ئا: عەمار عەزیز
تا دێت متمانەی ھاوڵاتیان بە پرۆسەی دەنگدان کەم دەبێتەوە، ئەمەش لەدەرەنجامی ئەو بەڵێنە زۆرانەی لایەنە سیاسیو پەرلەمانتارەکان بەخەڵکیان داوەو جێبەجێیان نەکردوە، پەرلەمانتارێکی عێراق دەڵێت “بێ متمانەییو نائومێدی ھاوڵاتیان بەرامبەر برهەڵبژاردنو دەنگدان، تەنھا لایەنەکانی دەسەڵات سوودی لێدەبینن”.
بەپێی ئامارێک کە دەست ئاوێنە کەوتووە، لەکۆی سێ ملیۆنو ٨٠٠ هەزار کەس لەھەرێمی کوردستان کە مافی دەنگدانیان ھەیە، ٧٠٠ ھەزار کەسیان، واتە بەڕێژەی ٤٢، ١٨%ی کۆی دەنگدەران، بەشداریی پرۆسەی نۆێکردنەوەی تۆماری دەنگدانیان نەکردوە .
ئەیمەن وەحید، گەنجێکی شاری دھۆکەو بەشداریی لەپرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدانی نەکردوە، ئەوەش لەبەرئەوەی بێئومێد بووە لەئەنجامدانی گوڕانکاریی بەھۆی ھەڵبژاردنەوە، ئەو بەئاوێنەی وت “کارتی دەنگدانی خۆم نوێنەکردوەتەوە، چونکە باش دەزانم ھیچ گۆڕانکارییەک بەھۆی ھەڵبژاردنەوە دروست نابێت، پێشتر چەند جارێک دەنگم داوەو ھیچ ئەنجامێکی باشم نەبینی، پێش پرۆسەی دەنگدان سەدان بەڵێنی گەورە بەخەڵک دەدرێتو ھیچی جێبەجێ ناکرێن، جارێک دوو جار تاقیمان کردەوە، ئیتر بەسە بێزاربووین “.
وتیشی “باشە من دەپرسم ئەو ھەموو ھەڵبژاردنانە لەعێراقو ھەرێمی کوردستان دەکرێن، ١٠ کەسی هەژارو دەستکورت سوودیان لێوەرگرتووە؟ بێگۆمان وەڵامەکەی نەخێر، چەند کەسێک تەنها بۆ خۆیانو بنەماڵەکەیان سوود لەو پرۆسەیە وەردەگرن، کاتێک دەردەچن تەلەفونیشیان بۆ بکەی ھەر وەڵامت نادەنەوە، ئیتر هاوڵاتیان چۆن متمانەی بەهەلبژاردنو دەنگدان بمێنێت”.
بەپێی تۆماری دەنگدەرانی ھەرێمی کوردستان، کە ژمارەیان نزیکەی سێ ملیونو ١٠٠ ھەزار کەسە، ڕێژەی زیاتر لە ١٤%ی کۆی دەنگدەرانی عێراق پێکدەھێنن، ژمارەی ئەو کورسییانەش کە بۆ چوار پارێزگاکەی ھەرێم دابین کراوە ، ٤٤ کورسییە لەکۆی ٣٢٩ کورسی.
دلگەش سادق، جێگری سەرۆکی رێکخراوی ستێپ بۆ دیمۆکراسیو ھەڵبژاردن لەشاری دھۆک بەئاوێنەی وت “بەشدارینەکردنی خەڵک لەپرۆسەی نوێکردنەوەی کارتی دەنگدان لەعێراقو ھەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ئەم دۆخەی کە ئێستا ھاوڵاتیانی تیا دەژین، بێگۆمان دۆخی خەڵک خراپە لەڕووی بژێوی ژیانەوە، ھەروەھا پەرلەمان کە دەستەڵاتی یاسادانانی ھەیە نەیتوانیوە ببێتە نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵک، ئەو داواکاریو چاوەڕوانییەی خەڵک ھەیانبوو لەنوێنەرەکانیان جێبەجێ نەکرا، ئەمە کەلێنێکی لەنێوان خەڵکو دەسەڵاتدا دروست کردووە”.
بەپێی پرۆسەی نۆێکردنەوە تۆماری دەنگدەران لە ٢٥ی ئایاری دەستیپێکردو لە ٢٠ خوزەیران کوتایی ھات، لەماوەی ڕابوردوودا دوو ملیۆنو ١٥٥ ھەزارو ٩٧ دەنگدەر لەسەرتاسەری عیراق تۆمارەکانیان نوێ کردوەتەوە، لەو ژمارەیە ٣٤٤ ھەزارو ٢٦٧ دەنگدەریان لەھەرێمی کوردستان بووە .
دلگەش سادق وتی “متمانەی خەڵک بەپرۆسەی دەنگدان کەمبووەتەوە، ھەندێک شت بەچاوی خۆیان دەبینن بەنموونە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەمانگی ١٠ی ساڵی رابوردوو ئەنجامدرا، بەڵام تا ئێستا پەرلەمان دەست بەدانیشتنو کارەکانی خۆی نەکردوە، ھەروەھا داخستنی پەرلەمانی کوردستان کە پێشتر ڕویدا، لەھەمووشی گرنگتر بێ تواناییو بی دەسەڵاتی ئەوان لەبەرامبەر داواکارییەکانی خەڵک، ئەمانەو کۆمەڵێک ھۆکاری تر وایکردوە کە ئیتر متمانەی خەڵک بەدەنگدان کەم ببێت”.
بەقسەی پەرلەمانتارێکی ئەنجو مەنی نوێنەرانی عیراق، نائومێدی ھاوڵاتیان تەنھا لایەنەکانی دەسەڵات سوودی لێدەبیننو دوور نییە کار لەسەر ئەوە بکەن پرۆسەی ھەڵبژاردنو دامو دەزگا تەشریعیەکانی وڵات بەجورێک لەجۆرەکان نائۆمێد بکەن، بۆ ئەوەی خەڵک متمانەی بەپرۆسەی دەنگدان نەمینێت.
دارا سێکانی، ئەندامی ئەنجۆمەنی نوێنەرانی عێراق بەئاوێنەی وت “ھەڵبژاردن بەدیلی ھەر ھەڵبژاردنە، باشترین رێکارو شێوازی سەردەمە، ئەوانەی کاریان بۆ خەڵک کردوە پاداشتیان بدرێتەوەو دەستخۆشیان لێبکرێت، بەپێچەوانەوەی ئەوانەشی خەڵکیان تووشی قەیران کردوەو چارەسەری کێشەکانیان نەکردوە سزابدرێن بەرێگای ھەڵبژاردن”.
وتیشی “ھۆکارەکان زۆرن، لەوانە چەندین ھەڵبژاردن لەھەرێمی کوردستان ئەنجامدراونو بەڵێنی زۆر بەخەڵک دراون، بەڵام جێبەجێ نەکراون، سەڕەرای ئەمە رێز لەدامودەزگای یاسادانانو دەستوری ناگیرێت، وەکۆ پێویستیش خزمەت بەھاوڵاتیان نەکراوە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان ھوشیار بکرێنەوەو بتوانن ئازادانەو ئازایانە دەنگی خۆیان بدەن کە بەدڵنیایەوە لەرێگای ھەڵبژاردن گوڕانکاریی ریشەییو گەورە لەنەخشەی سیاسیو حوکمڕانی لەھەرێمی کوردستانو عێراق دروست دەبێت “.
سێکانی جەغت لەوە دەکات کە نائومێدی ھاوڵاتیان تەنھا لایەنەکانی دەسەڵات سوودی لێدەبیننو دوور نییە کاریش لەسەر ئەوە بکەن پرۆسەی ھەڵبژاردنو دامودەزگاکانی یاسادانانی وڵات بەجۆرێک لەجۆرەکان بێ بایەخ بکەن بۆ ئەوەی خەڵک متمانەی بەپرۆسەی دەنگدان نەمینێت، ئەو تی “کەواتە دەتوانین بڵێین دەنگدان باشترین شێوازە بۆ ئەوەی بتوانرێت گۆڕانکاریی لەئەزموونێکی خراپ بکرێت بۆ ئەزمونێکی باش، بەڵام گرنگە دەزگاکانی ڕاگەیاندنو زانایانی ئایینی، کۆمەڵگای مەدەنی، ھێزەکانی ئۆپۆزسیون گرنگی بەم پرۆسەیە بدەنو ھۆشیاری خەڵک بەھێز بکرێتو بەشدار بن لەپرۆسەی ھەلّبژاردنو بەئازایانە دەنگی خۆیان بدەن”.
بەبڕوای چاودێرێکی سیاسیو شارەزا لەبواری ھەڵبژاردن ھۆکاری کەمبوونەوەی متمانەی خەڵک بەھەڵبژاردن بۆ ئەوە دەگەرێنێتەوە کە خەڵک بێ ھیوا بووە لەوەی لەرێگای دەنگدانەوە شتێکی بۆ بکرێت، یان کارێکی گشتگیر بکرێت کە بۆ بەرژەوەندی گشتی باش بێت .
ساڵح زاھێر، چاودێری سیاسیو شارەزا لەبواری ھەڵبژاردن، بەئاوێنەی وت “لەھەرێمی کوردستان لەدوای ڕاپەرینەوە پێنج خولی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدراون، لەعیراقیش لەدوای ٢٠٠٣ەوە پێنج خولی ھەڵبژاردن کراون، بەڵام بەگشتی شتێکی باش لەبەرژەوەندی خەڵکدا نەکراوە، دەنگدەر ھەیە دەڵێت دەنگم دا تا شتێکم بۆ بکرێت یان بۆ خەڵک بەگشتی بکرێت، بەڵام دوای چاوەڕوانییەکی زۆر نەھاتەدی، بێگۆمان ئەوەش ساردی دەکاتەوە لەسەر ئەوەی جارێکیتر دەنگی خۆی بداتەوە، ھەروەھا سەیر دەکات ئەوانەی بوون بەئەندام پەرلەمان لەژیانێکی خۆشدا دەژین، پارەو داھاتێکی زۆریان کۆکردوەتەوە، بەڵام ژیانی ئەو ھەروەکۆ جارانە”.
لەبارەی ئەوەی چۆن دەتوانرێت جارێکی تر متمانە بۆ خەڵک بگەڕێنرێتەوە، زاھیر وتی “دەبێت حزبو لایەنە سیاسییەکان ھەندێک کەس ھەڵبژێرین کە شایستەی کاری پەرلەمانتاریی بن، ھەروەھا بەئەوان بڵێین بەڵێنو قسەکانی خۆیان لەکاتی بانگەشەکەدا، دوای هەڵبژاردنیان بکەن بەکردارو جێبەجێی بکەن، ھەروەھا کار لەسەر بەدواداچوونی کێشەکانی خەڵک بکەن، ئەگەر ئەمە کرا بەدڵنیایی جارێکی خەڵک دەنگ بەو لایەنە دەداتو دووبارە کاندیدەکانی دەردەچن”.