Home بیروڕاوەلی ئەمر، ئاشی کێ، پرۆژەی ڕوناکی یان تاڵانی نوێ..؟!

وەلی ئەمر، ئاشی کێ، پرۆژەی ڕوناکی یان تاڵانی نوێ..؟!

by Hawpshti Media
0 کۆمێنتەکان 61 بینینەکان
هۆشیار عەبدوڵا:
«دەسەڵات، لە تاکە کەسێکی هۆشیار سڵ دەکاتەوە بەڵام باکی بە هەزار تاکی ناهۆشیار نییە!»
🔻هەڕەشەکانی ئەمڕۆی کاک مەسعود وتارەکەی نەورۆزی ٢٠١٣ ی بیرهێنامەوە کاتێک هەڕەشەیکرد دژی عێراق کە «زۆر شتیان پێ دەکرێت» و بەدوایدا د ا ع ش و دونیایەک گۆڕانکاری هات کە هیچی لە سودی کورد نەبوون، قسەکانی ئەمڕۆی بێمنەتی سەروەختی وتارەکانی ریفراندۆمی بیرخستمەوە کە کۆتاییەکەی تکا و پاڕانەوەی دانەخستنی دەرگای حیوار لە هەمان عێراق بوو!
دەوڵەتداری بە هەڕەشە ناکرێ چونکە بینیومانە و لە بەرە تاڵەکەیمان خواردووە!
١
ئەوە زانیمان کاک مەسعود وەلی ئەمریەتی و ڕووداو سپۆنسەری یەکەمی بێ ڕکابەریەتی، بەس نەمانزانی پاش ئەو هەموو باوەش و ماچ و مووچە، کاک بافڵ چیەتی؟!
٢
لێم بپرسن بەڵای یەکێتی لە ٢٠ ساڵی ڕابردودا چی بووە، بێ سێ و دوو دەڵێم پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق! هێشتا هەڵبژاردن نەکراوە، لانیکەم پێنج کەس ملەقترێیەتی بۆ دەکا! هەیانە ملی خۆی و هەرێمیشی لەسەر لول دەدا!
٣
هەن ئامادەن ئاو بکەنە ئاشی هەموو جۆرە دەسەڵاتێکەوە بەو مەرجەی کەمێک باراشی ئەوانی تێدا بێ!
ئاشەوانەکانی دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەی، ئاشی چەوری بەرژەوەندییان هەموو سەردەمێک دەگەڕێ! چونکە ئاش کۆنبێ یان نوێ کێشەیان نییە گرنگ ئەوەیە بۆ ئەوان و بەشی ئەوان بگەڕێ!
٤
یەکێتی دەڵێی ناوی سەرپەرشتیارەکانی ناوچەکانی هەڵبژاردنی بە هەلوربەلور داناوە! دەردی هاورێم (حەمە نوری) دەڵێ «کەرکوکی زادەیان داناوە بۆ سلێمانی!»
وەختی خۆشی، دروستبوونی گۆڕان لە بارێکیدا «توڕەبوونی سلێمانیی بوو لە یەکێتی»! دیارە ئەم یەکێتیە «نوێیە!»، دەرسی وەرنەگرتووە!
٥
جوانکارییەکانی هەندێک لە ئەندامانی وەفدی دانوستانی نێوان پارتی و یەکێتی تەواو بوون کەچی کۆبوونەوەکانیان هەر تەواو نەبوون!
وابڕوا تا کابینەی ١٠ دروست دەبێ، دەبێ فیلەر و بۆتۆکسەکانیان چەند جارێکی دیکە تێکەنەوە سەر لە نوێ!
٦
کەسێک توانای خەڵەتاندنی خواناس و خوانەناس، پارتی و یەکێتی، ڕازی و ناڕازی هەبێت، توانای ئەوەی هەبێت ئۆپۆزسیۆن بێ و هێندەی هەزار کادرییش لای حزبی دەسەڵات نازدار بێت، حەقی خۆی نییە کڵاوی بۆ داگریت و پێی بڵێی «دیاردە»!
٧
زۆرجار کە دوو سیاسی بە شێوەیەکی کەسی دەکەونە دژایەتی یەکتری، مانای ئەوە نییە جیاوازن، زۆرجار هی ئەوەیە هێندە لەیەکدەچن دەبووایە دووانە و جمک بونایە!
٨
ساختەچێتی سیاسیی هەر ساختەچێتییە و بێزراوە بەڵام ئەوەیان ئێجگار قێزەونترە کە بەناوی دینەوە دەکرێ!
٩
کە سیاسییەکت بینی بە شێوەیەکی زێدەڕۆ خەریکی ئیدیعای شتێکە لە خۆیدا، گومانت نەبێت لەوەی خەریکی عەکسەکەیەتی!
١٠
حکومەتە ناشەرعیەکەی ئێستای هەرێم کوردایەتی بە کارەباوە دەکات، خەڵکی بە کارەبا کردۆتە کرێچی! کارەبای هاوشێوەی نەوت کردۆتە تیجارەت و کاسبی! کارەبای لە خزمەتگوزارییەوە کردۆتە باج و سەرانە! بەناوی ڕووناکییەوە خەریکی تاڵانی گیرفانی خەڵکی بەستەزمانە!
١١
پارتی هەرچییەک دەکا ناتوانێ دەسکەوتێک بۆ کابینەی نۆ ی مەسرور بارزانی دروست بکا، سەرەتا وتیان «چاکسازی گەورە» لە لیستی مووچەدا دەکەین، لیستی مووچەیان وێرانکرد و کەس چاکسازی نەدی، سیاسەتی نەوتیان هێندەی تر سوک و رسواکرد قاچاغچێتی پێوە دەکەن، پەرلەمانیان ناشت، حکومەت و وەزاراتیان کردە بارەگای حزبی، میدیایان کردە منداڵبازاڕ، پاشان هەژماری من کە خەڵک ناویان نا هەژماری دزی، لەم کۆتاییەشدا کارەبایان بێ ئەندازە گرانکردوە لەسەر گیرفانی خەڵک کەچی ناویان ناوە دەسکەوتی ڕوناکی!
نازانن چۆن بەزۆر بیکەن بە دکتۆر!؟
١٢
هاوپەیمانێتی نێوان لایەنەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی، ئۆردەری دەسەڵات تێکیدا، جا بە حاشالێکردنی بێت یان خۆ بەخاوەنکردنی، هەن بەڕاستی لە «دەرەوەی»دەسەڵات نین، لە «دەوری» دەسەڵاتن! ئەم هەرێمە هێندەی قەیرانی دەسەڵات، قەیرانی ئۆپۆزسیۆنیشی قووڵە!
بەرزی دەنگیان پێوەر نییە، قووڵی ڕاستگۆیی و متمانەیان گرنگە!
دوو قسە:
«لە هەرێمێکدا کە ڕاهاتووە بە شکست و روخساری دووبارە و زوڵمی بەردەوام، ناڕەزایەتی ڕاستەقینە تەنها وەستانەوە نییە بەڕووی دەسەڵاتدا هێندەی وەستانە لە پاڵ هۆشیاری خەڵکدا، تەنانەت ئەگەر بەشێکی زۆری خەڵک بێدەنگی و بێ هەڵویستیشی هەڵبژاردبێت»
«ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە هۆشیاری دروستدەکات، نەک تەنها جەماوەری توڕە»
 

لێدوانێک بەجێ بهێلە