Home بیروڕاحەلبوسی و هەڵبژاردنەکانی عێراق

حەلبوسی و هەڵبژاردنەکانی عێراق

by admin
0 کۆمێنتەکان 32 بینینەکان

عوسمانی حاجی مارف:   

کاتێک دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری دەرکردنی محەمەد حەلبوسی لە پەرلەمان دەرکرد، هەوڵدان بۆ بێتاوانکردنی مشتومڕێکی بەرفراوانی لە عێراقدا لێکەوتەوە، قسە و باسەکانیش زیاتر لەسەر ئەگەری گەڕانەوەی بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمانی ئێستا بوو.
محەمەد حەلبوسی کە لە ساڵی ٢٠١٨دا، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی وەک گەنجترین سیاسەتمەداری سونە بەدەست هێنا، پۆستێکە بۆ پێکهاتەی سوننە تەرخانکراوە، لە پەیوەند بە ڕێکەوتنی نێوان هێزە ئیسلامی و تائیفی و قەومیەکانەوە کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ وە لە عێراقدا ڕێکەوتنی لەسەر کراوە، لە چوارچێوەی باڵادەستی دەسەڵاتی شیعەو کۆماری ئیسلامیدا پەیڕەو کراوە.
لەم بارەیەوە لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی ئێستای عێراقدا، لەوەدەچێت نیەتی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە، کە ڕێکخراوێکی چەترە بۆ لایەنە شیعەکانی عێراق نزیک بە ئێران، ئەوەبێت کە بیانەوێ جارێکی تر حەلبوسی بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان بگێرنەوە، دوای ئەوەی کە پێشتر لەسەر هەڵبژاردنەکانی پێشوو زۆر لێی توڕەبون ، بەڵام ئێستا وەها دەبینن کە گەڕانەوەی بۆ گۆڕەپانی سیاسی سوودی زۆری دەبێت بۆ لایەنە شیعەکان.
شایەنی باسە حەلبوسی دوای دەرئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ٢٠٢١ لەگەڵ موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر و پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسعوود بارزانی هاوپەیمانی کرد. ئەم هاوپەیمانیە ئامانجی پێکهێنانی “حکومەتێکی زۆرینەی نیشتمانی”، بوو، وەک سەدر ناوی لێنابوو. سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە ئەم هاوپەیمانیەیان بە هەڕەشەیەک زانی بۆ دوورخستنەوەیان لە حکومەتی نوێدا.
سەرکردە شیعەکانی عێراق چەند مانگێکە کار بۆ دەستکاریکردنی کارت و حیساباتە سیاسیەکانیان دەکەن، لەبەر ڕۆشنایی ئەو ئاڵوگۆڕانەی لە ناوچەکەدا پێشهاتوە، لە گەڕانەوەی هێژمۆنی ئەمریکا بەسەر ناوچەکەدا، پێگەو دەوری ئیسرائیل و وێرانکاری غەززە و باشوری لوبنان، کوشتنی سەرکردەکانی حەماس و حزبولڵا و ڕووخانی بەشار ئەسەد لە سوریا، ململانێ و پرۆسەی هەوڵدانی ڕێکەوتنی ئەمریکا و ئێران، لە هەمانکاتدا خودی هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ هەڵوەشانەوەی حەشدی شەعبی کە کاریگەری جدیان لەزۆرلایەنەوە لە عێراق و ناوچەکەو هێزە سیاسیەکان و هاوکێشەی سیاسی داناوە.
دوای ئەوەی هێزە سیاسیە شیعەکان لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣بڕیاری سزادانی حەلبوسیان دا، بە تۆمەتبارکردنی بەوەی هەستاوە بە ساختەکردنی واژۆی لەیث ئەلدلیمی، بەڵام ڕاستیەکەی بەهۆی ئەو هاوپەیمانیەوە بوو، کە لەگەڵ موقتەدا سەدر و مەسعود بارزانیدا ئەنجامیاندا، بەڵام ئێستا شیعەکان درک بە ڕادەی دەسەڵاتی سیاسی و کۆمەڵایەتی حەلبوسی دەکەن لە ناوچە سونە نیشینەکاندا، بۆیە هەوڵئەدەن سەرمایەگوزاری لێبکەن، بەو مەرجەی لەژێر کۆنترۆڵی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەدا بێت. چوارچێوەی هەماهەنگی لە دوای ناڕەزایەتیەکانی مانگی ئۆکتۆبەرەوە، درک بە کاریگەری سیاسی حەلبوسی و توانای کاریگەری دانانی لەسەر ڕووداوە گەورەکان کە عێراق بەخۆیەوە بینیوە، دەکەن.
شایانی باسە لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ وە عێراق کەوتەژێر کاریگەری بزووتنەوەی تشرین، هەزاران گەنجی عێراقی کە زۆربەیان شیعە بوون، ڕژانە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە گەندەڵی نوخبەی سیاسی و خراپی بارودۆخی ئابووری و گوزەرانی خەڵکی عێراق. لەوکاتەدا حەلبوسی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پشتیوانی لە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی لاوان دەکرد و هەوڵیدا دەنگە سیاسیە سەربەخۆکانی سەرهەڵدان لەو بزووتنەوەیەی کە بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی ٢٠٢١ی کردبوو، ڕابکێشێت.
ئەو ئاستەنگیەی کە حەلبوسی دروستی کرد، لەسەر هەوڵی پاڵپشتیکردنی بۆ ناڕەزایەتیەکانی تشرین وەستابوو، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، دوای ئەوە دەستیان کرد بە تێڕوانینێکی جیاواز بۆ جوڵەکانی حەلبوسی، بەتایبەت دوای سەرکەوتنەکانی لە پارێزگای ئەنبار و پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و پەیوەندیە بەرفراوانەکانی لەگەڵ زلهێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکان، بۆ زۆربەی لایەنە شیعەکان سەرنجڕاکێش بون.
هەروەها فاکتەری گرنگی دیکە کە وایکرد هێزە سیاسیە شیعەکان، دان بە پێگە و کاریگەری حەلبوسیدا بنێن، حەلبوسی تەنها چیرۆکێکی سەرکەوتنی سیاسی نیە، بەڵکو سەرکەوتوو بووە لە شەرمەزارکردنی ئەو لایەنە شیعانەی کە نەیانتوانی ئەو شارانەی شیعە نشینن پەرەپێبدەن یان خزمەتگوزاریەکان بۆ شیعەکان باشتر بکەن، و تەنها دەنگەکانیان لێ کڕین.
هەوڵەکانی محەمەد حەلبوسی تەنیا لە سونەنشینەکان یان شاری ئەنبار سنووردار نەبووە، بەڵکو بۆ هەرێمی کوردستانیش درێژبۆەتەوە، بەمانایەک ئەنبار بووەتە مۆدێلێکی سەرکەوتوو بۆ ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری، ڕاستە بەتەواوی ئایدیاڵ نیە، بەڵام لانیکەم زۆر باشتر بووە لە زۆرێک لە شارەکانی ژێر دەسەڵاتی شیعەکان. هەڵبەتە خەڵک بەراورد دەکەن، سەرکردە شیعەکانیش لەم بەراوردکردنەدا هەست بە هەڕەشە دەکەن.
فاکتەرێکی دیکە کە بەشدار بوو لە داڕشتنەوەی تێڕوانینی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ حەلبوسی، نفوزو هێزی سیاسی ئەو بوو کە “پارتی پێشکەوتن” لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢١دا ٣٧ کورسی بەدەستهێناوە، کە بە زۆرترین ژمارەی کورسیەکانی لایەنێکی سوننەیە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا.
لایەنە شیعەکان ئێستا پێیانوایە هێنانەوەی حەلبوسی بۆ ڕیزی هەڵبژاردنەکانی داهاتوی پەرلەمانی عێراق هاوشانی چوارچێوەی هەماهەنگی سوودی دەبێت، بەوپێیەی دەرگایەک دادەخەن لەسەر ئەوەی کە حەلبوسی هاوپەیمانیەکی دیکە لەگەڵ ڕکابەرەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی پێکبهێنێت، بەتایبەتی لەگەڵ سودانی، کە کاندیدبونی خۆی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتودا ڕاگەیاندووە.
لە دوورخستنەوە و گەڕاندنەوەی حەلبوسی، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە بەرژەوەندیەکی دیکەیان هەبوو کە بەردەوام بەدوایدا دەگەڕان، ئەویش کۆنترۆڵکردنی لایەنە سونەکان و دابەشکردنی سەرکردە سیاسیە سونەکانە بەوەی سود لە ناکۆکی و دووبەرەکیەکانیان وەرگرن.
بە گەڕانەوەی حەلبوسی بۆ هەڵبژاردن و ناو گۆڕەپانی سیاسی، چوارچێوەی هەماهەنگی دڵنیا دەبێت لە بەردەوامی پارچەپارچەبوونی گۆڕەپانی سیاسی سوننەکان، لەهەمانکاتدا پەیامێکی گرنگ دەبێت بۆ نەیارانی سوننەی حەلبوسی کە بوار بۆ هاوپەیمانی سونەکان نامێنێت.
چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەرامبەر لایەنە سونەکانی دیکە کە کێبڕکێ لەگەڵ حەلبوسی دەکەن، دەیەوێت دڵنیابێت لەوەی کە گەورەترین پارتی سوننە کە پارتی پێشکەوتنە لەژێر کۆنترۆڵیدابێت، بۆئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا سوود لە هاوپەیمانی نێوان پارتی پێشکەوتن و چوارچێوەی هەماهەنگی وەربگرێت، تا دڵنیابێت لەوەی زۆرترین ژمارەی کورسی مسۆگەر دەکات، هەروەها ڕێگری بکات لە هەر هاوپەیمانیەکی داهاتوو کە ڕەنگە ڕکابەری چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە دەکات.
لەو هۆکارانەی کە زیاتر وای لە چوارچێوەی هەماهەنگی کرد هەوڵبدات بۆ گەڕانەوەی محەمەد حەلبوسی بۆ گۆڕەپانی سیاسی، گۆڕانکاریە گەورەکانی هەرێمی و نێودەوڵەتی و ئەو فشارانەی عێراق ڕووبەڕووی دەبێتەوە لەلایەن ئەمریکاوە بۆ نەهێشتنی کاریگەری ئێران لە عێراق و ناوچەکەدا.
بەتایبەتی دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد، سیاسەتمەدارانی شیعە درکیان بەوە کرد کە زۆرێک لەو پرسە سیاسیانەی کە لە چوارچێوەی عێراقدا ڕوودەدەن دەبێت سەرلەنوێ چاویان لێبکرێتەوە بۆئەوەی دووربن لەو فشارە بەرچاوانەی کە حکومەتی عێراق ڕوبەڕوی دەبنەوە، لە هەوڵدانی ئەمریکا بۆ پچڕاندنی پەیوەندیەکانی عێراق لەگەڵ ئێران و ڕێگەنەدان بە کۆنترۆڵی شیعەکان بەسەر حکومەتدا.
ڕووخانی بەشار ئەسەد بەهێزترین فاکتەری پاڵنانی چوارچێوەی هەماهەنگی بوو بۆ گەڕاندنەوەی حەلبوسی، دوای پێکهێنانی حکومەتی ئیسلامی تازەی سوریا، بە سەرکردایەتی سونە. شیعەکان پێشبینی ئەوەی دەکەن، یان سەرکردە شیعەکان ترسی ئەوەیان هەیە ئەم گۆڕانکاریە گەورەیە بڵاوبێتەوە بۆ عێراقیش، ئەمەش دەیانخاتە ئەو دوودڵیەوە کە ناچاربن هەوڵی گەڕانەوەی حەلبوسی بدەن و بیکەنە دۆستی خۆیان، تا بتوانن دۆخەکە بە قازانجی مانەوەی خۆیان ڕاگرن.
بەدڵنیاییەوە حەلبوسی بە تەواوی ئاگادارە کە گەڕانەوەی بەهۆی دەسەڵاتی دادوەری عێراقەوە نییە، بەڵکو بە هۆی ڕێکەوتنێکی سیاسی نێوان خۆی و چوارچێوەی هەماهەنگیەوەیە. هەروەها دەزانێت کە ئەم گەڕانەوەیە باجێکی سیاسی هەڵدەگرێت کە دەبێت بیدات بۆئەوەی جارێکی دیکە مەترسی دوورخستنەوەکەی دوبارەنەبێتەوە.
دوای هەڵوەشاندنەوەی تۆمەتەکانی سەر حەلبوسی، مشتومڕ لەسەر ئەگەری گەڕانەوەی بۆ سەرۆکایەتی ئێستای پەرلەمان دروست بوو، بەڵام هێشتا ئەم مشتومڕە یەکلایی نەبووەتەوە. لە راستیداحەلبوسی دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ پۆستەکەی وەک سەرۆکی پەرلەمان بە تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی بۆ تانەدان لە بڕیارەکەی پێشووی دادگای باڵای فیدراڵی، بەتایبەتی دوای ئەوەی تۆمەتەکانی لەسەر هەڵبوەشێنرێنەوە.
هەرچەندە چاوەڕێی ئەوە ناکرێت حەلبوسی لەم کاتەدا بگەڕێتەوە بۆ پۆستەکەی وەک سەرۆکی پەرلەمان، بەتایبەتی کە ماوەی ئێستای پەرلەمان کورتە، ئەگەری هەیە ڕێکەوتنێکی سیاسی لەنێوان حەلبوسی و چوارچێوەی هەماهەنگی پاراستنی دۆخی ئێستا هەبێت تاوەکو پرۆسەی هەڵبژاردنی کۆتایی دێت.
لەهەمانکاتدا بارگرژی دۆخی سیاسی ئێستای عێراق و ناکۆکی سەختی نێوان لایەنەکان و گۆڕانی هاوسەنگی هێزەکان، ناڕێکی نێوان لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەگەری ئەوە هەیە نەتوانرێت پرۆسەی هەڵبژاردن جێبەجێ بکرێت، بۆیە ئەوە بەدور نازانرێت کە هەڵبژاردن دوابخرێت بۆ کاتێکی تر، لەو کاتەشدا ئەم بێنەو بەرەیەی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر گەڕانەوەی حەلبوسی، دەکەوێتە سەر دۆخی ئەو ئاڵوگۆڕانەی بەدوای دواخستنی هەڵبژاردنەکاندا پێشدێت.

لێدوانێک بەجێ بهێلە