Home بیروڕاگفتوگۆکەناڵی هیوا لەگەڵ نووسەر و ڕۆژنامەوان حەسەن جودی، سەبارەت بە بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢ی پارتی کرێکارانی کوردستان

گفتوگۆکەناڵی هیوا لەگەڵ نووسەر و ڕۆژنامەوان حەسەن جودی، سەبارەت بە بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢ی پارتی کرێکارانی کوردستان

by admin
0 کۆمێنتەکان 57 بینینەکان

(ئەم گفت‌وگۆیە لە ٢١ ی ئایاری ٢٠٢٥ بە شێوەیەکی زیندوو ئەنجامدراوە و بڵاوکراوەتەوە. بە کۆمەك و دەستپێشخەری دۆستێکی ئازیز وەک تێکست ئامادەکراوە)

ئایا پەکەکە لەناوچوو و دەسەڵاتی فاشیزمی تورکیا سەرکەوتنی بەدەستهێنا؟ ئایا چەکدانانی پەکەکە تەسلیم بوونە؟
ئایا ئاسۆیەک بۆ چارەسەری پرسی کورد لە سایەی ئەردۆغاندا هەیە؟ بە چ بەهایەک؟
لە بەیاننامەی کۆتایی کۆنگرەدا و لە پەیامی سەرکردەکانی پەکەکە و خودی ئۆجەلان باس لە سۆشیالیزمی کۆمەڵگای دیموکراتی دەکرێت، ئەم دەربڕینە چی دەگەیەنێت؟ ئەم سۆشیالیزمە لە چیدا لە سۆشیالیزمەکانی تر جیاوازە و خەسڵەتەکانی چین؟
———–

ئازیزان و خۆشەویستان ئەمڕۆتان شاد و ئەم کاتەتان باش، من شەماڵ عەلیم و جارێکی دیکە لە ڕێگەی کەناڵی هیواوە لەگەڵ ئێوەی ئازیزدام بۆ پێشکەشکردنی بەرنامەیەکی تر، گفتوگۆیەکی تر لەگەڵ هاوڕێیەکی ئازیزدا.

ئەم گفتوگۆیە سەبارەت بە بڕیارەکانی کۆنگرەی دوازدەی پارتی کرێکارانی کوردستانە. هاوڕێیان و ئازیزانێک کە بینەرمانن لەسەر فەیسبووک یاخود یوتوب داواکارم لێیان کە لینکی ئەو بەرنامەیە لە ڕێگەی خۆیانەوە بڵاو بکەنەوە تا بینەرانێکی زۆرترمان لەگەڵدا بن، ئەگەر تاکو ئێستاش نەتانکردووە کەناڵی هیوا لە یوتوب سەبسکرایب بکەن و بە دۆست و ئاشنایانی خۆتانی بناسێنن.

هەموو بینەرانی ئێمە ئاگاداری ئەوەن کە لە هەفتەی ڕابردوودا ڕاگەیاندنێک سەبارەت بە کۆتایی هاتنی دوازدەهەمین کۆنگرەی پارتی کرێکارانی کوردستان بڵاو بووەوە، لەو ڕاگەیاندنەدا ئاشکرا کرا کە پەکەکە بڕیاریداوە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، چەک دابنێ و دەست بە پرۆسەیەکی تر و قۆناغێکی تر لە هەڵسوڕان و چاڵاکیەکانی خۆی بکات .
من بەر لە ئێستا چەند بەرنامەی ترم سەبارەت بەم بابەتە کردووە، ئەمڕۆش لەگەڵ ئێوەی ئازیزدا بەخێرهاتنی میوانێکی ئازیز و میوانێکی خۆشەویستم دەکەم کە ڕۆژنامەوان و نووسەر کاک حەسەن جودیە.
زۆر بەخێرهاتی هاوڕێ حەسەن دەکەم، خۆشحاڵم کە میوانی منی بۆ ئەم بەرنامەیە .
+ زۆر سوپاس بۆ ئێوەش، سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونیەکانی ئێوە دەکەم هەر بژین. سڵاو و ڕێزم بۆ هەموو بینەرانی ئەو بەرنامەیەش هەیە .

_ زۆر باشە هاوڕێ حەسەن لە بەرنامەکانی تریشدا سەبارەت بەم بابەتە قسەمان کرد وەکو پێش بەرنامەکەش هەرخۆت ئاماژەت پێدا، کە هەوڵتدا لە بەرنامەکەی پێشوودا کەمێک ڕوونکردنەوە سەبارەت بەوە بدەی کە ئەم پەیامەی کە بەڕێز ئۆجەلان لە زیندانەوە ناردوویەتی سەرەنجامەکەی بەوە دەبێ کەوا PKK ئەو بڕیارە دەردەکات، ئەو شتەی کە زۆر کەس چاوەڕوانیان نەدەکرد ئەوە ڕوودەدات، بەڵام سەرباری ئەوەش وەکو خۆت باست کرد بووە بەهۆی شۆک بۆ هەندێک. قسەوباسی زۆر کرا سەبارەت بەمانە، لێکدانەوەی زۆر کرا، خەڵکانێکی زۆر بە جۆرەها شێوە لە گۆشەی جیاواز جیاوازەوە لێکدانەوانەیان کرد. ئەوانەی کە دوژمنایەتی هەموو جوڵانەوەیەکی ئازادیخوازانە و هەموو بەرەوپێشچوونێکن و هەموو پێشکەوتنێکن، دیارە بەشیک لەوانەش کە دوژمنایەتی ڕەوتی PKK دەکەن، نەک ئەوەی ڕەخنەیان هەبێ یان لێی جیاواز بن دوژمنایەتی دەکەن، ئەمەیان بە هەلزانی باسی ئاشبەتاڵ و و تەسلیم بوون و ئەو وشانە کە گونجاو نیە بەکارهێنا .
بەشێکی تر لە سۆنگەی دڵسۆزیەوە بە جۆرێک لە جۆرەکان خۆیان بە هاوبەشی ئەو ڕێبازە دەزانن کە PKK هەیەتی، بەڵام لە ڕوانگەی دڵگەرمی و گوایە دڵسۆزیەوە رەخنە لەو هەنگاوەی PKK دەگرن، من پێمخۆشە لەو پرسیارەوە دەستپێبکەم، ئایە PKK لەناچوو؟ دەسەڵاتی فاشیزمی تورکیا سەرکەوتنی بەدەستهێنا ؟
+ سڵاو و ڕێز دووبارە بۆ ئێوە و بۆ هەموو بینەران ئەوانەی کە ئێستا لەگەڵ ئێمەدان و ئەوانەی کە دواتریش سەیری ئەم بەرنامەیە دەکەن.
لە ڕاستیدا هاوڕێ شەماڵ ئەو بابەتە چەند مانگێکە لە ڕۆژەڤدایە و هەم لە باسوخواسی خەڵکدایە و هەمیش لە ڕاگەیاندنەکانی جیهاندایە .
من بەش بە حاڵی خۆم نزیک بە ٥ مانگ بەر لە ئێستا زنجیرەیەک سیمینارمان کرد و لە چەند بەرنامەیەکیشدا ئەم بابەتانەمان باس کرد، لەو کاتەش باسمان لەوە کرد کە گۆڕانکارییەک هەیە و PKK بەڕێوەیدەبات و ئەنجامیدەدا سەبارەت بەخۆی.
بەهەر حاڵ ئەو بابەتانەی کە تاکو ئێستا قسە و باسی لەسەر کراوە بەڕێزتان جوانتان پۆلین کرد، واتا ئەوانەی کە دوژمنایەتی دەکەن، ئەوە بەڕای من پێویست بەهیچ ڕوونکردنەوەیەک ناکات بۆیان، پێویست بەهیچ قسەیەکیش ناکات لەبارەیانەوە، تۆ هەرشتێک بکەیت ئەوان هەر دژایەتی دەکەن، ئەمە بابەتێکی جیاوازە. بەڵام بۆ ئەوانەی دیکە کە قسەی لەسەر دەکەن و ڕەخنە دەگرن، خەمگینن بۆ ئەم بابەتە، یان لێی تێناگەن یان بەشێوەیەک لە شێوەکان نیگەرانن، ترسیان هەیە و مەترسیەک دەبینن، لەبەر ئەوە بەرای من ئەوانە هەمووی شایەنی ڕێزن، هەموو ئەوانەی کە ڕەخنە دەگرن و بۆچوونی جیاوازیان هەیە، هەموو ئەوانەی کە تەواو بیرکردنەوەیەکی پێچەوانەی ئەم بابەتەشیان هەیە، هەموو ئەمانە بەبێ دەرهاوێشتن جێگای ڕێزن و واتادارن، مرۆڤ دەتوانێ واتایەکی زۆریشیان پێ بدات. بەڵام بە بڕوای من ئەم پێواژۆیە ئەگەر هیچی نەکردبێ توانی لە کۆمەڵگەی کوردی بە تایبەت، زۆر بەتایبەتتریش لە باشوور و کۆی دونیاش بەقەد سەدەیەک گفتوگۆ لەسەر کورد و PKK و تورکیا و ئاشتی و گۆڕانکاری و ئەم شتانە بکرێ، ئەمە زۆر گرینگە .
خۆی ئێمە بمانەوێ گۆڕانکاری زیهنی و فیکری دروست ببێ، خۆ گۆڕانکاری زیهنی و فیکری لە مەکتەبێک دروست نابێت، تۆ بێی دابنیشیت و یەکێکیش بێت قسەت بۆ بکات، ئا بەم گفتوگۆ و موناقەشەیە دروست دەبێت، واتا ئەمە بۆخۆی لایەنێکی ڕۆشنکەرەوە و ڕۆشنگەریانەی هەیە، گرینگە بەڕای من واتای پێ بدرێت، ئەوانی تری کە دوژمنایەتی دەکەن وەکو باسمکرد جێی باس نین بەهیچ شێوەیەک .
بە گشتی ئەو پرسیارەی بەڕێزتان کە ئایە PKK لەناوچوو؟ یان دەسەڵاتی فاشیزمی تورک سەرکەوت ؟
هەردووکیان نەخێر؛ پەکەکە لەناو نەچووە و دەسەڵاتی فاشیزمی تورکیاش سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە، ڕێک بە پێچەوانەوە، PKKبەشێکە لە بزووتنەوەی ئازادی کە ئێمە پێی دەڵێین بزوتنەوەی ئازادی، هەڤاڵان و لایەنگرانی ئەم بزوتنەوەیە پێی دەڵێن بزوتنەوەی (ئاپۆیی) ، یان بە کرمانجی پێی دەڵێن (ئاپۆچی) PKK بۆخۆی ڕێکخستنێکە لەناو ئەو بزوتنەوەیە. بزوتنەوەکە بۆخۆی فراوانە بە هەزاران ڕێکخستن و ئۆرگانیزاسیۆن و سیستەمێکی تایبەت بەخۆی هەیە و نمونەی لە دونیا لە هیچ شوێنێکی دیکە نیە. سیستەمێکە تایبەت بەم بزوتنەوەیە، پێش PKK ش ئەم بزوتنەوەیە هەبوو لە ساڵی ١٩٧٣ – ١٩٧٨ ئەم بزوتنەوەیە هەبوو، پێشتریش کە PKK خۆی هەڵوەشاندبووەوە ئەم بزوتنەوەیە هەر هەبوو و مایەوە، چەندین ناویشی گۆڕیوە، چەند جار گۆڕانکاری کردووە دیسان ئەم بزوتنەوەیە هەبوو، ئێستاش هەیە و لەمەودواش دەبێ .

PKK چی کردووە؟ PKK بۆ قۆناغێک دامەزرا کۆمەڵێک ئەرکی لەسەر شان بوو، لە بارودۆخێک دامەزرا لە ژێر کاریگەری دۆخی ئەوکاتە دروستبوو، هەم لە کۆنگرەدا باسی ئەو دۆخە کرا هەمیش لە پەیامەکانی ( ڕێبەر ئۆجەلاندا ) باسیکراوە، کە قۆناغێک بووە جەنگی سارد بوو، دوو جەمسەری هەبوو، یان بڵێی سۆسیالیزمێکی ئاواکراو یان بونیادنراو هەبوو، لەژێر کاریگەری ئەمانە دروستبوو و دۆزی کوردیش هەبوو، ئەمەش بوو بە بنەمایەک بۆ دامەزراندنەکە. هەڵبەتە ئێستا ئەم دۆخە هەمووی گۆڕاوە و دۆخێکی نوێ هاتووەتە کایەوە، دووش وەکو PKK بۆخۆی نەک وەکو بزوتنەوەی ئازادی ٤٧ ساڵ ئیشیکرد بەناوی PKK ، لەم ٤٧ ساڵەدا توانی کۆمەڵگەیەک‌و گەلێک زیندوو بکاتەوەو هوشیاری بکاتەوەو بەڕێکخستنی بکات، بیکات بەهێز و بە ئیرادەو خاوەنی ڕێکخستن‌و خاوەنی وشیاریەکی باش. ئەمە ئەرکی یەکەمی PKK بوو. ئەرکی دووەمی PKK ئەوەبوو بتوانێ لە ئاستی نەتەوەییدا بتوانێ تێکۆشانێک بەڕێوەببات، ئەرکی سێیەمی کە بەشێوەیەک لە شێوەکان کاری لەسەر کردووە ئەویش ئەوەبوو کە لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا بتوانێ تێزێکی نوێ‌و پارادیگمایەکی نوێ بۆ فیکری سۆسیالیستی بنیاد بنێت، چونکە PKK و بزوتنەوەی ئازادی بۆخۆشی لە بنچینەدا بزوتنەوەیەکی سۆسیالیستیە، هیچ کاتێک لە هەموو قۆناغەکاندا نە نکوڵی لێکردووەو نە نکوڵیشی لێدەکات، لەمەودواش نکوڵی لێناکات. دواتر هەڵبەتە دێینە سەر ئەو باسە.
بەڵام ئێستا من دەمەوێ باس لەوە بکەم ، PKK بزوتنەوەیەکی سۆسیالیستیە، هەر لە ساڵانی حەفتاکانەوە تا ساڵی ١٩٩١ بە چڕوپڕی لەژێر کاریگەری ئەو سۆسیالیزمەدا بوو کە ئەوکاتە لە ئارادابوو و جێبەجێ کرابوو لە سۆڤیەت‌و لە شوێنەکانی تر، بەڵام لە ١٩٨٢ بەدواوە تا دەهات ناکۆکی ئەم بزوتنەوەیە لەگەڵ خودی ئەم سۆسیالیزمە بونیادنراوەدا هەبوو، لە ١٩٨٢ یانی ئێستا ئەدەبیاتیش هەیە لەوکاتەوە ئیشی لەسەر کراوە، بەڵام من دواتر دێمە سەری. بەهەرحاڵ PKK لەسەر دوو بابەت ئیشی کردووە ؛ یەک – کێشەیەکی نەتەوەیی‌و دۆزێکی نەتەوەیی هەیە ئیشی لەسەر کردووە، بەڵام بۆ ئەم دۆزە نەتەوەییە، پێیوابووە لە چوارچێوەی سۆسیالیزمدا دەتواندرێ چارەسەر بکرێ، بەگوێرەی تێگەیشتنی ئەوکاتە سۆسیالیزمیش دەبێ دەوڵەتی هەبێت، لە ڕێگەی دەوڵەتەوە کورد بە دەوڵەتێکی سۆسیالیستی بگات، کوردستانێکی سەربەخۆو ئازادو یەکگرتوو بنەماکەی دەبێ سۆسیالیزم بێت. بەڵام بەدرێژایی ماوەی خەبات‌و تێکۆشان‌و گۆڕانکاریەکانی جیهان‌و ئەمانە هەم (ڕێبەر ئۆجەلان)و هەم بە گشتی لەناو PKK شدا ئەو تێگەیشتنە دروست بوو ئەمە چۆن دەبێ؟ ناکۆکە لەگەڵ یەکدا، یانی سۆسیالیزم چۆن دەبێ لە ڕێگەی دەوڵەتدا بێتەدی؟ دەوڵەت چۆن دەتوانێ سۆسیالیزم بەدی بێنێ؟ ئەمانە ناکۆکی‌و قسەوباس‌و گفتوگۆیەکی زۆری لەسەر کراوە، بەتایبەتی من بەبیرمدێ لە ساڵی ١٩٩٥ بەدواوە بە چڕوپڕی ئەم بابەتە گفتوگۆی لەسەر کرا، هەتا لە کۆنگرەی پێنجەمدا ئەم بابەتە بە شێوەیەکی زۆر ورد ئیشی لەسەر کراو قسەی لەسەر کرا، بەڵام ئەم گۆڕانکاریانە نەبوونە سیستەمێک، نەبوونە ئەلتەرناتیڤێک. واتا بڵێین گەڕانێک هەبوو بەدوای ئەڵتەرناتیڤدا، بەڵام گەیشتبوونە ئەو بڕوایەی بەم شێوەیە نابێ، بەڵام ئەڵتەرناتیڤ چیە؟ ئەلتەرناتیڤ تا ئەو کاتە شەڕو پیلانگێڕییەکان هەبوون، نەتواندرا ئەلتەرناتیڤەکە وردتر بیری لێبکرێتەوەو جێبەجێ بکرێ .

_ یانی مەبەستت ئەوەیە کە بەو شێوەیە نابێ، ئەو شێوەیە کە دەوڵەتێک حزبێک بێت سۆشیالیزم دابمەزرێنێ یاخود خەڵک ڕزگار بکات ئەمە نابێت ؟
+ ئەمە نابێت، بەڵام چی دەبێت‌و چی دێتە شوێنی ئەمە، دواتر ئەلتەرناتیڤ چیە؟ ئەو کاتە بۆ ئەمە ئەلتەرناتیڤێکی روون نەبوو، بەلایەنی کەم لە ڕووی تیۆریەوە نەبوو، بەهەرحاڵ ئەم گۆڕانکاریانە تا گەیشتە ئەوەی کە ئیتر PKK تا ڕادەیەکی زۆر ڕۆڵی پێشەنگایەتی خۆی لە زیندووکردنەوەی بزوتنەوەکەو دۆزی کوردو وشیارکردنەوەی کوردو رێکخستنکردنی کوردا هەبوو، گەلێک دەستکەوتی هەیە، پێویست ناکات لێرەدا باسی بکەین، لە ڕووی کۆمەڵایەتی‌و کولتووری‌و سیاسی‌و ڕێکخستنکردن‌و دیبلۆماسی‌و لە هەموو بوارەکاندا ڕۆڵی خۆی بینیوە. PKK پێویستی بەوە بوو کە ئەو قۆناغە ئیتر بەجێبێڵێ، چەندین جار لەناو PKK بۆخۆشیان گەلێک گفتوگۆ هەبوو، ئەم بابەتە زۆر بە ڕوونی لەناو PKK گفتوگۆ کرابوو ، PKK دەبێ ئیتر خۆی دووبارە نەکاتەوە. خۆت دەزانی خۆدووبارەکردنەوە جۆرێک لە پاسیڤیزمە، دووبارەکردنەوە دۆگماتیزم دێنێ، دووبارەکردنەوە هەمیش بەرهەمی نابێ، پێشکەوتن و گۆڕانکاری نابێت و هەر لە شوێنی خۆت دەبیت .

_ مەبەستت ئەوەیە کە هەمان شت نەڵێتەوە کە پێشتر گوتوویەتی ؟
+ نەک هەر هەمان شت نەڵێتەوە، هەمان شتیش نەکاتەوە، پێویستی بە داهێنان و تێزی نوێ و ئۆرگانیسازیۆنی نوێ هەیە، لەبەر ئەوە ئەم قۆناغە بە شێوەیەکی فەرمی لە ١٩٩٩ – ٢٠٠٠ لەناو PKK لە کۆنگرەی حەوتدا دەستیپێکرد تا دەگاتە کۆنگرەی هەشتەم PKK هەر خۆشی هەڵوەشاندەوە بوو بە (کادەک – کۆنگرەی ئازادی و دیموکراتی کوردستان) دواتر کادەک خۆی هەڵوەشاندەوە بوو بە کۆنگرەی گەل، دواتر ئیتر ئەوە بوو (کەجەکە – کۆما جڤاکێن کوردستان) دروست بوو .
_ ئەمە یەکەم جار نییە PKK خۆی هەڵوەشێنێتەوە ؟
+ بەڵێ، بەڵام ئەمجارەیان جیاوازە، دەبێ ئەوە باس بکەین، واتا ئەم گۆڕانکاریانە هات تا گەییشتە ڕۆژگاری ئەمڕۆ. بەڵام وەکو دیار دەبوو PKK هێشتا گۆڕانکاری پێویستی نەکردبوو، واتا گۆڕانکاری کراوە، ناڵێم نەکراوە، بەڵام گۆڕانکاری پێویستی نەکردووە. ئەوە وەکو فاکتەری ناوەکی.
بەڵام وەکو فاکتەری دەرەکی گۆڕانکاریەکی گەورە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە دونیادا هەیە، ئاڵوگۆڕێکی گەورە هەیە، شەڕێک هەیە لە دونیادا شەڕێکی جیهانییە، ناوەندەکەی کوردستانە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. پێویستی بەوە هەیە کە کورد نەبێتە قوربانی بارودۆخی ئەو شەڕەی کە هەیە وەکو جەنگی یەکەمی جیهانی کورد ببێتەوە قوربانی. لەبەر ئەوە ئەگەر کورد پێویستی بە ئازادی هەیە ئازادیەکەش پێویستی بەوە هەیە کە بیپارێزیت، بەڵام بەو تەکنیک و بەو شێوازەی کە هەیە PKK ناتوانێ ئەوە بکات، لەبەر ئەوە پێویستە خۆی بگۆرێ لەو بەرگەی کە ئێستا هەیە بێتە دەرەوە و گۆڕانکاریەکی گەورە بکات، ئەو گۆڕانکاریانەی کە PKK کردوویەتی نەک PKK لەناو نەچووە ، PKK ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر بەهێزترە. ئەم گۆڕانکاری و نوێبوونەوەو خۆهەڵوەشاندنەوەیە نوێبوونەوەیەکی گەورە لە ناو خودی PKKدا دروست دەکات و لەناو خودی بزوتنەوەکەشدا دروستدەکات. بەڵکو نەک هەر ئەوە بووە سەرەتایەکی نوێ و قۆناغێکی نوێ، ئەو سەرەتایە نوێیەش زۆر بە بەرفراوانی‌و زۆر بە کاریگەری هەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەم لە ئاستی جیهاندا فراوانتر دەکرێ، بەڵام ئەگەر بپرسین تورکیا لەوەدا سەرکەوتووە ؟
تورکیا لەوەدا نەک هەر سەرنەکەوتووە هەردوو قاچی تورکیا خراوەتە ناو پێڵاوێکەوە، ئێستا ناچارە بە گۆڕانکاری، چونکە ئەوەی لە بەرامبەریدا ٥٢ ساڵ شەڕی کردووە خۆی گۆڕیوە. تەکنیکی خۆی گۆڕیوە، ئۆڕگانیزاسیۆنی خۆی گۆڕیوە، فیکرو تێزەکانی خۆی گۆڕیوە، لەبەر ئەوە دەبێ تورکیاش بگۆڕێ. ئەمە سەرەتای روخانی یان بە وردتر بڵێم هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەت-نەتەوەی تورکیایە، چونکە ڕوخان شتێکەو هەڵوەشانەوە شتێکی ترە، لەبەر ئەوە تورکیا مەحکومە بە هەڵوەشانەوە وەکو دەوڵەت-نەتەوە. ئینجا لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە، ئایە تورکیا لەو خۆهەڵوەشاندنەوەیە دەتوانێ خۆی بنیاد بنێتەوە یان نا ؟
(ڕێبەر ئۆجەلان ) و PKK دەڵێن بەڵێ تورکیا توانستی ئەوەی هەیە خۆی بنیاد بنێتەوە، بەڵام ناتوانێ وەها بمێنێتەوە، گۆڕانکاریەکە کە PKK کردوویەتی دوو ئاستە پێویستە لەم ڕووەوە ئێمە بە هەڵە تێنەگەین، زۆرێک لەو بەڕێزانەی کە ڕەخنەیان کردووە لەم خاڵەدا بەهەڵەداچوون، من حەز دەکەم ڕوونی بکەمەوە، هەڵەکە لەوەدایە ئەو گۆڕانکاریەی کە PKK کردوویەتی لە پێناو ئاشتی نییە بەتەنیا، ئەگەر گۆڕانکاریەکە بە ڕێژە بپێوین، ئەگەر گۆڕانکاریەکە سەدا ٢٠ ی پەیوەستە بە پڕۆسەی ئاشتی‌و دیالۆگ‌و چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا، ئەوا سەدا ٨٠ ی پەیوەستە بە خودی PKK خۆیەوە. لە کوردستان‌و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و دونیا لەو گۆڕانکاریانەی کە پێویستە بیکات، لەبەر ئەوە گۆڕانکاریەکە دوو ڕەهەندییە .
گۆڕانکاریەک لەگەڵ پێواژۆیەکە واتا قۆناغی ئاشتی‌و دیالۆگ، ئەگەر دەستپێبکات بۆ ئەمەیە کە زەمینە خۆشبکات بۆ ئەوەی ئاشتی‌و دیالۆگ بچێتە پێشەوە، بەڵام بەشە هەرە زۆرەکەی ئەوەیە کە PKK پێویستی بە گۆڕانکاری هەیە بۆ ئەوەی بچێتە قۆناغێکی نوێوە، چونکە ئێستا خۆشی لە قۆناغێکی نوێدایەو دونیاش لە قۆناغێکی نوێدایە، لەبەر ئەوە با ئەم بابەتە بە ڕوونی‌و بە کۆنکریتی بڵێین، تورکیا گۆڕانکاری بکات یان نەکات، بێتە ناو پڕۆسەی ئاشتی یان نەیەتە ناو پڕۆسەی ئاشتی، پەکەکە گۆڕانکاری خۆی دەکات، کردوویەتی‌و دەستیشی پێکردووە، بەڵام ئەو کاتە ئەو سەدا ٢٠ ەی کە گوتمان لە پێناو پڕۆسەی ئاشتیە کە PKK گۆڕانکاریەکەی لەسەر دەکات ئەمە دەکرێ فۆرمی دیکە وەربگرێ .
دوو سێ شت هەیە بۆ هەموو بینەران‌و بۆ هەر کەسێکیش با بەڕوونی قسە بکەین، ئەم بزوتنەوەیە هیچ کاتێک دەستبەرداری بەرگریکردن لە خۆی‌و لە گەلەکەی نابێت. کاتێک کە دەڵێ ڕێبازی تێکۆشانی چەکداریم دەستلێبەرداوە خۆ نەیگوتووە من ڕێبازی بەرگریکردن لەخۆم دەستلێبەرداوە! نەیگوتووە من چەک دادەنێم، نەیگوتووە من قەندیل‌و ئەم شوێنانە چۆڵ دەکەم. ڕێبازەکەی وازهێناوە، بەڵام ئەوەی بەرامبەری پێداگری بکات لەسەر ئەوەی کە شەڕ بکات بە شێوازی دیکە دیسانەوە دەست پێ دەکاتەوە .

_ ئاخر بەس دەزانی چۆنە؟ ببەخشە هاوڕێ حەسەن، یەک شت هەیە ئێستاو لە ڕابردووشدا PKK هەر ئەمەی گوتووە، ئەو جەنگەی کە هەیە لە تورکیادا ئەوەی کە PKK دەستی پێکردووە هەر لە سەرەتاوە ناوی جەنگی بەرگری بووە، جەنگی هێرشبەرانە نەبووە، ماوەیەکی دیاریکراو لە تەمەنی خۆی گوتوویەتی؛ “من دەمەوێ دەوڵەتێکی گەورەی کوردستان دروست بکەم لەم چوار پارچەیە ئەمانە، ئێستا ئەو چەمکانەی باکوور و باشور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا هەر لەوێ هاتووە، ئێمە یەک دەوڵەتی کوردستان دروست دەکەین و ئەم دەوڵەتە بەوە دروست دەکەین هێزی چەکدار پێکدێنین و جەنگی گەل بەڕێدەخەین و پێشیدەخەین” بۆ ماوەیەک ئەمەی گوتووە، بەڵام دواتر من زۆر دەمێکە موتابەعەی باسەکانی PKK دەکەم ئەوەیە کە PKK دەڵێ؛ “من لە ناچاریدا پەنام بۆ چەک بردووە. لەبری ئەوەی کە ڕێگا بدەن کە خەڵک بە ئازادی خۆی خەبات بکات‌و نەهێشتنی سیستەمی دەوڵەت نەتەوەیی، هەڵسوڕاوەکانیان دەستگیر کردووەو حکومەتی سەربازیان دامەزراندو خەڵکیان سزا داوەو لەسێدارەیان داون‌و ئەمانەش هەر لەسەر ئەوەی کە گوتوویانە ئێمە کوردین”. هەموو ئەمانە وای کردووە، لە ڕابردووشدا ئەم جەنگە هەر جەنگی بەرەنگاری بووە، ئەمە ئێستاش هەر جەنگی بەرەنگاریە، دەستبەرداربوونی PKK لە چەک، دروستە بەمانای ئەوە نایێ کە داکۆکی و بەرگری لە خۆی ناکات لە داهاتوودا، بەڵام بە مانایەک لە ماناکان پێشخستنی خەباتێکی جەماوەری یاخود ناوشاری یاخود ئەوەی کە پێی دەگوترێ خەباتی مەدەنی، کە من زۆر ڕقم لەو وشەیەیە، بەڵام ئیتر وا بەکار دەهێندرێ، جێخستنی ئەمەیە لەبری ئەم خەباتە چەکداریە، ئایە ئەم تێگەیشتنە ڕاستە؟

+ نەخێر؛ بابەتەکە بۆ ئەوەی ڕوونتر بێت، هەندێک هەوڵمداوە ڕوونی بکەمەوە، بابەتەکە ئەوەیە کاتێک کە PKK ئەم ڕێکخستن و تێکۆشانە ئەگەر زەمینەی یاسایی‌و سیاسی بە ئاشکرا بەردەست نەبێ لە تورکیا، دەڵێم تورکیاو باکووری کوردستان. چونکە با ئەوەش بڵێم ئەم بابەتە تەنیا پەیوەستە بە تورکیا، نە هێزەکانی ڕۆژهەڵات، نە باشوورو نە شوێنی تر پەیوەندیدار ناکات. ئەم بابەتە تەنیاو تەنیا پەیوەندی بە باکووری کوردستان‌و تورکیاوە هەیە، واتا هیچ پەیوەندییەکی بە پژاک‌و ڕۆژئاوا و باشوور سبەینێ تێکۆشانێکی تر دەسپێبکات یان بە شێوەیەکی تر ئەوە بابەتی ترە و هیچ پەیوەندی بەم بابەتەوە نییە، تەنیا ئەم بابەتە پەیوەندی بە باکووری کوردستان و تورکیاوە هەیە، ئەم بابەتە وەهایە ئەگەر گەلی کوورد لە باکووری کوردستان گەیشتە ئاستێک و زەمینەی سیاسی و یاسایی دروست بوو تێکۆشەران و پێشەنگانی ئەم بزوتنەوە ئەم هەموو گەریلایە بەو هەموو سەرکردە و خەباتگێڕە بە ئاشکرا لە تورکیا بە یاسایی‌و بە سیاسی بە ئاشکرا بتوانن کار بکەن‌و تێکۆشان‌و خەبات بکەن ئەو کاتە پێویست بە چەک نامینێت، تۆ بۆچی چەکت پێبێ‌و لە شاخ بیت، تۆ بۆخۆت لە شاردا جێگە دەگریت، ئەمە بابەتێکی لەو شێوەیە، کەواتە بۆ ئەوەی حاڵەتێکی لەم شێوەیە دروستبێ کە گەلی کورد لە باکووری کوردستان توانستی بەرگری لەخۆکردنی هەبێ لە دەرەوەی چەک، بە یاسا و بە تێکۆشانی دیموکراتی خۆی، وەکو ئەوەی دەڵێن مەدەنی، ئێمە دەڵێین دیموکراتی، مەدەنی چیە!! کۆمەڵگە هەمووی مەدەنیە، گەریلاش مەدەنیە، بەرگری لەخۆی بکات بەرگری ڕەوایە، واتا تەنیا سەربازی دەوڵەت سەربازیە، بۆ نموونە گەریلاش مەدەنیە، خۆ گەریلا چیە؟ گەریلا سەرباز نیە، گەریلا گەریلایە، هێزێکە بۆ وڵات‌و گەلەکەی کار دەکات .
لەبەر ئەوە هەتا ئەمە نەیەتەدی بابەتی چەکدانان و ئەم شتانە هیچ ڕۆژەڤ نیە، باس‌وخواسی لەسەر نیە، ئێستا PKK ڕێبازی تێکۆشانی چەکداری دەست لێبەرداوە، واتا لە ستراتیژی خۆی گۆڕیویەتی، بۆ ڕوونکردنەوەش با بڵێم، لە کۆنگرەی حەوتەمدا لە ساڵی ٢٠٠٠ دا ئەو بڕیارە ئەوکاتە درا، بەڵام کە تورکیا پێداگری کرد لەسەر شەڕ لە یەکی حوزەیرانی ٢٠٠٤ دیسان بڕیاری تێکۆشانی چەکداری درا، ئەمە واتە ستراتیژی سەربازی ستراتیژی گەریلایی هاتەوە ڕۆژەڤ‌و لە یەکی حوزەیرانی ٢٠٠٤ شەڕ دەستیپێکردەوە.

_ واتە 25 ساڵ لەمەوبەر PKK بڕیاریداوە ڕێبازی خەباتی چەکداری بگۆڕێ بە ڕێبازی خەباتی جەماوەری ؟
+ لە دەرەوەی بەرگری ڕەوا، ئەو کاتە ئەو رستەیەی تێدابوو ( لەدەرەوی بەرگری ڕەوا ) ، واتە تێکۆشانی چەکداری بۆ گەیستن بە ئامانجەکان نا، بەڵکو تەنیا بۆ بەرگری ڕەوا، بەڵام تورکیا لە ٢٠٠٠ تاکو ئێستا و ئێستاش ئەو دەقەی من و تۆ قسەی تێدا دەکەین بۆردومان هەیە، لەبەر ئەوە تورکیا ئەگەر نەهج و میتۆدی خۆی نەگۆڕێ لە مەسەلەی پرسی کورد تۆ ناتوانی چاوەڕێی ئەوە بکەی PKK بەبێ هیچ مەرجێک بەبێ هیچ گۆڕانکاریەک لە دەستوور لە یاسا لە سیاسەت لە هەڵوێستی دەوڵەتی تورکیا بەو عەقڵیەتە شۆڤینیە PKK چەکدانێ ، با من زۆر بەڕوونی بیڵێم PKK نەک چەک دانانێ تەکنیک و تەکنەلۆژیای گەریلایی خۆیشی زۆر لەوە زیاتر پێشخستووە و پێشیشی دەخات، چونکە هیچ گەرەنتیەک نیە، واتا زۆرکەس دەڵێ؛ “وەڵا من باوەڕم بە تورکیا نیە”، جا کێ باوەڕی بە تورکیایە ؟! مەگەر PKK باوەڕی بە تورکیا هێناوە؟ ( ڕێبەر ئاپۆ ) باوەڕی بە تورکیا هەیە یان نا؟ وەڵا کەس باوەری بە تورکیا نیە. واتا وەکو ئەوەی کە شتێکی نوێ بڵێن دەڵێن؛ “ئێمە باوەڕمان بە تورکیا نیە”، ئێ کاکە خۆ کەس باوەڕی بە تورکیا نیە، ئەگەر تۆ باوەڕت بە تورکیا هەیە ئەوە شتێکی ترە. PKK و گەلی کورد هیچ باوەڕیان بە تورکیا نیە. هەتا هەنگاوی پراکتیکی و سیاسی و یاسایی بە کردار نەینێ هیچ باوەڕی نیە. ئەمە خاڵێکی زۆر گرینگە .
بابەتێک ئەوەیە کە تێکۆشانی چەکداری لەپێشدا ئەگەر تورکیا گۆڕانکاری نەکات، تورکیا لەدۆخێکی زۆر خراپدایە. ئەگەر گۆڕانکاری نەکات ئەوکاتە شەڕ تەنیا لە چیاکاندا نامێنێتەوە، دەبێ تورکیا ئەم ڕاستیە بزانێ، تەکنەلۆژیای شەڕ و گەریلایی ئاوا پێشکەوتووە تۆ دەتوانی لە شاری خۆت و لە گوندی خۆت و لە ماڵی خۆت بە دڕۆن هێرش بکەی شەڕ بکەی. هەر بە ژیری دەستکرد دەتوانی ئەوە بکەی. بەڵام پەکەکە نایەوێ، واتا PKK باوەڕی بەوە هەیە کە پێویستە کۆتایی بە شەڕ و توندوتیژی بهێندرێ، چونکە PKK پێی وایە شەڕ ڕۆڵی خۆی بینیوە وەکو چۆن PKK لە ٤٧ ساڵ رۆڵی خۆی بینی پێویستی بەوەیە کە قۆناغێکی نوێ دەستپێکات، شەڕیش ڕۆڵی خۆی بینیوە، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نیە کە PKK دەڵێ شەڕ ڕۆڵی خۆی بینیوە ئەوەی بەرامبەریش دەڵێ مادام وایە ئەوە من هێرشت دەکەم تۆش وەرە چەکەکانم بدێ، ئەمە چۆن دەبێ؟ شتی وا لە مێژووی مرۆڤدا نەبووە و نیە

_زۆر چاکە من ئەمە پرسیارێکی بۆ دروستکردم کە لە پرسیارەکانمدا نەبوو کە ڕاستی دامنابوو، بەڵام من پێمخۆشە وەڵامی ئەوەش وەرگرمەوە، بەشێکیت وەڵام دایەوە، بەڵام حەز دەکەم ڕوونتر لەسەر ئەمە قسە بکەی، بەشێک لەوانەی ئەمجارە دوژمن نین و نەیار نین و ڕەخنەگریش نین تەنانەت لە PKK و دۆستی پەکەکەن، لە ڕوانگەیەکی دۆستایەتیەوە قسە دەکەن وەکو قبوڵکردنی ئەم بڕیارەی PKK ، بەڵام ئەرگیۆمێنتەکەیان چیە ؟ دەڵێ لە دونیادا باوی خەباتی چەکداری نەما، ئەمڕۆ کە دڕۆن دروستبووە و دەوڵەتەکان دەتوانن جەنگی ئەلیکتڕۆنی بکەن و لەسەردەمی زیرەکی دەستکرد و ڕۆبۆت و ئەمانە تازە ئیتر باوی ئەمە نەماوە خەڵکی زەحمەتکێش و خەڵکی کارگەر و خەڵکی چەوساوە و ئەوانە دەست بۆ چەک بەرن، تەنها ڕێگەمان خەباتی مەدەنیە، من پێمخۆشە ڕای تۆ لەسەر ئەم بابەتە بزانم .
+ هاوڕێ گیان لە دێرینەوە تا دەگاتە سپارتاکۆس لە سپارتاکۆسەوە تا دەگاتە ڕۆژی ئەمڕۆ گەلان و چینەکان چەوساوەکان مافی بەرگری لەخۆکردن و مافی گەیشتن بە ئامانجەکانیان هەبووە و هەیە و تێکۆشانی بۆ دەکەن، تێکۆشانی توندوتیژی، یان بە زمانی مارکسیزم و چەپەکان بڵێین زەبروزەنگی شۆڕشگێڕانە مافێکە بەکاردەهێندرێ، بەڵام پێشتر تۆ خۆت دەزانی هێزە شۆڕشگێڕەکان بەچی شەریان دەکرد ؟ ئەوانیش هێزی بەرەییان دروست دەکرد و بە بەرەیی شەڕیان دەکرد، دوایی فێری پارتیزانی بوون، دوایی لە شاخەکاندا، بەڵام خۆشت دەزانی ( ئیتا و ئێرا ) خۆ لە شاخەکان شەڕیان نەدەکرد لەناو شارەکان شەڕیان دەکرد وا نیە ؟ لە شاخەکان نەبوون .
کەواتە بە گوێرەی قۆناغەکانی تێکۆشان دەگۆڕێ، نمونە ئێستا لە شاخەکانن ئێ سبەینێ ئەگەر تورکیا هەنگاو نەنێ، خۆشت دەزانی ئەگەر بەبیرت بێتەوە پێش دەستپێکردنی چاوپێکەوتن ڕۆژێک یان دوو ڕۆژ دوای ئەو دوو شۆڕشگێڕ چوون گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنانی دڕۆنیان تێکوپێکدا، تەنیا دوو کەس بوون، کەواتە ئەمە ئاماژەیەک بوو گرینگ بوو، تورکیا دەبێ لێی تێبگات، تورکیا دەبێ لەوە تێبگات کە PKK دەڵێ ئێمە دەمانەوێ کۆتایی بە توندوتیژی و تیرۆری دەوڵەت بێنین بۆ ئەوەیە، PKK توانستی ئەوەی هەیە ٤٠ بۆ ٥٠ ساڵی دیکە بەم شێوەیەی ئێستا شەڕبکات، ئەوە من بە دڵنیاییەوە بەڕوونی بۆت باس دەکەم توانای هەیە ٥٠ ساڵی دیکە هەتا لەو شاخانە جگە لە شار و جێیەکانی دیکە دەتوانێ بەم شێوەیە شەڕ بکات، توانستیشی هەیە و تەکنەلۆژیاشی هەیە سەرمایەی ماددی و مەعنەوی و مرۆییشی هەیە، بەڵام بابەتەکە ئەوەیە PKK و ( ڕێبەر ئاپۆ ) گەیشتوونەتە قەناعەت کە ئێمە دەمانەوێ ئەم کێشەیە بە شەڕ چارەسەر نەکرێ، بە زەمینەی یاسایی و سیاسی چارەسەر ببێت، ئەگەر تورکیا تۆ ئامادەی باشە، ئامادەنیت ئێمە دەستبەرداری خەبات نابین، ئەو خەباتی چەکداری وەک ڕێگایەک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان کە دەستبەرداری ئەوە بووە، بەڵام ئەگەر سبەینێ بێتە سەر پێویستی وەکو یەکی حوزەیرانی ٢٠٠٤ کە دەستی پێکردووە هەمان شێوە دەستپێدەکاتەوە، بەڵام ئەمجارە بە شێوازیتر بە فۆڕمی تر، تورکیا بۆخۆی دەڵێ ٢ تریلیۆن دۆلار سەرفکراوە، بەڵام ڕاستیەکەی ٤ بۆ ٥ تریلیۆن دۆلار لەم شەڕە سەرف کراوە، جگە لە دەیان هەزار قوربانی، جگە لەم هەموو پاشەکشەیەی تورکیا، ئەم هەموو سازشەی کردووە بەس بۆ ئەوەی ئەم شەڕە بباتەوە، ئێ باشە ئەگەر ئامادەیە چوار پێنج تریلیۆنی تر کە بۆخۆی ئێستا نان نیە بیخوا، ئەو دەوڵەتە لە هەموو شوێنێک گۆشەگیرکراوە بەم دۆخەی خۆت دەتەوێ بەردەوام بیت، فەرموو بەردەوامبە. ئەو زەرەر دەکات، چونکە ئەم گەلە دەستبەرداری تێکۆشانی خۆی نابێ، ئا شێوازی دەگۆڕێ، بابەتەکە ئەمەیە، لەبەر ئەوە ئەگەر دەڵێ من دەستبەرداری تێکۆشانی چەکداری دەبم مانای ئەوە نیە دەستبەرداری بەرگری ڕەوای خۆی ببێ، یان چەک دابنێ، هەتا هەنگاوی پراکتیکی سیاسی و یاسایی و کرداری نەنێ، وەڵا ئێستا هەموو دونیا کۆ ببێتەوە، هەموو سەرکردەکانی PKK کۆببنەوە یەک گەریلایان قەناعەت پێناکرێ بڵێ وەرە چەک دابنێ .

_ دەستخۆش من دەچمە سەر بەشێکی تر، ئەم شتانەی کە باستکرد دەروازەی بۆ کردمەوە بۆ پرسیارێک من دوو ئەلتەرناتیڤ دابنێم کە هۆکاری ئەم گۆڕانانە چیە؟ چونکە هێشتا پێویست دەکات کە هەندێک مەسەلە تۆزێک تۆختر قسەی لەسەر بکەین، بەڵام بەر لەوە من سوپاسی ئەو ئازیزانە دەکەم کە لەگەڵمانن لە لایڤەکەدا هەر ئازیزێک دەیەوێ بەشداری بکات دەتوانێ کۆمێنت بۆ فەیسبووک یان یوتوب باشترە کۆمێنتی خۆی بنوسێ ئێمە لەم بەرنامەدا وەڵامی دەدەینەوە .
هەر ئێستا هاوڕێیانێک کۆمێنتیان نووسیوە و سڵاویان ناردووە، کۆمێنتەکەی یەک لە هاوڕێیان لە پرسیاری بەرنامەکە هەیە لە کۆتایی بەرنامەکە دێینە سەر ئەو خاڵە سەبارەت بە تێگەیشتنی PKK یە بۆ سۆشیالیزم.
دوو شت هەیە کە لێرەدا باس دەکرێ و هۆکاری ئەوەیە کە ئەم ئاڵوگۆڕە ڕوویداوە، بەشێک لەلایەن دۆستان و لایەنگرانی PKK یاخود خەڵکانێکە کە کێشەیەکیان لەگەڵ ئەم بڕیارەدا نیە ،بەشێکی ئەوەیە کە بڕیارەکەی PKK لەسەر بنەمای هەلومەرجێکی دیاریکراودا داندراوە کە جوڵانەوەی PKK بە گشتی و ئەم چەکدارانە، نەک هەر ئەو بەشەی PKK کە لە قەندیلە، تەواوی ئەو بەشانەی تر بڵێین لە ڕۆژئاوا و هەسەدە و لە کوردستانی ئێران بڵێین پژاک و ئەمانە لەبەردەم هەڕەشەیەکی وجودیدا قەراریان گرتووە، لەبەر ئەوەی تورکیا گەیشتووەتە تۆنپێچێکی وەها کە ئەگەر ئەم کێشەیە بەم شێوەیە پێی چارەسەر نەکرێت تەواوی هێز بەکار دێنێ بۆ تەفروتونا کردنی، ئەمە لایەنێکیەتی لەبەر ئەوە پێویست دەکات لە بارودۆخێکی لەم شێوەیە و لەم ئاڵوگۆڕانەدا ئێمە فریای ئەوە بکەوین کە ئەم پڕۆسەیە ببەینە پێشەوە بۆ ئەوەی بەهانە بە دەستی تورکیاوە نەهێڵین کە ئەم سەرکوت و کوشتارەی بەدەستیەوەیە ئەنجامی بدا و لێرەدا ڕابووەستێ ئەمە یەکیان .
دووەم لایەنی ئەوەیە کە نەخێر تورکیا خۆی لە ئاڵوگۆڕێکی گەورەی ناوچەییدا دەگوزەرێ و گەیشتووەتە جێگەیەک کە ناچارە دەروازە لەبەردەمی ئەمەدا بکاتەوە، دیارە باسەکە هەر ئەوەش نیە، هەندێک دەڵێن؛ ئیسرائیل ئاوای دەوێت و ئەمریکا ئاوای دەوێت ڕەنگە مەسەلەکە ئەوە نەبێت، ڕەنگە تێکچوونی هاوسەنگی هێز بێت لە ناوچەکە، هاوسەنگی هێز، ئەوەی کە پێی دەگوترا بەرەی مقاومەت ئەوە تەفروتونا بووە، ئەوە حەماس ئاوای بەسەرهات، ئەوە حزبوڵایە، ئەوە سوریایە ، نمونە حوسیەکانیش بەجۆرێک لە جۆرەکان خرانە قاوغەوە، بە جۆرێک ئێران تەحجیم کراوە و ئێران هێزێکی کەم نەبوو لە ناوچەکە و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەم هاوسەنگی هێزە کە ئێستا تێکچووە بۆ شاییەک دروست بووە و تورکیا دەیەوێ ئەم بۆشاییە پڕبکاتەوە. ئەوەی کە تورکیا دەیەوێ ئەم بۆشاییە پڕ بکاتەوە دۆخێکی دروست کردووە تورکیا کراوەتەوە لەبەردەم ئەوەی کەوا ئەم کێشەیەی کە لەناو تورکیا هەیەتی و هەمیشە بووەتە هۆی لاوازکردنی ئەمە چارەسەر بکات .
من پێمخۆشە ئەم لێکدانەوانە و ئەم هەڵسەنگاندنانە کە لە زمانی چاودێران و یاخود ئەوانە کە کۆمێنتیان داوە لەسەر ئەم بڕیارانەی PKK پێم خۆشە ڕای تۆ سەبارەت بەوە بزانم .
کامیانە ئایە PKK مەترسی هەیە لە لەناوچوون؟ یاخود تورکیا ناچارە بەوەی کە ئاڵوگۆڕی بکات؟

+ تورکیا دەوڵەتە، دەوڵەتێکە و ١٠٠ ساڵە هەیە پێشتریش ٦٠٠ ساڵێک ئیمپراتۆریەتی هەبووە بە ناوی عوسمانیەوە، لەگەڵ دامەزراندنیەوە دەوڵەتی تورکیا وەکو دەوڵەتێک کە ببێتە پەرژینێک بۆ پاراستنی سیستەمی سەرمایەداری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە بەرامبەر سۆڤیەتدا قۆسترایەوە و بەکارهێندرا، وەکو سەربازگەیەک بوو بۆ دژایەتی کردنی سۆڤیەت ، بەڵام لە بنچینەدا بابەتەکە بەڕای من ئەمە نیە. تورکیا بڵێی دەوڵەتە ڕاستە، هێزی هەیە ڕاستە، ئەزموون و پشتیوانیشی هەیە ڕاستە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا ئەو هێزەی نیە کە بزوتنەوەی ئازادیی کوردستان لەناو ببات. ئەگەر بیتوانیبایە ٥٢ ساڵە لەناوی دەبرد، بە تایبەت ئێستا ئەو تەکنەلۆژیایەی کە ئەو هەیەتی کوردیش دەتوانێ دژە تەکنەلۆژیایەکەی ئەوی هەبێ بە لایەنی کەم، جگە لەوەی کە کورد خۆیشی درۆنی دروست کردووە، دژی تەکنەلۆژیاکەی ئەویش بەرگری هەیە، لەبەر ئەوە تورکیا لەو دۆخەدا نیە کە بتوانێ بزوتنەوەی ئازادی لەناو ببات. من هەر بۆ نمونە پێت بڵێم تەنیا ئەو ١٠ ساڵەی ڕابردوو ٢٠١٥ تا ٢٠٢٥ دەکاتە ١٠ ساڵ ڕۆژ نەبووە هێرش و ئۆپەراسیۆن و بۆردومانی درۆن نەبێ، بەردەوام ١٠ ساڵ لەسەر یەک ئەم پارەیەی کە ٤ بۆ ٥ تریلیۆنە بەسێکی بەرچاوی هی ئەم ١٠ ساڵەیە ، بەبێ ناوبەر هەر ئەم بەهارە PKK لەناو ببەین و ئەو بەهارە PKK لەناو ببەین، هەر PKK گەورەتر و فراوانتر بوو تا وەک خۆتان دەزانن ڕۆژئاواشی هاتە سەر، جا لەبەر ئەوە تورکیا توانستی لەناوبردنی ئەو بزوتنەوەیەی نیە، ئەمە یەک، توانستی تێکشکاندنی ئیرادەی گەلی کوردیشی نیە، دوو، چونکە ئەوە بە ناوی چۆکدادان پڕۆژەی چۆکدادان و ئۆپەراسیۆنی چۆکدادان نەیتوانی، کە نەیتوانی لە ئەنجامدا گەیشتە ئەوەی دەبێ گۆڕانکاریەک لەخۆیدا بکات، ڕاستی تابلۆکە ئەوەیە لە ناوەوە تورکیا لە داڕوخاندایەو لەدەرەوەش هەڕەشەی لەسەرە، ئینجا هەڕەشەکە چیە و چۆنە ناچینە ئەو وردەکاریەوە، وەکو ئەوەی بەڕێزت باستکرد .
هەڕەشە هەیە، هەڕەشەیەکی وجودی لەسەر تورکیا هەیە نەک لەسەر PKK . لەسەر PKK ئەو هەڕەشە وجودیە نیە، لەسەر گەلی کوردیش ئەو هەڕەشە وجودیە نیە، کورد ئێستا وەکو PKK لەوپەڕی بەهێزیدایە، توانستی ماددی و مرۆیی و مەعنەوی و تەکنەلۆژی و لە هەموویشی گرینگتر توانستی ئیدۆلۆژی و فکریەکەی لەوپەڕی بەهێزیدایە. قەت PKK ئاوا بەهێز نەبووە لە هەموو مێژووی خۆیدا، لەبەر ئەوە توانستی خۆگۆڕینیشی هەیە و توانستی قەڵەمبازی گەەرەی هەیە، بەڵام ئەوەی کە لە قەیراندایە خودی تورکیایە، لەبەر ئەوە ئەو بۆچوونەی یەکەم کە باستانکرد ڕاست نیە، بابەتیانە ( ئۆبژێکتیڤیش ) نیە، ئەمە ڕاستیەکەیە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نیە وەکو ئەوەی هەندێک دەڵێن؛ “ئەوە تورکیا دەڕوخا PKK ڕزگاری کرد” بەو شێوەیەش نیە، وەکو ئەوەی کە تورکیا ڕووخابێ و کەوتووبێت PKK چووەتە بن باڵی، نا وا نیە. بەڵام بەڕاستی تورکیا لەبەردەم هەڵوەشاندنەوە دایە، لەبەر ئەوە ( ڕێبەر ئۆجەلان ) زۆر بە ڕوونی ئەگەر بە هەڵەدا نەچووبم لە مانگی یەک یان دوو بوو گوتی؛ “یان چارەسەری من یان چارەسەری دەرەکی”، تۆ تورکیا چارەسەری منت دەوێ ئەوەیە ئێمە وەکو گەلان با لەناوەخۆماندا کێشەکان چارەسەربکەین، دەستوور بگۆڕین، ئەو دەستوورە نابێ، ئەم کۆمارە کۆمارێکی فاشیستە و نکوڵیکارە، دەستوور بگۆڕێ، مافی سیاسی و یاسایی بە گەلی کورد و گەلانی تر بدرێ و گۆڕانکاری بکرێ، ئەمە چارەسەری منە ( ڕێبەر ئۆجەلان ) وا دەڵێ .
چارەسەریەکەی دیکە ئەوەیە کە ئەمە نەکەی زەمینە بۆ دەستێوەردانی دەرەکی دروست دەبێ، چونکە ئێستا خۆشت دەزانی هاوڕێ گیان، تورکیا لە هێڵی غاز و هێڵی بازرگانی هیندستان و ئەوروپا دەرکراوە، لە ئیتیفاقیەی ئەبراهامدا نیە، لە هێڵی داود دا ننیە، لە سوریا ئەوە بێ ڕۆڵ کرا، وەکو خۆشت باستکرد سعودیا هاتووەتە پێش، ئەوە لە لیبیا لەو ڕۆژانە خۆتان بینیتان لەوێش ئەو هێزەی سەربە تورکیا بوو دەرکرا .

– کێشەی هەیە لەگەڵ یۆناندا .
+ لەگەڵ یۆناندا لەگەڵ ئێراندا لەگەڵ عێڕاقدا لەگەڵ سوریا لەگەڵ هەموو لایەکدا کێشەی هەیە، لەبەرئەوە تورکیا بەڕاستی لەناو دۆخێکی خراپدایە، یەک ڕێگاچارەسەری هەیە. ئەگەر دەیەوێ ئاوا بەردەوام بێ ئەوە زەمینەی دەستێوەردان و هەڵوەشاندنەوە زیاتر دەبێ، ئەگەر نایەوێ بەردەوام بێ ئەو ڕێگایە هەیە کە لەگەڵ کوردا پێکبێ، وەکو خۆشیان ناویان لێناوە (بەرەی ناوەخۆمان بەهێز بکەین) ، ئێ بەرەی ناوەخۆ تۆ ماف و ئازادیەکانی من، زمانی من، مافە یاسایی و سیاسیەکانی من قەبوڵ نەکەی منیش لە بەرەی ناوەخۆدا نیم لەگەڵ تۆدا. ئەو کاتە تۆ دەتوانی لەناو وڵاتەکە وا بکەی ئەو کاتەی کە هەموو ماف و ئازادیەکانی گەلی کوردت قەبوڵ بێ ، ئێستا ئەو کەسەی دەستپێشخەری ئەو تێکۆشانەی کردووە کە ( ڕێبەر ئۆجەلان) ە ئەو هێشتا لە زیندانە، ڕۆژنامەنوسێک ناتوانێ بچێ بۆ لای خەڵکێک ناتوانێ، ئێ باشە تۆ دەتەوێ چ هەنگاوێک بنێی ؟
هەندێک دەڵێن تورکیا هەڵخەڵەتاندن دەکات. ئێ باشە تورکیا هەڵخەڵەتاندن دەکات، ئێ بزوتنەوەی کورد و کوردیش بای ئەوەندە دەرکی ئەوەی هەیە کە ئەوە شەڕی هەڵخەڵەتاندنە، بەڵام ئەگەر تورکیا تاکتیکیش نزیک بووبێتەوە من بە ڕوونی بڵێم PKK و ( ڕێبەر ئۆجەلان ) بۆ مەسەلەی ئاشتی بەڕاستی ستراتیژی نزیک بوونەتەوە، تەکتیکی ناکەن، بەڵام ئەگەر تورکیا تەکتیکیش نزیک ببێتەوە خۆی زەرەر دەکات ئەمە خاڵە ئەساسیەکەیە. ئا گۆڕانکاری لە ناوچەکەدا هەیە و فاکتەری دەرەکیش هەیە، بەڵام هەرخۆی لە ڕووی زانستیشەوە و لە ڕووی دیالیكتیکیشەوە ئەوە فاکتەرە ناوەکیەکانن، گۆڕانکاریەکان دروست دەکەن نەک فاکتەرە دەرەکیەکان، فاکتەرە دەرەکیەکان هەمیشە یارمەتیدەرن .

– ئەزانی چۆنە؟ ئەم دەوڵەتانە بەچی هاوسەنگی خۆیان ڕاگرن؟ ئێستا ئێران بەچی ئەوەندە ماوەتەوە ڕژێمێکی وا داڕزیو؟ بەوەی کە لە ئاستی ناوچەکەدا هەوڵیداوە باڵادەست بێ، ئێستا کە پەڕوباڵی کراوە هەموو کەس پێشبینی ئەوە دەکات کە ئەو ڕژێمە لە لەناوچوونە، تورکیاش وەهایە تورکیا هێزێکی فاشیستی هەمیشە دەرهاوێشتەی دەرەوەی هەیە، نمونە خەڵک باسی دەکرد سەدام بۆ چوو کوێتی گرت ؟ سەدام ئەگەر کوێتی نەگرتبایە بەو ڕێگایەدا بەرەو لەناوچوون دەچوو؟ ئەم هێزە دیکتاتۆرانە لە جێگایەکدا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی باڵانسی هێز لەناوخۆی خۆیاندا و سەرکوتکردنی خەڵک لەناوخۆی خۆیاندا مەجبوورن دوژمنێکی دەرەکی دروستکەن بۆ مانەوە، تورکیاش ئەمە ڕێبازەکەیەتی .
بەهەر حاڵ دێینە سەر شتێکی تر، ئێستا وەڵامی ئەو پرسیارانەی منت دایەوە سەبارەت بەوەی ئەمەی PKK لەناوچوون نیە و دەسەڵاتی فاشیستی تورکیا سەرنەکەوتووە، بەڵام ئێستا ئێمە قسە لەسەر پرۆسەیەک دەکەین پرۆسەیەکی نوێ من پێم خۆشە ئەمە بزانم، هەڵبەت باس دەکرێ PKK لە بەیانامەکانی خۆی دەکات کە کوردستان ببێ بە سەرچاوەی مۆدێلێکی نوێی سۆشیالیزم لە دونیادا، من تا ئەو جێگەیە ناچم، بە فەرزی وەردەگرم کە بابەتەکە تەنیا چارەسەرکردنی پرسی کوردە، بابەتەکە با لەخۆمان قورس نەکەین هەر ئەوەی چارەسەری پرسی کورد بێ لە تورکیادا، ئایە ئەو دۆخەی کە ئێستا لە تورکیادا هەیە لێکیدە لەگەڵ ئەو پەلامارە فاشیستیەی کە دونیا گرتووەتەوە، ئەمڕۆ فاشیزم لە کۆشکی سپی دانیشتووە، ئەمڕۆ فاشیزم گروپێکی نوێ نیە لە سویدا دانیشتبێ و بە دزیەوە بڕوا سەڵیبی شکاو بکات، شەپۆڵێکی گەورەیە.
+ شەپۆڵێکە .

_ بەڵێ شەپۆڵێکە، فاشیزم ئەوە نیە کۆمەڵێک منداڵ دانیشن نمونە گەنجی هەرزەکار بچن لە ستۆکهۆڵمدا لەسەر دیوارەکان وێنەی سەڵیبی شکاو دروسست بکەن، ئەمڕۆ فاشیزم لە کۆشکی سپیدا، ترامپیش نەبێ جەی دیڤانس بە پەیامەکەی و بە پڕۆژەی ٢٠٢٥ ەکەی و ئەوانە فاشیزمێکی ڕووتە ئێمە لە دۆخێکی ئاوا دەژین، ئایا تورکیا لە هەلومەرجێکی ئاوادا هەلومەرجی ئەوە لەبارە پرسی کورد چارەسەر بکرێ ؟ ئەم پرسە کە ١٠٠ ساڵە دۆخێکی دروستکردووە کە تەواوی پێکهاتە و دامەزراوەی دەوڵەتی تورکیا لەسەر ئەساسی بێبەشکردنی بەشێکی گەورەی ئەو کۆمەڵگەیە لە سادەترین مافی مرۆیی خۆی دامەزراوە، باسەکە ئەوە نیە سیاسەتێک بووە مومارەسەی جۆرێک لە سیاسەتێکی دیریکراو یان تاکتیکێک بووە، بەڵکو لە بنەماوە ناسنامەی ئەو دەوڵەتە لەسەر ئەم بنەمایە دامەزراوە، ئایە هەلومەرجی ئەوە فەراهەمە لە تورکیادا ئێستا ئەو ئاڵوگۆڕە گەورەیە ڕوو بدات ؟ خەڵکی کوردستان و خەڵکی کوردزمان بە مافەکانی خۆی بگات؟ بڵێین لانی کەم ستەمی میللی نەمێنێ، ئەو هەڵاواردن‌و ئەو جیاکاریە نەمێنێ کە دەرهەق بە خەڵکی کوردستان دەکرێ؟ بە بڕوای تۆ ئەم دۆخە ئێستا فەراهەمە ؟
+ پێش ئەوەی بێمە سەر ئەو وەڵامە باسی فاشیزمت کرد لە ئاستی دونیا، با دوو ڕستە بڵێم دوایی دەچمە سەر بابەتەکە.
ئەو فاشیزمەی کە تڕامپ و وەکو ناویان لێناوە تڕامپیزم فاشیزمێکی لومپەنیستیە، ئەوەی کە لە ئەوروپادا هەیە فاشیزمێکی دۆگماتیکیە، دوو جۆر فاشیزم ئێستا وەکو دوو ڕەوت دوو شەپۆڵ لە ئاستی دونیادا هەیە، فاشزمێکی لومپەنی هەیە، لومپەنیستیە تڕامپ بە نمونە و ئەوانەی کە وەکو تڕامپن، فاشیزمێکی دۆگماتیکی ( چەقبەستوو ) هەیە، فاشیزمێکی کۆنزەرڤاتیڤە ئەوەی کە لە ئەوروپا خەریکە لە چەند دەوڵەتێکدا باڵادەست دەبن، ئەمە بابەتێکی ترە ئێمە نایێینە سەری .
لە ڕاستیدا خاڵێکی کە لەدەوڵەتیش و کوردیش پێیگەیشتوون خاڵێکی زۆر گرینگە، ئەمەیە ئاسۆیەک دروست دەکا ئەویش ئەوەیە دەوڵەت نەیتوانی بزوتنەوەی کورد و کورد لەناو ببات، بزوتنەوەی کوردیش یان بزوتنەوەی ئازادیش نەیتوانی دەوڵەت لەناوببات، توانی لاوازی بکات، چەندین تریلیۆن دۆلاری پێ سەرفبکات و دایڕوخێنێ، بەڵام نەیتوانی کۆی ستراکچەری دەوڵەتەکە بگۆڕێ، لەبەر ئەوە کەواتە دۆخێک هاتووەتە پێش هەردووکیانی لە شوێنێک داناوە، ئاوا لە دۆخی هاوسەنگیدا ڕاوەستاون، ئەویان بەردەوام بێ ئەویشیان بەردەوام دەبێ لە سەڕی، لەبەر ئەوە دۆخێک هاتووەتە پێش کە ئاسۆیەک بۆ چارەسەری پرسی کورد بە ڕاستی لە ئارادایە، بەڵام ئەم ئاسۆیە بە یەک لایەنی کورد ناکرێ، نمونە PKK وەکو خۆیان بانگەشە دەکەن PKK با بچێ چەک دانێ. ئێ چەکی دانا ئایە پرسی کورد چارەسەر دەبێ؟ نا – چارەسەری پرسی کورد پەیوەستە بە ئاشتیەوە، ئاشتی پەیوەندی بە دیموکراتیزەبوونی تورکیاوە هەیە. تورکیاش بۆ ئەوەی دیموکراتیزە ببێ پێویستە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و خۆی نوێ بکاتەوە. تورکیا ئێستا لەو دۆخەدایە ئاسۆیەک هەیە بۆ چارەسەری پرسی کورد، بەڵام لە ڕووی کرداریەوە دیار نیە کە ئایە پرۆسەی ئاشتی سەردەگرێ یان سەرناگرێ، پرسی کورد چارەسەر دەبێ یان نا، چونکە پرۆسەی ئاشتی و پرسی کورد دوو شتی لێک جیاوازن دەبێ وەکو دوو قۆناغ بیبینین .
پرسی ئاشتی بێتە دی واتە هەردوولا واز لە شەڕ بێنن لە ڕووی سیاسی و یاسایی بکەونە ململانێی و کار و ئیش بۆ ئەوەی کێشەکە چارەسەر بێ ئەوە ئاشتیە .
ئاشتیش بەدی نایێ ئەگەر چارەسەری بۆ پرسی کورد نەبێ، چارەسەریش بەدی نایێ ئەگەر دیموکراتیزە بوون لە ئێستای تورکیا دروست نەبێ .
دیموکراتیزە بوون نەک بەو مانایەی نمونە فۆرمی هەڵبژاردن لە سەرۆکایەتی بیکەن بە پەرلەمانی ئەمە نا، دیموکراتی بەو مانایەی کە دەوڵەت دەستبەرداری فاشیزم و ناوەندگەرایی و نکوڵیکردن بێت، دەستبەرداری ئەو پاشکۆیەتیە بۆ سیستەمی جیهانی ببێ، ئەمە دیموکراتیزە بوونی تورکیایە. تورکیا ئەمە نەکات پرسی کورد چارەسەر نابێ، پرسی کوردیش چارەسەر نەبێ دیموکراتیزە بوون لە تورکیا نابێ، لەبەر ئەوە دیموکراتیزە بوونی تورکیا و چارەسەری پرسی کورد لەناو یەکدایە، بۆ ئەوەی ئەمە ببێ ئاشتی دەبێ هەبێ. ئاسۆیەک هەیە بەڵام وەکو دەڵێن ئەو ئاسۆیەش تا ڕادەیەک نادیاریەکی پێوە دیارە، ئایە بەرەو کوێ دەچێ ؟
نمونە هەر لە ماوەی ئەم دوو سێ مانگە PKK سێ هەنگاوی زۆر بوێرانەی ناوە ؛ یەک – ئاگربەستی یەک لایەنەی ڕاگەیاند وەکو هەموو جارێ ، ١٠ بۆ ١٢ جاری تر وایکردووە. دوو- پەکەکە خۆی هەڵوەشاندەوە، گوتی کێشەتان پەکەکەیە ئەوە پەکەکە خۆی هەڵوەشاندەوە ،سێ – کۆتایی بە ڕێبازی تێکۆشانی چەکداری هێنا، یانی بڕیاریدا کۆتایی بە ڕێبازی چەکداری بهێنێ، ڕێبازی چەکداری نەک خودی چەک، چونکە ئەو چەمکانە لەناو پەکەکە زۆر بە وردی بەکردەهێندرێ، هەستیارە، لەبەر ئەوە پەکەکە هەنگاوینا، ڕێبەر ئۆجەلان بۆخۆشی هەنگاوینا، بانگەوازی کرد. ئێ باشە لە دۆخێکی ئاوادا ئەوەی پێویست بوو کورد بیکا کردی، ئێستا نۆرەی تورکیایە، تورکیا ئێستا ئەگەر پەرلەمانەکەی کۆنەبێتەوە و یاسای ئاشتی دەرنەکا بۆ ئاشتی کە دوو لایەن شەڕیان کردووە، ئێستا ئەوان دەڵێن “تورکیای بێ تیرۆر” ئێ باشە ئێمەش دەڵێین “تورکیای بێ فاشیست و تورکیای بێ کەمالیزم، تورکیای بێ فاشیزمی ئیسلامی- ئەوەی کە ئێستا ئەردۆغان بەڕێوەی دەبات، تورکیای بێ ناوەندگەرامان دەوێ”، ئەوان وا دەڵێن ئێمەش وا دەڵێین، کەواتە ئەم پڕۆسەیە بە ناویش نەکراوە. (ڕێبەر ئۆجەلان ) زۆر بە ڕوونی گوتی ئەم پڕۆسەیە من ناوی لێدەنێم پرۆسەی ( ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک).
کۆمەڵگەی دیموکراتیک شتێکی ترە ئەگەر لە مەسەلەی سۆسیالیزم پرسیارتان هەبوو قسەی لەسەر بکەین، مەسەلەی ئاشتیەکە ئەمەیە ئەو ئەوها ناوی لێناوە. تورکیا هێشتا هەر دەڵێ تورکیای بێ تیرۆر، ئێ ئێمەش دەڵێین تورکیای بێ فاشیزم، تورکیای بێ تیرۆری دەوڵەت، لەبەر ئەوە پێویستە ناوێک لە پرۆسەیە بندرێ، ئەم ئاسۆیە بەو شێوە چارەسەر دەبێ .
ڕاستیەکیش هەیە دەبێ بیڵێین ئەم بابەتە پەیوەندی بە ئەردۆغانەوە نیە، واتە پەیوەندی بە شەخسێکەوە نیە، پەیوەندی بە زیهنیەتێکەوە هەیە کە ئەردۆغان بەشێکە لەو زهنیەتە، نوێنەرایەتی ئەو زیهنیەتە دەکات لە ئاستی هەرە باڵادا کە پێداگری لەسەر نکوڵی و توندوتیژی و تیرۆری دەوڵەتی دەکات، پێداگری لەسەر خەڵەتاندن و فرتوفێڵ قازانج کردن دەکات ، ئەمە ئەردۆغانیش وایە و هاکان فیدانیش وایە گروپێکی دیکەش لەگەڵیا وان، زەفەر پارتی هەیە و کۆمەڵێکی تریش وان، بەڵام لەناو دەوڵەتدا مەیلێکی دیکە هەیە، ڕەوتێکی دیکە هەیە، پێیوایە تورکیا بەڕاستی پێویستە کە بەرەی ناوەخۆی بەهێز بکات، لەبەرامبەر دەرەوە بتوانێ خۆی بەهێزبکات، لە دەرەوە بتوانێ کرانەوەیەک بە دەرەوە بدات، پێویستە لەناوەخۆی خۆیدا کێشەکە چارەسەر بکات، تاکە هێزی لەم رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بتوانێ تورکیا پشتی پێ ببەستێ تەنیا کوردە، نە بە ئێران دەتوانێ پشتی خۆی ڕاستکاتەوە، نە بە ئیسڕائیلیش دەتوانێ، ئەوە حەماس و حزبوڵڵاش خۆتان بینیتان چیان بەسەر هات، بە دەوڵەتانی عەرەبیش ناتوانێت، هەتا کەنداویش ئێستا لێی دوورکەوتەوە، کەواتە تاکە هێزێک کە بتوانێ تورکیا لەسەر پێ بهێڵێتەوە کوردە. بەڵام کوردیش ئەو مەرجانەی هەیە وەکو باسمان کرد؛ دەبێ تورکیایەکی بێ فاشیزم، بێ تیرۆری دەوڵەتی، بێ نەتەوەپەرستی بێت، ئەو دەستوورە هەر هیچ بەکەڵک نایێ، ئێستا ئەوەندەی من بزانم ئامادەکاری دەستورێکیان کردووە ئەو دەستوورەی کە ئامادەشیان کردووە شتێکی وای تيدا نیە. ئێ ناکرێ، ئەگەر دەتەوێ کورد هەڵخەڵەتێنی کورد هەڵناخەڵەتێ.

– لەلایەن کێوە ئامادە کراوە کاک حەسەن ؟
+ هەر گەڵاڵە پێشنیارێکیان ئامادەکردووە .

-لەلایەن کام حزب؟ ئاکپارتی خۆی ئەم پێشنیارەی هێناوە ؟
+ بەڵێ ؛ ئێستا دەبێ ئەم بابەتە بچێتە پەرلەمانی تورکیا، بۆیەش ئێستا هاوڕاییەک هەیە لە نێوان ئەو مەیلەی کە لەگەڵ چارەسەریە لەگەڵ PKK و (ڕێبەر ئۆجەلان) کە لەناو پەرلەماندا لیژنەیەکی تایبەت بەم بابەتەی چارەسەری پرسی کورد و دەستور و یاسای هیوا و یاسای ئازادی ڕێکبخرێ، واتە پرۆژەیەک ڕێکبخرێ لە پەرلەماندا بڕیاری چارەسەری ئەم پرۆسە بدرێ. چیتر نەڵێن تیرۆر، من بەڕاستی بڵێم هەتا ئەردۆغان و دەوڵەتی تورک و بەرپرسانی تورکیا بڵێن تورکیای بێ تیرۆر یەک هەنگاوی دیکە PKK ناینێ. دەبێ بە ناچاری بڵێ ئێمە لە وڵاتەکەی خۆمان دوو لایەنین شەڕمان کردووە و ئێستا دەمانەوێ ئاشتی بێتەدی. هەتا تورکیا بڵێ تورکیای بێ تیرۆر ئێمەش دەڵێین تورکیای بێ ئەردۆغان، تورکیای بێ فاشیزم و تورکیای بێ تیرۆری دەوڵەتی، تورکیای بێ نەژادپەرستی و تورکیای بێ کۆمەڵکوژی .
جا لەبەر ئەوە پێویستە تورکیا لەمە تێبگا، هەتا ئەم زمانە نەگۆڕێ چونکە زمانی نەگۆڕیوە، ئێ زمانیش ڕەنگدانەوەی زهنیەتە. زهنیەتی ئەو زهنیەتێکی فاشیستیە و نکوڵیکارە، تورکیای بێ تیرۆر! پێویستە بڵێین تورکیای بێ تیرۆری دەوڵەتی، ئەوەی کە PKK کردوویەتی تیرۆر نیە، بەرگری ڕەوایە. تورکیا تیرۆری کردووە، تورکیا تیرۆری دەوڵەتی بەڕێوە بردووە، ئا با ڕستەکە ڕاست بڵێن ، بڵێن “ تورکیای بێ تیرۆری دەوڵەتی “ ، چونکە PKK نە تیرۆری کردووە و نە تیرۆریش دەکات و نە تیرۆرستیشە. PKK بزوتنەوەیەکی ئازادی گەلێکە لەم چوارچێوەیەدا خەباتی کردووە، بەرگری لەخۆی کردووە، تۆ هێرشی دەکەیتە سەر، چۆن بەرگری لەخۆی ناکات ؟! ئەوەی کە تیرۆری بەڕێوەبردووە خودی دەوڵەتە .
هەتا ناو لەم پڕۆژەیە نەندرێ هەتا پەرلەمان بڕیار نەدا، ئێستا خەریکن لیژنەیەکی ١٠٠ کەسی دروست دەکەن پارتەکانی لەناو پەرلەمانی تورکیان ئەمانە بەتەمان لیژنەیەک دروستکەن، گەڵاڵە پێشنیارێک پێشخەن و پاکێجێکی چارەسەری، چارەسەری پرسی ئاشتی و چارەسەری پرسی کورد بکەوێتە ناو پەرلەمان و پەرلەمان بڕیاری لەسەر بدا، ئەوکاتە دەوڵەتی تورکیا و ئەرتەشی تورکیا …. هتد دەبێ پابەند بێ بەو بڕیارەی پەرلەمان، چونکە پەرلەمان کە قسەی کرد دەبێ ئەرتەشیش پابەند بێ .
ئەگەر ئەم هەنگاوە بنێ ئەم ئاسۆیەی کە بەڕێزتان باستان کرد بەڵێ ئەم ئاسۆیە فراوانتر دەبێ، ڕەنگبێ دەوڵەتی تورکیاش هەندێک هەنگاو بنێ. بەڵام هەتا ئەو دەقەیە نە PKK نە گەلی کورد نە چاودێرانی دونیاش پێیان وا نیە کە تەواو پرسی کورد چارەسەر دەبێ، هەموو نیگەرانی و گومان و دڵەڕاوکێیان هەیە بە کوردیش و بە پەکەکەشەوە . بەڵام PKK ئەوەی ئەرکی خۆی بوو جێبەجێی کرد، بۆ ئەوەی سبەی دیسان نەڵێن خەتای PKK بوو ، PKK ئاگربەستی کرد و خۆی هەڵوەشاندەوە و بڕیاری ڕاگرتنی تێکۆشانی چەکداریدا. ئێ تەواو چیترت پێویستە ؟ نا دەڵێ دەبێ لە ڕۆژئاواش وا بکەن، ڕۆژئاوا چ پەیوەندی بە PKK ەوە هەیە ؟! تۆ کێشەت لەگەڵ PKK هەیە .
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بزوتنەوەیەکی ئازادی هەیە، تێکۆشانی خۆی دەکات تۆ چ پەیوەندیەکت بەو هەیە؟ یانی تۆ دەتەوێ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەم شێوەیە بندەستکەی؟ تۆ جارێ کێشەی کوردت چارەسەر نەکردووە دەتەوێ دەست بۆ شوێنی تر ببەی ؟ ئەمە خەیاڵێکە نابێ، پێویستە تورکیا لەگەڵ PKK لە تورکیا لە باکووری کوردستاندا کێشەکە چارەسەر بکات، چارەسەر هەموو ڕۆژ بۆخۆی بێ و مەرجی تر بسەپێنێ ئێ خۆ ناکرێ. PKK ئێستا هەنگاوی پێویستی نا، ئەوەندەی کە من لێی تێگەیشتبم PKK یەک هەنگاوی دیکە نانێ، ئەوەی دیکە تورکیا دەیکات با بیکات هێرش دەکات با بیکات شەڕ دەکات با بیکات .

-زۆر باشە کەواتە بەهایەکی لەم بابەتانە نیە ئەوەی کە قسە دەکرێ گوایە دەستوور دەگۆڕێ بەو مەرجەی کە ئەردۆغان ڕازیە بەو مەرجەی بەو پێشنیارانەی کە PKK و ئۆجەلان پێشنیاریان کردووە، بەڵام مەرجەکەی ئەردۆغان لە بەرامبەریدا ئەوە دەبێ کە قۆناغێکی تری بۆ تازە بکەنەوە خولێکی دیکە ببێ بە سەرۆک کۆمار، دیارە نەخشەشی ئەوەیە کە بیلالی کوڕی بێتە شوێنی، شتێکی لەم بابەتە هەیە .
+ ئەردۆغان خەمی دەسەڵات و کورسیەکەیەتی، چونکە ئەردۆغان ئەمڕۆ لە کورسیەکەی لاببردرێ بەیانی لە زیندانە، دونیایەک دۆسیەی لەسەر ئامادەکراوە، ئەمڕۆ لەسەر کورسیەکە لاچێ بەیانی یان لە زیندانە یان شتێکی دیکەی بەسەردێ. خەمی ئێمە ئەوە نیە، خەمی ئێمە ئەوەیە کە دیموکراتیزەبوون و چارەسەری پرسی کورد و ئاشتی بێنەدی، ئەوە خەمی ئێمەیە، ڕەوتێک لەناو دەوڵەتیش هەیە ئەوانە خەمی دەوڵەتەکەیانە، هەرچی ئەردۆغانە خەمی دەسەڵاتەکەیەتی، یانی قۆناغەکە بەم شێوەیە دیاریش نیە تا کوێ دەچێ. پێویستە کەس خۆشخەیاڵ نەبێ، بەڵام چی پێویست بێ بۆ ئاشتی بۆ چارەسەری پرسی کورد PKK دەیکات، ( ڕێبەر ئاپۆ ) دەیکات ، بەڵام با کەس خۆشخەیاڵیش نەبێ بڵێ ئەوە تەواو ئاشتیە، نا وا نیە ئەگەری هەیە هەنگاوی زۆر سەیر بندرێ، ئەو ئەگەرانەش هەن، یانی ئاماژە هەن لە بواری سیاسی لە بواری یاسایی و هەتا هەندێک دەیانەوێ دەستوور لادەن هەندێک دەیانەوێ یاسا بگۆڕن، نمونە چەمکی هاوڵاتی کێیە؟ مەسەلەی زمان، هەندێک شت هەیە وەکو یاسا دەیانەوێ بیگۆڕن بۆ ئەوەی زەمینە خۆشبکات بۆ ئەوەی دەستوورێکی نوێ بێتە دی، دەستووری نوێش دەبێ تەواو جیاواز بێ. هەندێک قسە لەسەر ئەوە دەکەن ئێمە با بگەڕێینەوە دەستووری ساڵی ١٩٢١ ، دەستووری ١٩٢١ بەگوێرەی ئەوکاتە شتێکی خراپ نەبوو، چونکە ئەو کاتە ناسنامەی نەتەوەیی دەوڵەتی تورکیا دیار نەبوو دەستووری ١٩٢١ ، ئەمە دەتواندرێ هاوچەرخانە بکرێتەوە و نوێ بکرێتەوە یان دەستوورێکی نوێ دیموکراتی بێ، مەسەلەی ئەو ناوەندگەراییەی کە ئێستا هەیە (یونیتەری) نەمێنێ و هەرێمەکان بتوانن خۆیان خۆیان بەڕێوەببەن بە شێوەیەکی زاتی، نەک بە مانای خۆسەریەکی وەکو ڕۆژئاوا، بەڵام بەشێوەیەک بێ ماف و ئازادیەکان دابین ببن، پرسی کورد وەکو پرسی نەتەوەیەک ناسنامەیەک نەک پرسی هاوڵاتی، چونکە پرسی کورد تەنیا پرسی هاوڵاتی بوون نیە، پرسی ناسنامەیە، پرسی ئازادیە، پرسی کولتوورە، پرسی سیاسەتکردنە، هەموو ئەم پرسانە هەیە، پرسی گەلێکە وڵاتێکی هەیە، ئەمە چۆن چارەسەر دەکرێ بابەتێکی ترە.

– بەهەر حاڵ ئەو باسە باسی چارەسەرکردنی پرسی کورد و ئەو باسەی کە بەڕێزیشت دەیکەی لەوەی کە پرسی ناسنامەیە و ئەمانە بابەتێکی قوڵە دەکرێ زۆر قسەی لەسەر بکەین، دیارە من کێشەم هەیە لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا کە دەڵێ مەسەلەی ناسنامە، بەڵام لەلایەکی دیکەوە دەزانم کە ستەمی نەتەوەیی هەر بەوە چارەسەر نابێ بڵێی دەی هەموومان ئێستا هاوڵاتی ئەم وڵاتەین، ئەمریکا چەندین ساڵ سیستەمی هاوڵاتی یەکسانی تێدابوو، بەڵام ڕەش پێستەکان هەر بندەستە بوون هەر ژێر چەپۆکە بوون هەتا ئێستاش هەر وان، لەبەر ئەوە بابەتەکە بەوە چارەسەر نابێ، پرسی هاوڵاتی یەکسان کێشەی ئەو جۆرە ستەم و هەڵاواردنە چارەسەر ناکات شتی تری پێویستە .
+ ئێمەش وا دەڵێین .

– ئاخر دەزانی کێشە لە چیە هاوڕێ حەسەن، ئێمە بە دیوی ئەو دیودا دەکەوینە خوارەوە لەسەربانەکە، یانی دەکەوینە ناو سیاسەتی ناسنامەوە، لەسەر ئەساسی ناسنامە کێ نوێنەرایەتی کورد دەکات؟ کێ نوێنەرایەتی مەسیحی دەکات؟ کێ نوێنەرایەتی عەرەب دەکات، کۆمەڵگە دەبرێتە شوێنێکی وا کە هەرکەسە بە نوێنەرایەتی ناسنامەیەک و دینێکەوە بڕوا دەسەڵاتی هەبێت و حکوم بکات، لەبری ئەوەی کە خەڵک چی پێخۆشە و چی دەوێ، یاخود تێگەیشتنی ئەوەی کە کورد هەموو یەک ناسنامەی هەیە، من ئێستا لە کوردستانی عێراقدا یەک ناسنامەم نیە لەگەڵ مەسعود بارزانیدا، دونیاش بێتە خوارەوە قسەم بۆ بکات و کۆمۆنیستیش نەبم هیچ شتێک کۆمنناکاتەوە لەگەڵ مەسعود بارزانیدا، نە ژیانم لە ژیانی ئەو دەچێت، نە ئەملاکم ئەملاکی ئەوە، نە فرسەتەکانی بەردەمم فرسەتی ئەوە، نە فەرهەنگم فەرهەنگی ئەوە، نە ئەو خەستەخانەی من خۆمی لێ چارەسەر دەکەم ئەو خۆی لێ چارەسەر دەکات، ئەگەر نمونە کەسێکی زەحمەتکێش بم لە کوردستان ئەوەیە ناکرێ ئەوە بەیەک نەتەوە بزاندرێ بەهەر حاڵ با لەو باسە دەرباز بین.

+ ناسنامەکان چۆنە؟ نمونە ئێستا لە دەستووری تورکیادا نوسراوە هەموو هاوڵاتیەکی تورکیا تورکن، ئەوانەی کە تورکیش نەبن لە ڕەگوڕیشەدا هەر تورکن، نمونە ئەمە دەقی ماددەیەکی دەستووری تورکیایە، دەبێ تۆ ئەمە لادەی، مەسەلەکە لێرە دەستپێدەکات، کێشەکە لە دەوڵەتەوەیە لە گەلان نیە، دەوڵەت ناسنامەیەکی ئاوای بە هەموو تورکیا داوە، ئێمەش دەڵێین نا، هەتا لە بانگەوازیەکەی ( ڕێبەر ئۆجەلان ) وشەی ناسنامەکان هاتووە ناسنامەی کورد نەهاتووە، ناسنامەکانیش زۆرن، دەیان ناسنامە هەیە دەیان ئایین و باوەڕی و باوەڕمەندی و شتی دیکە هەیە، ناسنامە ئەوەیە نمونە تۆ لایەنگری یانەیەکی وەرزشی ئەمەش ناسنامەیەکە، ناسنامە خۆی چەمکێکی فراوانە لە کتێبەکانی پێشتری باسی کردووە، بەهەرحاڵ مەبەستم لە ناسنامەکان بەو مانایە نەک بە مانای ناسنامەی تەنیا گەلێک، نمونە نەتەوەی دیکەش هەیە، ئەدی نەتەوەکانی دیکە چی بکەن؟ خۆ مەسەلەکە تەنیا کورد نیە، کە دەڵێین دیموکراتیزەکردنی تورکیا دەبێ ئەو ناسنامەیەی کە هەیە دەبێ لابردرێ “ هەموو خەڵکی تورکیا تورکن “ دەبێ لاببردرێ، یان ئەوەتەیە بەهیچ کەسێک نەگوترێ تورکن بڵێن هەموو کەسانی کە لە تورکیا دەژین خەڵکی تورکیان و تورکیایین ئەمە دەبێ، بەڵام بڵێی تورکن نابێ، هەتا وشەی تورکیا وشەیەکی تورکی نیە وشەیەکی عەرەبیە، چۆن دەڵێین عێڕاقیە (العراقية) ئێرانیە(ايرانية)، یانی ناوی وشەی تورکیا بۆخۆی تورکی نیە، کەچی دەڵێ هەموو خەڵکی تورکیاش تورکن چۆن دەبێ ؟! ئەم عەقڵیەتە دەبێ بگۆڕدرێ.

– حەتمەن ئەوەی کە دەزانین ئایدۆلۆجیای فاشیزمی تورکی چووەتە ناو مۆخی دەوڵەتی تورکیاوە ، کاتی خۆی هتلەر زۆر بە ئاشکرا گوتوویەتی کە سوودێکی زۆری لە کەمال ئەتاتورک وەرگرتووە بۆ داڕشتنی تیۆریەکانی خۆی .
هاوڕێیەک لە کۆمێنتەکاندا نووسیویەتی ناکرێ بەو دەوڵەتە بڵێین فاشیست، بەهەر حاڵ دەوڵەتەکەش وەکو دامودەزگا و حکومەت دامودەزگای دیموکراتی هەبێ بەڵام ناوەرۆک و جەوهەری ئەم دەوڵەتە لەسەر ئەساسی فاشیزم دروست بووە .
+ من ڕێزم بۆ ئەو هاوڕێیە هەیە نەک هەر فاشیستە، بەڵکو سوپەر فاشیستە، مەدرەسەیەکی فاشیە.

– فاشیەکی ئیسلامیە .
+ ئێ فاشیزمی ئیسلامی هەیە، فاشیزمی مەزهەبی، هەیە فاشیزمی عەلمانی هەیە، واتە فاشیزمیش نیە سوپەر فاشیزمە، هەموو دامودەزگاکان فاشیستین، یانی فاشیزم لە تورکیا خۆی بە دامەزراوە کردووە، دامەزراوە هەیە مانای ئەوە نیە کە فاشیستی نیە، فاشیزم لە دونیادا یەکەم شوێن کە خۆی بە دامەزراوە کردووە تورکیایە، لە ئەرتەشدا لە پەرلەماندا لە هەموو شوێنێکدا .

– زۆر باشە بچینە سەر بەشێکی تری پرسیارەکانمان. کاتەکەشمان درێژی کێشا هاوڕێ حەسەن، بەڵام پێموابێ بابەتەکە دەیهێنێ قسەی لەسەر بکەی ،ئەویش دەستەواژەی “سۆشیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتیە” هەڵبەت لە قسەکانی پێشووتری بەڕێزتان و لە بەیاننامەکان و لەو نووسراوانەشی کە پەکەکە ئەم ماوانە دەریکردووە شتێک سەرنجی ڕاکێشام کە قسە لەسەر سۆشیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتی دەکرێ، یانی ئەگەر من کەسێکبم پێموابێ ئەمریکام لە پشتە و ئیسرائیلم لە پشتە دەڵێ وەخت بڕا ئێستا نەبێ باسی سۆشیالیزم دەکەی ! وانیە؟ بەڕاستی ڕەوتی PKK هەندێ وردە پاسۆکی بەدەورەوە خڕبووەتەوە نازانم مەوزوع چیە، هەندێک پێیان سەیرە دەڵێن وەخت بڕا ئێستا باسی سۆشیالیزم دەکەی ! کات نەما ؟
+ ئەوە بەڕێزێکی ئیسلامیش گوتبووی ئێ قوربان مادەم هەر چەکتان داناوە واز لەو چەمکی سۆشیالیزم و ئەو شتانەش بێنن .

– من مەبەستم ئەوەیە ئەم باسی سۆشیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتی جێگەی سەرنجە کە لە بەیاننامەکاندا هاتووە ئاماژەی پێدەکرێ، بەش بە حاڵی خۆم خوێدنەوەی من بۆ ئەمە ئەوەیە کە PKK دەزانێ و ئەم ڕەوتە دەزانێ لەناو تورکیادا ئەو هێزەی کە دەتوانێ لە پشتی ئەم ئاڵوگۆڕانەوە بووەستێ هێزی چەپە، نمونە بە شایەتی سری سورەیا بە شایەتی هەموو ئەوانەی لە دەم پارتیدان، لەو تورکە ئازادیخوازانە لەو تورکە چەپ و کۆمۆنیستانە، هەتا ئەو ئەحزابانەی کە نەهاتوونە ناو دەم پارتی هاوکاری دەم پارتین و هاوکاری ئەم ڕەوتەن بۆ کۆتایی هێنان بە ستەمی نەتەوەیی، بەدرێژایی کات بەشێکی ئەوانەی کە بەخۆیان گوتووە مارکسی لینینی لە تورکیادا وایە کە گوتوویانە جارێ لە ئیمپریالیزم ڕزگاربین ئینجا بێین کێشەی کورد چارەسەر بکەین ئەمە ڕاستە، بەڵام بەشێکی تری چەپەکان هەمیشە و بەردەوام لەگەڵ ئەم ڕەوتەدا بوون، من لەمە تێدەگەم و من خوێندنەوەکەم ئەوەیە کە PKK دەزانێ لەم دۆخەدا کە بەڕێزیشت ئاماژەت پێدا کە دۆخی ئاڵوگۆڕی ئێمە دەچینە ناو پرۆسەیەکی تر لە ئاڵوگۆڕی قۆناغێکی تر لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم فاشیزمە، بە هاتنی ئەم سۆشیالیزمە بەشداریکردن و پشتیوانیکردنی ئەم هێزە پێویستە، بەڵام من پێم خۆشە لە زمانی خۆتەوە باسی ئەوە بکەی سۆشیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتی فەرقی چیە لەگەڵ ئەو سۆشیالیزمە بنیادنراو کە باسکراوە لە ڕابردوودا ؟ئایە ئەم سۆشیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتیە ئەمڕۆ لە تورکیادا لەم دۆخەدا فرسەت بۆ پێشکەوتنی هەیە فرسەت بۆ جێبەجێ بوونی هەیە ؟ ئەگەر هەیە ئەو فرسەتانە چین ؟
+ ئەوەی کە بەڕێزت باست کرد چەپ لە تورکیا کەم و زۆر لە قۆناغەکان پشتیوانیان لە پرسی کورد کردووە، پشتیوانیان لە دیموکراتیزە بوون کردووە، ئەمە بابەتێکە ڕاستە، بەڵام ئەسڵی بابەتەکە ئەمە نیە، لەگەڵ هەموو ڕێز و ستایشێک بۆ ئەو چەپ و شۆڕشگێڕانەی کە سۆسیالیست بوونە، چەپ بوونە تێکۆشانیان کردووە و پشتیوانی گەلی کوردیان کردووە ئەمانە جێی ڕێزن، بەڵام لە ئەساسدا بابەتەکە ئەمە نیە، ئەم بابەتە پەیوەست نیە بە پرۆسەی ئاشتیشەوە، ئەم بابەتە پەیوەست نیە بە مەسەلەی تورکیاشەوە، بەشێوەیەکی ڕوون بڵێم بابەتێکی فیکری زهنیە پێشتریش ئیشی لەسەر کراوە، بەڵام لە نەوەدەکانەوە ئیشی لەسەر ئەلتەرناتیڤێکی سۆسیالیستی کردووە، بەڵام ئەلتەرناتیڤی سۆسیالیستی چی بێ و چۆن بێ؟ لەسەر ئەمە بەدواداچوون و قاڵبوونەوە و قووڵبوونەوەی بەردەوامی کردووە، لێگەڕینی بەردەوامی کردووە تا گەیشتووەتە ئەو شوێنەی کە ئێستا پێی دەگوترێ سۆسیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتی .
سۆسیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتی چیە؟ سۆسیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتی بۆ پێویستە ؟

– هاوڕێ حەسەن بیرم نەچێ ئەو پرسیارەش بکەم هاوڕێیەکیش ئەو پرسیارەی کردووە، ئەگەر ئەو تێگەیشتنەی پەکەکە بۆ سۆسیالیزم بریتیە لە حزب و دەوڵەت و هەموو ئەوانەی کە باسکرا شتێکە لە ڕابردوو باسکرا، ئەی ئەمڕۆ تێگەیشتنی چیە بۆ سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم و شۆڕش ؟

+هەڵبەت من لەناو قسەکانمدا باسی دەکەم، وەکو باسمکرد ئەو مەسەلەی سۆسیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتی پەیوەندی بە بارودۆخی مەسەلەی ئاشتی و پرۆسەی دیالۆگ و هەتا پەیوەندی بە ناو تورکیا و خودی باکووری کوردستان نیە ئەمە یەک .
دوو – پەیوەندی تەنیا بە کوردیشەوە نیە ئەم بابەتە. کوردیشی لەناودایە، بەڵام بەتەنیا پەیوەندی بە کوردەوە نیە. ئەی کەواتە بابەتەکە چیە ؟
بابەتەکە بە کورتی ئەوەیە، لەبەر ئەوەی دەرفەت نیە بە کورتی باسی دەکەم؛ ئێستا ئێوە خۆتان دەزانن کاپیتاڵیزم باڵادەستە بەسەر دونیا، حزوری خۆی لەسەر دونیا هەیە کەواتە کێشەیەکی جیهانی هەیە کێشەیەکی هەموو مرۆڤایەتی هەیە، کاپیتاڵیزم کە ئێمە پێی دەڵێین مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لە لوتکەی دڕندەیی و وەحشیگەری خۆیدایە، ئێستا نمونەکانی لە ئۆکرانیا دەبینین، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینین، لە ئەفریقیا دەبینین، کەواتە زلهێزانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری تا دێ دڕندەییەکەیان فراوان دەبێ، چەوساندنەوە زیاد دەبێ، بێکاری و کۆیلایەتی زیاد دەبێ، بە کاڵاکردنی ژن زیاد دەبێ، ژینگە تا دێ دەکەوێتە ژێر هەڕەشەی زیاترەوە، شیرازەی کۆمەڵگە تا دێ تێکدەچێ بەهۆی سەرمایەداریەوە، لە خودی کوردستانیشدا ئەمە زۆر بە ڕوونی دیارە و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش و لە ئاستی دونیادا سەرمایەداری بە هەموو جەمسەرەکانیەوە بە جەمسەری ڕووسیشیەوە و بە جەمسەری ئەوروپیشیەوە بە جەمسەری چینیشیەوە، چونکە ئێمە چینیش بە سۆسیالیست نابینین، بەڵکو بە سەرمایەداری دەیبینین و لە خزمەتی ئەودایە، ئەمریکاش بەهەمان شێوە، لەبەرئەوە سەرمایەداری دەیەوێ خۆی زاڵبکات لەو شوێنانەی کە هێشتا بۆشایی هەیە نەیتوانیوە خۆی زاڵبکات، لە شوێنێک لەو شوێنانەش کوردستانە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، لەبەر ئەوە بە تێڕوانینی ( ڕێبەر ئاپۆ ) و پەکەکە پێویستی بە خەباتێکی سۆسیالیستی سەرتاسەری ئەنتەرناسیۆنالی لە ئاستی هەموو هەموو جیهاندا هەیە، ئەمە بنەما ئەساسیەکەیە، هەڵبەت کوردیشی لەناودا، کوردستانیشی لەناودا، کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشی لەناودا، ئەو سۆسیالیزمە دیموکراتیەی کە ( ڕێبەر ئۆجەلان ) جیاوازی چیە لەگەڵ پێش خۆی؟ لە چەند تەوەرێکدایە دەمەوێ بە کورتی وەکو سەرە دێر باسیکەم، پێم وایە ئەو هاوڕێیانەی وشیاری سۆسیالیستیان هەیە باشتر تێدەگەن ؛
یەک – سۆسیالیزمی لە پەیوەند بە دەوڵەت پچڕاندووە، بە واتایەکی دیکە سۆسیالیزم لە ڕێگەی دەوڵەت -دەسەڵات بەدەست نایێ، دەبێ سۆسیالیزم وەکو ئەلتەرناتیڤێکی دەرەوەی دەوڵەت بێتە دی، تەواو دابڕاندنی دەوڵەت و سۆسیالیزم ئەمە یەک .
دوو- سۆسیالیزم لە ڕێگەی توندوتیژی زەبروزەنگ و شەڕوشۆڕ بەدی نایێ. سۆسیالیزم لە ڕێگەی دیموکراتیەوە بەدی دێ، دیموکراتی لە فکری ( ڕێبەر ئۆجەلان ) ڕێک ئەلتەرناتیڤی دەوڵەتە، نەک میکانیزمی هەڵبژاردن و نوێنەرایەتی و … هتد ، هیچ ئەمانە نیە. دیموکراتی وەک سیستەمێکی کۆمەڵگەیی نەک کۆمەڵایەتی، یانی دیموکراتی سیستەمێکی کۆمەڵگەیە و دەوڵەت سیستەمی دەسەڵاتدارێتی و چینایەتیە. لەبەر ئەوە دیموکراتی وەکو ئەلتەرناتیڤی دەوڵەت وەکو ئەلتەرناتیڤی سەرمایەداری بەو مانایە دێ. لەبەر ئەوە سۆسیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتی بەو مانایەی ئەو سۆسیالیزمەی لەناو دیموکراتیدا بەدیدێ، لە دەرەوەی دەوڵەت و لەدەرەوەی توندوتیژی و ئەوەی پێشتر پێمان دەگوت زەبروزەنگی شۆڕشگێڕانە، لە دەرەوەی ئەمە بەدی دێ .
ئەو سۆسیالیزمە دایبڕاندووە لە دەوڵەتگەرایی و توندوتیژخوازی و زەبروزەنگ، ئەمە دوو بابەت .
بابەتی سێیەم – سۆسیالیزمی ( ڕێبەر ئۆجەلان ) باسی دەکات نە لە تەوەری چینایەتی تەنیا چینی کرێکار، بەڵکو لە تەوەری « ژن » و کۆمەڵگەیە، چونکە یەکەمین چەوساندنەوە وەکو مارکسیش ئیشارەی پێدەدا، یەکەم چەوساندنەوە لەسەر ژن دەستیپێکردووە، ئەمە ڕاستە و هەرواشە، لە یەکەم چەوساندنەوە دەبێ کۆتایی بە هەموو چەوساندنەوەکانی دیکە بێنین کە ڕەگو ڕیشەی هەموو چەوساندنەوەکانە، وەکو چۆن پیاوسالاری ڕەگو ڕیشەی هەموو دەسەڵات و مۆدیلەکانی دەوڵەتە، یەکەم چەوساندنەوەش چەوساندنەوەی ژنە. لەبەر ئەوە سۆسیالیزمی کە ( ڕێبەر ئۆجەلان ) باسی دەکات لەوباوەڕییە دایە یەکەم و بەردی بناغەکەی لە تەوەری ژندایە، بە مانایەکی تر لە تەوەری کۆمەڵگەدایە، چونکە کۆمەڵگە لە تەوەری ژندا بووەتە کۆمەڵگە و خۆی کردووە بە کۆمەڵگە. لەبەر ئەوە سۆسیالیزمی کە ( ڕێبەر ئۆجەلان ) باس دەکات نە بە مانا چینایەتیەکەی چینی کرێکار پێشەنگایەتی دەکات، نا چینی کرێکاریشی لەناو ئەو تێکۆشانەدایە وەکو چینی چەوساوە و ڕەنجدەر، بەڵام ئەوەی پێشەنگایەتی ئەو سۆسیالیزمە دەکات ژنە ئەمە سێ.
چوار – لە تەوەرەی کۆمەڵگەدا یەک نەتەوە ناگرێتەوە، بۆیە لە سۆسیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتی، چەمکی نەتەوەی دیموکراتی، ئەو نەتەوەی کە بە جیاوازیەکانی خۆی خۆی دیموکراتیزە کردووە، بەهاکانی وەک ئازادی، دادپەروەری، یەکسانی، کۆمیناڵی و هەرەوەزی و بەیەکەوە ژیان ئەمانە وەکو کۆمەڵێک بەهای سۆسیالیستی دەیبینین، سۆسیالیزم لەسەر ئەمانە پێکدێ لەناو تەوەری سیستەمێکی دیموکراتیدا پێکدێ .
کەواتە ئەو پارادیگمایەی ( ڕێبەر ئۆجەلان ) تێیدا قووڵبۆتەوە، وەکو زانیاریش بڵێم پۆلەتیک ڕاپۆرتەکەی کە ئامادەی کردووە بۆ کۆنگرەی ١٢مینی پەکەکە، بنچینە ئەساسیەکەی و قورساییەکەی لەسەر ئەم بابەتەیە، هەرچەندە هێشتا بڵاو نەکراوەتەوە لەسەر مەسەلەی سۆسیالیزمە.

– ئەو ڕاپۆرتە سیاسیەی کە بۆ کۆنگرەی ١٢ نێردراوە مەبەستت ؟
+ بەڵێ بەشێکی، بەهەرحاڵ من دەمەوێ بابەتەکە باسکەم، سۆسیالیزمی کە باسی دەکات پەیوەندی تەنیا بە کورد و پەکەکە و باکوور و پرۆسەی ئاشتیەوە نیە، بەڵکو مەسەلەیەکی زیهنی ئەو تێکۆشانەی کە پێشتر ( ڕێبەر ئۆجەلان ) پێشی خستووە، چۆن ؟
کاتی خۆی لەبەرامبەر شارستانیەتی پلەداری ( چینایەتی ) شارستانیەتی دیموکراتی پێشخست تێزێکی وای پێشخست. دواتر ئەمە قوڵتر کردەوە لەبەرامبەر مۆدێرنیتەی سەرمایەداری مۆدێرنیتەی دیموکراتی پێشخست .لەبەرامبەر دەوڵەت-نەتەوە، نەتەوەی دیموکراتی پێشخست .لەبەرامبەر سەنترالیزم واتە دەوڵەتی یونیتەر کۆنفیدراڵی دیموکراتی پێشخست .لەبەرامبەر بەڕێوبردن، خۆبەڕێوبەری پێشخست .
واتە بابەتەکە ئاوایە ئەلتەرناتیڤی پێشخست تا گەییشتە ئەو شوێنە، ئەوەی کە ئێستا جیاوازە لەگەڵ ئەوانی تر چیە؟ ئەوەیە کە لایەنە ئیدۆلۆژیەکەی، لایەنە فکریەکەی گەیاندە ئاستی تەکامول، ناڵێین کامل، تکامل خۆت دەزانی واتە بەردەوام دەبێ، لەبەر ئەوە ئێستا یەکێک لەو بابەتانەی کە پەکەکە ئیشی لەسەر دەکات ئەمە وەکو پێشنیارێکم بۆ هەموو هاوڕێیانی چەپ، ناو لەکەس نانێم چەپ، بەڵام ئەوانەی کە خۆیان بە چەپ و کۆمەنیست و سۆسیالیست دەزانن لە کوردستان و دەرەوەی کوردستان، ئێستا پەکەکە و (ڕێبەر ئۆجەلان ) قورساییەکی زۆر دەخاتە سەر خەباتی ئەنتەرناسیۆنالیستی، وەکو ئێوە خۆشتان لە مێژووی ئەنتەرناسیۆنالیزم دەزانن، ئێستا ئەوەی کە ( ڕێبەر ئۆجەلان ) دەیەوێ ئیشی لەسەر بکات لە بەرامبەر کۆی سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری تێکۆشانێکی ئەنتەرناسیۆنالیستی پێویستە. ئەم تێکۆشانەش تەوەرەکەی سۆسیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتیە. ئینجا هەندێ کەس تێکەڵیان کردووە، لەگەڵ سۆسیال دیموکرات، سۆسیال دیموکرات پارچەیەکی یەدەگی سیستەمی سەرمایەداریە، وەکو بڵێی شاگردی ئەوە، سۆسیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتی جیایە، تەوەرەکەی جیایە، بنەماکەی جیایە، چوارچێوە زهنی و فکریەکەی جیایە، لەبەر ئەوە ئەوەی کە پێی دەگوترێ سۆسیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتی ئەمەیە. بەڵام بەداخەوە من زۆر لام سەیر بوو هەندێ هاوڕێی سۆسیالیست و کۆمۆنیست لەجیاتی بێن لەسەر ئەم بابەتە قسە بکەن و تاوتوێی ئەم بابەتە بکەن، چونکە لایەنی کەم ئەوان پەیوەندیدار دەکات، تۆ لە ساحەکە خۆت بە چەپ دەزانی و خۆت بە سۆسیالیست و کۆمۆنیست دەزانی، ئێ باشە ئەم بزوتنەوەیە و ئەم کەسایەتیە بانگەشەی تێکۆشانێکی ئەنتەرناسیۆنالیستی دەکات بۆ سۆسیالیزم، دەڵێ پێم بڵێ پەیوەندیت لەگەڵ ژن چۆنە ئینجا پێت دەڵێم تۆ چەندە سۆسیالیستی، چۆن لە ژن دەڕوانی ئەوەندە سۆسیالیستی، پەیوەندیەکانی تۆ ئایە سۆسیالیستیە لەگەڵ ژن یان نا؟ هەموو ئەو پەیامانەی کە پێموایە بەڕێزیشت هەمووت خوێندووەتەوە چ ئەوەی بۆ ٨ ی ئازار یان نامەکانی تر ناردوویەتی قورسایی دەخاتە سەر ئەوە، ئەو بابەتە پێشتر لە بەرگرینامەکان باسی کردووە، بەڵام ئێستا بە شێوەیەکی زۆر کۆنکریتی چوارچێوە فکریەکەی داڕشتووە، خەباتێکی ئەنتەرناسیۆنالیستی هەم لە کوردستان هەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەم لە دونیادا پێشدەخات .
ئایە لێرەدا چەپی کورد، سۆسیالیستی کورد، کۆمۆنیستی کورد چەندە دەتوانێ لەگەڵ ئەمە ئیش بکات؟ چونکە ئەم بابەتە بابەتی تەنیا حزبێک و ڕێبەرێک نیە، چۆن ئێستا مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و کاپیتالیزم بەیەکەوە هەموویان هێرش دەکەنە سەر کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، هێرش دەکەنە سەر ژینگە و گەلان و هەموو مرۆڤێکی کرێکار و ڕەنجدەر، باشە تۆش دەبێ لەبەرامبەر کۆی ئەم هێرش و پەلامار و دڕندایەتیە دەبێ تێکۆشانێکی ئەنتەرناسیۆنالیستی پێشبخەیت، بەڵام تەوەری ئەم ئەنتەرناسیۆنالیستە نەتەوەیەک بوو، دەیانگوت دەوڵەت-نەتەوە ئینجا سۆسیالیستی .

-سۆشیالیزم لە وڵاتێکدا .
+ سۆسیالیزم هەریەکەو لە وڵاتێکدا، ئەمە بەو مانایەی نیە، کەواتە تێکۆشانێکی سۆسیالیستی ئەنتەرناسیۆنالیستی لە ئاستی هەموو دونیا پێویستە. کورد ئەم هێزەی هەیە ئەمە بابەتێکە. بابەتێکی تر ئەوەیە کە چۆن تۆ کۆمەڵگەیەکی لەدەرەوەی سیستەمی دەسەڵات و دەوڵەت بگەیەنیتەی ئاستی کۆمەڵگەیەکی سیاسی کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی و دیموکراتی، کۆمەڵگەی سیاسی و دیموکراتی ئەخلاقی واتای چیە لە بیری ( ڕێبەر ئاپۆ ) و پەکەکە، کۆمەڵگەی سیاسی واتە لە ڕوانگەی پەکەکە و ( ڕێبەر ئۆجەلاندا ) واتە خۆبەڕێوبردن و خۆبەڕێوبەرێتی. وشەی ئەخلاقی نەک بەو مانایەی کە لە کۆمەڵگە باسی دەکرێ، بە مانای ئەو بەها ئەخلاقیانەی کە هەیە؛ وەک ئازادی و عەدالەت و یەکسانی و دادپەروەری . کۆمەڵگەی دیموکراتی واتە ئەو کۆمەڵگەیەی کە جیاوازیەکانی ناو خۆی قبوڵ دەکات، هەژمونی نەتەوەیەک، مەزهەبێک، دینێک‌و ناسیۆنالیستی …. هتد نەبێ .
جیاوازی کولتووری ئەتنیک و یەکێتی جیاوازیەکان دروست ببێ. ئەمە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیە ئینجا ئەمە لە خێزانەوە، خێزان دیموکراتیزە بکرێ، کۆمەڵگە و پێکهاتەکانی دیموکراتیزە بکرێ، ئەمە کۆمەڵگەی دیموکراتیە بەم شێوەیە .
واتە کۆی ئەمانە بە فکری سۆسیالیستی دروست دەبێ، پێی دەڵێین سۆسیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتی. ئەمە بابەتە ئەساسی و کورتیەکەی ئەوەیە. هەڵبەت بابەتەکە هاوڕێیانی چەپ باشتر درکی پێ دەکەن .

– دەستخۆش هەڵبەت من تێبینیم هەیە لەسەر قسەکانی بەڕێزت کردتن. ئەم مەنهەج و تێڕوانینە بۆ سۆشیالیزم بە جۆرێک لە جۆرەکان بە جیاوازی دەبینم لەوەی کە من هەمە بۆ سۆشیالیزم، بەڵام هەمیشە ئاوا بووە پەکەکە و ڕەوتی پەکەکە و ئۆجەلان خۆی دەیەوێ یاخود ویستوویەتی لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا هەوڵیداوە وەکو بەشێک لە هێزێکی ئەنارکیستەکانی دونیا دەرکەوێ یان وەکو پەیوەستەی هێزە ئەنارکیستەکانی دونیا بوو، مێژوو پێمان دەڵێ هەمیشە و دایم سۆشیالستەکان و ئەنەرکیستەکان، کۆمۆنیستەکان و ئەنارکیستەکان هەمیشە لە یەک سەنگەردا بوون لە بەرامبەر بۆرژوازیدا.
+ پەکەکە بزوتنەوەیەکی ئەنارکیستی نییە سۆسیالیستیە ،

– بەڵام وەکو سودوەرگرتن لە بوکچین و لەو تیۆریانە ،
+ سودی لە بوکچین وەرگرتووە سودی لە مارکس وەرگرتووە سودی لە گرامیشی وەرگرتووە سودی لە ڕۆزا لۆکسمبۆرگ وەرگرتووە، سودی لە گەلێک بیرمەندی دیکەی سۆسیالیستی وەرگرتووە، ئەنارکیستەکانیش وەکو بەشێک لە گەنجینەی فکری مرۆڤ دەتواندرێ سودی لێ وەربگیرێ، بەڵام پەکەکە بزوتنەوەیەکی ئەنارکیستی نیە بەڵکو بزوتنەوەیەکی سۆسیالیستیە بزوتنەوەیەکی ئازادیە، بەڵام سودیشی لەهەموو سەرچاوە فکریەکان وەرگرتووە، چونکە زۆر کەس هەیە، هاوڕێ گیان دەڵێ مۆڕای بوکچین و ئەنارکیزم زەقدەکەنەوە وەکو ئەوەی پەکەکە ئەنارکیست بێ، نا وەڵا وا نیە و سەدی سەد وانیە، بەڵام سودی لە ئەنارکیزمیش وەرگرتووە .

– ئەوە ئەزانم وایە بەڵام من بەش بەحاڵی خۆم کەسێک کە جێگا و شوێنی چینی کارگەر لە شۆڕشی سۆشیالیستیدا لە جێگای ئەو ژنان بەکار بێنێ ئەوانە بەهەر حاڵ پێم وایە گۆشەیەکی گەورەمان هەیە، بەڵام ئەم گۆشانە ئەم جیاوازیانە ناکاتە ئەوەی لەبەرامبەر یەکدا بووەستین، لە بەرامبەر ئەم تێڕوانینە کە بەڕێزت دەیڵێی باسی ژن پێویست ناکات لەبەرامبەر یەکدا بووەستین، ئەمانە دەتوانین لە ڕێڕەوی بەرامبەر کێوە، لە ڕووبەڕوو بوونەوەی سەرمایەداری بە عەقڵێکی ڕەخنەگرانە لەگەڵ یەکدا هەڵکەن و هەنگاو بۆ پێشەوە بنێن، بەڵام ڕاستیەکەی من بەش بە حاڵی خۆم ئێستا ئەم جێگایە ئەوە نیە ببێ بە دیالۆگ، من پرسیارم کردووە تۆش وەڵامت داوەتەوە، بەڵام من ئەو تەحەفوزانەی خۆم مەجبوورم بڵێم .
بەهەر حاڵ من زۆر زۆر خۆشحاڵم هاوڕێ حەسەن، بینەرانێکی زۆریشمان هەبوو تەفاعولیان کرد لەگەڵ قسەکان، هەندێک پرسیاریان کرد و ویستیان بەشدار بن، بەداخەوە بەو ئەندازەیە نەبوو چاوەڕێم دەکرد، چاوەڕوان بووم زۆرتر پرسیار ببێ، چونکە ئەم گفتوگۆیە زۆر بە پێز بوو لەگەڵ ئێوەی ئازیزدا، بە ئومێدی ئەوەی لە داهاتووشدا بتوانین لەوجۆرە بەرنامانە بکەینەوە لە دۆخێکی باشتر و لە دۆخێکی پێشرەوانەتر سەبارەت بەم بابەتانە کە قسەمان لێکرد، بەتایبەتی لە کۆتاییدا وردتر و فراوانتر قسەمان کرد .
زۆر خۆشحاڵت کردم من پێم خۆشە بە دوا قسەی تۆ کۆتایی بە بەرنامەکە بێنم.
+ زۆر سوپاسی ئەو ڕەنج و مانددبوونەی ئێوە دەکەم، زۆر سوپاسی ئەو بینەرانەش دەکەم کە تەحەمولیان کرد نزیکەی سەعاتێک و ٢٥ گوێیانگرت. ئەگەر کەموکوڕیەکم هەبێ یان ئەگەر هەندێک بابەت ڕوون نەبێ دەکرێ تر گفتوگۆی لەسەر بکرێ، چونکە بابەتەکە دەبوو بە سەعاتێک قسەی لەسەر بکەین، بەڵام بوو بە سەعاتێک و نیو .
نا زۆر درێژەی دەبێ ناچارین کۆتایی پێ بێنین ئەگەرنا قسە زۆر هەڵدەگرێ .
+ هەروەها سوپاس و ڕێز بۆ هەموو لایەک، زۆر سوپاستان دەکەم .

-بەهەر حاڵ هاوڕێیان ئەگەر پرسیارێک یان کۆمێنتێکتان هەبوو دەتوانن بینووسن لە یوتوب باشترە چونکە دەمێنێتەوە، من هەڵیدەگرم بۆ بەرنامەکانی داهاتوو، هەروەها هاوڕێ حەسەنیش دەتوانێ وەڵام بداتەوە .
زۆر سوپاس بۆ ئێوەی ئازیز هیوادارم لە فرسەتێکی تردا چاومان بەیەکتر بکەوێ. زۆر سوپاس .

 

لێدوانێک بەجێ بهێلە