عەبدولڕەحمان گەورکی:
لە چەند ساڵی رابردوودا ناوی “ناوەندەکانی شۆڕش” وەک ستراتیژیی سەرەکیی موقاومەتی ئێران لە ئەدەبیاتی خەبات لە ناوخۆی ئێران و لە گۆڕەپانی سیاسیی ئێراندا دەرکەوتووە. ئەم چەمکە تەنیا دەستپێشخەرییەکی تیۆری نییە، بەڵکو بەرجەستەکردنی بزووتنەوەیەکی پراکتیکی و رێکخراو و بەردەوام و گەشەسەندووە لە ناخی کۆمەڵگاوە لە دژی دیکتاتۆرییەکی ئایینی، کە لە ماوەی چوار دەیەی رابردووو بە مشتی ئاسنین و تۆقاندن و تیرۆرکردن و سەرکوتکردن خۆی بەسەر خەڵکی ئێراندا سەپاندووە.
ڕەگ و ریشە و پەرەسەندنی ناوەندەکانی شۆڕش
ناوەندەکانی شۆڕش، یەکە بچووکەکانی موقاومەتی ئێرانن لە ناوخۆی وڵات کە بە بەرخۆدانی مەترسییە قورسەکان، چالاکیی ئاشکراکەر، رەمزی، سیاسی و هەندێکجاریش لێدانی ناوەندەکانی سەرکوت و ئیتلاعاتی رژێم ئەنجام دەدەن. ئەم ناوەندانە لە بەرامبەر سەرکوتی توند و سانسۆر و سەرکوتکردنی ئازادی رادەربڕین و نەبوونی هیچ کەش و هەوایەکی سیاسی دروست بوون، وەک وەڵامێکی پێویست بۆ هەلومەرجی ئێستاکە.
لە ساڵی ٢٠١٧ وە، بە تایبەت دوای راپەڕینی مانگی بەفرانبار، ئەم ستراتیژە لە لایەن سازمانی موجاهیدینی خەلقی ئێران و ئەنجومەنی نیشتمانی موقاومەتی ئێرانەوە پەرەی سەند، وەک بڕبڕەی پشتی خەباتی جەماوەری لە دژی دیکتاتۆری ویلایەتی فەقیهی و بە خێرایی لە سەرانسەری وڵاتدا بڵاو بووەوە. لە کاتێکدا کە کەش و هەوای ئەمنی و کۆنتڕۆڵی رژێم چڕتر دەبووەوە، گەنجانی ئازا لە شارە جۆراوجۆرەکاندا بە پێکهێنانی ناوەندەکانی شۆڕش، وێنەکانی موقاومەتیان دانا و دروشمیان دەنووسی و هێماکانی سەرکوتیان دەسووتاند و رژێمیان لە قاو دەدا.
بۆچی دەسەڵات لە ترس و دڵەڕاوکێدایە؟
چالاکیی ناوەندەکانی شۆڕش هەم هێمای بەرخۆدانە و هەم هێزی بزوێنەری راپەڕینە. یەکینەکانی موقاومەت توانیویانە پڕیشکی هیوا و شۆڕش لە دڵی کۆمەڵگایەکی دامرکاودا هەڵبگیرسێنن. دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی تا رادەیەکی زۆر لەسەر بنەمای ترسی گشتی دامەزراوە. بەڵام ناوەندەکانی شۆڕش دیواری ترس دەشکێنن و بانگهێشتی گەل دەکەن بۆ جوڵە و هەستانەوە.
کەوایە هۆکاری ترس و دڵەڕاوکێی رێبەرانی رژێم لە ناوەندەکانی شۆڕش روونە. سەرەڕای هەموو ئامرازەکانی سەرکوتکردن و کۆنترۆڵکردن، ئەم ناوەندانە لە دڵی شارەکاندا کاردەکەن، ناتوانرێت بە تەواوی دەستنیشان بکرێن، بەربڵاون و رۆژ بە رۆژ کاریگەرییان زیاتر دەبێت. دانپێدانانی راستەوخۆی بەرپرسانی ئەمنی و سوپای پاسداران لەمەڕ “مەترسی گەورەی ناوەندەکانی شۆڕش” بەڵگەیەکی گرینگە بۆ ئەم ترس و دڵەڕاوکێیەی دەسەڵات.
سانسۆرێکی رێکخراو
یەکێک له پرسیاره گرینەکان، کە بۆچی میدیاکانی سەر بە سازشکارانی رۆژئاوایی، یان داو و دەزگاکانی دەرەکی، کە لافی پشتیوانیکردن لە ئازادی و مافەکانی مرۆڤ لێدەدەن، باسی چالاکییەکانی ناوەندەکانی شۆڕش ناکەن؟ وڵامی ئەم پرسیارە لە یەک وەشەدا کورت دەکرێتەوە. سازشتکردن لەگەڵ دیکتاتۆرییەت لە ئێران!
سیاسەتی سازان لەگەڵ رژێمی ئێران کە دەیان ساڵە لە لایەن بەشێک لە حکومەت و لۆبیەکانی رۆژئاواوە پەیڕەو دەکرێت، چاوپۆشی لە هێزی راستەقینەی گۆڕانکاری لە ئێراندا دەکات، واتە موقاومەتێکی رێکخراو. داننان بە هەبوونی ناوەندەکانی شۆڕش، وەک قبوڵکردنی هەبوونی بەدیلێکی رێکخراو و ئامادەیە بۆ گۆڕینی دەسەڵات، کە سازشتکاران دەخاتە رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ بەرامبەر بە دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی مەزهەبی. لەبری ئەوەی پشتیوانی بکەن لەم هێزە راستەقینەیە بۆ گۆڕانکاری، پێیان باشە بە بیانووی دیپلۆماسی و وتووێژکردنەوە بێدەنگ بن و شەرعییەت بدەن بە دەسەڵاتی مەزهەبی.
ئەشرەف ٣ و رەهەندی نێودەوڵەتیی موقاومەت
ناوەندەکانی شۆڕش لە ناوخۆی ئێران هاوهەنگاو لەگەڵ ئەشرەف ٣، کە بنکەی نێودەوڵەتیی موقاومەتی ئێرانە لە ئەلبانیا، لە هاوئاهەنگییەکی ئۆرگانیکدان. ئەشرەف ٣، نوێنەری رێکخراوی موقاومەتە لە ئاستی جیهانیدا، لە کاتێکدا ناوەندەکانی شۆڕش، مشتی موقاومەتن لە ناوخۆی ئێراندا. موقاومەتی خەڵکی ئێران “دارێکی سەرکەشە” کە رەگ و ریشەی لە ناوخاکی ئێراندایە و لقەکانی بە ئاسمانی جیهاندا بڵاوبوونەتەوە.
داهاتوو بۆ کێیە؟
بە پەرەسەندنی چالاکییەکانی ناوەندەکانی شۆڕش، بەرزبوونەوە و هەڵکشانی پشتیوانیکردنی نێودەوڵەتی لە موقاومەتی ئێران و ریسوایی سیاسەتی سازان، رژێمی ئێران لە خراپترین بارودۆخی مێژوویی خۆیدایە. لە بەرامبەر رژێمێک کە لە بنبەستی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیدایە بە تەواوی، هێزێکی رێکخراو و رەوا، لە ناو دڵی خەڵکی ئێرانەوە هاتۆتە ئارا کە خاوەن توانای رابەرایەتیکردنی گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە ئێران.
کە وایە، براوەی راستەقینەی گۆڕەپانەکە، نە دەسەڵاتی ستەمکار و نە لۆبیەکانی، بەڵکو ئەو خەڵکەیە کە ساڵانێکە بۆ ئازادی و دادپەروەری و کۆمارێکی دیموکراتیک خەبات دەکەن. ستراتیژیی ناوەندەکانی شۆڕش ئێستا وەک کلیلی رووخاندنی رژێمی مەزهەبی بە دەستی موقاومەتی ئێرانەوەیە.
داواکارییەکانی موقاومەتی ئێران لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی
هەروەک خانمی مریەم رەجەوی، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران، زۆرجار رایگەیاندووە، موقاوەمەتی ئێران داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات:
یەکەم. داننان بە موقاومەتی رەوای لاوانی ئێران لە خەبات و تێکۆشان لە دژی سوپای پاسداران.
دووەم. پێویستە سوپای پاسدارانی رژێم وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی ناوزەد بکرێت کە ئۆرگانی سەرکوتکردن و کوشتنە لە ناوەوە و دەرەوەی ئێراندا.
سێیەم. دەستبەجێ میکانیزمی (ماشە) لە بڕیارنامەی ٢٢٣١ چالاک بکرێت و بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە پڕۆژە ئەتۆمییەکانی رژێم وەگەڕ بخرێت.
دوا وتە!
ناوەندەکانی شۆڕش ریزی پێشەوەی موقاومەتی ئێرانە لە ناوخۆی ئێراندا کە راپەڕین لە دژی دیکتاتۆرییەت بەرەوپێشەوە دەبەن و بەردی بناغەی ئەڵتەرناتیڤی دێموکراتیک و رەوای خەڵکی ئێرانن کە رێبەرانی رژێمی مەزهەبی و ناوەندە سەرکوتگەرەکانی ئەم رژێمە و ناوەندەکانی سوپای پاسداران و داو و دەزگا سەرکوتکەرەکانی دەسەڵات دەکەنە ئامانج. لە تێکهەڵچوونێکی نایەکسان و لە هەمانکاتد رەوا و جەماوەریدایە کە خەڵک و موقاومەتی رەوای ئێران بەسەر دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئێراندا سەردەکەون.
ئەم ستراتیژە کە لە ساڵی ٢٠١٧ەوە لەلایەن رێبەری موقاومەتی خەڵکی ئێرانەوە راگەیەندراوە، ئێستا پێگەیشتووە بۆ هەنگاوی رەوا و جەماوەری و رۆژانە و پەرەی سەندووە، بۆ ئەوەی هەر ئێرانییەک، کە لە دۆخی ئێستادا ناڕازییە، بتوانێت ببێتە ئەندامی ناوەندەکانی شۆڕش.
عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی