حەمید کۆرەچی:
ئاهەنگگێڕانی ڕوسیا بۆ سەرکەوتنی یەکێتی سۆڤیەت لە جەنگی جیهانی دووەمدا، لە کاتێکدا ناسیۆنالیستەکانی ڕووسیا ڕقیان لە یەکێتی سۆڤیەتی پێشووە، لەوانەیە وەک ناکۆکییەکی سەیر دەربکەوێت. بەڵام ئەم ناجۆرییە تەنیا ڕەنگدانەوەی ئاڵۆزییەکانی ناسنامەی ڕووسیا و پەرەسەندنەکەیە بەتایبەتی دوای جەنگی جیهانیی دووەم. ئەم جەنگە یەکێتی سۆڤیەت لە قەوارەیەکی ئینتەرناسیۆنالیستی یەوە بۆ دەوڵەتی نەتەوەیی گۆری و ڕێگەی بە ناسیۆنالیستەکانی ڕووسیا دا تێکەڵ بەم ناسنامە نوێیە ببن.
پێش جەنگی جیهانی دووەم، ناسیۆنالیستەکانی ڕووسیا بە بەشێک بوون لە “سوپای سپی” کە بەربەرەلانێی شۆڕشی بەلشەڤیکیان دەکرد، ئەو کۆچبەرانەی لە رژێمی سۆڤییەتی هەڵهاتوون، یان لە کەمپەکانی کار (گۆلاخ) گیرابوون. ئەمانە ناسنامەیان بە توندی گرێدرابووە بە مێژووی قەیسەرت و ئۆرتۆدۆکسییەوە. ناسنامەیان دژایەتیکردنی ئێدیۆلۆژیی ناسیۆنالیستیی بۆلشەفیکەکان بو.
بەڵام دوای جەنگ، ناسنامەکەیان لە ڕەگەوە گۆڕینی بەسەرهات بەو جۆرە کە لەجیاتی لە دەرەوەی رژێم بمێننەوە ، بوون بە بەشێک جیانەکراوە لە ڕیسی کۆمەلگەی سۆڤییەت. زۆرێکیش لێیان چوونە ناو داوودەزگای دەولەت حزبەوە، و وەکوو دەسپێشخەری کۆمونیست یان ئەندامی حزب کاریان کرد. ئەم تێکەڵ بوونە پرسێکی گرنگ دەوروژێنێت: چۆن کەسانێک کە دوژمناتیی رژیمی سۆڤییەتییان دەکرد بۆیان هەبوو ببنە بەشیک لێی لەیەنگەلێک لە ناسنامەکەی نوێیەکەی بەخۆوە بگرن؟
“جەنگی نیشتمانی مەزن” و کاریگەری ئایدۆلۆژیای
جەنگی جیهانیی دووەم کە لە ڕوسیا بە “جەنگی نیشتمانی گەورە” ناسراوە، خاڵێکی وەرچەرخانێکی گرنگ بوو کە ئایدیۆلۆژیای سۆڤیەت خۆی گۆڕی. پێش جەنگ، یەکێتی سۆڤیەت وەک دەوڵەتی نەتەوەیی سەیر نەکرا، بەڵکو وەک تەختەی بازدان بۆ شۆڕشی جیهانی. “ئایدیۆلۆژیای ئینتەرناسیۆنالیست” بە ئاشکرا دژی ناسیۆنالیزمی کۆنی ڕووسی و سیمبولەکانی بوو (بۆ نمونە، ئەفسەرانی سوپای سوور پلەی سەربازی سوننەتیی نەبو).
لەگەڵ کۆتایی هاتنی جەنگ، یەکێتی سۆڤیەت بوو بە دەوڵەتێکی ناسیونالیستی دیار. سەرکەوتن لە جەنگدا بوو بە سەرچاوەی شانازی نەتەوەیی گەورە و ڕێگەی دا مێژووی ڕووسیا دووبارە بەیەکەوە ببەسترێتەوە. شانازی بە سەرکەوتنەکانی ڕابردووی هێزە بیانییەکان (وەک ناپلیۆن و سوید) جێگەی قبوڵ بوو، و یەکێتی سۆڤیەت تەنانەت بە میراتگری شەرعی ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا دادەنرا. ئەم گۆڕانکارییە تەنها بە ناوخۆی سۆڤیەت سنووردار نەبوو،بەڵکو کاریگەری خۆی بۆ کۆچکەرانی سپیی ڕووسی فراوان کرد، کە دوای ئەم سەرکەوتنە دەستیان کرد بە قبووڵکردنی یەکێتی سۆڤیەت وەک “ڕوسیای نوێ”، بەتایبەتی دوای ڕاگەیاندنی لێبوردنی گشتی بۆ کۆچکەران دوای جەنگ.
دوای جەنگ، ناسیونالیستەکانی ڕووسیا بەزۆری بوون بە ‘ نیشتمانپەروەرانی لایەنگری سۆڤیەت”. لەگەڵ ئەوەشدا،چەند کەسێکی جیاوازی بەرچاو هەبوون، وەک ئەلیکساندەر سۆلژنیتسین، کە بەردەوام بوو لە دژایەتیکردنی ئیلحادی سۆڤیەت و پەیوەست بوون بە ئۆرتۆدۆکسییەت. ئەم هەڵاواردنانە جەخت لەسەر ئاڵۆزی ناسنامەی نەتەوەیی لەو سەردەمەدا دەکەنەوە.
ئایدیۆلۆژیاکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی گۆڕان و لە هەمان کاتدا شێوە دەرەکییەکانیان دەپارێزران. ئەمە ئەو شتەیە کە لەگەڵ “کۆمۆنیزم لە یەکێتی سۆڤیەت” ڕوویدا. لە ئایدیۆلۆژیایەکی چەپی ڕادیکاڵی ئینتەرناسیۆنالیستییەوە کە داوای یەکسانی دەکات گۆڕا بۆ ئایدیۆلۆژیایەکی چەپی ناسیونالیستی بیرۆکراتی پارێزگار، هەموویان لەژێر هەمان ئاڵای سووردا.
کۆمینترن (ئینتەرناسیۆنالی کۆمۆنیست) هەروەها گۆڕانێکی گەورەی لە پابەندبوونێکی توند بە شۆڕشی پڕۆلیتاریای جیهانی بۆ ڕێبازێکی پراگماتیک تر کە جەخت لەسەر بەرژەوەندی نەتەوەیی و هاوپەیمانییەتی دەکات، تەنانەت لەگەڵ ڕژێمە دژەکاندا. پاش هێڵە ڕادیکاڵەکەی (1928-1934) کە یارمەتیدەر بوو بۆ سەرهەڵدانی نازیزم، کۆمینترن لە ساڵی 1935 گۆڕا بۆ سیاسەتی بەرەی گەلێری و داوای هاوپەیمانییەکی فراوانی کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی فاشیزم.
هێرشی ئەڵمانیا بۆ سەر یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی 1941 ئەم گۆڕانکارییەی بەهێز کرد. جەنگەکە بوو بە “جەنگی نەتەوەیی مەزن”، کە جەخت لەسەر مانەوە و یەکێتی نەتەوەیی دەکرد. کۆمینترن بە فەرمی لە ساڵی 1943 هەڵوەشایەوە، بەشێکی وەک ئاماژەیەک بۆ هاوپەیمانانی ڕۆژئاوا و بەشێکی تر لەبەر ئەوەی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی سۆڤیەت بوون بە ئەولەویەت.
دوای جەنگی جیهانیی دووەم، سیاسەتی دەرەوەی سۆڤیەت و کاریگەری لەسەر پارتە کۆمۆنیستەکان زیاتر پراکتیکیانە و خەباتی سارد دژی ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا بوو. ئامانج لاوازکردنی کاریگەری ڕۆژئاوا و فراوانکردنی دەسەڵاتی سۆڤیەت بوو لە ڕێگەی پشتیوانیکردن لە بزووتنەوەکانی دژە کۆلۆنیالیزم و دژە نەتەوەپەرستی لە وڵاتانی جیهانی سێیەم، بێ گوێدانە ئایدۆلۆژیای ناوخۆییان یان مامەڵەیان لەگەڵ کۆمۆنیستە ناوخۆییەکان.
نمونەیەکی سەرنجڕاکێش پشتگیری سۆڤیەت بۆ سەرکردەکانی وەک جەمال عەبدولناسر لە میسر و هەندێک ڕژێمی کۆماری و مستەفا کەمال ئەتاتورک لە تورکیا و تەنانەت شا لە ئێران (لە چەند سەردەمێکی دیاریکراودا) سەرەڕای چەوساندنەوەی کۆمۆنیستە ناوخۆییەکان. زۆرێک لە سەرکردە ناسیۆنالیستەکان دژە ڕۆژئاوا بوون و هەوڵیان دەدا کاریگەری هێزە داگیرکەرەکانی پێشوو کەم بکەنەوە و بیانکەن بە هاوپەیمانی سروشتی سەرەرای کێشەی ئێدیۆلۆژی لەگەلیان لە مەیدان ململانێی جیهانی دا. یەکێتی سۆڤیەت بە پشتیوانی ئەم ڕژێمە ناسیۆنالیستانە هەوڵی ناسەقامگیرکردنی بلۆکی ڕۆژئاوا و دروستکردنی بواری نوێی کاریگەری دەدا.
یەکێتی سۆڤیەت پێی وابوو کە دەوڵەتەکانی پاش کۆلۆنیالیزم دەتوانن لە قۆناغی سەرمایەداری تێبپەڕن و ڕاستەوخۆ بەرەو “سوسیالیزم” بڕۆن کە لە ڕاستیدا “سەرمایەداری دەوڵەتی” یە، تەنانەت ئەگەر لەلایەن هێزە ناکۆمۆنیستییەکانەوە بەڕێوە ببرێت.
جەنگی جیهانی دووەم واقیعێکی نوێی بەسەر بزووتنەوەی کۆمۆنیستی جیهانی سەپاند. یەکێتی سۆڤیەت و پارتە کۆمۆنیستەکانی تر ناچار بوون خۆیان لەگەڵ پێویستی بەرگری لە نیشتمان و بنیاتنانی دەوڵەت و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگاکان بگونجێنن کە بووە هۆی دابەزینی وردە وردە پرەنسیپەکانی ئینتەرناسیۆنالیستی و چینایەتی بۆ خاتری بەرژەوەندی نەتەوەیی و ناسنامە. ئەم گۆڕانە ناکۆکی ئاشکرای نێوان ئاهەنگگێڕانی ڕووسیا بۆ سەرکەوتنی سەردەمی سۆڤیەت ڕوون دەکاتەوە، سەرەڕای دوژمنایەتی ناسیۆنالیستەکانی ڕووسیا بۆ یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو.