Home بیروڕاشەڕی میلیشیا عەشیرەتیەکان!

شەڕی میلیشیا عەشیرەتیەکان!

by admin
0 کۆمێنتەکان 80 بینینەکان

موحسین کەریم:    
دوای ئەوەی کە لەماوەی٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا رووبەرووبوونەوەیەکی چەکداری لەنێوان بەشێك لە عەشیرەتی هەرکی لە ناوچەی خەبات لەگەڵ هێزەکانی حکومەتی هەرێم/ پارتی دەستی پێکرد کە کوژراوو بڕینداری لێکەوتەوە، سەرەنجام بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، نوێنەری نێچیرڤان بارزانی سەردانی خورشید هەرکی، سەرۆک عەشیرەتی هەرکی لەو ناوچەیە کرد کە هاوکات فەرماندەیەکی پارتیشە. هەواڵەکان سەرەتا وایان دەردەخست کە ناوبراو ئامادەنیە خۆی ڕادەستی حکومەت بکات کە دیارەداواکاری نوێنەرەکەی نێچیرڤان بووە. بەڵام هەوڵەکان ئەم ئێوارەیە باسیان لەوەکرد کە ناوبراو چوەتە هەولێر و خۆی ڕادەستی حکومەت کردوە. ئەوەش دوای ئەوە هات، کە سەرجەم ئەو هێزانەی دەوری دێیەکەو ماڵەکەی ناوبراویان گەمارۆدابوو کشانەوە.
بەپێی ڕاگەیاندنەکان، ئەم کێشەیە دوای ئەوە گەورە بوو کە هێزێکی زۆری پارتی لە پۆلیس و ئاسایش و هێزە تایبەتەکان، بەمەبەستی دەستگیرکردنی خورشید هەرکی چواردەوری ئەو دێیە دەگرن کە ماڵی ناوبراوی لێیە، لەبەرئەوەی لەلایەن یاساوە داواکراوە لەسەر کێشەی زەوی و زار کە لەنێوان عەشیرەتی هەرکی و عەشیرەتی گۆران دا روویداوە! خورشید هەرکی پارتی و حکومەت تاوانبار دەکات بە رودانی شەڕەکەو دەڵێ کە ئەوان بەرگری لە خۆیان و مافی خۆیان دەکەن.
ئەوەی جێی سەرنجە، بەشێك لە میدیای ئۆپۆزیسیۆن، وەکو ئەوەی خورشید هەرکی پەیامی رزگاری خەڵکی بەرامبەر بە دەسەڵاتی هەرێم و بنەماڵەی بارزانی پێبێت، کەوتونەتە ستایشی ناوبراو و خەریکن وێنەی پاڵەوانێکی رزگاریبەخشی لێدروست دەکەن.
بێگومان لە کۆمەڵگای کوردستاندا دەسەڵاتدارانی هەرێم و بەپلەی سەرەکی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار، یەکێتی و پارتی، بنەمای دەسەڵاتەکەی خۆیان لەسەر هێزی میلیشیا داناوە، بۆئەومەبەستەش دەیان سەرۆک عەشیرەت و سەرۆك هۆزیان لەدەوری خۆیان کۆکردۆتەوە، چەکداریان کردوون و لە داهاتی خەڵکی کوردستان مووچەی دەیان چەکدار و موریدی دیوەخانی ئەو سەرۆك هۆزو عەشیرەتانە دابین دەکەن، خۆشیان وەکو بەرپرسانی باڵای ئەو حزبانە دەرگای دەوڵەمەندبوونیان بۆخراوەتە سەر پشت و وەکو پادشاو مەلیک ژیان بەسەر دەبەن. چەند رۆژ لەمەوبەریش لە ناوچەی راپەڕین، سەرۆك هۆزێك کەوتە بەرامبەر یەکێتی نیشتمانی و هەڕەشەی چەکداری دەکرد، لەکاتێکدا ناوبراو خۆشی لەسەر یەکێتی هەژمار دەکرد! ئەم عەشیرەتە چەکدارانە، کە هەربەشیکیان سەر بە یەکێك لە پارتی و یەکێتین، هەمیشە وەکو پاساوێك بۆ دەستێوەردانی ئەو دوو حزبە لەدژی یەکتری لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی یەکتر، بەکارهێنراون. بگرە وەسیلەیەکی گونجاویشن بۆ دەستێوەردانی دەوڵەتانی ناوچەکەو حکومەتی ناوەندی لە دۆخی ناجیگیر و لەرزۆکی سیاسی ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا.
ئەو دۆخە سیاسی و ئەمنیەی کە ئەمجۆرە کێشەو پێکدادانە سەربازیانە دروستی دەکەن، نەك لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و خەبات و تێکۆشانی ڕەوای ئەوان نیە دژی دەسەڵاتدارانی تاڵانچی و دوو حزبی میلیشیایی خۆسەپێن بەسەر خەڵکدا، کە ئامادەنین هیچ بەرپرسیارێتیەك بەرامبەر بە ژیان و گوزەران و ئایندەی خەڵکی کوردستان لەخۆ نیشان بدەن، بەڵکو ڕاستەوخۆ لەزیانی ئەو خەباتە دەشکێتەوە. دۆخی نائارامی و جەنگی میلیشیا عەشیرەتیەکان و سەرکردەکانیان هەلومەرجێکی خەتەرناك و خراپ بۆ ناڕەزایەتیەکانی خەڵك و گەیشتن بە ئامانجەکانیان دروست دەکات. بەرژەوەندی خەڵك و خواست و داواکاریەکانیان و خەباتی بەرهەقی ئەوان بۆ نان و گوزەران و ئازادی و ئایندەیەکی روناك و ئینسانی لەگەڵ بەرژەوەندی تاقمێك سەرکردەی میلیشیاو عەشیرەتدا هیچ خاڵێکی هاوبەشیان نیە.
هەراوهۆریای هەلپەرستانەی میدیای بەشێك لە ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی بەوەی کە یاخیبوونی خورشید هەرکی و عەشیرەتەکەیان وەکو بەشێك لە بزوتنەوەی ناڕەزایەتی و خرۆشانی خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان لەدژی دەسەڵاتی چەوسێنەرانەی پارتی و حکومەتە هاوبەشەکەی لەگەڵ یەکێتیدا ناوزەدکرد، دوای خۆڕادەستکردنی ناوبراو بە پارتی کە دیاریش نیە چارەنوسەکەی چی دەبێت، نەك هەر وەکو میزەڵانێکی تەقیوی لێبەسەرهات، بەڵکو ساویلکەیی سیاسی و دووری و ناتەبایی ئەوانیشی لەگەڵ بەرژەوەندی ئەو جەماوەرە ناڕازیە نمایش کرد بەوەی کە پشتگیری هەرجۆرە یاخیبوونێکی کۆنەپەرستانەو دواکەوتوانە دەکەن و بەناهەق لەسەر خەباتی ڕەوای خەڵك حسابی دەکەن!

٩ی ٧ی ٢٠٢٥

لێدوانێک بەجێ بهێلە