72
حەسەن لە دەیەی چوارەمی تەمەنی دابوو. کارمەندی بەرگری و فریاکەوتن بوو. بۆ بە ژیان ڕاگەیشتن و بەخێوکردنی شەش زارۆکەکەی، چەند کەپرێکی گەشتیاری لە وەرتێ دروستکردبوو و باری ژیانی پێ هەڵدەسوڕاند. جار جاریش بۆ دەردە دڵی شیعری دەنوسی و بە نازناوی (حەسەن سەربەرزی) خەم و ئازاری ژیان و ناسۆری نا دادپەروەری هەڵدەڕشت. هەر کە نا ڕەزایەتی و خۆپێشاندانێکیش هەبایە، زوو خۆی دەگەیاندێ و بەشداری دەکرد.

ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو، حەسەن و هاونیشتیمانییانی تری سنوری وەرتێ، لە دژی خراپ بوونی دۆخی کارەبا لە وەزری هاویندا ناڕەزایەتیان دەربڕی. جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕوناکی و کارەبای (٢٤) کاتژميریان بۆ هەولێر لەسەر حسابی کەمکردنەوەی کارەبای گوندەکانی باڵەکایەتی و سنوری ناحیەی وەرتێ ڕەتکردەوە. ئێوارەی ئەو ڕۆژە، بەڕێوەبەری ئاسایشی ڕەواندوز، بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکە لە ماوەی دوو ڕۆژدا، بە حەسەن و خۆپێشاندەرانی تر دەدات. ڕۆژی یەکشەممە دێت و بڕی کارەبای دابینکراو کەمتردەکرێتەوە بۆ دوو کاتژمێر. لە بری چارەسەرکردنی کێشەکە، سنوری ناحیەی وەرتێ بە سەربازگە دەکرێت و ئامادەباشی دەکرێت بۆ ڕووبەڕوبونەوەی هەر جۆرە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیەک.
ئێوارەی دوێنێ، سەرباری بڵاوبونەوەی ترس و تۆقاندن و هەڕەشەی گرتن و لێدان، حەسەن لە ستۆری فەیس بووکەکەی بانگەوازی خۆپێشاندان دەکات و دەڵێت (وەرن با بڕۆین بۆ پردی حافیز). پردی حافیز شوێنی کۆبوونەوەی خۆپێشاندەرانە و حەسەن گۆرانی وەتەن دەکاتە باگراوندی گۆرانیەکەی. هەروەکو ئەوەی دڵی خەبەری دابێت کە ئەم ئێوارەیە ئەو دەبێت بە (دێوانەکەی وەتەن، خاکی بەرپێی وەتەن، سەربازی سەر ڕێی وەتەن).
بانگەوازەکەی حەسەن، ترسی خەڵکی ناڕازی دەشکێنێت و بە کۆمەڵ لە کاتی دیاریکراودا لەسەر پردی حافیز کۆدەبنەوە. هێزە ئەمنییەکان بە جلی مەدەنی و بە دەمانچە و کڵاشینکۆف تەقە لە خۆپێشاندەران دەکەن و هەوڵ دەدەن بڵاوەیان پێ بکەن. حەسەن دەستەکانی دەخاتە پشتییەوە و بە ڕوحێکی بەرەنگاری و بە سەرێکی بەرز و بە نیەتێکی ئاشتیانە بەرامبەر بە تەقەکەرەکان دەوەستێت. لەو کاتەدا، جێگری بەڕێوەبەری ئاسایش، بە جلی مەدەنی و بە گیانێکی شەڕانگێزی و بە چاوێکی تینوو بە خوێن، چەکەکەی دەستی لە چەپەوە بۆ ڕاست گوڕ دەدات و فیشەک دەتەقێنێت. گوللەیەک سنگی حەسەن هەپرون بە هەپرون دەکات. حەسەن دەکەوێتە گیانەڵڵا و هەر وەکو گۆرانی وەتەن (بە ناحەق خوێنی ئەو تێکۆشەرە دەڕێژرێت).
سازش کردن لەسەر خوێنی بە ناحەق ڕژاوی (حەسەن سەربەرزی) کۆمەڵی کوردی دەخاتە بەردەم بەبەریەتی هەموو ئەو هێزە کەسی و حزبی و خێڵەکیانەی کە ئینتیمایان بۆ پارە و گەورەکانیان زیاترە وەک لە نیشتیمان و وەتەن.
کامەران عوسمان