
کەسەکە ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەخۆ باسی باسی مردن و خۆکوشتنی خۆی دەکات، هەست ئەکات بارە بەسەر خێزانەکەیە و بە مردنی ئەم ڕزگاریان دەبێت، ڕەشبین و نائومێدە لە خۆی و خەڵک و دنیا، ئەڵێ نە خۆم ئەتوانم نە دڵسۆزانم ئەتوانن کێشە و ناڕەحەتییەکانم چارەسەر بکەن، بەهای خۆی و بڕوا بەخۆبونی نەماوە، ڕاڕایە و بڕیاری بۆ نادرێ، توانای بەجێگەیاندنی ئەرک و فەرمانەکانی ژیانی ڕۆژانەی نامێنێ، حەز وخولیا و چالاکیە چێژبەخشەکانی نامێنێ، لە کۆمەڵ و تەنانەت لە ئەندامەکانی خێزانەکەی خۆیشی دادەبڕێ و تەنیا دەمێنێ. ئەگەر نە کەسەکە خۆی و نە دەوروبەرەکەی هیچیان نەکرد بۆ چارەسەر، ئیتر وردە وردە ڕەفتارەکانی زۆر دەگۆڕێ، بۆ نمونە ڕەفتار و بڕیاری هەڵە و زیانبەخش و سەیر دەدات، ئوتومبیل زۆر خێرا و خراپ دەئاژوێ، مەی یا مادەی هۆشبەر بەکاردێنێ، خۆی بریندار دەکات، لە مۆبایلەکەیدا دەکەوێتە گەڕان بەدوای ڕێگاکانی خۆکوشتن. چەند ڕۆژێ پێش خۆکوشتن گۆڕانی لەپڕ و سەرنجڕاکێش لە هەست و سۆزی ڕودەدات، بۆ نمونە لە نائارامی و هەلچون و هەژان و بێ ئۆقرەییەوە بۆ ئارامی و ماتی و کڕی و بێدەنگی، یا پێچەوانەکەی لە بێدەنگی و ئارامیەوە بۆ بێ ئۆقرەیی و هەڵچون و ترسی زۆر.
ئەو هەڵە کوشندەیەی زۆرجارخزم و هاوڕێ و تەنانەت هەندێ دوکتۆریش دەیاکت ئەوەیە کە ناوێرن یا دڵیان نایە یا خۆیان کەڕدەکەن لە کێشەکە یا دەترسن ئەگەر لە کەسەکە بپرسن نیازی خۆکوشتنی هەیە یان نا و نیازەکەی نەبێت پرسیارەکە دەبێتە هۆی دروستبونی نیازی خۆکوشتن لە کەسەکەدا، ئەم ترسە هیچ بناغەیەکی زانستیی نیە و بە تایبەتی ئەگەر بە شێوەیەکی جوان و ئارام و بە پرۆش و دڵسۆزی وهاوسۆزیەوە لەگەڵ کەسەکە کێشەکە باسبکرێت بە دڵنیاییەوە کەسەکە خۆشحاڵ و سوپاسگوزار دەبێت و وا هەست دەکات بارێکی زۆر قورس لە کۆڵ و بیرێکی زۆر ڕوخێنەر و کوشندە لە مێشکی لابراوە.