Home ڕاگەیاندنی رۆژنامەوانیلە وەرتێ و هەولێرەوە تا بەردەرکی سەرا، یەک جەماوەری ناڕازی و یەک دەسەڵاتی سەرکوتگەر

لە وەرتێ و هەولێرەوە تا بەردەرکی سەرا، یەک جەماوەری ناڕازی و یەک دەسەڵاتی سەرکوتگەر

by admin
0 کۆمێنتەکان 87 بینینەکان

دوێنێ شەو لەکاتێکدا کە خەڵکی ناحیەی وەرتێ لەدژی بێکارەبایی هاتنە سەرشەقام، هێزەکانی ئاسایش بەشێوەیەکی دڕندانە و هەڕەمەکیانە کەوتنە لێدان و دواتر تەقەکردن لە خۆپیشاندەران. لە ئەنجامدا کەسێک بە ناوی حەسەن عەبدولڕەحمان کوژرا و چەند کەسێکیش بریندار بوون. ئەمە لە کاتێکدا کە هەر ئەمڕۆش لەبەرامبەر دۆخی خراپی ژیان و نەبوونی خزمەتگوزاریەکاندا، لە نزیک ئەنجومەنی وەزیران لە هەولێر خەڵکی ناڕازی تایەی سووتاویان لەسەر ڕێگا دانا و ڕێیان لە هاتوچۆ بەرەو عەینکاوە گرت. بەڵام دیسان هێزە سەرکوتگەرەکانی دەسەڵاتەکەی پارتی، ئەو ناوەیان تەنی تاکو بەر بە هەر ناڕەزایەتییەک بگرن. لە سلێمانیش کە لەلایەن هەڵسوڕاوان و خەڵكی ناڕازیەوە بانگەوازێک بۆ خۆپیشاندان لەبەر دەرکی سەرا ڕاگەیاندرابوو، لە بەیانی ئەمڕۆوە هێزە ئەمنیەکانی یەکێتی نیشتمانی، بە ناو شاردا بڵاوەیان پێکرا و لە ترسی ناڕەزایەتی جەماوەر، ناوجەرگەی شاریان میلیتاریزەکرد و لە ئەنجامیشدا کەوتنە دەستگیرکردنی چەند هەڵسوڕاوێک و بەمجۆرەش فەزای ترس و سەرکوتگەرییان داسەپاند.
بێگومان فەرمانبەران و موچەخۆران و جەماوەری بێبەشی کوردستان ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە نەبوونی موچە و دابیننەبوونی ژیان و نەبوونی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکانی وەکو ئاو و کارەبا، هەوڵێکی ڕەوا و بەرهەقە و هەرجۆرە کاردانەوەیەکی ئەحزابی دەسەڵاتدار لەبەرامبەریدا، کردەیەکی سەرکوتگەرانە و دژی ئازادیە. خەڵکی کرێکار و موچەخۆر و بەشمەینەتی کوردستان کە هیچ ڕێگایەکیان بۆ گەیشتن بە داخوازیەکانیان لەبەردەمدا نەماوە، جگەلەوەی کە دەست بۆ خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە خۆیان و مناڵیان موحتاجی نانی ڕۆژ و پێداویستیەکانی بەڕێوەچوونی ژیانیانن، ئەوان کە بەم گەرما تاقەتپڕوکێنە، ڕوناکی لە ماڵیاندا نییە و بێئاوی بەربینی پێگرتوون، کە برسێتی و بێکاری و نەبوونی موچە و بێبازاڕی یەخەی پێگرتوون، ئەوە حیزبەکانی دەسەڵات و بەرپرسەکانیانە کەب ۆ پاراستنی حکومەتە گەندەڵەکەیان و درێژەدان بە بازاڕی ڕاووڕوت و کۆکردنەوەی پارە و دزینی داهاتی کۆمەڵگە، دەستیان بۆ ئەم سەرکوت و پەلاماردانە بردووە.
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، لەگەڵ ئەوەدا کە ئەم هێرش و پەلامار و فەزا سەرکوتگەریەی ئەحزابی دەسەڵاتدار بۆ سەر ناڕەزایەتیەکانی خەڵك، ئیدانە و سەرکۆنە دەکا و بەکردەیەکی دژە خەڵکی و دژە ئازادی دەناسێنێ، هاوکات وەک بەشێک لە ناڕەزایەتی جەماوەر بۆ بەدەستهێنانی موچە و خزمەتگوزاریەکان، ڕادەوەستێ و بۆ بەدەستهێنانی داخوازیەکان بەتەواوی تواناوە تێدەکۆشێت. حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان پێی وایە کە تەنها بە خەباتی یەکگرتوو و ڕێکخراوی جەماوەر و کۆبوونەوە لەدەوری داخوازیەکان و هاتنەمەیدانی سەراسەری و فراوانیانەوە ئەتوانن هەم دەستی سەرکوتگریەکانی دەسەڵاتداران لەپشتەوە ببەستن و هەم ناچاریان بکەن بەملدان بە خواستەکانی خەڵک.
بژی ئیرادەی یەکگرتووانە و ڕێکخراوی جەماوەری بۆ بەدەست هێنانی موچە و کار و خزمەتگوزاری.

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

١٤ ی تەموزی ٢٠٢٥

لێدوانێک بەجێ بهێلە