شیرین عەبدوڵڵا:
لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا دیاردەی بڵاوبوونەوەی ڕیتۆریکی میسۆجینی (دژە ژنی) دەبینرێ، ئەو مەیلانەی کە بە ئاشکرا بانگەوازی ئاساییکردنەوەی سووکایەتیکردن بە ژنان دەکەن، بەتایبەتی لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیادا، لەنێو دیاردەیەکی فراوانتری سەرهەڵدانی ڕاستی توندڕەودا.
مانۆسفێر چییە؟
ئەم بانگەوازانە پەیوەستن بە گرووپاتێک کە پێی دەوترێت مانۆسفێر (فەزای ئەلیکترۆنی یان دۆمەینی نێر)، کە گروپی ناڕێکخراون، هەندێکجار بە کۆمەڵگەی “حەبی سوور” ناودەبرێن. ڤیدیۆ بلۆگ و پۆدکاست و وێنە و پلاتفۆرمی یاری ئەلیکترۆنی و کاریگەرە (influencers ) بەناوبانگەکانیان لەسەر پلاتفۆرمەکانی وەک (X) و (YouTube) و (TikTok) و (Reddit) هەیە. هۆشداری بڵاو دەکەنەوە لەو مەترسییانەی نۆرمەکانی پیاوسالاری بەرەوڕووی دەبێتەوە و بۆچوونە دژەژن و دژە فێمینیستەکان بەرەوپێش دەبەن و ئەمان بە هۆکاری هەموو جۆرە کێشەیەک لە کۆمەڵگادا دەبینن.
بیرۆکەکانی مانۆسفێر چوار ڕەوتی بنەڕەتی لەخۆدەگرن:
1- “حەبی سوور” (لە فیلمی زانستی خەیاڵی ماتریکس وەرگیراوە- بە خواردنی حەبی سوور بەئاگا دەبیتەوە لە ڕاستی ئەو شتانەی لە جیهاندا ڕوودەدەن) و چالاکوانانی “مافی پیاوان”: داوا لە پیاوان دەکەن کە بەئاگا بێنەوە لەو ڕاستییەی کە سیستەمی سیاسی لایەنگری بەدژی پیاوان دەکات و ئەمان بەدەست جیاکارییەوە لە بوارەکانی جیابوونەوە، سەرپەرشتیکردنی منداڵ، و یاساکانی توندوتیژی خێزانی دەناڵێنن. بۆ نموونە داوای هەڵوەشاندنەوەی یاساکانی “تەڵاقی بێ تاوان” دەکەن کە لە ژمارەیەک وڵاتی ڕۆژئاوادا جێگیرکراون، کە ڕێگە بە هەریەک لە هاوسەرەکان دەدات داوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی هاوسەرگیری بکەن بەبێ ئەوەی هەڵە لە بەرامبەرەکەدا بدۆزنەوە.
2- “هونەرمەندانی ئیغراکردن” و کەلتووری “نێری ئەلفا”: ئەم گروپانە پێدادەگرنەوە لەسەر خۆ فێرکردنی ستراتیژەکانی ڕاکێشان و ملکەچکردنی ژنان لە ڕێگەی ئازاردانی دەروونی و سۆزداری (negging- پشتگوێخستن) و بەرەوپێشبردنی وێنەی نێری ئەلفا، واتە نێری باڵادەست لە پەیوەندییەکانیدا، و لە ڕووی جەستەییەوە بەهێز، و بە تەواوی متمانەی بەخۆی هەیە بەبێ ڕەچاوکردنی کەسانی دیکە.
3- – پارێزگارە نەریتیەکان و بیرمەندە کۆنەپەرستەکان: ئەم گروپانە بانگەوازی گەڕانەوە بۆ بەها تەقلیدییەکانی خێزان دەکەن، و جیاوازییە بایۆلۆژییەکانی نێوان ڕەگەزەکان وەک بنەمایەک بۆ دابەشکردنی ڕۆڵەکان لەناو کۆمەڵگادا سەیر دەکەن، ئەمە جگە لە بۆچوونە کۆنەپەرستەکانی سەقامگیری خێزان وەک پایەیەکی بنەڕەتی بۆ پاراستنی نەزمی کۆمەڵایەتی. بەشێک لەم بزووتنەوانە لەسەر بنەمای لێکدانەوەی ئایینی و ئەخلاقی دامەزراون کە ئەم مۆدێلەی پەیوەندی نێوان ژن و پیاو بەهێزتر دەکەن.
4- “ئنسێل -Incels” (عازەبیی نائیرادەیی): ئەم گروپە ڕەنگە دیارترین و مەترسیدارترین ڕەوتی مانۆسفێر بێت. ئەوانەی ئەم ڕەوتە پەیڕەو دەکەن، کەسانێکن، بەزۆری پیاو، کە بەهۆی نەبوونی ئەزموونی سێکسی یان سۆزداری هەست بە بێزاری دەکەن و ژنان و کۆمەڵگا بەگشتی بەرپرسیار دەکەن لە شکستەکەیان. لە ساڵانی ڕابردوودا چەند هێرشی توندوتیژی و تاوان ڕوویداوە کە ژنان و “پیاوە سەرکەوتووەکان لە پەیوەندیەکانیاندا” بوونەتە ئامانج. کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی (٢٠١٤)ی ویلایەتی کالیفۆرنیا کە بووە هۆی کوژرانی شەش کەس و برینداربوونی (١٤) کەسی دیکە، یەکەمین کوشتاری بەکۆمەڵی لەم جۆرە بوو کە لە ساڵانی دواتردا زنجیرەیەکی بەدوای خۆیدا هێنا. مانیفێستە (١٤٠) لاپەڕەییەکەی لەلایەن تاوانبارەکە، (ئیلییۆت ڕۆجەرز) خۆیەوە بڵاوکراوەتەوە، بووەتە بەڵگەنامەیەک کە تا ئێستاش زۆرێک لە گروپەکانی (ئنسێل) وەک بنەمایەک بۆ عەقیدەکانی خۆیان پشتی پێدەبەستن. لە هێرشی ساڵی (٢٠١٨) لە تۆرۆنتۆ (١١) کەس کوژرا و لە ساڵی (٢٠٢١) لە بەریتانیا پێنج کەس گیانیان لەدەستدا.
پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا بڵاوبوونەوەی خێرای ئەم ناوەڕۆکانە ئاسان دەکات، چونکە ئەلگۆریتمەکانی فەزای ئەلیکترۆنی پاڵ بە بینەرانەوە دەنێت بەشداری ناوەڕۆکەکە بکەن و ئەو جیاکاریـیە سیستماتیکە بە دژی ژنان لە شێوەی ناوەڕۆکی هێرشبەرانە بە خێراییەکی زۆر زیاتر لەجاران دووبارە بکەنەوە. جێگای سەرسوڕمانە کە دەستەواژەی “عازەبی بێ ئیرادە” بۆ یەکەمجار لە ساڵانی نەوەدەکاندا لەلایەن ژنێکەوە داهێنرا، بەناوی (ئالانا)، کە ئامانجی وەسفکردنی ئەزموونی تەنهایی و بێ هاوسەرگیری کەسیی خۆی بوو، ویستی فەزایەکی گشتگیر و ڕاستگۆیانە بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا درووستبێت. لەگەڵ تێپەڕبوونی کات دژەژنی خۆی خزاندە ناو کۆمەڵەکە و کرا بەشوێنێکی یەکجار دوور لە سەلامەتی. ئێستا، (ئالانا) دەڵێت دژەژنەکان “دەستەواژەکەیان لێ ڕفاندنم”.
سەرنجڕاکێشیی گوتاری مانۆسفیر:
شایەنی باسە، پەرەپێدەرانی مانۆسفێر لە بنکەیەکی کۆمەڵایەتی فراوان بەهرەمەندن کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت، بە ملیۆنان شوێنکەوتوویان لەنێو گەنجان و هەرزەکاران هەیە، لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان، لەنێویاندا وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک عێراق و هەرێمی کوردستان. ئەم ناوبانگیـیەیان لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە زۆر یارمەتیدەربووە بۆ دروستکردن و کەڵەکەکردنی سامانی گەورە. یەکێک لە کاریگەرە دیارەکان لەم بوارەدا کەسێکە بە ناوی (ئەندرۆ تەیت).
– ئەندرۆ تەیت، پێشبڕکێکاری پێشووی بەرنامەی “برا گەورە” و خۆی بە شارەزای شێوازی ژیان ناودەبات و پاڵەوانی پێشووی جیهانی (کیک بۆکسینگ)، ئێستا یەکێکە لە گەورەترین کاریگەرەکانی مانۆسفێری سۆشیال میدیا. لە ناوەڕاستی ساڵی (٢٠٢٢) ئەم ئەستێرە بەناوبانگە بەریتانی-ئەمریکیـیە زۆرترین بەدواگەڕانی گووگڵی هەبوو لە جیهاندا. لە مانگی تشرینی یەکەمدا بوو بە موسڵمان، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی جەنجاڵیەکی ئۆنلاین. لە (تیک تۆک) هاشتاگی (ئەندرۆ تەیت) زیاتر لە (١٠) ملیار بینینی بەدەستهێناوە. خاوەنی چوار و نیو (٤.٥) ملیۆن فۆڵۆوەری (تویتەرە) و ماڵپەڕێکی هەیە لەسەر بنەمای بەشداریکردنە، “زانکۆی هاستلەرز”، کە گوایە زیاتر لە سەد هەزار (١٠٠،٠٠٠) خوێندکاری هەیە، ئامۆژگاری خێرا دەوڵەمەندبوون و ڕێنمایی خۆیارمەتیدان پێشکەش دەکات کە لە “٤١ بنەماکەی بۆ پیاوان”دا هاتووە؛ بۆ نموونە، “هەموو پیاوێک ئەرکێکی پیرۆزی هەیە ئەویش کە جەستەی خۆی بە بەهێزترین شێوەی شکڵ پێبدات”.
– (تەیت) بە ئاشکرا دەڵێت کە ئەو دژە ژنە، ژن “موڵکی پیاوانە” لە کاتی هاوسەرگیریدا، پێویستە لە ماڵەوە بمێنێتەوە و ژنان لە پیاوان کەمترن. ئەو و براکەی بە یاسا داواکراون بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و دەستدرێژیکردنە سەریان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا قازانجێکی زۆری لە ڤیدیۆ دژە ژنە بەناوبانگەکانی بەدەستهێناوە.
– زۆربەی شوێنکەوتوانی (تەیت) سەرنجڕاکێشییەکەی لە وێنەی بزنسمانێکی سەرکەوتودا دەبیننەوە، کە بە وتەی خۆی پیاوسالاری و کاری جیددی و پشت بەخۆبەستن بەرەوپێش دەبات. هانیان دەدات لە “نۆرماتیڤیەت – النمطیە” ڕزگاریان بێت و کۆنترۆڵی ژیانی خۆیان بکەن. ئەوان (تەیت) وەک ئەلگۆیەک و بەرجەستەکردنی خەون و ئاوات و خواستە بێهیواکانیان دەیبینن. وەک (تەیت) خۆی دەڵێت: “کۆشکێکی گەورەم هەیە، لیستی ئۆتۆمبێلی لوکسم هەیە، دەتوانم لە هەر شوێنێک بمەوێت بژیم، ژنێکی بێشوماریشم هەیە… من نمونەیەکی ناوازەم”.
(تەیت) و هاوشێوەکانی مۆدێلێکی سەرکەوتنی بێ ناوەڕۆک بۆ نەوەیەک لە گەنجانی پەراوێزخراو دەخەنە ڕوو، کە توڕەن لە نەبوونی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و جیاوازییە چینایەتییە بەرفراوانەکان و بێکاری و نائەمنی، نەوەیەک کە هەست دەکەن کۆمەڵگا دەستبەرداریان بووە. خۆی وەک دژە دامەزراوە (anti- establishment) دەخاتە ڕوو، لایەنگرێکی گەورەی سەرۆکی ئەمریکا (دۆناڵد ترەمپ) و هێمای بانگەشە (دیعایە)ی بزووتنەوەی ماگا (MAGA ) یە، چونکە (ترەمپ) بەڵێنی گەڕاندنەوەی پیاوسالاری دەدات- نەک “جۆرە نەرمترەکەی”، بەڵکو “هەژموونی بێ بەربەستی پیاو”.
پەیوەندی نێوان مانۆسفێر و ڕاستی توندڕەو:
ئەوەی کە پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان ڕاستڕەوی توندڕەو و مانۆسفێردا هەبێت بەڕێکەوت نییە، بەو پێیەی هەردووکیان هاوبەشن لە ئایدۆلۆژیای پلەبەندی و باڵادەستی ڕەگەزێک بەسەر ڕەگەزێکی دیکەدا، گەڕانەوە بۆ شێوازە کۆنەپەرست و پارێزگارەکانی بنەماڵەی پیاوسالاری، دژایەتیکردنی ماف و ئازادییە سیاسی و مەدەنی و کولتوورییەکان، ڕەگەزپەرستی بەرامبەر بە کۆچبەران و شکۆمەندکردنی سەروەت و سامانی تاکەکەسی و باڵادەستی ماددی و جەستەیی و کۆمەڵایەتی تاکەکان بەسەر خۆشگوزەرانی گشتیی کۆمەڵگا.
ئەم شەپۆلە نێرسالاریـیە هاوتەریبە لەگەڵ سەرهەڵدانی ڕەوتی سیاسی ڕاستڕەوی کۆنەپەرست و نیوفاشیستی لە سەرانسەری جیهاندا، کە لە دەیەی یەکەمی ئەم سەدەیەدا لە گۆشەکانی تۆڕی تاریکدا (dark web ) دەستیکرد بە شکڵگرتن و لە ساڵی (٢٠١٤)دا بە بەزۆری گەشەی سەند، هاوکات لەگەڵ ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا کە لە ئەنجامدا دۆناڵد ترەمپ بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٦ دا هەڵبژێردرا، و دواتر بە دووبارە هەڵبژاردنەوەی ترامپ لە نۆڤەمبەری (٢٠٢٤)دا تینێکی تازەی پیا هاتەوە. ئەو پیاوەی کە بە تێڕوانینی نزمی بۆ ژنان ناسراوە، و مێژوویەکی شەرمەزارکەری لە بەهرەبەرداری (ئیستغلالکردن) و سووکایەتیپێکردنیان هەیە، هەروەها بە ڕەگەزپەرستییەکەی بەرامبەر بە کۆچبەران و بە سیاسەتە بۆرژوازییەکانی کە دوژمنایەتی چینی کرێکار و هەموو دەستکەوتەکانیان دەکات. ئەو (٣٤) تاوانی یاسایی بەدواوەیە، بەڵام ئەمە هەمووی نەبووە ڕێگری ئەوەی دووجار هەڵبژێردرێت، نەک جارێک، بەوەی کە چارەسەری ساختە بۆ ویست و خواستەکانیان دەخاتە ڕوو.
(ترەمپ) خۆی بە پیاوانێک دەورە داوە کە پەرە بە قەوانێکی سواوی (سترێئۆتایپێکی) نێرینەی باڵادەست دەدەن، و بێڕێزی بەو ژنانەی کە منداڵیان نییە دەکەن و جۆرێکی بەها خێزانییەکان بەرەوپێش دەبەن کە سەربەخۆیی ژنان کەم دەکاتەوە.
هەر کە لە کەگەڵ ڕاگەیاندنی دووبارە هەڵبژاردنەوەی ترەمپ لە مانگی نۆڤەمبەردا، لافاوێکی بانگەوازی دژە ژنی سۆشیال میدیای گرتەوە، دڕندانەترینیان هەڵمەتێک لەلایەن (نیک فۆینتێس)، کاریگەر و پۆدکاستەری ناسیۆنالیستی سپی پێستەوە، لە (٥)ی ئەو مانگەدا بوو؛ ئەو دروشمی فێمینیستی “جەستەمان، هەڵبژاردەی خۆمان”ە کە لەلایەن بزووتنەوەی فێمینیستەکانەوە لە ساڵانی حەفتاکان پەسەندکرابوو شێواند و لەبری ئەوە نووسیبووی “جەستەی تۆ، هەڵبژاردەی من. بۆ هەمیشە”. پۆستەکەی لە ماوەی یەک هەفتەدا زیاتر لە (٩٠) ملیۆن بینەری هەبوو و زیاتر لە (٣٥) هەزار جار ڕیتویت کراوە، بەپێی دەزگای میدیایی (سی ئێن ئێن).
هەر لە یەکەم سەعاتەکانی سەرۆکایەتییەکەیەوە، ترامپ دەستبەکاربوو بۆ جێبەجێکردنی پاکێجی سیاسەتە ئابوورییە کۆنەپەرستانە و دژە کرێکار و دژە هەژارەکانی، کە لەسەر بنەمای گۆشەگیریی ئابووری و هێرشکردنە سەر دەستکەوتە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، کە دەرئەنجامەکانی نەک تەنها ئەمریکا، بەڵکو زۆرێک لە وڵاتانی جیهان دەگرێتەوە. بەو پێیەی ئەمریکا وەک کاریگەرترین وڵاتە لە سیستەمی سیاسی جیهاندا، هەرچییەک لە ئەمریکاوە سەرچاوەی گرتبێت، لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا شەپۆل دەداتەوە، ئەڵبەتە بە پلەی جیاواز.
هەرچەندە زۆرینەی کاریگەرەکانی (مانۆسفێر) و ڕاستڕەوەکان لە وڵاتانی ڕۆژئاوان، بەڵام گەڕانێکی خێرا لە ئینتەرنێتدا، گروپی هاوشێوە، هەرچەندە بچووکتر و کەمتر کاریگەر، لە هەندێک وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقادا، گەشەسەندوو دەردەخات.
سەرهەڵدانی گرووپە ڕاستڕەو و توندڕەو و مانۆسفێرەکان بە شێوەی جۆراوجۆر ڕەنگدانەوەی لە کۆمەڵگاکانی ئێمەدا هەبووە. بۆ نموونە لە عێراقدا ئەم بزووتنەوەیە نەفەسێکی نوێی بە گوتاری پیاوسالاری و دژە ژنی بەخشیوە، و هانی ئەو کۆنەپەرستییە باوکسالارە بەسەرچووانەی داوە کە پێگەی ژنان نزم ڕادەگرن، و بنەماڵەی تەقلیدی شکۆمەند دەکەن و ئیمتیازاتی کۆمەڵایەتی و ئابووری لە ژنان زەوت دەکەن. ئەم ڕەوەندە لەم دواییانەدا بە هەموارکردنەوەی کۆنەپەرستی یاسای باری کەسی ژمارە (١٨٨)ی ساڵی (١٩٥٩) گەیشت.
بۆچی ئەم شەڕە لە دژی ژنان، ئێستا؟
سەرهەڵدانی مانۆسفێر دەتوانرێت لە لایەنێکدا، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە گەشەسەندنی بزووتنەوەی فێمینیست و دەستکەوتەکانی لە دەیەکانی ڕابردوودا و نیگەرانی پیاوسالارەکان لە لەدەستدانی ئیمتیازاتەکانیان لێکبدرێتەوە. ڕوونە کە هەموو بزووتنەوەیەکی پێشکەوتنخواز و ڕزگاریخواز کاردانەوەی کۆنەپەرستانە توندوتیژانەی بەدوادا دێت لەلایەن ئەو کەسانەوە کە هەست دەکەن فەزاکەیان داگیردەکرێت. ئەمە یەکەمجار نییە کە ئێمە شاهیدی سەرهەڵدانی کۆنەپەرستی دەبین وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە دەستکەوتە پێشکەوتنخوازەکان. بۆ نموونە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، لەگەڵ سەرهەڵدانی نیولیبرالیزمدا، شاهیدی بووژانەوەی بەها نەریتییەکانی خێزان و مۆدێلی بنەماڵەی پیاوسالاری بووین لەسەر دەستی نوێنەرانی ئەم جۆرە سەرمایەدارییە، وەک مارگرێت تاچەر، ڕۆناڵد ڕیگان و ئەوانی دیکە، لە پاشخانی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان، بزووتنەوەکانی مافە مەدەنییەکان، مافی ژنان و مانگرتنە گەورە کرێکاریەکانی ئەو سەردەمەدا.
بەڵام ئەمە هەموو مەسەلەکە نییە. ئەم شەڕە دژی ژنان جیا نییە لە وێنە گەورەکەی گۆڕانکاری و ململانێ سیاسی و ئابوورییەکان کە لە جیهاندا ڕوودەدەن. بەشێکە لە زنجیرەیەک هێرشی بۆرژوازی بۆ سەر توێژە جیاوازەکانی سیستەمە ئابووریەکەی کە لەلایەن ترەمپ و سیستەمی سەرمایەداری بە گشتی نوێنەرایەتی دەکرێن. شانبەشانی هێرش بۆ سەر پەنابەران، بیانییەکان، هەموو ستەملێکراوەکان، و ئەوانەی پێویستیان بە ئاسایشی کۆمەڵایەتی، تەندروستی گشتی، پەروەردەی گشتی و هەر خزمەتێکی دیکەی گشتی هەیە، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی ئەمریکا، ڕوودەدات.
مەعلوومە کە سەرمایەداری، هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە، تووشی قەیرانی دەورەیی بووە. لە هەر قەیرانێکدا دەبێت ڕێگای نوێ بۆ بەدەستهێنانی قازانج بدۆزێتەوە و هەوڵی هێنانەدی سەقامگیری بۆ بازاڕ بدات بۆ دڵنیاکردنەوەی وەبەرهێنەران، تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت. وەک دەبینین لە ئێستادا ڕژیم بە هۆی شەڕەکانی و ناسەقامگیری کەشوهەوا و گرانی تێچووی ژیان و نایەکسانییەکی بەرفراوان تووشی چەندین قەیرانی فرەلایەنە بووە. هێرشەکانی بۆ سەر ئەو گرووپانەی کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، بەشێک لەو دڵنیاییە بە ڕژیم دەبەخشێت. داخستنی سنوورەکان بەڕووی پەنابەران، زیندووکردنەوەی مەفهوومەکانی خێزانی تەقلیدی و پاڵپێوەنانی ژنان بۆ ناو ماڵ و دوورخستنەوەیان لە بازاڕی کار، لە لایەک پەرشوبڵاوی چینی کرێکار مسۆگەر دەکات و لەوانەیە هەستێکی ساختە (تەنانەت ئەگەر کاتیش بێت) بۆ بەردەستبوونی هەلی کار و کەمبوونەوەی بێکاری لە لایەکی دیکەوە درووست بکات.
دەرئەنجام:
بۆ بۆرژوازی ناتوانێت بە ئاسانی ئەم جۆرە سیاسەتانە جێبەجێ بکات، مەگەر بە بەرگێکی ئایدیۆلۆژی بیانپێچێتەوە کە واقیعی ناکۆکیەکانی بشارێتەوە. دەبێت ئەوە بە بڵاوکردنەوەی ئەو بیرۆکانە بکات کە هەڵاواردن و ڕق و دووبەرەکی لە نێوان جەماوەردا پەرە پێ دەدەن، هەتاکوو ئاسانکاری بۆ ژێردەستەکردنیان بکات.
ئەم ماشێنە فیکرییە بۆ بورژوازی زۆر گرنگە، بۆ بردنە پێشەوەی سیاسەتەکانی و دەستەبەرکردنی دەنگی کرێکاران بە هەر شێوەیەک بێت. ملیۆنان دۆلار بۆ ئەمە خەرج دەکات و هەموو میدیاکان بەکاردەهێنێت، دامەزراوەی بیرکردنەوە (Think Tank) و توێژەر و شیکار و تەنانەت هونەرمەند و نووسەر و شاعیر و ئەکتەر و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی فیلمی هەیە… کە هەموویان شەو و ڕۆژ وەک ئامرازێکی پڕوپاگەندە کاردەکەن بۆ پێشخستنی سیاسەتەکانی چینی دەسەڵاتدار بە شێوەیەکی ورد و شاراوە، بە مەبەستی چاندنی دووبەرەکی لە نێوان کرێکاران و قەناعەت پێکردنیان کە سیاسەتەکانیان لە بەرژەوەندی کرێکاراندایە.
لە نێوان گاڵتەپێکردن (تەنانەت ئەگەر بە ناوی سوعبەتێکی ناسکیش بێت) و ئیهانە و کۆمێنتی نەخوازراو و هەراسانکردن و توندوتیژیدا، کە تەنانەت ڕەنگە بگات بە کوشتنیش، خەتێکی جیاکەرەوە نییە. زۆر گرنگە کە گرنگی بە بڵاوبوونەوەی ئەم دیاردانە بدرێت و ڕێگری بکرێت لەوەی گەنجان (و ژمارەیەک لە ژنانیش) بکەونە ژێر کاریگەری ئەم بیرۆکە دوژمنکاریانە دژی ژنان، کۆچبەران، یان گروپە هەژارەکان.. ئەم بیرۆکانە هەندێک جار لە شێوەی گاڵتە یان نوکتە، یان لە شێوەی بیرۆکەی کۆنەپەرست بە تامێکی زانستی، بەڵام بە ناوەڕۆکێکی ژەهراوی و شەرمەزارکەر، دەربڕینیان لێدەکرێت، ئامانج لێیان، ئامادەکردنی خەڵکە بۆ قبوڵکردنی ئەو بیرۆکە کۆنەپەرستانەی کە سیاسەتەکانی سیستەمی سەرمایەداری لەسەری بنیات نراوە و ناڕەزاییەکانی ئەوان بڕەوێننەوە.
جووڵانەوەی مانۆسفێر و دژەژنی کە ئێستا بڵاوە، بەشێکە لەم ماشێنە فیکرییەی کە دووجار ڕێگەی بۆ هەڵبژاردنی ترەمپ خۆشکرد و بەشێکە لە سەرهەڵدانی فراوانتری ڕاستڕەوە توندڕەوەکان لەسەر ئاستی جیهان.
١٢-٥-٢٠٢٥
سەرهەڵدانی مانۆسفیر و ڕاستی توندڕەو
58