جەمال موحسین:
دوای خۆپیشاندانەکەی وەرتێ کە تیایدا بەبەرچاوی دنیاوە کەسێکی سەر بە ئاسایشی پارتی کەسێکی کوشت و کەوتە گیانی گەنجێکی تر، لە دوو لێدواندا سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران ڕایگەیاند کە:”نادیارە کێ تەقەی کردووە و کاک حەسەنی کوشتووە…. خۆپیشاندەران مۆڵەتیان وەرنەگرتووە و هاتوونەتە سەر جادە”. لە یاسای باوی دنیادا کاتێک کەسێک ئەکوژرێ و کەسێکی تر بۆی ئەپۆشێ، کەسی دووەمیش بە هاوبەشی تاوانەکە دائەنرێ. بەڵام با جارێ لەمەیان بگەڕێین لەبەرئەوەی نەک ئەم یاسای تاوان و سزایە بەسەر بەرپرسانی دەسەڵاتداری کوردستاندا جێبەجێ نابێ، بگرە خۆیان بکوژان بەخێو و پەروەردە ئەکەن و دوای تاوانیش داڵدەیان ئەدەن. بۆ ئەمەش پێویست بە هیچ ئامار و بەڵگەیەکی نووسراو لەسەر کاغەز ناکات و لە هەموو بەرەنگاربوونەوەیەکی نێوان خەڵک و دەسەڵاتدا ئەم ڕاستیە بە خوێنی خەڵک نووسراوە.
ئەوەی نادیارە کێ تەقەی کردووە، نەک جێگەی باوەڕی خەڵک نییە بگرە بە ئاشکرا دۆزینەوەی پاساوێکە لەلایەن دەسەڵاتەوە بۆ پلەوپایەدان بە کەسی بکوژ هەروەک چۆن لە کاتی ١٧ ی شوباتدا بینیمان بەرپرسان و تەقەکەران مەدالیای شەرەفی سەرکوت و لەخوێنهەڵکێشانی خەڵکی ناڕازییان لە بەرۆک درا. خەڵک و ئێمە داوای ئەوەمان لە سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران و دەسەڵات و هێزە ئەمنیەکانی پارتی نییە بچن و ئەو ڤیدیۆ ئاشکرا و بڵاوکراوە ڕاستەوخۆیانە ببیننەوە کە کێ و کێ تەقە ئەکەن. ئەوان شاباشی بکوژان ئەکەن و خەڵکیش زۆر دەمێکە لەو ڕاستیە تێگەیشتووە کە سەرکوتگەری و کوشتار پایەیەکی بنەڕەتی دەسەڵاتی کوردایەتییە. بتەوێ کۆتایی بە سەرکوت بهێنی، ئەبێ لە بیری کۆتایی ئەم دەسەڵاتەدا بیت.
کاکی بەرپرس ڕاست ئەکات کە خەڵک مۆڵەتیان بۆ خۆپیشاندان وەرنەگرتووە. خەڵک لەبەرامبەر بە برسێتی و بێمافیدا پێویستیان بەوە نییە داوای مۆڵەت بکەن. تۆ کە دز هاتۆتە سەر ماڵەکەت، داوا لە خۆی ئەکەیت مۆڵەتت بدات بۆ دەرکردنی؟ بەڵام پرسیارەکان لای جەماوەری بێبەش پێچەوانەکەیەتی: دەسەڵات لە کوێ مۆڵەتی برسیکردنی خەڵکی وەرگرتووە؟ لە کوێ مۆڵەتی ئەوەی وەرگرتووە بەم دەست و بەو دەست دزی و چەتەیی بەسەر قوتی خەڵکەوە بکات، بەڵام بە لێشاو پارە بکات بە قوڕگی دەزگا سیخوڕی و سەرکوتگەرییەکانیدا و لە دژی جەماوەری ناڕازی بەکاریبهێنێ؟ ئەوە خودی دەسەڵات و دامودەزگا سەرکوتگەریەکانیەتی کە مۆڵەتی مانەوەی لەسەر تەختی حوکم لە دەست داوە. ئەمە ڕاستیەکە هەردوولا، خەڵک و دەسەڵات، ئەیزانێ و ئەیبینێ. دەسەڵات سەرکوت نەکات و خەڵک لەسەر شەقام نەکوژێ، یەک ڕۆژ بەپێوە خۆی ناگرێ.
لەم دۆخە ناخۆش و دژوارەدا کە پێکهاتەکانی دەسەڵاتی کوردایەتی و دەسەڵاتی ناوەند کەوتوونەتە یاریکردن بە قوتی خەڵک و ئەوە ٢ مانگ و نیوە موچەیان نەداوە و ژیانی خەڵک ڕاوەستاوە تەنها هەناسەدانیان نەبێ، ئاو و کارەباش بۆ خەڵک دابین ناکەن، ئەبێ جگە لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و تێکۆشانی خەڵک بۆ وەلانانی دەسەڵاتەکەیان چاوەڕێی هیچی تر نەکەن!
وەک ئەوان ئەو مۆڵەتەیان نییە، جەماوەری مەحروم و بێبەشیش پێویستی بە هیچ جۆرە مۆڵەتێک نییە بۆ خۆڕێکخستن، بۆ ڕێکخراو بوون، بۆ خۆپیشاندان و لە کاتی پێویستیشدا دەستگرتن بەسەر ڕەگە ئابوریەکانی بەرپرسان و دەسەڵاتدا.
نە ئێمە و نە ئەوان مۆڵەتمان پێویست نییە. درەنگ یان زوو ئەبێ ئەمە یەکلایی بکرێتەوە و دەسەڵاتی بنیاتنراو لەسەر بەشداری و دەخاڵەتی ڕاستەوخۆی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لەڕێگەی شورا و ڕێکخراوەکانی خۆیەوە جێگەی ئەمان بگرێتەوە.
١٥ ی تەموزی ٢٠٢٥