عرفان کریم:
شۆڤێنیزم پێناسەیەکە بۆئەو ڕەوتە سیاسیە بۆرجوازیە، کە هەنگاوێک بەرزتر لە ناسیونالیزم و قەومپەرستی دەڕوات و نەتەوەی دڵخوازی خۆی بە باڵاترین و پاراوترین نەتەوە دەناسێنێت وکەسانێکی سەر بە نەتەوە وناسنامەی دیکە بەکەمتر و داماڵراو لە ناسنامەی مرۆڤایەتی لە قەڵەم دەدات و لە پێناو جێبەجێکردنی ئەم ئامانجە سیاسیە، ئامادەیە خوێانویترین تاوان و سەدان کۆمەڵکوژی ئەنجامبدات.لە مێژوودا نمونەی هیتلەری نازی و مۆسۆلۆنیی لە ئیتالیا و رژێمی بەعس لە عێراق بەدیدەکەین.ئەگەر تەماشای ناسنامەی سیاسی دەوڵەتی ئیسرائیل بکەین بەتایبەت لەم قۆناغەدا، قابلیەتی ئەم ناسنامەیە بەروونی هەڵدەگرێت، بە کوردیەکەی (کاڵای پڕ بە باڵایەتی ).جەنگی دەیان ساڵەی دژ بە خەلكی فەلەستین و جێبەجێکردنی سیاسەتی جینۆسایدی بەکۆمەڵ لە ( غەزە) ولە ساڵ و نیوی ڕابوردودا وکوشتنی هەزاران منداڵ و ژن و کەسانی مەدەنی وئاوارەکردنی زیاتر لە ٢ ملیۆن ئینسان، بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە، بەڵگەیەکی زیندووە لەم چوارچێوەدا.
زایۆنیزم کە ئایدۆلۆجیای ئەم دەوڵەتە شۆڤینیستیەیە کە لەسەر بنەمایەکی مەزهەبی کۆنەپەرستانە، دروشمی ( گەلی هەڵبژێردراوی خودا) بەرزکردۆتەوە و بەم جۆرە شەرعیەت بە دەسەڵاتە، ڕەگەزپەرستیەکەی خۆی دەبەخشێت.
لەم چوارچێوەیەدا (پێشرەو محەمەد) وەک نوسەر ودۆستێکی دڵسۆزی زایۆنیزم و دەوڵەتی شۆڤێنیستی ئیسرائیل، لە ماڵپەری کەسێتی خۆی لە فەیسبوک، بابەتێکی لە ژێرناونیشانی (کۆمۆنیزم و ئیسلامیزم وەک جمک ئایا هەموو جەنگەکان خراپن؟ ) بڵاوکردۆتەوە کە تیایدا ، دیفاع لە سیاسیەتی جەنگ و کاولکاری دەوڵەتی ئیسرائیل دەکات و لە رێگەی ڕیزکردنی چەند ڕستەیەک لە بیروبۆچونەکانی هیگل, دەیەوێت هەڵوێستی شۆرشگێرانە و مرۆڤدۆستی کۆمۆنیستەکان دژ بە جەنگ وکاولکاری ئیسرائیل وئەمریکا، ئاواژوو بکاتەوە و وێنەیەکی نادروست و بێ بنەما لەم بارەیەوە نیشان بدات.بۆنمونە پێناسەیەکی نازانستی و لینگەوقۆچ بۆ کۆمۆنیزم وەک رێباز و بزوتنەوەیەکی سیاسی دەکات و دەنوسێت (کۆمۆنیزم وەک ئایین:
لە بنەڕەتدا کۆمۆنیزم ئایینی سیکۆلاریزەکراو و بەدونیاییکراوە، بەڵام بیرکردنەوەیە بە هەمان چەمکە ئایینییەکان. جا ئەمڕۆ زۆر خەڵک تووشی شۆک دەبن کاتێک دەبینن ئیسلامیی و چەپ هاوپەیمانن). لەوە گەرێین کە هەندێ جار نوسەرانی دژ بە کۆمۆنیزم، هەندێک دەستەواژەی ناسیاسی و ناواقعی وەک ئامرازێک بۆ شێواندنی راستیەکان، بەکاردەهەێنن، بەڵام داماوی (پێشرەو محمەد) لەوەدایە، کە ئەم وەک نوسەر و وەرگێڕێک لە مێژووی سیاسی خۆیدا، بەر لەوەی بچێتە سەنگەری زایۆنیزمەوە، چەندین کتێبی لە نوسراوەکانی رابەرانی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی لەنمونەکانی مارکس و لینین وترۆتسکی وەرگێراوە و هەروەها چەندین کتێبی سەبارەت بە مێژووی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی نوسیوە، ئەگر دواکەوتوترین نوسەری بۆرجوازی تەماشای بکات ، زۆر بەسادەیی دەبینێت کە ئەمە پێناسەیەکی دڵخوازی نوسەرەکە خۆیەتی، نەک پیناسەکردنێکی زانستی و سیاسی.ئاخر کۆمۆنیزم بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی وسیاسیە وماتریالیزم و خەباتی چینایەتی وجیهانبینی زانستی بنەمای کارو چالاکیەتی لە کۆمەڵگەدا.هۆکاری سەرەکی ئەم زویری وداماوی فیکرەیەی پێشرەو، بۆ هەڵوێستگیری کۆمۆنیستەکان دەگەڕێتەوە، کە لە کوردستان دژ بە سیاسەتی جەنگ وکاولکاری دەوڵەتی ئیسرائیل و ئەمریکا، هاتونەتە مەیدان.ئەو لە ئێستادا بەهۆی ئەوەی وەک لایەنگرێکی سەرسەختی زایۆنیزم، چالاکی سیاسی دەکات.بەهەر قیمەتێک بێت، دەچێت بەگژ کۆمۆنیستەکان و بەرەی ئینساندۆستی لەجیهاندا.هەربۆیە دەنوسێت(تێگەیشتنی ئەخلاقیی و سۆزداریی بۆ جەنگ لەنێو چەمکە عاتیفییەکاندا وەک «مەدەنیی دەبنە قوربانیی، بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ، ژن و منداڵ دەکوژرێن، ماڵوێرانیی دروست دەبێت و هتد»دەیانەوێت سەرتاپای چەمکی جەنگ ڕەتبکەنەوە. بەڵام هەموو جەنگەکان خراپ نین و جەنگی ڕەوا هەن) تەماشای ئەم جۆرە بۆچونە: تێگەیشتینی ئەخلاقی بۆ سۆزداری بۆجەنگ لە نێو چەمکە عاتفییەکاندا، پێشرەو دەزانێ کە رژێمی ئیسرائیل لە ئێستادا وەک رژێمێکی منداڵكوژ(١٨٠٠٠) منداڵ و رژێمی جینۆسایدکەر ناسراوە، بۆیە پەنای بۆ ئەم دەسەتەواژانە بردوە و دەیەوێت ئابڕویەک بۆ زایۆنیزم بگەڕێنێتەوە و بڵێت جەنگی ئیسرائیل خراپ نیە وکۆمەڵکوژی دانیشتوان لە غەزە ڕەوایە!!؟ لە درێژەی بابەتەکەیدا بۆ سەلماندنی ئەم بۆچونەی دەنوسێت ( لەم دۆخەدا باسکردن لە «نا بۆ جەنگ» لە دوو خاڵدا کورت دەکرێتەوە، یەک: ڕاستەوخۆ پشتیوانیی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات کە ئێستا گەیشتووەتە لوتکەی لاوازیی خۆی.دوو: جەنگی نەتەوە ژێردەستەکانیش لە ڕەوایەتیی دەخات، بۆ نموونە «نا بۆ جەنگ» دەکرێت جەنگی کورد دژی داگیرکاریی و هەروەها دژی داعش لە ڕەوایەتیی بخات. هەروەها جەنگی هاوپەیمانان دژی ئەڵمانیای نازیی لە ڕەوایەتیی بخات.)، پاساو هێنانەوە بۆ سیاسەتی جەنگ و وێرانکاری دەوڵەتی ئیسرائیل، بە بیانۆی ئەوەی کە ئەم جەنگە رژێمی جمهوری ئیسلامی لاواز دەکات و سەرئەنجام دەیروخێنێت، پاساوێکی زۆر بێ بنەما و شیکردنەوەیەکی زۆر نادروستە سەبارەت بە ئاکام ولێکەوتەکانی ئەم جەنگە، تەجروبەی هەردوو جەنگی وێرانکەری ئەمریکا دژ بە عێراق و هەروەها جەنگ لە ئەفغانستان، زۆر بەڕوونی ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێ کاتێک، ووڵاتێک بە ترسناکترین چەک و بە بۆردوومانی فرۆکە جەنگیەکان و ڕۆکێتەکان، خاپووردەکرێت و لەهەمان کاتدا گەمارۆی ئابوری دەخرێتە سەر و لەولاشەوە چەندین دەستە و تاقمی ئیسلامی ومەزهەبی و قەومی لە ژێر چەتری ئەمریکا و رژێمە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە خۆیان مەڵاس داوە و لەگەڵ هەر وەرچاخانێکی سیاسی و جەنگیدا، پەلاماری کۆمەڵگە دەدەن و لەنێو جەنگی ناوخۆیی میلیشیاکانیاندا، ژیانی کۆمەڵگە دەکەن بە دۆزەخ ونوقمی کۆنەپەرستی دەکەن.ئەم چ لێکدانەوەیەکی نائینسانیە بۆ رەوایتدان بە جەنگ، بەتایبەت بۆ ڕژێمێکی دژە ئینسانی وەک ئیسرائیل.؟ ئایا سپاردنی چارەنوسی نزیکەی ٩٠ ملیۆن ئینسان، بە ملهوڕی دەوڵەتی منداڵکوژی ئیسرائیل وئەمریکا چ جیاوازیەکی دەبێت لەگەڵ دەسەڵاتەکەی جمهوری ئیسلامی؟ تەماشای تەجروبەی ئەفغانستان و سوریا، بزانە چییان نەکرد بە خەڵکی ئەو کۆمەڵگایانە؟سەرئەنجام چارەنوسی ملیۆنەها کەسیان سپاردەوە بە تاڵیبان و ئەلشەرعی تیرۆریست. وەستانەوەی خەڵکی ئازادیخوازی دونیا و هاوشان لەگەڵ کۆمۆنیستەکان دژ بە شۆڤێنیستی دەوڵەتی ئیسرائیل و جەنگ لە ناوچەکە، هەڵوێستگیریەکی دروست و واقعیە لە چوارچێوەی سیاسەتی پاراستنی ژیانی ملیۆنەها ئینسان و دورخستنەوەی مەترسیەکانی جەنگ و سیناریۆی ڕەشی میلیشیا قەومی ومەزهەبیەکان لەم ناوچەیە و هەروها پاڵپشتیکردن لە خەباتی جەماوەری وبزوتنەوەی شۆرشگێرانە، لە پێناو کۆتایهێنان بە دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی ئێران.
19.06.2025