Home بیروڕاکۆتایی میلیشیاکان!

کۆتایی میلیشیاکان!

by admin
0 کۆمێنتەکان 49 بینینەکان

موحسین کەریم:      

خەریکە دەوری میلیشیاکان لەچوارچێوەی سیاسەتی دەوڵەتە ئیمپریالیستی و بۆرژواییەکاندا لانی کەم لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرەو کۆتایی دەچێت. ئەم سیاسەتەیان لەژێرناوی ” کۆکردنەوە و تەنگەبەرکردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت”دا ڕاگەیاندووە. ئەم سیاسەتە تەنها ئەو میلیشیایانە ناگرێتەوە کە دەوڵەتەکان لەچوارچێوەی کێشمەکێشەکانیان لەسەر نفوزو بەرژەوەندیەکانیاندا بۆ وەرگرتنی ئیمتیازات لە یەکتری، دروستیان کردوون و هاوکاری سیاسی و چەکداری و داراییان دەکەن، بەڵکو ئەو بزوتنەوە چەکداریانەش دەگرێتەوە کە لە دۆخێکی سیاسی دیاریکراودا، وەکو بزوتنەوەی بەرهەڵستکاری سەریان هەڵداوەو خۆیان ناساندوە و رەنگە لەچوارچێوەی بەرژەوەندیە سیاسی و ئەمنیەکانی دەوڵەتە بۆرژواییەکانیشدا جێگایەکیان بۆ هاوکاریکردن پەیداکردبێت.
پرسی ” کۆکردنەوەو تەنگەبەرکردنەوەی چەك لەدەستی دەوڵەت”دا، لەدوای روداوی ٧ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ ەوە خشتی یەکەمی دادەنرێت، کاتێك بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی هێرشێکی چەکداری دەکاتە سەر ئیسرائیل و ئیسرائیلیش بۆ تۆڵەکردنەوەو کڕینەوەی شکۆی شکاوی سوپا و دەزگا جاسوسی و هەواڵگریەکانی، بە هێرشێکی سەربازی توندو وەحشیانە وەڵام دەداتەوە، کەنەك تەنها چەکدارانی حەماس، بەڵکو ژن و مناڵ و لاو و پیری فەلەستینی وەکو ئامانجی هێرشە سەربازیەکەی ڕاگەیاندو غەززەی بەسەر دانیشتوانەکەیدا روخاند. دواتریش گۆڕانکاریەکانی لوبنان و روخانی رژێمی بەشار ئەسەد هاوکێشەی هێزی ناوچەیی بە قازانجی ئیسرائیل و بە زیانی ئێران و میلیشیاکانی لەناوچەکەدا گۆڕی، کە ئیسرائیل وەکو دوژمنی پلە یەکی خۆی سەیریان دەکات!
ئەم پێشرەویانەی ئیسرائیل بەرامبەر بە بەرەی ئێران، بە پشتیوانی و هاوکاری بێدرێغی سەربازی و سیاسی ئەمریکاو دەوڵەتانی ئەوروپی مەیسەربووە. بۆیە سەرکەوتنی ئیسرائیل لەم کێشمەکێشەدا و ئەو گۆڕانکاریانەی روویاندا، هاوکات پێگەی ئەمریکای لەناوچەکەدا بەرەوسەرەوە بردەوە. ئێستا دەرفەتێکی گونجاوتر بۆ ئەمریکا و وەبەرهێنانی سەرمایەی ئەمریکی لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا رەخساوە تا بتوانی کێبركی لەگەڵ سەرمایەی چینیدا بکات کە ماوەیەکە خۆی خزاندۆتە ناوچەکەوە. ستراتیژی ئەمریکا ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا سازکردنی زەمینەی بەردەوام و پایەدارە بۆ وەبەرهێنانی سەرمایەی ئەمریکی، ئەوەش ئەوە دەخوازێت کە لەرووی ئەمنی و سیاسیشەوە ناوچەکە دەستی بەجۆرێك لە جێگیری و ئارامی بگات.
ئەگەرچی دابینبوونی ئارامی و ئاسایش لە رۆژهەلاتی ناوەڕاستدا، وەکو ناوچەیەکی گرنگی سیاسی- جوگرافی و ئابوری زەمینێکی بەپیت و پڕ خێروبەرەکەت بۆ وەبەرهێنان و قازانج بۆ سەرمایەی ئیمپریالیستی و محەلی، دەمێکەیە بوەتە یەکێك لە پێداویستیە سەرەکیەکانی سەرمایە، بەڵام تائێستا ئەم دەرفەتە بەهۆی ململانێ سیاسی- سەربازیەکانەوە نەتوانراوە برەخسێنرێت! هەڵبەتە چین وەکو بلۆکێکی ئابوری ئیمپریالیستی لەحاڵەتی گەشەو پێشڕەویدا کە وەبەرهێنانێکی گەورەی لەناوچەکەدا بەڕێخستوە و بەرنامەی فراوانکردنەوە و پەرەپێدانی هەیە، هەمیشە بەرژەوەندی لەوەدابووە ئارامی و جێگیری سیاسی لەناوچەکەدا سەقامگیربێت. تەنانەت ئەو کێشمەکێشەی لەنێوان ئێران و سعودیەدا ساڵانێکی زۆر بوو بێچارەسەر مابووەوە، لەسەر دەستی چیندا کۆتایی پێهات! بەڵام بۆ ئەمریکا ئێستا کاتی ئەوەیە بەرگری لە ئارامی و جێگیری سیاسی ناوچەکە بکات، تەنانەت ئەگەر بەرێکەوتن لەئێرانیشدا بێت، بەتایبەتی کە هەموو ئەو هێزە میلیشییانەی لەچاوی ئەمریکاوە مایەی نائارامی ناوچەکەو مەترسی بۆسەر ئیسرائیل بوون و لەسەر بەرەی ئێران هەژماردەکران، تاڕادەیەکی بەرچاو بێکاریگەر کراون!
ئێستا و دوای گۆڕانکاری لە سیاسەتی ئەمریکا لە پرسی ئۆکرانیا و ناڕاستەوخۆ ملدانی ئەمریکا بەواقعیەتی دیفاکتۆی شکڵگیری دنیای فرەجەمسەری، پرسی دابەشکردنەوەی ناوچەکانی نفوز و کۆتاییهێنان بە بارگژی و نائارامیەکان بوەتە یەکێك لە سیاسەتە پەیرەوکراوەکانی بۆرژوازی بەگشتی و بۆرژواز- ئیمپریالیستی ئەمریکی بەتایبەتی، بۆیە کۆنترۆڵکردنی دەوڵەتەکان بەسەر دۆخی سیاسی و ئەمنی ووڵاتەکانیان و کۆتاییهاتنی بارگژیە سیاسی و ئەمنیە ناوخۆییەکان بەرەو ئەوەدەچیت ببێتە سیاسەتی داهاتووی دەوڵەتە ئیمپریالیستی و بۆرژواییە لۆکاڵیەکان. ئارامکردنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەراست بۆ سەرمایە، پیویست بەوە دەکات هەرچی هێزی میلیشیاو هێزی چەکداری نادەوڵەتی و بزوتنەوەی چەکداری هەیە، کۆتاییان پێبهێنرێت و بچنەوە ناو پەیکەرەی دەوڵەتەوە. بەوجۆرە دەبێت دەوڵەتەکانیش خۆیان بۆ ئەو گۆڕانکاریانە ئامادە بکەن کە بتوانن ئەو هێزانە لەناو خۆیاندا هەرس بکەن و جێیان بکەنەوە! ئەوەی کە جێبەجێبوونی بەکردەوەی ئەم سیاسەتە چەندە دەخایەنێ، بەندە بە کێشمەکێش و دانوستانی نێوان هێز و جەمسەرە جیهانی و دەوڵەتە محەلیەکانەوە هەیە. بەوجۆرە پرسی چەکی حەشدی شەعبی، هێزە فەلەستینەکان لە لوبنان، هێزە چەکداریەکانی سوریا و لەناویاندا هەسەدە و ڕێکەوتنیان لەگەڵ حکومەتی شەرع، چەکدانانی پەکەکەو تێکەڵبوونەوە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا و تەنانەت ئایندەی هێزەکانی یەکێتی و پارتی لەچوارچێوەی دەوڵەتی ئایندەی عێراقدا، هەموویان دەچنە ناو ئەم ستراتیژیە سیاسیەوە کە ناویان لێناوە ” کۆکردنەوە و تەنگەبەرکردنەوەی چەك لەدەستی دەوڵەت”دا.

لێدوانێک بەجێ بهێلە