Home ڕاگەیاندنی رۆژنامەوانیهێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، سەرەتای قۆناغێکی مەترسیدار لە ناوچەکەدا

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، سەرەتای قۆناغێکی مەترسیدار لە ناوچەکەدا

by admin
0 کۆمێنتەکان 27 بینینەکان

سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی ١٣ی حوزەیران، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر تاران، ئیسفەهان، شیراز، کرماشان و تەبرێز و دەیان ناوەندی سەربازی، ئەتۆمی و شوێنی نیشتەجێبوونی بۆردومان کرد، جگە لە کوشتنی ژمارەیەک فەرماندەی پلە باڵا و ئەندازیاری ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی، بە پاساوی ڕووبەڕووبوونەوەی “مەترسی ئێرانێکی ئەتۆمی” سەدان هاووڵاتی بێ تاوانی کوشت و بریندار کرد. ڕاگەیاندنی ئەوەی کە “جەنگ و بۆردومانەکان تا پێویست بێت بەردەوام دەبێت!” لەلایەن حکومەتی ئیسرائیلەوە بە کردەوە ڕاگەیاندنی دەستپێکی شەڕێکی تەواوەتییە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کە کۆتاییەکەی ئیتر لە دەستی ئەودا نەماوە. شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا سەپێندرا کە حکومەتی ئەمریکا و ئێران لە پرۆسەی دانوستاندا بوون. ئەم شەڕە و پانتایی و ئاستەکەی، بە پێچەوانەی هێرشەکانی پێشووی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، شەڕێکی مەترسیدار و سەرڕۆیانە و سەرتاسەرییە کە ناوچەکە بۆ قۆناغێکی هەستیار و مەترسیدار ڕاپێچکردوە.
بێگومان هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەبێ ڕێککەوتن و پشتیوانی حکومەتەکەی ترەمپ ئەنجام نەدەدرا. حکومەتی ئیسرائیل سەرەڕای ٢٠ مانگ کۆمەڵکوژی هەمەلایەنەی خەڵکی فەلەستین و گەمارۆدانی تەواوەتی غەززە و بڕینی ئاو و کارەبا و خۆراک و دەرمان و ڕێگریکردن لە یارمەتییە مرۆییەکان بۆ چەند ملیۆن کەس، سەرەڕای بۆردومانکردنی بەردەوامی بەیروت و ناوچەکانی دیکەی لوبنان وهێرشی چەند بارەی بۆ سەر سوریا و داگیرکردنی ناوچەکانی ئەم وڵاتە، بە ناوی “پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل”ەوە، ئەوە حکومەتەکەی ئیسرائیلە کەڕووبەڕووی قەیرانی ناوخۆ و چەقبەستوویی سیاسی و گۆشەگیریی سەرتاسەریە لە ئاست ناوچەکە و جیهاندا. جگە لەمەش لەئێستادا ئەوە دەولەتی ئیسرائیلە کەلەڵ بزووتنەوەیەکی جەماوەری وئینسان دۆست بۆ بەرگریکردن لە خەڵکی فەلەستین و لەدژی هەموو ئەو تاوانانەی ئەنجامی داوە لەسەر ئاستی جیهانیدا بەرەوڕووە. بزووتنەوەیەک کە ڕەهەندە بەرفراوانەکانی تەنانەت نزیکترین حکومەتەکانی ڕۆژئاوای هاوپەیمان لەگەڵ ئیسرائیل ناچار کردووە خۆیان لێ دوور بخەنەوە. لەسەرێکی ترەوە مەودای تاوانەکانی حکومەتی ئیسرائیل و تواناکانی بزووتنەوەی جیهانی بۆ پشتیوانی لە خەڵكی فەلەستین، هەروەها ناڕەزایەتییە جەماوەریەکان لە دژی ئەم شەڕە و کۆمەڵکوژیی خەڵکی فەلەستین لە خودی ئیسرائیلدا ورووژاندووە. شەڕ لەگەڵ ئێران و ڕاکێشانی ئەمریکا بۆ ناو ئەم شەڕە، لە ڕوانگەی شەڕخوازان و قەسابەکانی خەلكی فەلەستین و دەستەی فەرمانڕەوای ئیسرائیلەوە، ڕێگایەکە بۆ ڕزگاربوون لەم بنبەستە و کێشە سەرتاسەرییەکانی حکومەتی فاشیستی ئیسرائیل.
هێرشەکانی ئیسرائیل و وەڵامدانەوەی کۆماری ئیسلامی و هێرشەکانی هەردوولا و بۆمب و مووشەکباران بۆ سەر شارەکانی ئێران و ئیسرائیل، بە کردوە جەنگێکیان پەرەپیداوە کەئیتر کۆنترۆڵکردنی و ئایندە و پانتایی و لێکەوتە مرۆییەکان و ڕادەی وێرانکارییەکەی بۆ هیچ کەسێک مەعلوم نیە. حیساباتی ترەمپ و نەتانیاهۆ کە بە هێرشەکانی ئیسرائیل، کۆماری ئیسلامییان ئیفلیج دەکاو ناچاری دەکات بەوەی لە پێگەی لاوازییەوە لە دانوستانەکاندا تەسلیم بەهەر هەلومەرجێک ببێت و هەڕەشە و ملهوڕیەکانیان لەسەر بنەمای ئەم حیساباتە هەڵەیان سەلماندووە. حیساباتێکی هەڵە و سەرەڕۆیەیەک کەهەردوو دەولەتی ئیسرائیل وئەمریکا دەستیان بۆ بردوە ئەمڕۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی خستۆتە بەردەم مەترسی لەناوچوونەوە.
بوونی بنکەی ئەمەریکا لە وڵاتانی عەرەبی و کەنداوی فارس و سودوەرگرتنی ئیسرائیل لەم بنکانە، لەوانەش لە عێراق، بۆ هێرشکردنە سەر ئێران. هەروەها هەڕەشەی ئێرانیش بەوەی کەئەو بنکانەی ئیسرائیل لە ناوچەکە بەکاریان دەهێنێت وەک هەدەفێکی سەربازی هەژماریاندەکات، هاوکات هەڕەشەی داخستنی گەرووی گرینگی هورمز، شەپۆلێکی بەرفراوانی نیگەرانی لە مەترسییە ترسناکەکانی ئەم جەنگەی لەنێو خەڵکی ئێران و تەواوی ناوچەکەدا پەرەپێداوە.
ئەم جەنگە سەربەخۆ لەمەودای قوربانیەکانی وئەو ماڵوێرانیەی کە له ئێران و ئیسرائیلدا دەیهێنێتەکایەوە، هاوکات پێگەی چینی کرێکار و بزوتنەوەی ناڕەزایەتی و ئازادیخوازەکانی خەڵکی ناوچه، که بۆ ئازادی و خۆشگوزەرانی و ئەمنیەت لەمیداندایە، لاواز دەکات و دەستی کۆماری ئیسلامی بۆ پاساودانی سەپاندنی هەژاری و گرانی و بێبەشکردن و پەلاماردانی خەڵک زیاتر ئاوەڵادەکا و کاریگەری وێرانکاری لەسەر خەباتی هەقخوازانە وئینسانی لەتەواوی ناوچەکەدا بەجێدێڵێت.
لە هەمانکاتدا کۆماری ئیسلامی بە ناوی بەرگری لە خۆوە، لە ڕێگەی پڕوپاگەندەی نیشتمانپەروەری و ناسیۆنالیستی بەرفراوان و بە پشت بەستن بەو دڕندەییەی کەئیسرائیل لە دژی خەڵکی فەلەستین و هەڵسوکەوتە بێ سنوورەکانی لە ناوچەکەدا، وەک دەوڵەتێکی جەنگخواز و هۆکاری سەرەکی بۆ نائەمن کردنی ناوچەکە، نەک تەنیا ناسیونالیزمی ئێرانی لە دەوری خۆی کۆدەکاتەوە، بەڵکو لە ولاتانی عەرەبی و لەئاستی جیهاندا هاوسۆزی گشتیی خەڵک بۆ خۆی وەک تاکە دەوڵەتێک کە دژی ئیسرائیلە ڕادەکێشێت.
ئێمە سێ حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لە ناوچەکەدا وێڕای دژایەتی تەواوەتی خۆمان بەرامبەر ئەم جەنگە ڕادەگەیەنین، هاوکات حکومەتەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بە هۆکاری سەرەکی ئەم شەڕە و دەرئەنجامەکانی دەزانین و پێکەوە لەگەڵ خەڵکی موتەمەدینی ناوچەکە و جیهان ئەم جەنگە موحکەم وشەرمەزار دەکەین. ئێمە لەم ڕۆژە سەختانەدا شانبەشانی چینی کرێکار و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران و ناوچەکە، لەگەڵ ئەوەدا هێرشکردنە سەر شوێنەکانی نیشتەجێبون، ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی نەوتو پیشەسازی و ناوەکییەکان لەلایەن هەر حکومەتێکەوە سەرکۆنەدەکەین، هاوکات هەر جۆرە دەستدرێژییەکی کۆماری ئیسلامی لە دژی خەڵکی ئێران بە بیانووی شەڕەوە، مەحکووم دەکەین.
لای خۆمانەوە، چ لە ئێران، چ لە عێراق و لەناوچەکە و لە جیهاندا، بۆ ڕووبەڕووبوونەوە بەرامبەر بە درێژەکێشانی ئەم شەڕە ماڵوێرانکەرە و بۆ کۆتایی پێهاتنی، داوا لە هەموو سەندیکا کرێکاریەکان و ڕێکخراو و دامەزراوە ئاشتیخواز و مرۆڤدۆستەکان و خەڵکی موتەمەدین لە سەرانسەری جیهاندا دەکەین ڕێوشوێنی گەورە و هاوئاهەنگ بگرنەبەر بۆ فشارخستنە سەر حکومەتەکان، بە تایبەت حوکمەتەکانی ترەمپ و ئیسرائیل، بۆ کۆتاییهێنان بەم بەربەریەتە.

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق،
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان
حیزبی حیکمەتیست (خەتی ڕەسمی)
25 خورداد 1404 – 15ی حوزەیرانی 2025

لێدوانێک بەجێ بهێلە