Home هاوپۆلنه‌كراوهەڕەشەی سەرۆکی پارتی، و دەسەڵاتی لێواری چەقۆی سەرمایە!

هەڕەشەی سەرۆکی پارتی، و دەسەڵاتی لێواری چەقۆی سەرمایە!

by admin
0 کۆمێنتەکان 58 بینینەکان

سامان کەریم:  
کە نێچیرڤان بارزانی سەردانی مەملەکەتی ئوردونی کرد لە ٢٧ی مانگی نیسانی ڕابووردوودا، وتم “یاستار!!” دیسان چی دەبێت؟!. ئوردون لە ناوچەکەدا سەنتەرێكی گەورەی هەواڵگری ئەمریکیە، لەو سەنتەرەوە ڕێنوێنی بۆ هێزەکانی بندەستی خۆیان و هاوپەیمانانی خۆیان پەخشدەکەتەوە. پێش هێرشەکەی داعش لە حوزەیرانی ٢٠١٤دا بۆ سنجارو شاری موسڵ مەسعود بارزانی کە ئەوکات سەرۆکی هەرێم بوو، سەردانی ئوردنی کرد، بۆئەوەبوو کە چۆن بەشدار بێت لە سیاسەتەکەی ئۆبامادا بۆ ڕووخانی حکومەتی مالیکی بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە.
دوای سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، لە رۆژی ١٥مەی پێش سێ رۆژ لە نوسینی ئەم وتارە، لە کۆنگرەی یەکگرتتنەوەی قوتابیانولاوانی حزبی دیموکرتدا، مەسعود بارزانی دەستیکردەوە بە هەڕەشەکردن لە بەغداو لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان. هەڕەشەی مەسعود بارازنی سنوری هەیە و سنورەکەی دێگەڵەیە، دێگەڵە ئێستا لێواری چەقۆی سەرمایەیە لە نێوان پارتیو یەکێتیدا!!. دێگەڵە سنورێکی دەستکردە بەڵام هەموو سنورەکانی دونیا دەستکردن!!، سنورێکە ڕێکەوتننامەی واشنتونی لە پشتە، بەڵام ئەو رێکەوتنە سنوری هێز هاوسەنگی کۆی هێزەکانی ناوچەکەی پێوە بەندە، تا ئەو هاوکێشەیە تێکنەچێت، واتە تا حکومەتی ئێستای بەغدا و دەسەڵاتی ئیسلامی ئێران ناکامو مایەپووچ نەکرێن لە هێز هاوسەنگی ناوچەکەدا ئەوا قسەکانی مەسعود بارزانی لەسەر ئەوەی “حکومەتی نیوە بە نیوە پێکناهێنێت لەگەڵ یەکێتیدا” و هەروەها قبوڵی ناکات لەمەودوا موچە وەک جاران مامەڵەی پێوەبکرێتو بەغدا نەینێرێت وەک خۆی دەڵێ:”لەمەودا قبوڵی ناکەین هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو، مامەڵە لەگەڵ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکرێت، چونکە ئەو جۆرە مامەڵەکردنە ئیهانەیە بە خوێنی شەهیدان و خەباتی گەلی کوردستان و مێژووی پڕسەروەری میللەتی کورد”. (کوردستان (24جگە لە پڕوپاگەندە هیچی دیکە نیە وەک ئەو مەهزەلەیەی لە ڕیفراندۆمدا تۆماریکرد!!
قبوڵی ناکەین!!! دوای سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی دێت بۆ ئوردون، ئەگەرچی ئێستا لە سەفەرێکدا گەیشتۆتە تەهران. ئەوەی مەسعود بارزانی قبوڵی ناکات!!بەشێکە لەو پڕوپاگەندە جەنگیەی دژ بە ئێران دەکرێت لە ناوچەکەدا بە ڕابەری ئەمریکاو ئیسرائیل، وە دژ بە حکومەتی ئێستای بەغدا دەکرێت، بەشیکە لەو فشارەی کە ئەمریکاو ‌هێزەکانی بندەستی لە ناوچەکەدا بەناچار پیویستە بەشداربن تیایدا. بەڵام مەسعود بارازنی و هێز وپارتەکەی، یاریکەرێکی هێجگار بچووکی جیهانی ئەمرۆی سەرمایەن، ئەمڕۆ ئەمریکا ئەوروپای پشت گوێخستووە، ئۆکرانیای فتکردووە کە سەدان ملیار دۆلاری تیدا سەرفکردووە، پێشتر لە ئەفگانستان کشانەوەیەکی شەرمهێنەری بۆخۆی تۆمار کرد، لەم چوارچێوەیەدا مەسعود بارزانی “لاحول لە ولا قوة”یە، نە دەتوانێ ئەوامری ئەمریکی ڕەفز بکات، وە نەهێزێکە بتوانێت لایەنی بەرانبەر بگرێت وە نە دەتوانێت هاوسەنگی ڕابگرێت وەک باڵندەیەکی بریندار، بەڵام ئەمریکا وەک براگەورەی سەرمایەی رۆژئاواو هاوپەیمانانی هەموو هێزەکانی دەوروبەریو بندەستی دەشەپۆکێنێت!!. بۆیە باسەکەی مەسعود بارزانی هەرچیەک بکاتو نەکات لە چوارچیوەی لێواری چەقۆیەکدایە کە ئەو یاریکەرێکی زۆر بچووکە تیایدا. لایەنی کەم دەبوایە هەڕەشەکانی خۆی لەبیرنەکردایە لە سەردەمی ڕیفراندۆمدا!!بەڵام مێژووی ئەم قۆناغە پڕ ئاڵوگۆرە، زۆر جار کاریکاتۆرمان نیشاندەدات.
نەک سەیر بەڵکو زۆر سەیر ئەوەیە کە بارزانی لەو وتارەیدا بۆ لاوانی حزبەکەی دەڵێت لەگەل حکومەتی عیراق: “لەسەر بنەمای (هاوبەشی، سازان و هاوسەنگی)، ئەم سێ بنەمایە بوو كە ڕێككەوتین لەسەری.”(هەمان سەرچاوە) وە دەڵێت ئەمە “شەراکەتە” زۆر باشە، شەراکەتە بەپێی ساسیەتی ئەمریکی و کردنی هاوڵاتیانی عێراقبە بە “پێکهاتەکان”. ئێ بەهەمان شێوە ڕێکەوتنی پارتیو یەکێتی واتە دێگەڵە کورسی نیە و “شەراکەتە” هەر بەپێی ڕیکەوتنی ئەمریکی، بۆیە وتارەکەی لەمبوارەدا بانێکەو دووهەواو ناخوا بەیەک.
ئەوەندی بگەڕیتەوە بۆ پەیوەندی نیوان ” موچەو کەرامەت”کە لە وتارەکەیدا باسیدەکات، دەبوایە کەمێک مانای کەرامەتی ڕۆشنبکردایەتەوە، ئەگەر نا ئەوە ئەخلاقیاتێکە بەپێی بەرژەوەندی چینایەتیو تەنانەت کلتورە جیاوازەکان لێکدەدرێتەوە، بەڵام دڵنیام لە نێوان موچەیەکدا کە ژیانوگوزەرانی ئینسانوو خیزانەکانی پێوەبەندە واتە بابەتیەوە پەیوەندی بە ئایدۆلۆژیاوە نیە، لە گەل کەرامەتێکدا ئەگەر مەبەرست لێی نەتەوایەتی بێت ئەوە هەر نیەو نەماوە، بێگومان خەڵکی بێموچە، مووچە هەڵدەبژێرێت بۆ ئەوەی بژی و کەرامەتێکی ئینسانی هەبێتو دەست لە حزبەکان پان نەکاتەوە.

2025-05-18

لێدوانێک بەجێ بهێلە