موئەیەد ئەحمەد:
دەستڕاگەیشتنی ترامپ بە دەسەڵات لە ئەمریکا بۆ دووەمین جار، لە ڕێگەی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی نۆڤیمبەری (تشرینی دووەمی) (٢٠٢٤) و بەدەستهێنانی زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیرانی ئەم وڵاتە لەلایەن پارتی کۆماریـیەوە، وە جێبەجێکردنی چەندین سیاسەت و فەرمانی سەرۆکایەتیی پێشوەختە پلان بۆ داڕێژراو لە ماوەی کەمێک زیاتر لە دوو مانگ لە دەستبەکاربوونی پۆستی سەرۆکایەتی، کە لە (٢٠)ی ژانویەی (٢٠٢٥)ەوە دەستیپێکردووە، بووەتە هۆی لەرزانێکی سیاسی گەورە نەک تەنها لە ناوخۆی ئەمریکا، بەڵکو لە ئاستی جیهانیشدا، بەتایبەتی لەناو سیستەمی سیاسی بۆرژوازی جیهانیدا.
بۆیە دەکرێ بڵێین، لەگەڵ سەرهەڵدانی ترامپ، جیهانی سەرمایەداری پێیناوەتە ناو دەورەیەکی نوێ (حقبة جديدة) لە هەڵکشانی کۆنەپەرستی سیاسی نیوفاشیستی، پێشبڕکێیەکی توندی چەکداری و هێرشێکی توند و فرەڕەهەندی بۆرژوازی بۆ سەر بارودۆخی ژیان و کاری چینی کرێکار و چەوساوە و ئازادیخوازەکان و دەستکەوتەکانیان لە بواری خۆشگوزەرانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و مافە سیاسی و مەدەنی و کولتوورییەکانیان و ئازادییەکانیان، لە ئەمریکا و لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهاندا.
ئەمە دەورانێکە کە تایبەتمەندی خۆی هەیە هەر لە چڕبوونەوە و فراوانبوونی مەودای سیاسەتە سەرمایەدارییەکان، بەگوێرەی مۆدێلی ئابووری نیولیبراڵی، کە دژ بە چینی کرێکار و هەموو چەوساوەکانە، تا هەڵکشانی سیاسەتی ئابووری ناسیۆنالیستی بۆرژوازی، واتە گۆشەگیریی ئابووری ناسیۆنالیستی، و تا توندوتیژبونەوەی قەیرانی سیستەمی سیاسی بۆرژوازی لەناو ئەمریکا و لە ئاستی جیهانیدا، و چڕبوونەوەی ململانێ جیۆپۆلەتیکی و جیۆئابووری و سەربازییەکان.
ئەوەی ڕوویداوە و ڕوودەدات، دەرئەنجامی ئەم سەرکەوتنە و هێزی فەتحکەری (القوة القاهرة) ترامپ و پارتەکەی و بزووتنەوەکەی بەتەنها، وەک هێزێکی سەربەخۆ و خۆلەخۆدا، نییە، بەڵکو خودی سەرکەوتنەکە و کەسایەتی ترامپ و بزووتنەوەکەی، خۆیان، بەرهەمی پرۆسەیەکی مێژوویی پێشتری زەروەرین کە لەناو ئەمریکا و لە ئاستی جیهانیدا بەڕێوەدەچێت، ئەمەش تەنانەت پێش سەرهەڵدانی ترامپ لەناو پارتی کۆماریدا، چ جای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی جاری یەکەم و دووەمدا.
بۆیە ترامپ لە ڕێکەوت و فاکتەریکی سوبژێکتیڤ لە چوارچێوەی ئەم پڕۆسە مێژووییە بابەتییە زیاتر شتێکی تر نییە. ئەگەر ترامپ نەبوایە، ئەم پرۆسە ماددییە، کەسێکی دیکەی، کە تایبەتمەندییەکی کەمتر یان زیاتر لە ترامپ، کەمتر یان دڕندەتر لەو، یان بە لێهاتووییەکی زیاتر یان کەمتر لەو دەهێنایە ئاراوە و دەیخستە سەر شانۆی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فیکری کۆمەڵگە و سەر تەختی دەسەڵات. ئەمەش بەو مانایەیە کە لە سەرووی هەموو شتێکەوە، ئەوەی جەوهەرییە تێگەیشتنە لەو تەوەرە بنەڕەتییەی پرۆسەی مێژوویی کە بووتە هۆی ئەم گۆڕانکارییە لە سیاسەتی ئەمریکا و ئەم گۆڕانکارییە لە ئاڕاستەی سیستەمی سیاسی بۆرژوازی جیهانی، کە بە دەرکەوتنی ترامپ بەرجەستە بووەتەوە.
بێگومان ئەمەش ڕۆڵی بەرچاوی ترامپ و بزووتنەوەکەی و (پارتی کۆماری) و ترامپیزم وەک فاکتەری خودی (ذاتي) نکۆڵی لێ ناکات، لەڕووی کاریگەری و کارلێککردنیان لەگەڵ ئەو پرۆسە مێژووییەی کە لە سەرەوە ئاماژەی پێکراوە. واتە لە ڕووی ئەو کاریگەرییەی کە هەیانبووە و دەیانبێت لەسەر ڕەوندی خودی ئەم پرۆسەیە، نەک تەنها لەڕووی ڕۆڵی ئەوانەوە لە دروستکردنی ئەو فۆرمە تایبەتەی کە گوزارشت لە قۆناغی نوێ دەکات لەم پرۆسە مێژووییەدا، بەڵکو لەسەر خودی ڕەوند و پرۆسەکەش. بۆیە شیکردنەوە و تێگەیشتن لە ڕۆڵی ترامپ وەک تاک، و ترامپیزم وەک ڕەوت و حزب و بزووتنەوەیەکی سیاسی و فیکری، لە بەهێزکردنی ئەو هەڵکشانە کۆنەپەرستیـیە جیهانیـیەی ئێستادا لەو بوارە جۆراوجۆرانەی باسم کردن، گرنگییەکی سەرەکی هەیە.
قەیرانی سەرمایەی ئەمریکی و سەرهەڵدانی ترامپیزم
ئەمڕۆ سەرمایەداریی ئیمپریالیستی ئەمریکی ئیتر ئەو پێگەیەی نیـیە کە دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا بەدەستی هێنابوو، وەک تاکە زلهێزێک کە سەرکردایەتی جیهانی سەرمایەداری دەکرد. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ڕووی ئابووری و سەربازی و کاریگەری لەسەر سیستەمی سیاسی بۆرژوازی جیهانیدا هێشتا گەورەترین دەوڵەتی سەرمایەداریە لە جیهاندا.
ئەم واقیعە نوێیە و ئەم دابەزینە ڕێژەییە لە پێگەی جیهانی ئەمریکادا، واتایەکی زۆر گرنگیان هەیە و پەرەسەندنێکی چۆنایەتی نمایش دەکەن لە مێژووی سەرمایەداری جیهانی و گەشەی ناکۆکیەکانییدا. ئەم گۆڕانکارییە لە پێگەی ئەمریکادا لەناکاو ڕووی نەداوە، بەڵکو بەرهەمی پرۆسەیەکی درێژخایەن بووە، کە زیاتر لە چوار دەیە درێژەی کێشاوە، لە پەرەسەندنی خودی سیستەمی سەرمایەداری، کە شەڕ و ڕووداوی گەورەشی تیا ڕووداوە، لەوانە ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت، و پەیوەستبوونی ڕووسیا و وڵاتانی “بلۆکی ڕۆژهەڵات” بە خولگەی سەرمایەداریی ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا و دینامیزمی کەڵەکەبوون و جووڵەی سەرمایە لەسەر ئاستی جیهانی، بە سەرکردایەتی ئەمریکا.
بەم شێوەیە ئەم دۆخە نوێیە کە ئەمریکا لە ئێستادا بەخۆیەوە دەبینێت، لە چوارچێوەی جوڵەی سەرمایەی جیهانی و گەشەی جیاوازی (متباین)ی ئابووری سەرمایەداری لە وڵاتانی جیاجیای جیهان، و لە ڕەوەندی پەرەسەندنی خودی سیستەمی سەرمایەداری جیهانی و نێو پرۆسەی ئەم پەرەسەندنەی بە درێژایی دەیان ساڵ، سەریهەڵداوە. بە واتایەکی تر پێگەی ئێستای ئەمریکا خۆی بەرهەمی دەیان ساڵەی جیهانگیری و جوڵەی سەرمایە و کەڵەکەبوون و پەرەسەندنی سەرمایەداریی بازاڕی ئازادە لەسەر ئەم مەودا (النطاق) جیهانییە، و بە پشتیوانی سیاسەتە ئابوورییە نیولیبراڵییەکان کە دەوڵەتانی سەرمایەداری لەژێر سەرکردایەتی سەرمایەداریی ئیمپریالیستی ئەمریکیدا گرتویانەتەبەر.
بەرنامە و پلاتفۆرمی سیاسی و ئابووری بۆرژوا ئیمپریالیستی جیهانی لەو دەورەیەدا، سەرباری ئەوەی لە دەوری فراوانکردنی بازنەی تایبەتیکردن (خصخصة) لە بوارەکانی بەرهەمهێنان، خزمەتگوزاری، پەیوەندییەکان، گواستنەوە و … هتد دا دەسوڕایەوە، خەریکی لابردنی کۆنتڕۆڵ و ڕیگریەکانی ( قیود) دەوڵەتی بۆرژوازی و دامەزراوەکانی بووه لەبەردەم کەڵەکەکردنی سەرمایە، و کردنەوەی بازاڕ و سنوورەکان، و شکاندنی ڕیگریەکانی بەردەم جوڵەی جیهانی سەرمایە بەگشتی و سەرمایەی دارایی بەتایبەتی، وهەروەها لە پاڵ ئەمەشدا و هاوکات، خەریکی ئەنجامدانی شەڕێکی چینایەتی توند و جیهانی بووە لە دژی چینی کرێکار و ڕێکخراوەکانی و خەباتە بەکۆمەڵەکانی، و بە پلانەوە خەریکی داماڵین و لێسەندنەوەی دەستکەوتەکانی بووە لە ماف و ئازادیەکانی و ئاستی باشبژێوی و بارودۆخی کارکردن و دەرفەتەکانی کاری، ئەمە سەرباری ئەوەی بورژوازی جیهانی هەتا ئیستاش بەردەوامە لە لێسندنەوەی ئەو خزمەتگوزارییە پەروەردەیی و تەندروستی و کۆمەڵایەتییە گشتیانەی کە لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا چینی کرێکار لێی بەهرمەند بوو.
لە نێو ئەم پڕۆسەیەدا وڵاتان و بلۆکە ئابوورییەکانی دیکە دەستیان کرد بە گەشەکردن و لە ڕووی ئابووری و سیاسی و سەربازییەوە جێگەیەی خۆیان کردەوە لەسەر شانۆی جیهانی. بلۆکی ئابووری و نێودەوڵەتی سەریان هەڵدا، وەک یەکێتی ئەوروپا و بریکس و بلۆکی ئابووری لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا. هەروەها ڕووسیا پێگەی خۆی وەک هێزێکی سەربازی بەهێز لە سیستەمی بۆرژوازی نێودەوڵەتیدا دووپاتکردەوە، و چین لە ڕووی ئابووری و سەربازی و سیاسییەوە بە خێرایی گەشەی کرد؛ بە ڕێژەیەکی بەرچاو گەشەی ئابووری، تا ئەو ڕادەیەی کە بوو بە دووەم زلهێزی دوای ئەمریکا لە جیهاندا، چ لە ڕووی ئابووری و چ لە ڕووی سەربازییەوە. لە ئەنجامدا سیستەمی جیهانی بوو بە فرە جەمسەری.
بەم شێوەیە ڕۆڵی ئەمریکا لەم ماوەیەدا، بە تایبەتی بە بەراورد لەگەڵ چین، دابەزی و لە چوارچێوەی پرۆسەی پەرەسەندنی سەرمایەداریدا ڕووبەڕووی وڵاتانی دیکەی تازەپێگەیشتوو و جەمسەرە سەربازییەکان و بلۆکە ئابوورییەکان بووەوە. ستراتیژ و بەرنامە و سیاسەتی ترامپ و ترامپیزم، بە شێوەیەکی بنەڕەتی، وەڵامێکە بۆ ئەم پێگەیەی سەرمایەی ئەمریکی و سەرمایەداری ئیمپریالیستی ئەمریکی، لەنێو دینامیزم و توندوتیژبوونەوەی ناکۆکییەکانی سەرمایەداری جیهانی ئەمڕۆدا.
لێرەوە وەڵامدانەوەی ترامپ و ترامپیزم بۆ ئەم جێگەوڕیگەیەی سەرمایەداری ئەمریکی و دابەزینی ڕێژەیی لە پێگەی جیهانیدا، ناوکۆکەی سیاسەت و ئەجێندای ئەو پێکدەهێنێت، بەڵام ئەم ئەجێندایە، لە سەرووی هەموو شتێکەوە، ئەجێندایەکی سەرمایەدارییە کە دژە کرێکارییە لە ناوخۆی ئەمریکا و لەسەر ئاستی جیهانی، و ئەمەش ئەوەیە کە لە درێژەی ئەم بابەتەدا باسی دەکەین.
ترامپیزم وەک ڕەوت و باڵ و تۆێژێکی ئۆلیگارشی سەرمایەداری، و پەیوەندیی بە سەرمایەی کۆمەڵایەتی و چینی کرێکارەوە
پێش ئەوەی بچینە ناو وردەکاریی سیاسەتەکانی ترامپ بەرامبەر بە ئابووری سەرمایەداری لە ئەمریکا، و وەڵامدانەوەی بۆ كێشەکانی ئەم سیستەمە، و ستراتیژی و سیاسەتەکانی لەئاستی سیستەمی سەرمایەداری جیهانیدا، گرنگە، پێش هەر شتیك، پەیوەندی ئەم باڵە و ئەم تۆیژە بۆرژوازییە ئیمپریالیستییە و ئەم ڕەوتە سیاسی و فیکرییە نیوفاشیستییە بە سەرمایەی کۆمەڵایەتی ئەمریکاوە، و لەوەش گرنگتر پەیوەندیی بە چینی کرێکار و خەباتی چینایەتی لەم وڵاتەدا، پێناسە بکەین.
ترامپ و بزووتنەوەکەی بە پێچەوانەی ئیدیعای “دیماگۆژی” و قسە “پۆپۆلیستی”یەکانیان سەبارەت بە بەرگریکردن لە بەرژەوەندی کرێکاران لە ئەمریکا و هەوڵەکانیان بۆ دابینکردنی هەلی کار بە مووچەی بەرز و دەرهێنانیان لە چنگی هەژاری و پەراوێزخستن، خودی ترامپ و بزووتنەوەکەی دوژمنانی سەرسەختی چینی کرێکارن، و دڕندەترین بەرگریکارانی سەرمایەی ئەمریکا و بۆرژوازی گەورەی ئەم وڵاتەن. ئەمەش ئاشکرا دیارە لە سیاسەتەکانی ترامپ و پێکهاتەی حکومەتەکەی و ڕێکار و فەرمانە جۆراوجۆرەکانیدا کە بە دژی کرێکاران و گەنجان و ژنان و خوێندکاران و زۆربەی جەماوەرە.
ترامپ نوێنەرایەتی بزووتنەوەیەکی سیاسی و باڵێکی نیوفاشیست دەکات لەناو بۆرژوازی ئیمپریالیستی ئەمریکی و ڕەوتە کۆمەڵایەتی و سیاسی و فیکرییەکانیدا. لە هەمان کاتدا، دوای ئەوەی هەندێک گۆڕانکاری بەسەردا هات، ڕاستەوخۆ و بە پلەی یەکەم نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی سەرمایەی ئۆلیگارشی دەکات لە کەرتی دارایی، وزە، تەکنەلۆژیای بەرز و سەربازی و خانووبەرە، لە نیو سەرمایەی کۆمەڵایەتی ئەم وڵاتەدا. بەم مانایە نوێنەری ڕاستەوخۆی تۆێژێکی دیاریکراوی سەرمایەدارانە. ئەمە ڕوون و ئاشکرایە و ترامپ لە هیچ کەسێکی نەشاردۆتەوە، و لە هەموو سیاسەت و وتار و فەرمان و کردارەکانیدا ڕەنگدانەوەی هەیە، و لە ئیمتیازەکانیشدا کە بەم تۆێژە دەبەخشێت بۆ بەڕێوەبردنی وڵات لە بوارە جیاوازەکانی ئابووری و سیاسی و دیپلۆماسیدا، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی ئەمریکا. ئێستا (١٣) ملیاردێر لە ئۆرگانە جیاوازەکانی بەڕێوەبردن لەخۆدەگرێت و سامانی کۆی دەوڵەمەندترینیان لە (٤٦٠) ملیار دۆلار تێدەپەڕێنێت، کە لەنێویاندا (ئیلۆن ماسک) بەرجەستەیە.*
ترامپ و بزووتنەوەکەی ستراتیژی و سیاسەتێکیان گرتۆتەبەر کە تەوەرەی سەرەکیی بەهێزکردنی ڕۆڵی ئابووری و سیاسی و سەربازی ئەمریکایە لەسەر ئاستی جیهانی، ئەمەش بە دروستکردنی هەلومەرجی ئیستغلالکردنی زیاتری چینی کرێکار و ژینگەیەکی وەبەرهێنانی سوودمەند بۆ سەرمایە لەناو ئەمریکادا، و پشتیوانیکردن لە پێشبڕکێی چەک و زیادکردنی وەبەرهێنانی سەرمایە لە کەرتی سەربازی و پیشەسازییەکانی جەنگ، و پەرەپێدانی “تەکنۆلۆژیای سەربازی بەرز”، و هەروەها بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد لە وەبەرهێنانی سەرمایە و پەرەپێدانی ئامێری جەنگی دەوڵەت بۆ زامنکردنی باڵادەستی سەربازی ئەمریکا بەسەر ڕکابەرە جیهانییەکانیدا، بەتایبەتی چین.**
بۆ گەیشتن بەم ئامانجە سەرمایەدارییە ئیمپریالیستییانە، چ لە ئەمریکا و چ لەسەر ئاستی جیهانی، ترامپیزم و ئەم کوتلە بۆرژوازییەی کە ئێستا چارەنووسی کۆمەڵگایان کۆنترۆڵ کردووە، وەک ڕەوت و نەریتێکی سیاسی و فیکری بۆرژوا ناسیۆنالیستی و نیوفاشیست، بەرنامە و ستراتیژێکی سیاسی نیو-فاشیستیان گرتۆتەبەر. نەک هەر ئەوە، بەڵکو دەستیان کردووە بە کارکردن بۆ دامەزراندنی ڕژێمێکی سیاسی بۆرژوازی بە ئایدۆلۆژیایەکی فاشیستییەوە کە بە توندی دژایەتی کۆمۆنیزم و ئازادی و یەکسانی و ماف و ئازادییە مەدەنی و سیاسییەکانی تاکەکەکان دەکەن. هەروەها دژایەتی ژنان و ڕزگاربوونیان دەکەن و نوقمی پراکتیکی ڕەگەزپەرستی و جیاکاری لەسەر بنەمای ڕەنگی پێست و ڕەگەز و عەقیدە و نەتەوەن، و بەکورتی دژایەتی هەموو شتێک دەکەن کە پەیوەندییان بە ڕزگاری مرۆڤ و هەموو ئەو دەستکەوتانەی کە چینی کرێکار و ڕزگاریخوازان لەو بوارانەدا بەدەستیان هێناوە.
ئەم بەرنامەیە، و ئەم ستراتیژە نیو-فاشیستییە، ئامراز و سیاسەت و پلانی پراکتیکی ئەم باڵە سەرمایەدارییە بۆ ڕێکخستنەوەی ماڵی سەرمایەی کۆمەڵایەتی لە ئەمریکا و دەستەبەرکردنی بەردەوامی باڵادەستی ئەم سەرمایەیە بەسەر چارەنوس و توانایەکانی کۆمەڵگا و پەرەپێدانی بەرژەوەندییەکانی لەناو دڵی سەرمایەداری جیهانی قەیراناوی و ناکۆکیـیەکانیدا. وە وەڵامدانەوەی سیاسی و ئایدیۆلۆژییە بۆ کێشە و گرفتەکانی سەرمایەی ئەمریکی لە دونیای سەرمایەداریی ئێستادا کە بە پەرەسەندنی ناکۆکیـیەکان و توندوتیژبوونەوەی کێبڕکێ و پەرەسەندنی بەردەوامی ململانێ جیۆپۆلەتیکی و جیۆئابووری و جیۆستراتیژیـیەکان تایبەتمەندە.
بەڵام ئەم فۆرمە سیاسی و ئایدیۆلۆژییە لەسەر بناغەی زیاتر چەسپاندن و فراوانترکردنی باڵادەستی پەیوەندیی سەرمایە و سیستەمی کاری بەکرێ (العمل المأجور) و خاوەندارێتی تایبەتی بۆرژوازی بۆ ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی، بنیات نراوە. ئەمەش ڕاستەوخۆ و بەتوندی دەیبەستێتەوە بە بەها و چەمکە لیبراڵەکانی بۆرژوازی کە خاوەندارێتی تایبەتی بۆرژوازی لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی پیرۆز ڕادەگرن. بەم مانایە ترامپیزم درێژەپێدەری لیبرالیزمی بۆرژوازی و تەنانەت (پارتی دیموکراتی) ئەمریکییە لە ڕووی بناغەی چینایەتی بۆرژوازی و بنەماکانی سیستەمی چەمکی بۆرژوازی لیبراڵی و ئایدۆلۆژیا و فەلسەفەی بنەڕەتییەوە. تەنیا بە ستراتیژی سیاسی و ئەو فۆرمە سیاسی و ئایدیۆلۆژییە تایبەتە -نیوفاشیزم- جیا دەکرێتەوە کە ترامپیزم بۆ وەڵامدانەوەی گێرمەوکێشەکانی سەرمایەی کۆمەڵایەتی لەم سەردەمە مێژووییەدا گرتویەتەبەر.
ڕیزبەندی دوو باڵ و دوو ڕەوت و دوو حیزبی ناو ئۆردوگای بۆرژوازی، لە سەربنەمای جیاوازی یان لێکچوونەکانی نێوانیان بە شێوەیەکی فۆرماڵی، بەس نییە بۆ دیاریکردنی پەیوەندیی هیچ کامیان بە سەرمایەی کۆمەڵایەتییەوە، چونکە پێویستە توخمێکی دیکە، ئەویش جەمسەری چینایەتی دژبەرە، واتە چینی کرێکار، بخەینە ناو لێکۆڵینەوە و شیکردنەوە بۆ ئەوەی بە ڕوونی لەم پەیوەندیەیان تێبگەین.
وەڵامی ئەوپرسیارەی کە ترامپ و بزووتنەوەکەی چ پەیوەندییەکیان هەیە لەگەڵ سەرمایەی کۆمەڵایەتی لە ئەمریکادا؛ مەبەستم لەگەڵ بەرژەوەندییە گشتییەکانی بۆرژوازی لە ئەمریکادا، دەتوانرێت لە دەستنیشانکردنی پەیوەندییەکانی ترامپیزم بە چینی کرێکارەوە ببینینەوە.
بۆیە وەڵامی ئەو پرسیارە لە وردەکاریی ژمارە و بەڵگەکاندا نییە سەبارەت بەوەی کە ترامپ و بزووتنەوەکەی تا چەند نوێنەرایەتی بەرژەوەندی تاک سەرمایەدارەکان دەکەن و ئەو توێژە جۆراوجۆر و بێشومارانەی سەرمایە کە سەرمایەی کۆمەڵایەتی- واتە سەرمایەی ئەمریکی- بەسەریدا دابەش بووە، هەرچەندە ئەمە زۆر گرنگە، بەڵکو بە پلەی یەکەم لە دەرکپێکردنی (معرفة) ئەو پەیوەندییەدایە کە ترامپ و بزووتنەوەکەی لەگەڵ جەمسەری دژبەر لەناو سەرمایەی کۆمەڵایەتیدا هەیەتی، کە سەرمایە ناتوانێت لێی جیاببێتەوە، واتە لەگەڵ کار و بەم پێیەش لەگەڵ چینی کرێکاردا. بە کورتی وەڵامی پرسیارەکە لە پەیوەندییە دژایەتییە کرداریەکەی بزووتنەوەی ترامپ دایە لەبەرامبەر چینی کرێکاردا وەک چینێکی کۆمەڵایەتی.
لەم چوارچێوەیەدا دەبینین کە سەرەڕای هەموو ئەو ئیدیعایانەی کە ترامپ و چالاکەوانانی بزووتنەوەکەی سەبارەت بە پشتیوانیان لە چینی کرێکار دەیکەن، و بە تایبەتیش بانگەشەکردنیان لە بەرگریکردنیان لە کۆمەڵەیەکی دیاریکراویان؛ “کرێکاری سپی پێست” و “کرێکارانی زیانلێکەوتوو” بەهۆی کاریگەرییە وێرانکەرەکانی جیهانگیریی، و حوکمڕانی بۆرژوازی لیبراڵ و دامەزراوە لیبراڵە دەسەڵاتدارەکان لە ئەمریکا، و حوکمڕانی نوێنەری سەرەکی خۆیان، حزبی دیموکراتی ئەمریکی، سیاسەتە ئابوورییە سەرەکییەکانی ترامپ و ڕەوتەکەی و ستراتیژی سیاسی و فیکریی ناوەندییان بریتییە لە دژایەتیکردنی چینی کرێکار لە هەموو بەرەکان و لە ئاستە جیاجیاکاندا کە ئەمانەن:
زەوتکردنی مافەکانی چینی کرێکار، ئیفلیجکردنی وزەی خەباتکارانەی ڕێکخراو و دەستەجەمعیان و توندوتیژکردنەوەی فشار لەسەر سەندیکاکان و فیدراسیۆنەکان و خەباتی ئەم چینە وەک مانگرتن و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانیان، کەمکردنەوەی باج لەسەر سەرمایەدارە گەورەکان، بەتایبەتی ئەوانەی نزیکن لە ترامپ، و هەر لەم ڕاستایەشدا نیمچە دەستبەرداربوون لە سیستەمی پشتیوانی کۆمەڵایەتی و بیمەی تەندروستی، و داخستنی وەزارەتی پەروەردە، و دەرکردنی کرێکاران و فەرمانبەران لە دایرەکانی حکومەتی فیدراڵی، و تێکدانی (شق) ڕیزی خەباتی چینایەتی کرێکاران لەسەر بنەمای ڕەنگ و ڕەگەز و جنس، و تیکڕماندنی هەموو ئەو شوێنەوارەانەی کە ماونەتەوە لە باشبژێوی ئابوری و کۆمەڵایەتی جەماوەری کرێکار، ئەمە سەرەڕای تایبەتکردنی هەرچی ماونەتەوە لە خزمەتگوزارییەکانی کەرتی گشتی. هاوکات لە گەڵ ئەمانەشدا فراوانترکردنی سەرکوتی دەوڵەت و ڕێوشوێنە پۆلیسییەکان و لابردنی میکانیزمە یاساییەکان کە سنوورداریان دەکەن، و ئەمەش بە ڕوونی دیارە لە کۆی سیاسەت و شیوازە نیوفاشیستییەکانیاندا.
بەم پێیە ترامپیزم قۆناغێکە لە توندوتیژکردنەوە و چڕکردنەوەی ئیستغلالکردنی چینی کرێکار و سەپاندنی پاشەکشەی زیاتر بەسەریدا، و زەوتکردنی ماف و ئازادی و دەستکەوتە مێژووییەکانی، بەمەش شکاندنەوەی بارگرانی قەیرانی سەرمایەداریی ئیمپریالیستی لە ئەمریکادا هەم بەسەر شانی چینی کرێکاری ئەمریکی و هەم جیهانیش.
“بەرنامەکەی ترامپ ئەو سیناریۆیە پەیڕەو دەکات کە لە پرۆژەی ناوزڕاوی (سيئ السمعة) (٢٠٢٥)دا هاتووە، کە لەلایەن دامەزراوەی (هیریتیج) داڕێژراوە، کە لە ساڵی (١٩٧٣) دامەزراوە، لە سەرەتای گڵۆبەڵایزەی سەرمایەداری و دژە شۆڕشی نیولیبراڵدا. ئەم سیناریۆیە داوای هەڵوەشاندنەوەی هەرچی ماوەتەوە لە شۆینەواری ڕێساکانی دەوڵەتی ڕێکخراوەیی (Regulatory State)؛ و بە تایبەتکردنی ئەوەی کە لە کایەی گشتیدا دەمێنێتەوە؛ بڕینی قەبەی خەرجییە کۆمەڵایەتییەکان، لەوانەش هەڕەشەی کەمکردنەوە و بە تایبەتکردنی بیمەی (ضمان) کۆمەڵایەتی؛ کەمکردنەوەی باج لەسەر سەرمایە و دەوڵەمەندەکان، و فراوانکردنی دامودەزگای سەرکوت و چاودێری دەوڵەت، سەپاندنی هەموو ئەمانە بە تێپەڕاندنی ئەو چەند میکانیزمەی کە ماونەتەوە بۆ لێپرسینەوەی دیموکراسی.”***
ترامپ و هەرچی زیاتر نیولیبرالیزمی ئابووری، و ناکۆکیەکانی گۆشەگیریی ئابووری نەتەوەیی
ترامپیزم، لە ڕوانگەی ئابوورییەوە، لە فراوانبوون و قووڵبوونەوەی زیاتری (تاچەریزم) و (ڕیگانیزم) شتێکی تر نییە، بەڵام لە سەردەمێکی جیاواز و فۆرمێکی وێرانکەرتردا؛ واتە ئەنجامدانی نیولیبرالیزمی ئابووری بە شێوەیەکی چەند هێندەتر لە لایەن و بوارە جۆراوجۆرەکاندا. ئەولەویەتی سەرەکی ترامپ هەرچی زیاتری ئەم سیاسەت و هێرشانەیە بۆ سەر کرێکاران و سەرجەم چەوساوەکان و زۆرینەی جەماوەر، و بەمپێیەش بۆ سەر کۆمەڵگا. ئەمە و ئامانجی گۆڕینی هەرچی زیاتری دەوڵەتە بۆ ئامرازێکی ئاشکرای چەوساندنەوەی چینایەتی لە خزمەت سەرمایە و سەرمایەداری و کەڵەکەبوونی سەرمایەدا، بەبێ هیچ پابەندبوونێک بە خۆشگوزەرانی چینی کرێکار و زۆربەی جەماوەرەوە.
دروشمی سەرەکی ترامپ کە بریتییە لە “جارێکی دیکە ئەمەریکا گەورە بکەینەوە” و بەڵێنەکانیشی بۆ دابینکردنی هەلی کار بۆ کرێکاران و پەرەپێدانی ئابووری ئەمەریکا لە ڕێگەی هاندانی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و گەڕانەوەی سەرمایەی ئەمریکی و فرەنەتەوەیی بۆ وەبەرهێنان لە ئەمریکادا، لە بناغەدا درێژکراوەی ئەو سیاسەتانەیە کە هەمیشە لەلایەن دوو پارتی دەسەڵاتدار لە ئەمریکا و هەروەها حزبەکانی دیکەی وڵاتانی جۆراوجۆری سەرمایەداری گیراونەتەبەر، لە ڕووی پێدانی ئیمتیازات و لێخۆشبوون لە باج و ئاسانکاری یاسایی بۆ سەرمایە و کۆمپانیا ئەمریکی و نێودەوڵەتییەکان بۆ وەبەرهێنان لە ناوخۆی ئەمریکا و ئەو وڵاتانەدا. بە هەر حال، گەیشتن بەم ئامانجە بە سەپاندنی باج لەسەر کاڵا هاوردەکراوەکان سیاسەتێکی پڕ لە ئاڵۆزی و ناکۆکییە و دەبێتە هۆی خراپتربوونی بارودۆخی ژیانی کرێکاران کە هەر ئێستا خۆی خراپە.
سیاسەتی گۆشەگیری ئابووری نەتەوەیی (الانعزالية الاقتصادية القومية)، بە سەپاندنی باج لەسەر کاڵا هاوردەکراوەکان و ڕێگریکردن لە هاتوچۆی ئازادی سەرمایە و کاڵاکان، لە بنەڕەتدا سیاسەتێکی سەرمایەداریی قەیرانگرتووە و ناتوانێت وەڵامی ئەو کێشە و ناکۆکێیە بنەڕەتییە بداتەوە کە لە خودی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و پرۆسەی کەڵەکەبوونی سەرمایە و کێشەکانی کەڵەکەبوونیدا هەیە. جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتە ئابوورییە تەنیا ئەنجامەکەی ئەوە دەبێت کە بارگرانی قەیرانی سەرمایەداریی ئەمریکا بخاتە سەر شانی چینی کرێکار و نزمکردنەوەی ئاستی باشبژێویان لە ڕێگەی هەڵاوسان و گرانی تێچووی ژیانەوە.
گەڕانەوەی سەرمایەی “ئەمریکی” و هاندانی سەرمایەی “بیانی” بۆ وەبەرهێنان لە ناخۆی ئەمریکادا بەو ڕادەیە بەدەست دێت کە بارودۆخی ئیستغلالکردنی کاری کرێکاران توندوتیژترە و حەقدەستەکانیان کەمترە و ئاستی خۆشبژێویان نزمتر بێت. بۆیە پەیوەندی نێوان سیاسەتە ئابورییەکانی ترامپ بە کرێکاران و زەحمەتکێشانەوە شتیک نیـیە جگە لە ئیستغلالکردن و چەوساندنەەوی زیاتری ئەم چینە لە بوارە جیاجیاکاندا، ئەمش وادەکات کە هەردەم ڕووبەڕووی ئیستغلالکردنی دڕندانە ببننەوە لەلایەن سەرمایەوە.
هاندانی ترامپیزم بۆ بیرۆکەی شۆڤێنیستی و ڕەگەزپەرستی، گرتنەبەری کۆنەپەرستی ئایینی مەسیحی، پراکتیزەکردنی شۆڤێنیزمی ئایینی لە دژی کۆچبەران و پەنابەران و دروستکردنی ناتەبایی لە نێوان توێژە جیاوازەکانی چینی کرێکاردا، هەموویان بەشێکن لەم ستراتیژە کۆنەپەرستانەیە دژی چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش لە ئەمریکادا.
هەروەها، هاوپەیمانی ڕەوتی ترامپ و پاڵپشتیی سەرسەختی لە نیو-فاشیستەکان لە ئەوروپا، ئەمریکای باشوور، و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و باقی جیهان، بەشێکە لە ستراتیژە نیو-فاشیستیە بۆرژوازییەکەی بە دژی پرۆلیتاریا و کۆمۆنیزم. لەم چوارچێوەیەدا ڕەوتی ترامپ نەک هەر لە هەوڵی بڵاوکردنەوەی نیو-فاشیزمە لە سەرانسەری جیهاندا و هاوپەیمانی دەکات لەگەڵ پارت و ڕەوتەکانی و پشتیوانییان لێدەکات بە هەموو شێوەیەک، بەڵکو دژایەتی هەرچی ئەوەش دەکات کە ماوەتەوە لە شوێنەوارەکانی سازسشی چینایەتی بورژوازی دەسەڵاتدار بە تایبەتی لە ئەوروپا لە بەرامبەر چینی کرێکار و ئازادیخوازاندا، ئەمش وەک بەشیک لە هەوڵەکانی بۆ داخستنی فایلی سیستەمێکی سیاسی کە ناوی “سۆسیال دیموکرات”ە لە هەندێک وڵاتانی ئەم کیشوەرەدا.
ترامپ و ململانێ جیۆپۆلیتیکیەکان و هاوپەیمانی ناتۆ
ئەوە ڕوونە کە ترامپ بە پێی کارنامە و ئەولەویەتەکانی دەیەوێت دەسەڵات و کاریگەری ئەمریکا وەک گەورەترین دەسەڵاتی ئیمپریالیستی جیهان بخاتەوەسەریەک. دابەزینی ڕۆڵی جیهانی ئەمریکا پێویستی بەوەیە کە ترامب و ڕەوتەکەی سیاسەت و پلانێک دابڕێژن وپراکتیک بکەن کە لەگەڵ ئەم دۆخە نوێیەدا بگونجێت. لە ڕوانگەی ترامپ و ئەم ڕەوتەوە، هەر وەک ئاشکرایە لەو سیاسەت و پڕۆژە و پلانانەی کە پێشنیاری دەکەن، دەیانەوێت قەرزە زەبەلاحەکانی وڵات کەم بکەنەوە کە گەیشتۆتە چەند ترلیۆن دۆلارێک. لەم چوارچێوەیەشدا، ئەوان بەردەوامن لە بڕینی هەموو ئەو شتانەی کە “زیادە” و “ناپێویست”ن، و لەوانە دەستبەرداربوون لە پابەندبوونە سەربازی و ئەمنییەکان و داراییەکانی ئەمریکا بۆ دەستەبەرکردنی “ئاسایشی نێودەوڵەتی” هاوپەیمانەکانی، لەنێویاندا وڵاتانی ڕێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ).
هەروەها ترامپیزم فۆکوس(یرکز)ی لەسەر بەهێزکردنی پێگەی سەرمایەداری ئەمریکی و دەوڵەتەکەیەتی لە ژینگە کیشوەرییەکەیدا، بە فشارخستنە سەر کەنەدا و پەنەما، و هەوڵدان بۆ کڕینی (گرینلاند) و ڕێوشوێنی دیکە، کە بە تەواوی ڕەنگدانەوەی دابەزینی ڕۆڵی ئەمریکا و گرنگیدانیەتی بە ناوچەکانی دەوروبەری. لە هەمان چوارچێوەدا (السیاق) وازهێنان لە پابەندبوونی ئەمریکا بە دابینکردنی ئاسایش بۆ هاوپەیمانانی لەسەر حیسابی بەرژەوەندیی سەرمایەی نەتەوەیی ئەمریکا.
سیاسەت و ئەولەویەتەکانی ترامپ بەرامبەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی جیهان، سەرەڕای هەندێک چاوپۆشی (ئیستسنا) بەتایبەت سەبارەت بە ئیسرائیل و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕژیمی ئێران، لەسەر بنەمای ئەولەویەتی ململانێی لەگەڵ چین و پەرەپێدانی توانا تەکنەلۆژی و سەربازییەکانی ئەمریکا و زیادکردنی خەرجییەکان لەو بوارانەدا وەک بەشێک لە ئامادەکارییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چین، داڕیژراون.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەوانە، سیاسەتی ترامپ لەم ڕووەوە جیاوازییەکی بەرچاوی لەگەڵ ئەولەویەتەکانی دامەزراوەی دەسەڵاتداری ئەمریکا نییە. ئەم دامەزراوەیە و هەردوو پارتە گەورەکەی (کۆماری) و( دیموکرات) لەسەر ستراتیژی ئەولویەت دانانی ململانێکان لەگەڵ چین کۆکن، هەرچەندە دیموکراتەکان دەستبەرداری بەشداری سەربازی و دارایی خۆیان بۆ دەوڵەتانی هاوپەیمانانیان لە جیهاندا، نەبوون.
هەنگاوی ترامپ بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی ئۆکرانیا، ئیمتیازدانی بە ڕووسیا و ڕێککەوتنی لەگەڵیدا، بەبێ بەشداریکردنی یەکێتی ئەوروپا و بەریتانیا و ئەندامانی ناتۆ، و کشانەوەی لە دابینکردنی پاراستنی سەربازی ئەوروپا لە ململانێی جیۆپۆلەتیکی لەگەڵ ڕووسیا و هەڕەشەکانی دیکە، هەموو ئەمانە نوێنەرایەتی گۆڕانکاری بەرچاو و چۆنایەتی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و پێگەی ناتۆدا دەکەن.
ترامپیزم و سیاسەتە جیۆپۆلەتیکی و ئابووری و جیۆستراتیژکانی بوونەتە هۆی ڕوودانی لەرزینێکی گەورە لە پێکهاتەی نەزمی سیاسی نێودەوڵەتی بۆرژوازی کە لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەمەوە زاڵ بووە، و ئەمش تەعبیرە لە قۆناغێک کە دابەزینی ڕۆڵی سەرکردایەتی ئەمریکایە بۆ سەرمایەداری جیهانی و هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکان، و گوڕانیکی دیاریکراوە لە نەزمی سیاسی جیهانی بۆرژوازی کە تا ئیستا ئاشنا بووین پێی.
قەیرانی سەرمایەداری و ئەجێندای ترامپ، پێگەی ئەمریکا لە سیستەمی سەرمایەداری جیهانیدا
بەشێک لە لیبراڵە بۆرژوازییەکان کە لە پارتی دیموکراتی ئەمریکی و بزووتنەوەکەیاندا ڕێکخراون، وەهمیان هەیە و چاوەڕێی کۆتایی هاتنی ماوەی سەرۆکایەتی ترامپ دەکەن، بەو هیوایەی کە گەردەلولی فەرمان و بڕیارەکانی “بە ئارامی” تێپەڕێت، بەڵام لە هەمان کاتدا لە قووڵایی دڵیاندا دوودڵن، بەو پێیەی درک بەوە دەکەن کە ترامپیزم بەرنامە و ستراتیژێکی دیاریکراو پێشکەش دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سەرمایەداریی هاوچەرخ لە ئەمریکا، و توانیویەتی نەک تەنها بەشێک لە کۆمەڵگا لە ئەنجامی وەهم بە سیاسەتە “پۆپۆلیستییەکانی” بە لای خۆیدا ڕابکێشێت، بەڵکو تەنانەت بەشێکی کاریگەر لە چینی دەسەڵاتداری بۆرژوازی بۆ خۆی ڕابکێشێت، ئەمە جگە لە ڕیزی یەک لە دوای یەک لە ئۆلیگارشی دارایی و تەکنەلۆژی و ئەوانی تر. ئەوە ڕوونە کە ڕەوتی ترامپ بووەتە خەتی باڵادەستی بۆرژوازی ڕێکخراو لەنێو پارتی کۆماری و لەناو توێژێکی گەورەی بۆرژوا ئیمپریالیستی ئەمریکیدا، کە ئاکام و کاردانەوەی هەیە لە سەر ئاستی ئەمریکا و جیهان.
ئەمەش بەو مانایەیە کە ترامپیزم دیاردەیەکی فراوانتر و گرنگترە لە بردنەوە یان دۆڕان لە هەڵبژاردنێکدا، چونکە سەرهەڵدانی ترامپ خۆی ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی ململانێی چینایەتییە کە لەناو ئەمریکا و لە سەرانسەری کۆمەڵگادا ڕوودەدات. ململانێیەکە لەسەر ئەوەی کە چ جۆرە سیاسەت و ستراتیژێک پێداویستییەکانی چارەسەرکردنی کێشەکانی سەرمایەداری ئەمریکی لە جیهانی ئێستادا جێبەجێ دەکات.
بەم مانایە ئەوەی ئێستا ترامپ و بزووتنەوەکەی دەیکەن تەنیا کردار و سیاسەتی دیاریکراوی دەورەیەکی پەرلەمانی (پارتی کۆماری) نییە، بەڵکو وەڵامێکە بۆ کێشەوگرفتەکانی گەشەکردن و پەرەسەندنی سەرمایەی ئەمریکی. بۆیە بۆرژوازی لیبراڵ کە لە لایەن پارتی دیموکراتەوە نوێنەرایەتی دەکرێت، ناتوانێ بەر بەو شەپۆلی گۆڕانکارییە بگرێت کە بەرنامە و ستراتیجی ترامپ هێناویەتییە ئاراوە. ئەم گۆڕانکاریانە نەک تەنها لەناو ئەمریکادا، بەڵکو لەسەر ئاستی جیهانیش کاریگەرییان دەبێت. لەم چوارچێوەیەدا دەتوانرێت ئاماژە بەوەی کە بەسەر ناتۆ و ڕۆڵی ئەمریکا تیایدا ڕوویدا و ررودەدات، بکرێت، کە دەبینین ناتوانرێت بگەڕێنرێتەوە بۆ سەردەمی پێشووی. هەر بەمپێیە مەحاڵە ئەو بەردە پتەوە شکاوە کۆبکرێتەوە کە ناتۆ و سیستەمی ئەمنی و سیاسی ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا لەسەری وەستابوون. هاوپەیمانییەکەیان پێویستی بە پایە و بەردێکی دیکە هەیە لەسەری بوەستن بەڵام بە دڵنیاییەوە پتەو نابێت.
بەڵگەی مێژوویی هەیە لەسەر ئەوەی کە چۆن ڕەوندی سیاسەت و گۆڕانکارییەکان کە باڵێکی دیاریکراوی بۆرژوازی بۆ ڕێکخستن و پاراستنی سیستەمی سەرمایەداری هێناویەتییە ئاراوە دواتر کاریگەریی جیهانی بەجێدەهێڵی. تۆنی بلێر لە بەریتانیا و بیل کلینتۆن لە ئەمریکا، دوای سەرکەوتنیان بەسەر حزبی کۆنسیرڤەتێڤ و حزبی کۆماری لە وڵاتەکانیان، بەرنامەی ئابووری تارچەریزم و ڕیگانیزمیان نەگۆڕی. بە پێچەوانەوە هەمان بەرنامەیان جێبەجێ کرد، تەنانەت بەبێ دەستکاریکردنی فۆرماڵی ئەوتۆش کە شایانی باس بێت، و بەرنامە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکەی خۆیانیان ناو نا “ڕێگای سێیەم”.
بەدەر لە هەلومەرج و کاتی جیاواز، هەمان دیاردە پێدەچێت دووبارە ببێتەوە. ترامپیزم بە جۆرێک لە جۆرەکان بووەتە بەرنامە و ستراتیژی و پلاتفۆرمی بۆرژوازی ئیمپریالیستی لە ڕۆژئاوا و لە وڵاتانی جیهانی هاوپەیمان لەگەڵیدا. پارتە لیبراڵەکانی بۆرژوازی لە ئەوروپا و شوێنەکانی دیکەش هەمان ئەو ڕۆڵە دەبینن کە ئێستا دەیگێڕن کە ئەویش لەباربردنی هەر بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەیە لەلایەن پرۆلیتاریا بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی سەرمایە و سیستەمی بۆرژوازی جیهانی لە جەرگەی قەیرانی سەرمایەداریی جیهانیی ئێستادا، لە هەمان کاتدا پلاتفۆرمی ئابووریی ترامپیزم بە هەندێک دەستکاریی ڕووکەشەوە دەگرنەبەر.
ئەڵتەرناتیڤی پرۆلیتاری سۆسیالیستی ئینتیرناسیۆنالیست و ترامپیزم
قەیرانی سەرمایەداریی هاوچەرخ بە پلەی یەکەم لە پەرسەندنی ناکۆکی نێوان گەشەسەندنی زەبەلاحی هێزە بەرهەمهێنەرە مادییەکان و پەیوەندییە سەرمایەدارییەکانی بەرهەمهێناندایە کە کۆنترۆڵیان دەکەن. ئەم ڕاستییە سادەیە، کە مارکس (١٧٧) ساڵ لەمەوبەر لە مانیفێستی کۆمۆنیستدا دەریخستووە، بۆ چەند ملیارێک کرێکاری ئەمڕۆ لە سەرانسەری جیهاندا بووەتە واقیعێکی پڕ ئازار و فەلاکەتبار، کە ڕۆژانە و هەموو ساتێک بەدەست کاریگەرییەکانی هەژاری و چەوساندنەوە و بێکارییەوە دەناڵێنن، کە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی سیستەمی سەرمایەداری جیهانی هاوچەرخ پێکدەهێنن.
هەموو ناکۆکییەکانی کۆمەڵگای سەرمایەداری ئەمڕۆ بە زەقترین شێوە خۆیان دەردەخەن و دەبینیین لە بازاڕە داراییەکان و بۆرسە و بانکەکانی جیهاندا بڕێکی بێئەندازە پارە هەیە کە دەگاتە دەیان و دەیان تریلیۆن دۆلار، کە ناتوانرێت دەرفەتی وەبەرهێنانی قازانجی گونجاو بۆیان بدۆزنەوە، بە هۆی مەیلی دابەزینی ڕێژەی قازانجی سەرمایە لە ئەنجامی پەرەسەندنی هێزی بەرهەمهێنان و تەکنەلۆژیای بەرهەمهێنان لە سیستەمی سەرمایەداریدا. واتە بە هۆی ئەوەی کە پێکهاتەی ئۆرگانیکی سەرمایە بە جۆرێکە کە ڕێژەی سەرمایەی جێگیر کە بۆ ئامرازەکانی بەرهەمهێنان خەرج دەکرێت بە بەراورد بە سەرمایەی گۆڕاو کە بۆ هێزی کاری کرێکاران خەرج دەکرێت زۆر زیاترە.
قەیرانی ئابووری جیهانی ساڵی (٢٠٠٨-٢٠٠٩) و پەتای (کۆڤید-١٩) ئەم قەیرانە پێکهاتەییەی لە سیستەمی سەرمایەداری جیهانیدا توندوتیژتر کردۆتەوە و بووەتە هۆی چڕتربوونەوە و فراوانتبوونی ململانێی جیۆپۆلەتیکی، جیۆئابووری و ستراتیژی لەسەر کۆنترۆڵکردنی بازاڕی جیهانی و ناوچەکانی جێگەی نفوز (مناطق النفوذ) لە نێوان سەرمایەکانی وڵاتانی سەرمایەداری جۆراوجۆردا. ترامپیزم تەنیا دیاردەیەکە لە جەرگەی ئەم گۆڕانکاریانە و توندوتیژبوونەوەی ململانێ جیهانییەکاندا و نوێنەرایەتی سەرمایەی ئەمریکا دەکات لە کێشمەکێشی جیهانیدا لە پێناو بەرژەوەندییەکانی و بۆ گەڕاندنەوەی پێگەی جیهانی خۆی.
لە کاتێکدا کە ترامپ بانگەشەی دیماگۆژیانەی خۆی بۆ “ئاشتی” جیهانی ڕادەگەیەنێت و دەستپێشکاری دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ئۆکرانیا، بەڵام بە ئاشکرا پشتگیری لە حکومەتی فاشیستی ئیسرائیل دەکات لە بەردەوامی کۆمەڵکوژییەکانی لە غەززە و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، فەرمانی هێرشی ئاسمانی ئەمریکا بۆ سەر حوسییەکان لە یەمەن دەدات و بەدوای چۆڵکردنی بەکۆمەڵی دانیشتوانی غەززەوەیە. جگە لەوەش داوا لە هاوپەیمانە ئەوروپیەکانی و ئەندامانی (ناتۆ) دەکات کە تەرخانکردنی بودجەی سەربازییان بۆ لە سەدا پێنج (٥%)ی بەرهەمی ناوخۆیی خۆیان زیاد بکەن. زیادبوونی چەک لە هەمان کاتدا تۆوی شەڕی نوێ دەچێنێت و ئامادەکاری بۆ شەڕی کوشندەتر دەکات.
پەرەسەندنی سەرمایەداریی هاوچەرخ و مۆدێلە نیولیبراڵەکەی، توێژێکی گەورەی مرۆڤایەتی پاڵپیوەناوە بۆ قوڵایی هەژاری و بێکاری و بێبەشی، و کردوونی بە پرۆلیتاریایەکی بێبەش لە خاوەندارێتی لە ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و لە سەرەتاییترین خزمەتگوزارییەکان و خۆشگوزەرانی ئابووری و کۆمەڵایەتی. هەروەها بووەتە هۆی وێرانکاری ژینگەی گونجاو بۆ ژیان و کاریگەرییە کارەساتبارەکانی زیاتر کردووە.
ڕزگاربوون لەم سیستەمە لە ڕێگەی گەشەی بزووتنەوەیەکی پرۆلیتاری سۆسیالیستی ئینتیرناسیۆنالیستی بەهێز و بەتواناوە دێت کە لە ڕێگەی شۆڕشی کۆمەڵایەتی ڕزگاریخوازانەی خۆیەوە، پێکهاتەی سیستەمێکی باڵاتر دادەمەزرێنێت کە وەڵامی گەشەسەندنی هێزە بەرهەمهێنەرە مادییەکان و وەبەرهێنانەکانیان دەداتەوە لە بەرژەوەندی ڕزگاری مرۆڤ و خۆشگوزەرانی و یەکسانی و پاراستنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ ژیان.
دابەزینی پێگەی سەرکردایەتی ئەمریکا لە پاراستنی سیستەمی سەرمایەداریدا، نوێنەرایەتی قەیرانێکی قووڵ و بەربڵاو دەکات بۆ گەورەترین دەوڵەتی سەرمایەداری ئیمپریالیستی لەسەر زەوی، و ترامپیزم خۆی توخمەکانی ئەم قەیرانەی، لەهەموو ڕەهەندەکانیدا، هەڵگرتووە. بۆیە وەڵامدانەوەی ئەو بۆ كێشەکانی ئەم سیستەمە نوقمی کۆنەپەرستییە و بەپلەی یەکەم ئامانجی ڕێگریکردنە لە ئەگەری هەر گۆڕانکارییەکی شۆڕشگێڕانەی سۆسیالیستی کە ڕەنگە لە ئەمریکا یان لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا سەرهەڵبدات.
لە جەرگەی خەباتی چینایەتی جیهانیی پرۆلیتاریا لە دژی سەرمایەداری، ترامپیزم و ئەو هەڵکشانە کۆنەپەرستانە جیهانیـیەی کە نوێنەرایەتی دەکات، و ڕۆڵی دامەزراوەی دەسەڵاتداری بۆرژوا ئیمپریالیستی ئەمریکی، بەربەستێکی گەورە لە بەردەم شۆڕشی سۆسیالیستی ئەم چینە جیهانییە پێکدەهێنن.
کاریگەرییەکانی ئەم هەڵكشانە کۆنەپەرستانەیە لە وڵاتێکی بەهێزی وەک ئەمریکا و پێگەی لە سیستەمی سەرمایەداریی جیهانیدا، پرۆلیتاریای جیهانی و بزووتنەوەی کۆمۆنیستەکەی ڕاستەوخۆ و لە هەموو شوێنێکدا دەخاتە ڕووبەرووی ئەم شەپۆلە کۆنەپەرستانەیەوە. ئەمەش پێویستی بە گەورەترین پلەی خۆ چەکدارکردنە بە تیۆری ماتریالیستی دیالێکتیکی شۆڕشگێڕانەی مارکس بۆ تێگەیشتن لەوەی کە چی ڕوودەدات، و دیاریکردنی پێگەی ترامپیزم لەناو ئەم ماجەرایەدا، و گرتنەبەر و جێبەجێکردنی سیاسەتی کۆمۆنیستی بەوپەڕی ئیرادەوە لەنێو جەرگەی ململانێی چینایەتی کە بەردەوامە لە کۆمەڵگاکاندا.
٢٥ی ئازاری ٢٠٢٥
—-.——–.———-
*Trump has tapped an unprecedented 13 billionaires for his administration. Here’s who they are – ABC News
**The New Age Militarists – TomDispatch.com
***Trump Tariffs Hide Capital’s Warfare Against the Working Class – LA Progressive