Home ڕاپۆرتكۆتا مووچە دوو مانگ لەمەوبەر دابەشكراوە و رێگە بە ناڕەزایەتیش نادرێت

كۆتا مووچە دوو مانگ لەمەوبەر دابەشكراوە و رێگە بە ناڕەزایەتیش نادرێت

by Hawpshti Media
0 کۆمێنتەکان 126 بینینەکان
ئاماری شەش مانگی ناڕەزایەتیەكان لە هەرێم؛ كۆتا مووچە دوو مانگ لەمەوبەر دابەشكراوە و رێگە بە ناڕەزایەتیش نادرێت

لەگەڵ درێژبوونەوەی قەیرانی موچە لە هەرێمی كوردستان چەند رۆژێكە ناڕەزایەتییەكان سەریانهەڵداوەتەوە، چارەسەر لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە بە لیژنە سپێردرا و ئەویش پێی چارەسەرنەكرا، دادگای فیدراڵیش بەهۆی ئەوەی پێشتر بڕیاری لەوبارەیەوە دەركردووە پێناچێت هیچ بڕیارێكی دیكە دەربكات، حكومەتی هەرێمیش سەرەڕای داهاتی ناوخۆ مووچە دابەش ناكات و چاوی لە كۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقە.

دواین جار كە مووچە لە هەرێمی كوردستان دابەشكرا بەو پارەیەی حكومەتی عێراق ناردی مووچەی مانگی نیسان بوو كە رۆژی 14ـی ئایاری 2025 و بە سێ رۆژ بەسەر سەرجەم وەزارەت و دەستەكان و خانەنشینان دابەشكرا، ئەمڕۆ دوو مانگی رێكە هیچ مووچەیەك بەسەر فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستاندا دابەش نەكراوە.

مووچە دابەش ناکرێت و ڕێگە بە خۆپیشاندانیش نادرێت

سەرەڕای دابەشنەكردنی مووچە، هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان لە ناوچە جیاجیاكان رێگری لە هەر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەك دەكەن، لە هەولێر هێزە ئەمنییەكان دكتۆر رەعد رەفعەت یان دەستگیركرد، كە یەكێك لەو كەسانە بوو لە دادگای فیدراڵی سكاڵای یاسایی لەسەر دواكەوتنی موچە تۆماركردو دواتر لەسەر بنەمای ئەو سكاڵایانە دادگا بڕیاری تەوتینكردنی موچەی دەركرد. هاوكات لە سلێمانی هێزە ئەمنییەكان دكتۆر ئەحمەد ئەمینیان دەستگیركرد بە پاساوی ئەوەی بانگەشەی بۆ سازدانی خۆپیشاندان كردووە لەگەڵ یەكێكی دیكە لەو كەسانەی ئەمڕۆ دەیانویست لەبەردەركی سەرای سلێمانی خۆپیشاندان بكەن، هەرچەندە سبەی پەیوەندی بە چەند بەرپرسێكی ئەمنییەوە كرد و “رەتیان كردەوە هیچ كەسێك دەستگیركرابێت” بەڵكو وتیان “تەنها خەڵك لە شوێنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دوورخراوەتەوە”.

ئەم دەستگیركردنانە هاوكاتە لەگەڵ كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتیی بەبەشداری مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی سەبارەت بە قەیرانی موچە.

پێنەدانی مووچە بازاڕی سست كردووە و بارێكی قورسی بۆ مووچەخۆران و فەرمانبەران دروستكردووە، سەرەڕای ئەوەی خەریكە كێشەی گەورەتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت و تەقینەوەی كۆمەڵایەتی لێدەكەوێتەوە، ئەمڕۆ كەسوكاری حەسەن رەحمان كە دوێنێ شەو بە تەقەی هێزە ئەمنییەكان كوژرا لەكاتی مەراسیمی بەخاكسپارتی رایانگەیاند”ئەگەر حكومەتی هەرێم بێدەنگ و كەمتەرخەم بێت، خۆمان مافی خۆمان وەردەگرینەوە، بكوژ ناوو ناسنامەی دیارە”.

ئەوەش لەكاتێكدایە هەر ئەمڕۆ دژی بێ كارەبایی دانیشتوانی گوندەكانی (سەیدان)و (مامەرۆك)ی ناحیەی كەورگۆسك لە پارێزگای هەولێر، هاتنەسەر شەقام و رێگای هاتۆچۆیان داخست.

لە سلێمانیش یەكێتی كە دەسەڵاتداری سنورەكەیە، هاوكات لەگەڵ كۆوبوونەوەكەی ئەمڕۆیان لەگەڵ پارتی كە هەریەك لە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی و بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی بەشداربوون، هێزێكی زۆری ئەمنیی لەناوشاری سلێمانی بڵاوەپێكرد تا رێگری لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی فەرمانبەران و هاوڵاتیان بكات.

مووچەخۆران زیاتە لە دوو مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە

موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان (75) رۆژ واتا دوو مانگ و نیوە موچەیان وەرنەگرتووە، مانگانە بڕی پێویست بۆ موچە (998) ملیار دینارە كۆی گشتی ئەو (75) رۆژە دەكاتە ( دوو ترلیۆن و 495 ملیار) دینار، واتا ئەگەر موچەخۆرێك مانگانە (ملیۆنێك) دینار موچەكەی بێت ئەوا بۆ ئەو (75) رۆژە بڕی ( 2دوو ملیۆن و 500 هەزار) دینار موچەی لای حكومەتە.

داهاتی هەرێم

بە هەژماركردنی راپۆرتی وەزارەتی دارایی عێراق و هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و بەغداد بۆ چوارمانگی 2025 ، داهاتی (75) رۆژی ناوخۆی هەرێم (730) ملیار دینار و داهاتی نەوت (980) ملیار و پارەی هاوپەیمانانیش (50) ملیار دینار بووە، بەڵام كۆی خەرجییەكانی حكومەتی هەرێم لە (75) رۆژدا بەبێ موچە تەنیا (395) ملیار دیناربووە. بەوەش كۆی پارەی بەردەستی حكومەتی هەرێم بۆ (75) رۆژ: (ترلیۆنێك و 760 ملیار) دینارە.

ئاماری شەش مانگی ناڕەزایەتی و دەستگیرکردن

لەشاری سلێمانی لەلایەن سەنتەری میترۆ و لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا ئاماری شەش مانگی ئەمساڵی چالاكی و ناڕەزاییەتییەكان لە هەرێمی كوردستان بڵاوكرایەوە،  ئاماژە بەوەكراوە ٢٠٠ چالاكی ناڕەزاییەتی ئەنجام دراوە و لەنێویاندا ١٠٠ حاڵەتی دەستگیركردن تۆماركراوە.

ئاماژە بەوەشكراوە، ١٠٠ ڕۆژنامەنووس و هاووڵاتیی لەكاتی ناڕەزاییەتییەكان دەستگیركراون لەتازەترین پێشهاتیشدا لە شارەدێی وەرتێ هاوڵاتییەك لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە شەهید كراوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، بەشی زۆری ناڕەزاییەتییەكان لەشاری سلێمانی بووە كە ١١١ چالاكی بووە و لە هەولێر ٥٧ چالاكی و شەش چالاكی لە دهۆك و هەشت چالاكی لە هەڵەبجە و لە هەریەكە لە ئیدارە سەربەخۆكانی ڕاپەڕین هەشت و لە گەرمیان ١١چالاكی هەبووە.

باس لەوەشكراوە، لەو ژمارەیە ٦١ چالاكییان بۆ مووچە  و ٣١ چالاكییان بۆ خزمەتگوزاری بووە، هاوكات، ١٠٠ حاڵەتی دەسگیركردنی ڕۆژنامەنووس و چالاكوان و هاووڵاتییان لەكاتی ناڕەزاییەتییەكاندا تۆماركراون، لە دهۆكیش یەك حاڵەتی ڕفاندن هەبووە.

مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، چاوەڕوان بوون پێش جەژنی قوربان مووچەی مانگی پێنج (ئایار) وەربگرن، هاوشێوەی چەند مانگی پێشوو لە چاوەڕوانی هات و نەهاتی مووچەدا هێڵرانەوە، تا ئەوەی لە كۆتایی مانگی ئایار، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بە نوسراوێك بۆمبەكەی تەقاندەوە و راگەیاند: ئامادەنییە چیتر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بنێرێت.

بەپێی نوسراوەكەی وەزارەتی دارایی عێراق كە رۆژی (28ـی ئایاری 2025) بە واژۆی تەیف سامی ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان كراوە، تەرخانكراوی دارایی هەرێم بەڕێژەی 12.67 لە یاسای بودجەی سێ ساڵی كۆتایی هاتووە، بەو پێیەی بڕی 13 ترلیۆن و 547 ملیار دیناری رادەستكراوە لەكۆی خەرجی كردەیی.

لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان لەكۆی 19.9 ترلیۆن دیناری داهاتی نەوتی و نانەوتی لە ساڵی 2023ـەوە تا مانگی نیسانی ئەمساڵ، تەنها 598.5 ملیار دیناری رادەستی بەغداد كردووە.

لەبەرامبەردا وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، رێكارەكانی عێراق بۆ دەستنیشانكردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان پاڵپشت بە خەرجی بەكاربردن بە دژی دەستور ناوبرد و لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند: لە كۆی نزیكەی 13 تریلیۆن و 334 ملیار و 587 ملیۆن دیناری پشكی هەرێم بۆ ساڵی دارایی 2025، بەغداد بڕی 4 تریلیۆن و 223 ملیار و 625 ملیۆن و 165 هەزار دیناری ناردووە، ئەوەی كە لە ئەستۆی عێراق ماوەتەوە، 9 تریلیۆن و 110 ملیار و 961 ملیۆن و 835 هەزار دینارە.

رێككەوتنی پێشوو زۆری نەخایاند

رۆژی 3ـی شوباتی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان رایگەیاند: شاندی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ لەسەر شایستەی مووچەخۆرانی هەرێم گەیشتنە رێككەوتن. بەڵام ئەو بەڵێن و رێككەوتنەش لەنێوان هەرێم و بەغداد تەنها یەك مانگ بڕی كرد و پرسی مووچە هاتەوە خاڵی سەرەتا.

هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەت

لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە نۆ مانگە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچووە، بەڵام تائێستا پارتی و یەكێتی نەیانتوانیوە حكومەتێكی نوێ پێكبهێنن، سەرەڕای ئەوەش تائێستا لەگەڵ بەغداد سەبارەت بە مووچە و بودجە و نەوت نەگەیشتوونەتە رێككەوتن، لەو چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ جارێكی دیكە شاندی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی گەیشتنە پیرمام و کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی  و بافڵ تاڵەبانی لە پیرمام بەڕێوەچوو.

بەپێی زانیارییەكان کۆبونەوەی باڵای یەکێتی و پارتی سێ تەوەری سەرەکی لە خۆگرتووە (یەكهەڵوێستی لە بەغداد، پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كێشەی مووچە و هەناردە كردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان)

هەڵوێست بەرامبەر بەغداد

ئەوەش لەكاتێكدایە، لە کۆبونەوەی پێشووی مەکتەبی سیاسی پارتی هیچ بڕیارێکی سەبارەت بە بەغداد رانەگەیەندرا، بەپێی بارەگای بارزانی: فوئاد حوسێن دوای گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسیەكانی عێراقی گەڕاوەتەوە كوردستان و بە مەكتەبی سیاسیی پارتی ڕاگەیاندووە كە لایەن و كەسایەتییە سیاسییەكان و حكومەتی عێڕاقی فیدراڵ بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە بەڵێنی ئەوەیان داوە كە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پرسی ناردنی مووچە و شاییستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان  چارەسەر بكرێت.

دادگای فیدراڵی کۆبوونەوەکەی دواخست

کۆبونەوەی یەکێتی و پارتی لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دانیشتنی دادبینی تایبەت بە کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی دواخست، لیژنەی باڵای ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیش کە لە پێنج وەزیری پێکهاتە سەرەکییەکانی حکومەت پێکهاتبوو، راپۆرتی کۆتایی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کیشەکە ئامادە نەکردووە.

بڕیاری پێشووی دادگای فیدراڵی

رۆژی 21 ی شوباتی 2024 دادگای فیدراڵی دوای چەند دانیشتنێك سكاڵایەكی یەكلاكردەوە و مووچەی فەرمانبەرانی لە ناكۆكییە سیاسییەكان جیاكردەوە و هەردوو سەرۆك وەزیرانی عێراق و هەرێمی پابەندكرد بە تەوتینی موچەی سەرجەم موچەخۆرانی هەرێم لە بانكە حكومییەكانی عێراق.

بڕیارەكە لەدوای دەرچوونی بەبڕیارێكی مێژوویی دانرا لەلایەن بەشێكی زۆر لە موچەخۆران و لایەنە سیاسییەكانەوە، بەڵام لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە پێشوازی لێنەكرا و جەختیكردەوە كە هەر پڕۆسەیەكی لەو شێوەیە دەبێت لە رێگەی هەرێمەوە بێت، بۆ ئەوەش جەختی لەپڕۆژەی هەژماری من كردەوە لەجیاتی تەوتینی موچە.

 

لێدوانێک بەجێ بهێلە