بەکۆمەڵ هەبووە و ئاسانکاری کردووە و هانیداوە بۆ بەرژەوەندییە جیۆپۆلەتیکییەکانی خۆی!
شیلی: هاوکاری سوپای شیلی لەلایەن سی ئای ئەی و دەوڵەتی ئەمریکاوە بۆ روخاندنی دەسەڵاتی سیلڤادۆر ئەلەندی سەرۆك وەزیرانی هەڵبژێردراو و سەرۆکی پارتی سۆشیالیستی شیلی لە ١١ی ئەیلولی ساڵی ١٩٧٣دا کە بەکوشتنی ناوبراو کۆتایی هات. دوای ئەو دەسەڵات رادەستی دیکتاتۆری شیلی ” ئۆگست پینۆشە” کرا. سی ئای ئەی لەڕێگەی پرۆژەی FUBELT (کە بە تراکی دووەمیش ناسراوە) بە نهێنی کاریان کرد بۆ ئامادەکردنی مەرجەکانی کودەتاکە…
هەندێ سیاسەت و بڕیار و شیوازی دژایەتی و پیلانگێڕی دەولەتی ئەمریکا دژی کۆمۆنیزم و چەپ…
دۆکترین(عەقیدە)ی ترومان:
لە ساڵی ١٩٤٧ ئەمریکا بەڵێنیدا پشتگیری لەو ووڵاتانە بکات کە بەرەنگاری کاریگەری کۆمۆنیست دەبنەوە.
پلانی مارشال:
ئەم پلانە یارمەتی ئابووری بۆ گەلانی ئەوروپی دابین کرد، بە ئامانجی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی کۆمۆنیزم.
ئۆپەراسیۆنەکانی سی ئای ئەی:
سی ئای ئەی پشتگیریکردنی ڕووخاندنی حکومەتە هەڵبژێردراوەکان لەرێگای دیموکراسیەوە. وەک لە گواتیمالا لە ساڵی ١٩٥٤ (ئۆپەراسیۆنی PBSUCCESS)، بۆ ڕێگریکردن لە هاتنەسەردەسەڵاتی کۆمۆنیستەکان.
سیاسەتی مەکارتیزم:
قۆناغی ترسی سوور لە ساڵانی ١٩٥٠دا دژایەتیەکی شێتانەو چەوسانەوەیەکی بەرفراوانی دژ بە کۆمۆنیستەکانی بەخۆیەوە بینی، لەوانەش خستنە لیستی ڕەش و لەسەرکاردەرکردنی ئەوانەی گومانی کۆمۆنیستیان لێدەکرێ.
پشتیوانی لە ڕژێمە دژە کۆمۆنیستەکان: ئەمریکا پاڵپشتی، لەوانەش یارمەتی سەربازی و دارایی، پێشکەش بە ڕژێم و حکومەتە جیاوازەکانی دژە کۆمۆنیست دەکرد، زۆرجار لەسەر حیسابی بنەما دیموکراسیەکان.
یاسای کۆنترۆڵکردنی کۆمۆنیستەکانی ساڵی ١٩٥٤: ئەم یاسایە پارتی کۆمۆنیستی ئەمریکای وەک ڕێکخراوێکی نایاسایی و بریکاری زلهێزێکی بیانی دەستنیشان کرد.

لێدوانێک بەجێ بهێلە