نووسینی: ئیبراهیم حسێن:
چواردەی حەوت میلیشیای بەکێتی نیشتیمانی کوردستان شار و شەقام و کۆڵان و کتێبخانە و چایخانە و کتێبفرۆشی و هەرچی بۆنی ژیانی لێدەهات، میلیتاریزە کرد و بە ڕۆژی ڕووناک، پەلاماری حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریان دا و پێنج هەڵسوڕاوی ئازیز وخەباتکاری ڕێگەی ئازادی و خۆشبەختی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستانیان تیرۆر کرد.
بەهانەکانی ئەو ئۆباشی و ملیشیاییگەری و ملهورییە ئاشکرایە ئەوە بوو گوایە فەرمانیان لە مەلاکانی ئێران وەرگرتوە کە چیتر تەحەمولی ئەوەیان پێناکرێ کە فەرمانداری ئوستانی سلێمانیان لەبەرامبەر کۆمۆنیزم و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی و ئازادیخوازی کۆمەڵگەی کوردستان بێ ئەرک دابنیشێ و دەبێ فەرمانی کوشتاری کۆمۆنیستە کرێکاریەکان جێبەجێ بکەن.
بەهانەکانی تریان ئەوەبوو کە کۆمۆنیزمی کوردستان و بەدیاریکراوی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی بەرنامەی ئەوەیە سەرگەردانی سیاسی و حقوقی ژێر سایەی میلیشیای کوردایەتی لەڕێگەی ڕفراندۆم و گەڕانەوە بۆ ڕاو ئیرادەی ڕاستەخۆی هاوڵاتیانی کوردستان کۆتایی پێ بێت و تاوانی دوەمیش ئەوە بوو حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی خواستی هەڵوەشانەوەی یاسای باری کەسێتی کۆنەپەرەستانەی کارپێکراوی ئەوسای هەبوو کە تیایدا ژن وەک بوونەوەرێکی سوک و کەم پێناسەکراوە و یاسای یەکسانی هەمەلایەنەی ژن و پیاوی پێشنیار پێشنیار کردوە.
لەوە گاڵتەجاڕانەتر ئەوە بوو کە دەیانگوت گوایە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی چەکدارن و بارەگای چەکداریان هەیە و ئامادەنین کە بارەگای چەکداری دابخەن و مەدەنیەتیان شێواندوە لە کاتێکدا کە ئەوان تەواوی ژیانی سیاسی کۆمەڵگەیان بە هێزی ملیشیا تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت میلتاریزە کردبوو، جەنگێکی خوێناوی بێ ئەمانیان سازدابوو لەسەر گومرگ و داهات کە تیایدا سەدان ڕۆڵەی ئەو خەڵکە لە کەپکی حەمەداغا و ئەو گرد و ئەو تەپۆلکەی تر بە کوشت چوون و سەقەت و ماڵوێران کرا بوون و دیل کوژی وەک ئاوخوادنەوە بوو بۆیان.
با لەوەی ئایا بەڕاستی سەرانی یەکێتی فەرمانیان لە مەلاکانی ئێران و ڕژێمی ئاخوندەکانی ئێران وەرگرتبێ بۆ ئەم کارە یان نا، بەڵام ڕاستییە سیاسیەکە ئەوەبوو کە ئەم کۆنەپەرەستیە بۆرژواییە تازەپێگرتوەی کوردایەتی، بوونی کۆمۆنیزمێکی ڕادیکاڵ و کرێکاریی کە ئاڵای بەرگری لە ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگەی لە مەیدانی سیاسەتدا نوێنەرایەتی دەکرد بە ڕێگر دەزانی لەبەردەم جێبەجێکردنی پڕۆژە کۆنەپەرەستانەکەی خۆیدا.
بۆیە بۆ ئەوەی بتوانێ پڕۆژەی خۆی جێبەجێ بکا و ئەو چارەنوسەی کە دەیەویست بسەپێنێ، دەبوایە یەکەم جار تەکلیفی خۆی لەگەڵ ئەو کۆمۆنیزمە ڕادیکاڵە یەکلایی بکاتەوە کە ڕیشەی لە ئاوات و ئامانجە شەریف و ڕەسەنەکانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشدا بوو بۆ ژیان و چارەنوسێکی باشتر و خۆشبەخت.
کۆمەڵگەی کوردستان بە گۆشت و پێستیەوە باجی بێدەنگ کردنی کۆمۆنیزمی دا و دەرکەوت کە کۆمەڵگەیەک کۆمۆنیزمەکەی لاواز بێ، ئازادیخوازیەکەی لاواز دەبێ، قودرەت و ئیرادەی بەرگریکردنی لە ماف و حەقی خۆی لە ژیان لاواز دەبێ و کەڵەگایی چینی دەسەڵاتدار بێ بەربەست و بێ هەوسار دەبێ.
سەرەنجام ئەو کۆنەپەرەستیە کوردستانێکی بێ ئاینندەی دروست کرد. وڵاتی گۆڕستانی بێناونیشانی ژنان و ڕاکردنی بە لێشاوی گەنج، کوردستانێک کە تیایدا کۆنەپەرەستیەکی مل ئەستوری دینی دەستی ناوەتە بینەقاقای و دیکتاتۆریەتێکی ملیشیایی بێ هەوسار ژیان و چارەنوسی پێنح شەش میلیۆن مرۆڤی بە بارمتە گرتوە و لەلاوە خەریکی پاسەوانیکردنی چاڵەکانی نەوت و قاچاغی نەوت و بە تاڵان بردنی سەرەوت و سامانی وڵاتە.
بەڵام عەدالەتی مێژوو، عەدالەتێکی واقیعیە. چونکە مێژوو، مێژووی خەبات و كێشمەکێشی چینایەتییە. مێژووی ڕاوەستانەوەی مرۆڤی چەوساوەیە لە دژی چەوسانەوە و زۆرداری و کەڵەگایی چەوسێنەران.
لێرەوە عەدالەتی مێژوو لەوە واقیعیترە کە بکرێ تاسەر چەواشە بکرێ و بەو پێیە ئەوە چەوسێنەران نین کە بە تەنیا مێژوو دەنوسنەوە و دەخوڵقێنن. ئەوەتا ئەمڕۆ کۆمەڵگەی کوردستان و چینی کرێکار و جەماوەری چینە بێبەشەکان، لەسەر ژیان و نان و ئازادی و خۆشبەختی خۆیان لەسەر هەمان ئەو ئاوات و ئامانجانەی کە کۆمۆنیستە کرێکاریەکان لە پێناویدا گیانبازیان کرد، لەبەرامبەر ئەو کۆنەپەرەستیە ڕاوەستاون و تەنانەت قوربانی دەدەن. جیاوازیەکە لەوەدایە کە ئەوکات و ئەو سەردەم ئەو کۆنەپەرەستیە لە هەڵچوون و گەورە بووندا بوو، بەڵام ئێستا لەگەڵ قەیران و پرسیاری مانەوە و لەبەردەم حەتمیەتی چارەنوسی خۆیدایە.
مێژووی ئەمڕۆی حسن ڕەحمانەکانی ئێمە درێژکراوەی مێژووی شاپور و قابیل و نەزیر و ابراهیم و ئومێد و عبدول و هاوڕێ و ئارام و بەکر عەلی وسەردەشت و ویداد و کاوەکانی ئێمەن.
ئەو کۆنەپەرەستیە بە خوێن هاتەسەرکار و تەنیا بە قودرەت و ئیرادەی یەکگرتوی کرێکار و زەحمەتکێش و بە قودرەتی کۆمۆنیزمی وجودی ئەو بەشەرییەتە کرێکار و زەحمەتکێشە دەکرێ بە شێوەیەکی ڕادیکاڵ و متمدنانە و لە بنەوە چارەنوسی یەکلا بکرێتەوە.