ئەکرەم سەعید :
{فریودان و خێرایی و شۆک بنەماکانی هێرشکردنە}- سون تزو
کاریگەری کتێبی{هونەری جەنگ}ی فەیلەسوفی سەربازی کۆنی چین(سون تزو) لەسەر هزری سەربازی وڵاتانی جیهان زۆر مەزنە. سون تزو ئامۆژگارییەکانی خۆی لەیەک دەربڕیندا پوختکردۆتەوە:{جەنجاڵی لە ڕۆژهەڵات، گورزوەشاندن لە ڕۆژئاوا}، ئەمەش ڕێک ئەو شێوازەیە کە دوژمنەکانی روسیا لەم لێدانەی دوایی روسیا بەکاریان هێناوەو پۆتی(پۆتین)یان شکاندووە، چونکە ئەوان گورزیان لە چەکی ستراتیژی روسیا وەشاندووە، بەڵام روسیا تەنها دەتوانێ بۆردومانی ئەو شوێنانە بکات کە هێندە ستراتیژی نین، و بایەخیان هێندەی فرۆکەکانی روسیا نییە. ئایا روسیا بژرادەێکی دی هەیە بۆ لێدان و تۆڵەکردنەوە بێ ئەوەی ببێتە مایەی جەنگێکی کراوە لەتەک ناتۆ؟ وە ئایا روسیا جارێکی دی هانی ئێران و کۆریای باکوور دەدات بجوڵێن و هێندەی دی ئاگری جەنگ خۆش بکەن؟!.
چەند ڕۆژ لەمەوپێش چاودێرانی سیاسی و سەربازی باسیان لە هاوینێکی گەرم دەکرد، لە دوێنێوە سەرەتاکەی لە”ئەڵەمانیا و بەریتانیا”دەرکەوتووە، چونکە نوخبەی جەنگی ئەو دوو وڵاتە پلەی گەرمایان بەرز بۆتەوەو تەپڵی جەنگ دەکووتن؛ ئەڵەمانیا سوپاێکی بەهێز پێکدەهێنێ و بەریتانیا باس لە فڕۆکە و غەواسەی ئەتۆمی دەکات.
* ئەمەریکا و فریودانی ستراتیژی
ئەمڕۆکە “ترەمپ، پۆتین، نیتنیاهۆ، خامنەئی،، هتد”، گووتەکەی پاشای ئیمپراتۆریەتی ئاشور دەڵێنەوە:{لە پێشم شارەکانە و لە پشتمەوە وێرانە}.
ئەمەریکا توانی بە بەڵێنی هێورکردەنەوەو دانوسان دوژمنەکانی فریو بدات، و بە دوایدا گورزی سەربازی کوشندە لە سێ دوژمنی خۆی بدات:
۱/ لێدان لە حیزبوڵڵای لوبنانی وکوشتنی سەرکردەکانی، لە کاتێکدا دوو ڕۆژ پێش ئەوە بەڵێنی ڕێکەوتن هەبوو.
۲/ لێدان لە فرۆکە ستراتیژە ئەتۆمیەکانی روسیا لە کاتێکدا بەڵێن بوو لە ئەستەمبوڵ دانوسان بۆ ئاشتی بکرێ – ئۆپراسیۆنی تۆڕی جاڵجاڵۆكە.
۳/ لێدان لە سەرکردەی سەربازی و زانایانی ئەتۆمی ئێران لە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی لە کاتێکدا بەڵێن بوو کە ڕۆژی یەک شەممە دانوسان بکرێ-ھێرشی ئیسرائیل بە ناوی(شێری راپەریو).
ئەمە یانی بەڵێنی هێورکردنەوەو ئومێد بەئاشتی لە ئەنجامی دانوسان وەک حەبی خەو بەکارهێنراوە تا دوژمن دڵنیا بێت و هەستی ئەمنی سڕ بکرێ، بەڵام لە پڕ گورزی سەربازی کوشندەی لێدەدرێ – {ترەمپ نیوەڕۆی پێنج شەممە گووتی:”من ئاشتیم دەوێ لەتەک ئێران، بەڵام ئیسرائیل گەرەکیەتی لە ئێران بدات، ئەما ئەو لێدانە بەم نزیکانە نییە”- ترەمپ ئەمەی لەکاتێکدا گووت کە دەیزانی پاش چەند کاتژمێرێکی دی لە ئێران دەدرێ.}.
فریودانی ستراتیژی ئەمەریکا لەوەدا بەرامبەر دوژمنەکانی سەرکەوتووە کە توانیویەتی قەناعەت بە دوژمنەکانی بکات کە ئەوە وەکیلەکانی/ تانجیەکانی ئەمەریکایە(ئۆکراینا و ئیسرائیل)جەنگتان لەتەک دەکەن نەک ئەمەریکا خۆی، لێرەوە بەرپەچدانەوەی(حیزبوڵڵای لوبنانی، روسیا و ئێران)لە سنووری لێدان لە وەکیلەکانی ئەمەریکا قەتیس کراوە، بەمە ئەمەریکا خۆی پاراستووە لە زیان بەرکەوتن، و دوژمنەکانی لە بازنەێکی داخراودا دەخولێنێتەوە کە بە”فێڵ و شۆک”چوارپەلیان دەبڕێ.
* ئێران و شەیتانی گەورە
مەلا دەسەڵاتدارەکانی ئێران وەک هەموو ئەحزابی سیاسی بۆرژوازی تری سەردەمی ئێمە پراگماتیزمن/ ۱. بۆیە گەرچی ئەمەریکا بە شەیتانی گەورە ناو دەبەن، کەچی دانوسانی لەتەکدا دەکەن. دیارە نەک تەنها ئیسلامی سیاسی ئێران کاری وا دەکات، بەڵکە بۆ نموونە(ئەبو مەحەمەد جۆلانی)و بزووتنەوەی سەلەفی جیهادی، هاوکاری”ئەمەریکا/کافرەکان”دەکەن، و بڕێکیش لە چەپ(بەتایبەتی لە کوردستانی سوریا)هاوپەیمانی ئیمپریالیسمی ئەمەریکان، و زۆر کەم لە کۆمۆنیستەکانی ناوچەکە ڕەخنە لە کوردەکانی سوریا دەگرن، چونکە پراگماتیسم بۆتە میتودی زۆرێک لە کۆمۆنیستەکانیش.
دانوسانی مەلاکانی ئێران لەتەک ئەمەریکا ئەگەر بگاتە ڕێکەوتن، ئەوە باڵی ئیسڵاحی ئیسلامی سیاسی ئێران بەسەرکەوتنی دەزانێ بۆ میتودە پراگماتیسمەکەی، وە ئەگەر ڕێنەکەوتن و بووە جەنگ، ئەوا باڵی موحافزینی مەلا توندڕەوەکان دروشمی(مەرگ بۆ ئەمەریکا)زیاتر بەرز دەکەنەوە.
لە دوێنێوە هەلومەرج لە ناوچەکەدا گرژ بووە، ئەگەری هەیە گەر ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتن بە بنبەست بگات، ئەوا ئاگری جەنگ ناوچەکە دەسوتێنێ. ئایا ئەمەریکا ڕێ دەدات بە جەنگ لە ناوچەکەدا کە سەرچاوەی بڕێکی زۆری وزەی نەوت و گازە بۆ جیهان و ڕێگای بازرگانی دەریایی کاڵاکانە؟!.
ئایا جەنگ دەبێ؟ لەڕاستیدا درگا لەبەردەم هەموو ئەگەرەکان کراوەیە، بەڵام ئابووری جیهانی سەرمایەداری بەرگەی کارەساتێکی گەورەی لەوچەشنە ناگرێ، مەگەر دەسەڵاتدارانی چینی بۆرژوازی تەواو ئەقڵی لەدەستدابێ.
لە سەردەمی کۆندا ئیمپراتۆریەتی ڕۆمای مەزن نەیدەهێشت جەنگ نزیک وڵاتی میسر ببێتەوە، چونکە ڕوباری نیل و کێڵگە گەنمەکانی میسری کۆن سەبەتەی خۆراکی ڕۆما بوو. ئایا ئەمڕۆکە ئەمەریکای مەزن ئامادەیە کێڵگەی نەوت و گازی کەنداوی عەرەب بسووتێ؟ دەشێ بەم نزیکانە وەڵامی ئەو پرسیارە وەرگرینەوە.
* ڕوخاندنی ڕژێمی ئێران یان لاوازکردنی
“ جەنگ مەملەکەتی تەمومژییە ”- کارل ڤۆن کلاوزێڤیتز
یەکێک لە تیۆرییە بەناوبانگەکانی بیرمەندی ستراتیژی سەربازی“کارل ڤۆن کلاوزێڤیتز”دەربارەی جەنگ، ئەو تیۆرەیە کە پێی دەوترێت “تەمومژی جەنگ ”؛ واتە شەڕەکان سوپرایزیان تێدایە، بۆیە کردەوەکان هەتا ڕوونەدەن ناتوانیت بیانزانیت. ئەمە مرونەتی گۆڕینی پلانەکانی جەنگە لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە، کە زۆر گرنگە بۆ چارەسەرکردنی گۆڕانکارییە فریاگوزاریەکان و کەمکردنەوەی هەڵەکان. بەم مانایە تەمومژی شەڕ ڕەنگدانەوەی ناتەبایی لەنێوان(ڕواڵەت و حەقیقەت) یان جیاوازی هەواڵ و ئەوەی بەڕاستی لە پلانی جەنگدا هەیە دەگەێنێ، کە دەبێتە هۆی چەواشەکاری و فریودان.
لەم تێگەیشتنەوە دروست نییە دەربارەی ئەم جەنگەی ئێستا وەک زانیاری باس لە ڕوخاندنی ڕژێمی ئێران یان لاوازکردنی* بکەین، بەڵکە وەک ئەگەرێکی شیکارەکەمان بیخەینە ڕوو. بۆیە من سەرم سوڕماوە لەو کەسانەی لە سۆشیال میدیا دەنووسن: ئەم جەنگە فراوان نابێ و نابێتە جەنگی ناوچەیی، ڕژێمی ئێران یان ئیسرائیل دەڕوخێ؟. ئەمە چۆن دەزانن؟ گەر زانیاری نەبێ، وە چۆن زانیاری دڵنیامان هەیە خۆ کەس لە ئێمە بەشداری کۆبوونەوە نهێنیەکان کۆشکی سپی نییە! بەڵکە وەک شیکار دەتوانین بڵێن: ئەم جەنگە دەشێ فراوان نەبێ یان فراوان بێ، و ئامانجی ئیسرائیل و ئەمریکا لەم جەنگەدا ڕوخاندنی ڕژێمی ئێرانە لەژێر ناوی نەهێشتنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، بەڵام دەشێ ئەم ئامانجە بە پرۆسەێکدا تێپەڕێ کە بە لاوازکردنی ڕژێمەکە دەست پێ دەکات، هاوشێوەی(نەک کۆپییەی) پلانی ڕوخاندنی ڕژێمەکەی سەدام حوسین لە عێراقدا.
دوای ئەوەی ساڵی ۱۹۹۱ لە هێزەکانی سەدام درا، هانی خەڵکی عێراقیاندا(ڕاپەڕن/هەڵپەڕن)، دواتر هەرێمی کوردستانیان لە دەسەڵاتی سەدام جیاکردەوە، و بۆ چەند ساڵ ڕژێمەکەی سەدام بەلاوازی هەر مایەوە تا ساڵی ۲۰۰۳ بە تەواوەتی کۆتاییان بەو گەمەیە هێناو دۆزەخی ئێراقێکی دیموکراتی ئەمەریکیان دامەزراند.
ئەمڕۆکە لێدانەکان لە(ناوچەکان، دەزگاکان، ھێزەکانی پۆلیس و ئاسایش)ی ئێران، مەبەستی لاوازکردنی ڕژێمەکەی پێوە دیارە، وە ئامادەکردنی(سازمانی موجاهیدین، ئەحزابەکانی کوردەکان: پژاک، دیموکرات و کۆمەڵەی عەبدوڵڵا موهتەدی، سوپای دادگەریی بلوچستان، عەرەبەکانی ئەحواز و هێزەکانی پەهلەوی،، هتد) ئاماژەیە بۆ سیناریۆی ڕاپەڕینی خەڵک دژی ڕژێم بۆ ڕماندنی یان لاوازکردنی.
بێگومان ڕژێمی ئیسلامی سیاسی لە ئێران سەرکوتگەر و کۆنەپەرستی سەرمایەدارییە، کە دەستی بە خوێنی هەزارەها مرۆڤی ئێران و ناوچەکە سوورە، هاوشێوەی ڕژێمە بەناو دیموکرات و مەدەنییەکەی یەهودی سیاسی لە ئیسرائیل کە ئەویش دەستی بە خوێنی هەزارەها منداڵی غەززەو خەڵکی مەدەنی ناوچەکە سوورە. . ئاشکرا بووە کە شۆڕشە ڕەنگاوڕەنگەکان(لە نموونەی بەهاری عەرەبی) کە دەستکردی دەزگاکانی هەواڵگری ئەمریکایە، لێرەدا وەک ئەنجامی سیاسی جەنگی ئەم دوو دەوڵەتە دڕندانە دەردەکەوێت، کە بێگومان ئەم بەناو ڕاپەڕینەی جەماوەر بەهیچ شێوەێک ئازادی و دادپەروەری ئامانجی نییە، بەڵکە ئامانج گۆڕینی ڕژێمەکانی ناوچەکەیە بۆ بەرژەوەندی ئەمەریکا بەپێی لیستەکەی ساڵی ۲۰۰۰:(ئەفگانستان، ئێراق، لیبیا، سوریا، ئێران، میسر، تورکیا، وە جائیزە گەورەکە سعودییە).
ئەما ئەمڕۆکە ئەمەریکا تاکە قوتبی جیهان نییە، و پێویستی بوونی هاوسەنگی لە هاوکێشەی هێزی دوو لایەنەکە:(روسیا چین/ ئەمەریکا و ناتۆ)لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕێگا نادات گۆڕانی دەسەڵاتەکانی(ئێران، میسر، تورکیا، ئیسرائیل، سعودییە)بەئاسانی ڕووبدات. دەشێ بە پێچەوانەوە ئەم جەنگە ببێتە مایەی چەقینی قاچی ئەمەریکا لە ئێران، وە ئەمە پلانی چین و روسیا بووبێ بۆیە پاکستان دەجوڵێنن بۆ کۆمەکی مەلاکانی ئێران؛ وە ئەگەری ئەوەش هەیە کە ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی یانی لانیکەم چەکی چەپەڵ، ئەمەش سوپرایزێکی جەنگەکەیە.
* هەڵوێست بەرامبەر جەنگی ئێران و ئیسرائیل
لە هەڵوێست بەرامبەر جەنگی ئێران و ئیسرائیلدا مرۆڤ دەبێ هۆشیار بێ نەکەوێتە سەنگەری هیچ لاێکیانەوە، چونکە ئەمە جەنگێکی دادپەروەرانە نیە، و پاساوی دەوڵەتەکانی بەشدار لەم جەنگەدا هیچ ڕەوا و شەرعیەتی نیە. لەڕاستیدا ئەمە جەنگی دەوڵەتە سەرمایەدارە دڕندەکانە، جەنگە بە ئامانجی دەسەڵات و هەژموونی(یا ئێران یان ئیسرائیل)بەسەر ناوچەکەدا، هەر لایەی لە بەرژەوەندی خۆی و بلۆکێکی دەوڵەتە سەرمایەدارەکانی جیهان*. بۆیە ئەم جەنگە، هاوشێوەی جەنگ لە ئۆکراینا، زیان بە ژیان و بەرژەوەندی کرێکاران دەگەێنێ، بەم پێیە ئەوە دروستە کە سەرکۆنەی هەردوو ئێران و ئیسرائیل بکەین، نەک تەنها لاێکیان.
* شەوەزەنگ و شۆڕشی سۆسیالیستی
لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شەوەزەنگە و جەنگی دڕندەکان کاولکاری لەتەک خۆی دەهێنێ، و زریانی ئەتۆمی لە ناوچەکە نزیک دەبێتەوە. لەو هەلومەرجەدا شانسی هێزێکی ئینسانی و شۆڕشگێر تابتوانێ ئاڵوگۆڕ بە قازانجی ئینسانە بەشمەینەتەکانی ئەو ناوچەیە بکات زۆر کەمە، هەر وەک چۆن سۆسیالیستەکان نەیانتوانی هیچ بەرامبەر جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی بکەن.
بەکورتی من ڕام وایە ئەگەری شۆڕشی سۆسیالیستی کرێکاران لەم خولەدا و لەم ساتەوەختەی جیهاندا شانسی کەمە، چونکە بۆ نموونە هەر لە ناوچەکەی ئێمەدا:(ئیسلامی سیاسی، سازمانی موجاهیدینی خەڵکی ئێران، پەکەکە، پارتەکەی هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی، ئەحزابی بەناو دیموکراتی و چەپ و کۆمۆنیست، و دەیەها ئەحزابی لەو چەشنە)هێندە زۆرن، و پاسەوانی سیستەمی سەرمایەداری دەکەن و دەیپارێزن، و چینی کرێکاران پارچەپارچە و ناهۆشیارو خامۆشە، بۆیە سەری سەرمایە سەلامەتە، ئیدی باس لە شۆڕشی سۆسیالیستی باسێکی بێ بەڵگەیە، و ئاواتی دڵ و ڕوانگەی زیهنی بڕێک کەسانی مارکسییە نەک حەقیقەتێکی واقیعی و کۆنکرێت.
———————————–
۱/ پراگماتیزم ڕێبازێکی فەلسەفییە کە جەخت لەسەر بەکارهێنانی کردەیی بیرۆکەکان و دەرئەنجامەکانیان دەکاتەوە، نەک گەڕان بەدوای حەقیقەتی ڕەهادا، نەک گرنگی دان بە پرنسیپ و مۆڕالی سیاسی. ئەم قوتابخانەیە پێی وایە بیروباوەڕ دەبێت کۆمەک بکات تا کردەوە بەشتی بە سوود بگات، نەک خەریکی مشتومڕی ئاڵۆزی باسی ئەبستراکت بێت. لەڕاستیدا پراگماتیزم بە مانای ئیتیمۆلۆژی وەک پراکتیک پێناسە دەکرێت، و ئەمە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ فەلسەفەی کۆنی یۆنانی.
پراگماتیزم فەلسەفەیەکە، لە سەدەی نۆزدەهەمدا لە ئەمریکا لەدایک بووە، کە لە بنەڕەتدا دەڵێت:“هەرچی بەسوود بێت، دروستە”. لە کۆتاییدا پراگماتیزم میتۆدۆلۆژیایەکە کە ڕەگ و ڕیشەی لە ئایدیالیزمی سوبژێکتیڤدا هەیە.
ئایدیالیزمی سوبژێکتیڤ دەڵێت تەنها عەقڵ و هەستە دەروونییەکانمان بوونیان هەیە، یانی شتەکان تەنها تا ئەو ڕادەیە بوونیان هەیە کە هەستیان پێدەکرێت. ئەم ئایدیالیزمە سوبژێکتیڤە خاڵی دەستپێکی پراگماتیزمە. بۆ پراگماتیست هیچ واقیعێکی ماددی هاوبەش و بابەتیی لەگەڵ یاسا گشتگیرەکاندا نییە، هیچ شتێک لە ڕووی بابەتییەوە ڕاست نییە، بەڵکو تەنیا لە ڕێگەی کردەی سوبژێکتیڤی دەبێتە ڕاست، هەر ئیدیعایەک بۆ حەقیقەتی بابەتیی جێگەی خۆی دەداتە هەر شتێک کە بەسوود بێت.
مارکسیست-لینینیستەکان خۆیان بە کەسانی پراکتیکی پێناسە دەکەن، ئەمەش لە تێزی یازدەهەمی بەناوبانگی مارکس لەسەر فویرباخ:“فەیلەسوفەکان بە شێوازی جۆراوجۆر تەنها جیهانیان لێکداوەتەوە، بەڵام مەسەلەکە ئەوەیە کە بیگۆڕین”سەرچاوەی گرتووە، لەم تێگەیشتنەوە بەشێک لە مارکسییەکان خۆیان بە“پراگماتیست”دەزانن، بێ ئەوەی درک بەوە بکەن کە(پراکتیکی شۆڕشگێڕی سۆسیالیستی و پراگماتیسم جیاواز و دژ بەیەکن). لەکۆتاییدا پراگماتیزم بەرەو هەلپەرستی هەنگاو دەنێ، چونکە ئەم بۆچوونە پێی وایە کە گرنگ نییە پابەند بین بە بنەماکانمانەوە، بە مەرجێک ئەنجامەکانمان دەست بکەوێت.
جەنگ و فریودان
60