لەکاتێکدا مانگی ئایار تەواو دەبێت و دەبوایە مووچەخۆرانی کوردستان مووچەکانیان وەربگرتایە، بەڵام حکومەتی عێراق لە زمانی وەزارەتی داراییەوە رۆژی ٢٨ ی مانگ، ڕایگەیاند کە شایستە داراییەکانی هەرێم کۆتایی هاتوەو تا بۆ ئەمساڵ هیچ بڕە پارەیەك بۆ هەرێم نانێرن، لەبەرئەوەی حکومەتی هەرێم پابەند نەبوە بە ناردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێم بۆ حکومەتی بەغدا!. لەبەرامبەریشدا حکومەتی هەرێم ڕادەگەیەنێت کە ئەو بڕیارەی حکومەتی ناوەندی پێچەوانەی دەستور و بڕیاری دادگای فیدراڵیە.
ئەگەرچی هەریەکە لە حکومەتی عێراق و هەرێم یەکتری بە پێشێلکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و دەستور تۆمەتبار دەکەن، بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە کە هەردولایان بۆ بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوریەکانی خۆیان دەستیان ناوەتە بینەقاقای موچەخۆرانی کوردستان و لەسەر هەموو بەرپرسیاریەتیەکەوە ئامادەن ژیان و قوتی خەڵکی کوردستان بکەنە کارتێکی سیاسی بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندیەکانیان.
بەدڵنیایەوە نەدان و ڕاگرتنی مووچەی موچەخۆرانی کوردستان، لەلایەن حوکمەتەکەی سودانیەوە بەدوای هەڕەشەکانی مەسعود بارزانی لە حکومەتی عێراق و واژۆکردنی گرێبەستی ووزەدا دێت کە مەسرور بارزانی لەگەڵ دوو کۆمپانیانی ئەمریکی بەبڕی ١١٠ ملیار دۆلار، بەبێ رەزامەندی حکومەتی عێراق، ئەنجامیدا! حکومەتی عێراق و سەرکردە سیاسیە شیعەکانی عێراق کە نفوزی گەورەیان بەسەر حکومەتی بەغداوە هەیە، ئەم کارەی حکومەتی هەرێم و بەپلەی سەرەکی پارتی و بارزانی بە حساب نەکردن بۆ حکومەتی ناوەندی و بەهەوڵێکی جوداخوازی لێکدەدەنەوە، بۆیە لەبەرامبەردا ئەوانیش مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم وەک کارتێکی سیاسی بەکاردەهێنن، تا لەسەر حسابی بڕینی قووتی خەڵکی کوردستان دەسەڵاتدارانی هەرێم ناچار بکەن لە قازانجی کۆمپانیاکاندا شەریکیان بکەن!
لەسەرێکی تریشەوە ئەوە حکومەتی هەرێم و بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی و مفتەخۆرە بەناو رۆشنبیرەکانی دەوروبەریانە، کە بە بەرگی کوردایەتی و بەرگریکرن لە خاك و نیشتمان و نەتەوەوە، دەیانەوێت خۆیان لەبەرپرسیارێتی مووچەخۆران بدزنەوەو هەموو تاوانەکان بخەنەوە سەرشانی حوکمەتی عێراق، لەکاتێکدا کەدەستیان بەسەر سامان و داهاتی کوردستاندا گرتوەو ڕۆژانە بە تەنکەر نەوت و گاز بە قاچاغ دەفرۆشن، لەولاشەوە خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی بندەستیان لەهەژاری و گرانی و باجگیری و نەبونی خزمەتگوزاریەکاندا ڕاگرتووە و ئامادەنین لەو هەموو سامانەی کەدەستیان دەکەوێت مووچەی مانگانەی کارمەندان بدەن. تەنانەت ئەو گرێبەستەی کە لەم دواییانەدا کردویانە، خەڵکی کوردستان بەهەق پێیانوایە وەکو فرۆشتنی سەربەخۆی نەوت، جگە لە ماڵوێرانی و هەژاری و نەبوونی مووچە، شتێکی تریان بەنسیب نابێ و خێروبێرەکەی هەر بۆ دوو حزبی دەسەڵاتدار و بنەماڵەکانیان دەبێت.
بەڵام ئەوە یەکەمینجار نیە ئەم دوو دەسەڵاتە دژەخەڵکیەی بەغداو هەرێم ئاوا یاری بە مووچەو قووتی خەڵکەوە دەکەن، بەڵکو بەدرێژایی ئەو چەندساڵەی کە فیدراڵیزمە دارزیوەکەی عێراق بۆتە کۆکردنەوەی حیزبە ناسیونالیستە کوردەکان و دەستەوتاقمی ئاینی و هێزە میلیشیاییەکانیان، هەرجارە باڵانسی هێز بە بارێکدا گۆڕدرابێت، لەسەر دابەشکردنەوەی داهات و دەسەڵات کەوتونەتە کێشەو ململانێوە و ژیان و بژێوی و ئەمنیەتی کۆمەڵایەتی هاوڵاتیانی بندەستیان خستۆتە دۆخێکی سەخت و دژوارەوە.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، لەگەڵ ئەوەدا کەیاریکردن بە مووچەی مووچەخۆران و قووتی خەڵک و بەبارمتەگرتنی لە کێشەی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی بەغدا، بە تاوانێکی نەبەخشراو دەزانێت، هاوکات بڕوای وایە کە لەبنەڕەتدا سیاسەت و هەنگاوێکی کردەییە بۆ برسیکردنی بە ئەنقەستی خەڵکی کوردستان.
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان ڕادەگەیەنێت کە کۆتاییهینان بەم سیاسەت و یاریکردنەی دەسەڵاتدارانی هەرێم و بەغدا بەهاوبەشی لەدژی ژیان و بژێوی خەڵکی کوردستان گرتویانەتەبەر، تەنها بەخەباتی جەماوەری و یەکگرتوانەی خۆیان و هێنانەمەیدانی فراوانی ناڕەزایەتیەکانیان مەیسەردەبێ، خەباتێک کە نەک هەر دەتوانێت “خواستی دانی موچە لەکاتی خۆیدا” بسەپێنێ، بەڵکو دەرگا بەڕووی داهاتوویەکدا بکاتەوە کەکۆنترۆڵی داهات و دابەشکردنی لە بەرژەوەندی خەڵک و باشبژێویدا لەدەست بگرن.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٣٠ ئایاری ٢٠٢٥