بەداخو پەژارەیەکی زۆرەوە ئەمرۆبەروای١٢ی تەمووز/جولای ٢٠٢٥ هاورێی ئازیزمان حەسەن مارف، هەڵسوراوی کۆمۆنیست و روخسارێکی خۆشەویستی جوڵانەوەکەمان و ئەندامی حیزبمان بۆ دواجار چاوەکانی لەیەکناو لە یەکێك لە نەخۆشخانەکانی شاری سدنی لە ئوسترالیا بۆ هەتاهەتایە ماڵاوایی لێکردین.هاورێ حەسەن دوای ململانێیەکی قورس بە نەخۆشیەکی دەگمەنی هەوکردنی جومگەکانی لەش و عارەقکردنەوەی زۆری ماوەیەك بەردەوام بوو، لەسەر داوای پزیشکەکانی نەشتەرگەری ترانسپلانتی مۆخی ئێسکی بۆ کرا، کە بە سەرکەوتوویی چووە پێشەوە و تا دوو هەفتە زۆر وەزعی باش بوو، بەداخەوە لەوە بەدوا تووشی نەخۆشییەکی تر بوو کە ئیلتیهابی خوێنەواتە (کەڕوی خوێن)، سەرئەنجام رێگەی لەدریژەدان بەژیان پێگرت و ژیانئاوای لێکردین، بەلام هەرگیز لە بیر ناکرێت.
هاوری حەسەن هەڵسوراوێکی کۆمۆنیستی ماندو نەناسی نیو بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاریی ویەکێك لە هەڵسوروانی شوراکانی کوردستان وبەرپرسی رێکخستنی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بوو لە ئوسترالیا.
هاوری حەسەن لەساڵی ١٩٨٥وە چۆتە ریزی خەبات و تیکوشانی کۆمۆنیستەکانی عێراق وکوردستانەوەو تا دوا ساتەکانی ژیانی لە دریژەدان بەخەباتی کۆمۆنیستی بۆرزگاری ئینسانەکان نەسرەوت و بەردەوام بوو. تەنیا باوەڕیان بە جیهانێکی باشتر نەبوو،بەڵکو خشت بە خشت، هەنگاو بەهەنگاو خەباتی بێ وەستانی درێژە پێدا بۆ دروستکردنی .
ئەو هەڵسوراوێکی پەیگیر بوو بۆ بەرگری لە ئازادی یەکسانی وخۆشگوزەرانی خەڵکی کریکارو زەحمەتکێشی کوردستان، ڕەخنەی قوڵی لە سەرمایەداری دەگرت و بانگەشەی بۆ کۆمەڵگەیەکی بێ چین دەکرد. باوەری قوڵی بە مارکسیزم پتەوبوو بۆ ساتێك ئومێدی بە دنیایەکی یەکسان ورزگارکردنی ئینسانەکان لە کۆیلایەتی کاری بەکرێ گرتە ،بەرنەدا.
کەسێکی ڕاوەستاو بوو لەسەر باوەڕەکانی. لە هەموو ناڕەزایەتییەکدا، لە هەموو کۆبوونەوەیەکی ڕێکخستنەکاندا، بۆ بەرگری لە مافو ئازادیەکانی کرێکاران وژنانو منالان وخەڵکی ستەملێکراوی کوردستان، بۆ ساتێك وچانی نەئەداو حەسەن لەوێ بووبە دڵ بە گیان لەپیناو خزمەت بەحیزب وبزووتنەوەکەی بێ سنور بوو بۆ یەك چرکەیش ڕای نەگرت.
ئێستا هاوری حەسەن بەروخسارو جەستەی لەنیوماندا نیە و بەجێهیشتووین بەلام باوەرە وپەیامە ئینسانیەکانی وپەیگیری خەباتکارانەو شۆرشگیرانەی بە هەمان بوێری و دڵسوزی کە ژیانی ئەوانی پێناسە کردووە، بەرەو پێشەوە دەبەین و هەمیشە سەرچاوەیەکە دەبێت بۆ عەزم وئیرادەی ئێمە، هەر زیندوە وە بەزیندویش دەمێنێتەوە.
لەقوڵایی دڵمانەوە پرسەو سەرخۆشی خۆمان ئاڕاستەی چیمەنی ئازیزی هاوسەری و مناڵەچاوگەشەکانی پۆشکین وزاریا دەکەین لە ئامیزی مهیرەبانیان دەگرین ، هاوکات هاوخەمی خۆمان لەگەڵ خوشك وبراو کەسوکارو هاورێ و ئازیزانی دەردەبڕین لەم خەمە قورسە لە تەنیشتیان ڕادەوستین.
ڕێکخراوی دەرەوەی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
١٢/٧/٢٠٢٥