کۆسرەت دڵشاد محمد:
بە بۆچوونی من ، ئەو پەندە کوردیەی ئەڵێ( دەست بەکڵاوەکەی خۆتەوەبگرە با نەیبات )!
لە خراپترینی پەندە کوردیەکانە ، چونکە ئاو دەکاتە ئاشی دەسەڵاتداران و ستەمکاران، هانت ئەدات بێدەنگ و ترسنۆک و دوورە پەرێز بیت و خەمی خەڵک بەهی خۆت نەزانی ! واتە کەسێکی بەرژەوەندخوازی ناشیرینت لێ دەربچێ !
پەندێکە تاکەکانی کۆمەڵگە تەسلیم بە هێزی ستەمکار و ناداد ئەکات .
بڕۆن مێژوو یان ئەزموونی تەواوی گەلانی پێشکەوتوو بخوێننەوە و بزانن ئایا هەوێنی ئەو بەرەوپێشچوون و گەیشتن بە ژیانێکی لانی کەم بێ کێشە سەرەکیانەی وەک ئاو و کارەبا لە چیەوە ڕەگی داکوتاوە؟ برسیەتی گەورەترین ڕەگ و هۆکاربووە،ئەوان هەرکات برسی بووبن یاخیبوون لەدەسەڵات. بەرامبەر بەزوڵم و ستەم بێدەنگ نەبوون و دەستیان بەکڵاوەکەی خۆیانەوە نەگرتوە . ئاخر چۆن کەسی برسی بێدەنگ ئەبێت ؟!
لە هەرێمی کوردستان ئەوە ٣٤ ساڵە لەلایەن دوو بنەماڵەی چەتە و تاڵانکەرەوە بەبەردەوامی برسی دەکرێین و دەچەوسێنرێینەوە جا برسیەتی تەنیا مەبەستم برسیەتی گەدە نیە ئەوە ئەسڵەن زۆر لاوەکیە ئەوە ڕەمەکی خواردنە کە دەبێ بە لێزانانە جڵەوی بکەی تا جڵەوت نەکات و بتکات بە کۆیلەی نەفس.
برسیەتی ئەوەش دەگرێتەوە کە تا دەچی بۆ سلێمانی یان هەولێر سەدان جار لەگەڵ مەرگدا تەوقە دەکەی و ماچ ماچێن دەکەی. جگە لە قۆرخکردنی ئازادی ، جادە و ڕێگا و بانێکی باش و مۆدێرنەشت پێڕەوا نابینن .
برسیەتی نەبوونی مووچە، کارەبا، ئاو و هێڵێکی باشی ئینتەرنێتیش دەگرێتەوە،بەڵام ئێمە لە پای ئەو هەموو برسیکردنە جیاواز و بەپێچەوانەی گەلانی پێشکەتوو یاخیبونمان ڕەتکردۆتەوە و بێدەنگیمان هەڵبژرادووە !
تەنها چینێکی کەم لە مامۆستایان و رۆژنامەنووسان و چالاکوان و خەلک یاخیبوون لەدەسەلاتی پارتی و یەکێتی ماباقی زۆرینەی خەلکەکەی تر کاتێ پرسیاری لێدەکەی بۆ هیچ کاردانەوەیەکت نیە بەرامبەر ئەو ستەمکارانە لەوەلامدا یا بێدەنگی هەڵدەبژێرن یا بە ئاشکرا دەڵێن (برا واز بێنە زمان بەڵای سەرە و دەست بەکڵاوەکەی خۆتەوە بگرە بانەیبات) ! بەڵام بەداخەوە خەڵکەکە بێئاگان لەوەی کە ڕەشەبای ستەمكاری دوو بنەماڵەی حوکمڕان نەك ھەر كڵاویان بەڵكو سەروماڵ و کەرامەتیشیانی بردووە !
پێچەوانەی یاخیبوون کۆیلەیەبوونە ، تۆ کە هەزاران هۆکارت هەیە ببی بە کەسێکی یاخی لەدەسەڵاتی پارتی و یەکێتی، بەڵام فزەت لێوە نەیە ئەوە بەرەو بێدەنکگردن و کۆیلەبوون هەنگاودەنێیت و دەچیە ژێرباری ئەوەی دەسەڵات چی دەیەوێت پێتی بکات .
جا کێشە سەرەکیەکە لێرەدا ئەوەیە تاڕاددەیەک، بەزۆرینە خەڵکەکە گیانی ڕووبەڕووبونەوە و دەنگ بەرزکردنەوەی ڕەتکردۆتەوە و بوونەتە کۆیلەی دەسەڵات .
لێرەدا نەهامەتیەکە ڕووبەڕووی کەمینە یاخیەکە ئەبێتەوە، ئیدی بۆ تەنیا ساتێکیش ژیانی یاخیەکان لە خۆشیدا نابێت هەم لە فکریان هەمیش لە ژیانی ئاساییان سەلامەت نین . یان لەبەردەم کۆلێژەکەیان دەڕفێندرێن یان لەباوەشی دایکیاندا خەڵتانی خوێن دەکرێن یا ئەوەتا دەستگیردەکرێن و کوردستانیان لێدەکەن بە زیندان یان ناچار بە جێهێشتنی ووڵات ئەکرێن .
بەڕێزی شاعیر زۆر جوان لەوەسفی خەڵکی هەرێمی کوردستاندا دەڵێت :
ئەی گەلی کوردی داماو ئەزانی بۆ بێ نەوای؟
چونکە قەت ڕاناپەڕی و هەر لە شیرینی خەوای!
نەوەی صلاحدین و نەوەی قاضی پێشەوای!
کەچی دیلی بەردەستی حوکمەتێکی نا ڕەوای!
خۆری هیوات ئاوا بوو هەر لە تاریکی شەوای!
خراپ حاڵت شڕ بوە؛تەریق نابیتۆ کەوای؟
بێدەنگیت هەڵبژاردوە بێ نان و ئاو و هەوای!
تا بێدەنگ بیت بێگومان هەر لە هەمان مستەوای!
نرخت لای حوکمەت نەما وەک ئەم ڕستە و ڕیزە وای!
حسابت بۆناکەن وەک سفری دوای فاریزە وای!
پێشینیان وایان وتوە تۆش ڕێک وەک ئەو پەندە وای!
ئەڵێن گەر میللەت مەڕ بێ کەر ئەبێت بە پێشەوای!