Home بیروڕاتورکیای بێ تیرۆر یان کۆمەڵگای دیموکراسی!؟

تورکیای بێ تیرۆر یان کۆمەڵگای دیموکراسی!؟

by admin
0 کۆمێنتەکان 48 بینینەکان

موحسین کەریم:    

لەماوەی دوو رۆژی ڕابروودا، پرسی چەکدانانی پەکەکە بەشێوەیەکی کرداری و لە مەراسیمێکی سیمبولیكدا لە کوردستانی عێراق و لە دەڤەری ڕاپەڕین، بووەتە بابەتی سەرەکی سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کوردستانی عێراق وتورکیاو بەشێك لە میدیا جیهانیەکان! میدیاکانی پەکەکە خۆشیان ئەو هەواڵەیان پشتڕاست کردۆتەوە.
دەزگاکانی راگەیاندن باس لەوە دەکەن کە بڕیارە ژمارەیەك چەکداری پەکەکە لەنێوان ٣٠- ٤٠ کەس کە لەناویاندا بەرپرسی پلەباڵای تێدایە، لەرۆژانی ١١و ١٢ ی تەمووزدا، بەئامادەبوونی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و نوێنەرانێك لە حکومەتی هەرێم، حکومەتی عێراق، حکومەتی ئەمریکا، ووڵاتانی ئەوروپاو نەتەوە یەکگرتوەکان و لەژێر چاودێری ڕاستەوخۆی دەزگای میتی تورکیادا، چەکەکانیان بسوتێنن یان بشکێنن، وەکو نیشاندانی نیازپاکی بۆ داواکاری دەوڵەتی تورکیا کە مەرجی سەرەکی دەستپێکردنی ئەوەی ناویان ناوە (تورکیای بێ تیرۆر)، چەکدادانی بێمەرجی پەکەکەیە!
میدیاکانی تورکیا باس لەوە دەکەن کە پرۆسەی چەکداماڵینەکە ڕەنگە چەند مانگ بخایەنێ. باسیشیان لەوە کردوە کە ڕەنگە ئەندامانی پلە باڵای پەکەکە بگوازرێنەوە بۆ وڵاتانی سێیەم، لەکاتێکدا ئەو چەکدارانەی فەرمانی دەستگیرکردنیان نیە، دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ تورکیا، دوای ئەوەی چوارچێوەیەکی یاسایی دانرا بۆ ئاسانکاری گەڕانەوەیان!
ئیبراهیم کالین، بەرپرسی هەواڵگری تورکیا ڕۆژی سێشەممە ٨ ی تەمووز سەفەری هەرێمی کوردستانی کردووە بۆ تاوتوێکردنی پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی و پارتی. هەروەها ناوبراو سەردانی عێراقی کردوە بۆ هەمان مەبەست و لەگەڵ سودانی سەرۆك وەزیراندا کۆبووەتەوە..
رۆژی ٩ی تەمووزیش، ئۆجەلان، لەپەیامێکی ڤیدیۆییدا جەختی لەسەر پرسی هەڵوەشاندنەوەو چەكداماڵینی پەکەکە کردەوەو داوای لە سەرکردەو ئەندامانی پەکەکە کرد کە بە پەیامەکەی ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥ی خۆی و بڕیاری کۆنگرەی ١٢ی پەکەکەوە دەربارەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، پابەندبن. ئۆجەلان دوبارە پێداگری لەسەر ئەوە کردەوە کە:”كۆتایی به‌ته‌ڤگه‌ڕی پەکەکە دەهێنین کە وەک کاردانەوەیەک له‌دژی نكۆڵیكردن له‌ هه‌بوونی کورد دەرکەوت و بەئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتێکی جیا ستراتیژییەکەی شه‌ڕی رزگاری نه‌ته‌وه‌یی بوو.”! هەروەها دەڵێ: “پەکەکە ده‌ستبه‌رداری ئامانجی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ بووه‌، له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌ردان له‌و ئامانجه‌ بنچینه‌ییه‌ ده‌ستبه‌رداری ستراتیژییه‌تی بنچینه‌یی شه‌ڕیش بووه‌، كۆتایی به‌هه‌بوونی خۆی هێناوه”!‌ ئەم پەیامەی ئۆجەلان لە ١٩ی مانگی ڕابروودا تۆمارکراوەو ئەمڕۆ ٩ی مانگی تەمووز بڵاوکرایەوە. دوای بڵاوبوونەوەی پەیامەکەی ئۆجەلان، بەپێی هەواڵی میدیاکانی تورکیا ئۆردوگان جەختی لەوە کردۆتەوە کە “دەبێت چەکداماڵین بێمەرج بێت و گروپەکە بەتەواوی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.”
هەرئەمڕۆش مەزڵوم عەبدی بە یاوەری شاندێکی سیاسی لە ئیدارەی خۆسەر، سەردانی دیمەشقیان کردو بەئامادەبوونی نوێنەری ئەمریکاو فەرەنسا لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی سوریا کۆبوونەوە بۆ وتووێژکردن لەسەر چۆنیەتی تێکەڵبوونەوەیان لەگەڵ حکومەتی سوریا لەرووی سەربازی و سیاسیەوە.
هەڵبەتە ئێمە لەبۆنەی جیاوازدا ئاماژەمان بەوە کردوە کە خودی کۆتاییهاتن بەشەڕ و خوێنرشتن لە کوردستانی تورکیا هەنگاوێکی ئەرێنیەو لەکۆتایدا بەقازانجی چینی کرێکار و بزوتنەوەی کرێکاری لە تورکیا و خەڵکی تورکیا و کوردستانی تورکیا دەگەڕێتەوە. بەڵام ئەوەی کە هەمان پرۆسە لەلایەن پەکەکەوە بە پرۆسەی ئاشتی و جێبەجێبوونی مانیفێستی کۆمەڵگای دیموکراسی ناوزەد دەکرێت و لای دەوڵەتی تورکیا بە تورکیای بێ تیرۆر باسی لێدەکرێ، گومانێك لەسەر خودی ئەو پرۆسەیە دروست دەکات.
ئەگەر پرسی ڕیکەوتن و ئاشتیە، ئەوا رێکەوتن و ئاشتی لەنێوان دوو لایەندا و لەسەر بنەمای جۆرێك لە سازشکردن بەرامبەر بەیەکتری و قبوڵکردنی هەندێ ئیمتیاز بۆ یەکتری دەکرێ لێكبدرێتەوە. بەڵام تائێستا دەوڵەتی تورکیا هیچ جۆرە ئاماژەیەکی لەوجۆرەی لەخۆی نیشان نەداوە. ئەمریکا هەربەوەندەی ئەحمەد شەرع ئامادەیی نیشاندا بۆ خزمەتکردن و گوێڕایەڵبوون، ترامپ ئامادەبوو دەست لەناو دەستی بنێ و رێکخراوەکەی لە لیستی تیرۆر دەربهێنێ و بگرە پارێزگاریشی لێبکات، بەڵام ئۆجەلان ئەو خزمەتە گەورەیەی بە دەوڵەتی تورکیا کردوە، بەوەی رێکخراوێکی چەکداری گەورەی بۆ هەڵدەوەشێنێتەوەو چەكی لێدادەماڵێت، کەچی هێشتا وەکو سەرکردەی گروپێکی تیرۆریستی ناوی دەبات و ئامادە نیە وەکو نیشاندانی نیازپاکی ئازادی بکات!
گومان لەوەدا نیە کە بۆ دەوڵەتی تورکیا کۆتایی پەکەکە و بەدوای ئەویشدا پرسی هەسەدە، گەورەترین دەسکەوتی سیاسی و ئەمنی و بگرە ئابوریشە وەکو هیزێکی ناوچەیی، بەڵام بۆ پەکەکە، خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان، مانای شکستی ستراتیژیەکی سیاسیە کە٥٠ ساڵە پەیڕەوی لێکردووە، ئەویش “ستراتیژی شه‌ڕی رزگاری نه‌ته‌وه‌یی” یە “بەئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتێکی جیا”! “مانیفێستی کۆمەڵگای دیموکراسی” پاساوێکی تیۆریە بۆ داپۆشینی شکستی ئەو ستراتیژیە! ئەو کۆمەڵگایانەی کە ئۆجەلان دەیەوێ مانیفێستی کۆمەڵگای دیموکراسیان تێدا بەرجەستەو بەرقەرار بکات، لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتگەلێکی فاشیست و نەتەوەپەرست و کۆنەپەرست و سەرکوتگەردان کە سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ لەژێرپێدەنێن!! مانیفێستەکەی ئۆجەلانیش بڕیارە لەناو چوارچێوەی ئەو دەوڵەتانەدا بچێتە بواری پراتیکەوە!

 

 

لێدوانێک بەجێ بهێلە