Home بیروڕابۆچی هێرشیان کردە سەر شوان گەردی؟

بۆچی هێرشیان کردە سەر شوان گەردی؟

by Hawpshti Media
0 کۆمێنتەکان 114 بینینەکان
ڕزگار عومەر
تایبەتمەندییەکانی ئەو کەسانەی کە لەلایەن سیستەمە سەرکوتگەرەکانەوە “دەکرێنە ئامانج” هەمیشە دیاری دەکات کە دەستی توندوتیژی تا چەند دەڕوا، کە هەندێکجار تا ئاستی تیرۆرکردنیش دەڕوات.
ئەمڕۆ نییە شوان گەردی ڕەخنە لە دەسەڵات دەگرێ. بە هەر پێوەرێکی دادپەروەرانە و یاسایی بێت، تەنانەت بە پێوەرەکانی هەمان ئەو کەسانەی لێیانداوە، ڕەخنەو قسەکانی شوان هەرگیزهاندانی توندوتیژی و یان بە تەعریفی سیستەم ئاژاوەی تیا نەبووە، کەواتە بۆچی ئەم سیستەمە پەنا بۆ تاوانێکی وا دەبات؟
هەروەک شوان؛ زۆر کەس ڕەخنە دەگرن، بەڵام دوای ئەم هێرشە، شوان چیتر شوانەکەی جارانیش نیە، چیتر ڕەخنەی سیاسیش بە پێوەرەکانی جاران پێوەرناکرێ، چونکە لە دوا کردەوەی بەرەنگاربوونەوەیدا، لە دوا ڕەخنە کە نوسی و لەسەر ئەمە توشی هەوڵی ڕفاندن و ئەشکەنجەدانی جەستەیی و دەروونی بوو ، بە مەبەست بێت یان نا ڕەخنەکەی هەنگاوی نایە سەر هێڵێکی نەبینراو، هێڵێکی حەرامکراو.
لەو ڕەخنەیەدا ئەو تەنیا هەر ڕەخنەگر بەڵکو “هاوارێکی گشتی” بوو، بەرجەستەکردنی زیندووی ئازار کە چیتر ناتوانرێت لە هۆڵە داخراوەکان یان مشتومڕە بەتاڵەکان کۆنتڕۆڵ بکرێت، ئەو داوای لەسەرۆک وەزیران کرد کە ئیستیقالە بکات!
هەموو ڕژێمێکی ستەمکار ئەم ساتەوەختە مەترسیدارە بۆ چارەنوسی خۆی دەناسێتەوە؛ کاتێک “یەک دەنگ” دەبێ بە هاواری لە مێژینەی زۆرینە. مێژووی نزیکمان زۆر باش ئەمەی تۆمارکردووە. ئاسکە سیمبولەکان؛ سەردەشت عوسمان، سۆرانی مامە حەمە و مامۆستا جیهان هەموویان نەک تەنها بەهۆی ئەوەی دەیانگوت کرانە ئامانج، بەڵکو بەهۆی دەسەڵاتی قسەکانیان بوو کە “هەڵگری هاواری خەڵکیتر بوون ” بۆیە جەلادەکان ڕاویان کردن.
لەم قۆناغەی ئێستادا سیستەمێکی سەرکوتگەر قووڵترین ترسی خۆی ئاشکرا دەکات لەبەرامبەر دۆخێکی پڕ لە هەڕەشە بۆ هەژموونەکەی کە لە یەک ڕستەدا چڕ دەبێتەوە:- “یەکگرتنی ورەی ڕەخنەگرێک لەگەڵ توڕەیی گەلێک”.
کاتێک جەماوەرچەند مانگێک بەبێ مووچە دەمێنێتەوە، کاتێک داهاتووی منداڵانی هاوڵاتیان بە ڕەهن دەکرێت بۆ خۆشی ژیانی چەند کەسێک و منداڵەکانیان، کاتێک وڵاتێکی دەوڵەمەند بە نەوت و سەرچاوەی سروشتی تەنها ناعەدالەتی و ستەم بەرهەم دەهێنێت ئەوا بچووکترین ڕەخنە دەتوانێت ببێتە پریشکێک لە چیمەنی وشکی بێ دەنگی سەپێنراودا.
لینین لە ساڵی ١٩٠٥دا هۆشداری دایە هاوڕێکانی : “ئاگاداربن بۆرژوازی لە ئان و ساتی داڕمانی خۆیدا تا ئەوپەڕی دڕەندەیی و تۆقاندن هەوڵی مانەوەی دەسەڵاتەکەی خۆی دەدات”. بەهەمان شێوەش حوکمڕانانی ئێمەش ئەمڕۆ بە توندوتیژی بە دەسەڵاتەوە دەلکێن کاتێک جگە لە بەڵێنی پووچ و هەڕەشەی دڕندانە هیچیان نەماوە پێشکەشی بکەن.
بەڵام مێژوو لە شوێنی خۆیدا ناوەستێت؛ لە باشووری ئەفریقا، مردنی ستیڤ بیکۆ نەیتوانی بیرۆکەی هۆشیاری ڕەشپێستەکان بکوژێت. لە بیلاڕوس ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە بەهۆی وتنی ڕاستییەکانەوە زیندانی کرابوون، تەوژمی گەڕانیان بە دوای ڕاستیەکان کردە ئامانجێکی گشتی جەماوەر، لە ئێراندا شاعیران و گەنجان فێربوونە لە زیندانەکان گۆرانی جیاواز دەهۆننەوە کە بیرۆکەی زیندانی کردنیان بەتاڵ دەکاتەوە، لە تورکیا سازەکەی دەستی ئەحمەد کایا لە ڕووی مەعنەویەوە ئەمانەتی سەلاح دەمیرتاشە!
کەواتە بۆچی سیستەم وانە وەرناگرێت وەکو دیکتاتۆرێکی بچووك لاساییی دیکتاتۆرەکانی دەوروبەرمان دەکاتەوە؟ بۆچی هێرشیان کردە سەر شوان گەردی؟
چونکە بینییان لە وەرچەرخانە مێژویەکاندا “ڕەخنەگرێکی ڕاستگۆ” دەتوانێت ببێتە “بڵندگۆی” توڕەیی تەواوی گەلێک. ئەم بێدەنگییەی کە دەسەڵاتداران ئارەزووی سەپاندنی دەکەن لە دوا لاپەڕەکانی خۆیدایە. ئەم ئازارە بۆ هەمیشە ناکرێتە پیش خواردنەوەو نەدرکاندن.
ئەگەر سەرکوت دوا زمانی دەسەڵاتی داڕماو بێت، ئەوا بەرگری بە ڕاستگۆیی وشەو ڕەخنەو هۆشیاری، بە هاودەنگی لە قوربانیدان بۆ گەیشتن بۆ وێستگەیەکی تازەی مێژوو ئەوەیە؛ کە دروست کردنی دوا ڕۆژێك بە بێ ئەوان مەحاڵ نیە!

لێدوانێک بەجێ بهێلە