Home بیروڕاجیهان لە چاوەڕوانی تۆڵەی پۆتین!

جیهان لە چاوەڕوانی تۆڵەی پۆتین!

by admin
0 کۆمێنتەکان 53 بینینەکان

ڕزگار عومەر:     
لێدوانەکەی ڤلادیمێر پوتین کە دەڵێت ڕووسیا “دەبێت وەڵام بداتەوە” واتە دەبێ تۆڵە بکاتەوە لەسەر هێرشە گەورەکانی ئۆکرانیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر بنکە ئاسمانییەکانی ڕووسیا، ئەمە زەنگی دڵەڕواکێیەکی جیهانی بە دوای خۆیدا هێنا. شەڕی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان کە سەردەمانێک تاکتیکێکی تەواوکەر یان دەتوانین نیمچە یەکسانی هەردوولا بوو، لە ئێستادا مەیدانی شەڕی مۆدێرن پێناسە دەکات، بەتایبەتی لە هەڵمەتی ناهاوسەنگی ئۆکرانیا دژی ژێرخانی سەربازی باڵای ڕووسیا کە خەریکە لە نیمچە یەکسانەوە دەیکا بە یەکسانی تەواو لە ڕووی زیانگەیاندنی ستراتیژی سەربازیی. بە ئامانجگرتنی بنکە ئاسمانییەکان لە قووڵایی خاکی ڕووسیا، وای کرد لە ئێستادا ئۆکرانیا نەک هەر توانای تاکتیکی زیاد کرد بە یارمەتی دەستێوەردانی ئەوروپا بەڵکو سنووری خۆگرتن یان دان بەخۆگرتنی مۆسکۆی بە خراپی تاقی کردەوە، لێرەوە جیهان لە بەردەم ئاشوبێکی بێ وێنە دایە.
دەستەواژەکانی پوتین کە دەڵێت ڕوسیا “دەبێت وەڵام بداتەوە”- ئاماژەیە بۆ مەبەستێک نەک تەنها بۆ تۆڵەسەندنەوەیەکی ئاسایی، بەڵکو بۆ دووبارە داڕشتنەوەی هاوسەنگی ستراتیژی کە بە پەرچەکردارو هێرشی ئاسایی ئەم هاوسەنگیە ڕاست نابێتەوە. لە هەمان کاتدا هۆشدارییەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هەورێك لە ئاڵۆزی سیاسی و دەروونی زیاد دەکات بۆ ئەم دۆخەی جیهانی پیا تێدەپەڕێت. بەیاننامەکەی نیگەرانییەکی دوولایەنە دەخاتە ڕوو: یەکەم، ئەگەری ئەوەی ڕووسیا هێرشێکی تۆڵەسەندنەوەی گەورە ئەنجام بدات کە دەتوانێت هەموو جیهان زیاتر ناسەقامگیر بکات؛ دووەم: مەترسی قووڵتر کێشانی ئەمریکا و ناتۆ بەتایبەتی ئەڵمانیاو بەریتانیا بۆ ناو ململانێیەکی وێرانکەرو خوێناوی.
لە ڕووی ستراتیژییەوە، هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان- و وەڵامی چاوەڕوانکراوی ڕووسیا- جەخت لەسەر پەرەسەندنی ئەم جەنگە دەکەنەوە بۆ ئاستێکی مەترسیدار کە پێشهاتەکانی لە کۆنترۆڵ دەرچووە. ئۆکرانیا نیشانی دەدات کە دەتوانێت ئامانجی بەنرخی بەرز لەناو ڕووسیادا لێبدات، ئەمەش مۆسکۆ ناچار دەکات هێزو ئیمکاناتی زیاتر لە بەرگریکردن لە ناوخۆدا تەرخان بکات. ئەمەش سەرچاوەکانی تواناکانی ڕووسیا دەگوشێت و بە ئەگەرێکی زۆرەوە لاوازی سیاسی لەناو خەڵکی ڕووسیادا دروست دەکات بە تایبەتی لە مەیدانی ئابوریدا، کە تا ڕادەیەکی باش تە ئەمڕۆش لە تێچووی ڕاستەوخۆی شەڕ پارێزراو بوون، ئەمڕۆ ئەم قۆناغە کۆتایی هات و ڕوسیا ناچار دەبێت زەبرو زەنگی جەنگی و ستراتیژی سەربازیی قوڵتر دوور لە سنوورەکانی بکاتە ئەڵقەی تازەی جەنگ.
ئێستا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە دۆخێکی ناجێگیردا وەستاوە. وەڵامێکی هەڵەی حیسابکراوی ڕووسیا یان هۆشدارییەکی هەڵەی لێکدانەوەی ئەمریکا دەتوانێت شەڕەکە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئۆکرانیا فراوانتر بکات. لەم تەم و مژەی هەڕەشە و سیگناڵ و دژە نیشانەدا، کاتێك لۆژیکی جەنگ و بردنەوەی خوێناوی بووە بە تارمایی زاڵ، ئەو دەمی هەموو جیهان پێویستی بە دیپلۆماسی بەپەلەتر دەبێت- چونکە ڕەنگە ئەمڕۆمان دوا دەرفەتەکانی دیبلۆماسیەت بێت، لە کاتێکدا هەردوو لایەن خۆیان بۆ پەرەسەندنی زیاتر ئامادە دەکەن لە سەر حیسابی هەموو جیهان، لەسەر مرۆڤایەتی.

لێدوانێک بەجێ بهێلە