نوسینی : ئاراس بلباس
لەفەرهەنگی ستەمکاریدا، ڕەوانبێژترین وشە، فیشەکە. فیشەکێک کە لەجەستەی خۆپیشاندەرێک دەدرێت، تەنها کردارێکی توندوتیژ نی یە، بەڵکو دوا پەیامی بێهودەیی و ئیفلاسبوونی ئەو دەسەڵاتەیە کە چیتر هیچ لۆژیک و پاساو و شەرعییەتێکی بۆ نەماوەتەوە، کاتێک دەسەڵات ناچار دەبێت بە ئاگر و ئاسن وەڵامی داواکاریی نان و ئازادی بداتەوە، ئیتر ئەو دەسەڵاتە لە قۆناغی حوکمڕانییەوە پەڕیوەتەوە بۆ قۆناغی چەتەگەری.
گرتن و کوشتنی هاووڵاتیی ناڕازی لەسەر شەقامبەهەموو چین و توێژەکانەوە، خیانەتی نیشتمانیی ڕەهایە، ئەمە ئەو ساتەوەختەیە کە دەوڵەت یان هەر قەوارەیەکی حوکمڕان، لەبری ئەوەی ببێتە باوکی پارێزەر، دەبێتە دڕندەیەک و جەستەی ڕۆڵەکانی خۆی دەشێلێت، ئەمە تەنها تاوان نی یە بەرامبەر بە تاکی کۆمەڵگا دەکرێت، بەڵکو تیرۆرکردنی ئاشکرای تەواوی کۆمەڵگەیە، پەیامێکی خوێناوی یە بۆ هەمووان کە دەڵێت: “بێدەنگ بن، ئەگینا چارەنووستان مردنە.” ئەمە لۆژیکی مافیا و ڕژێمە دیکتاتۆریەکانە، نەک هیی ئەو حکومەتەی کە بانگەشەی دیموکراسی و پابەندبوون بە مافەکانی مرۆڤەوە دەکات.
و لێرەدایە کە گاڵتەجاڕیەکە دەگاتە لوتکە،، دەسەڵاتێک کە بەردەوام خۆی وەک قوربانیی دەستی مێژوو و داکۆکیکاری مافی کورد نمایش دەکات، خۆی دەبێتە جەللادی هەمان ئەو گەلەی کە گوایە نوێنەرایەتیی دەکات. ئەم دەسەڵاتە لەژێر پەردەی یاسادا، دڕندانەترین پێشێلکاریی یاسا ئەنجام دەدات، با سەیری ئەو یاسایانە بکەین کە بوونەتە نوکتەیەکی تاڵ لەسەر زاری ئەم دەسەڵاتە:
(جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ، (ماددەی ١٩) دەڵێت: “هەموو کەسێک مافی ئازادیی ڕادەربڕینی هەیە…” و (ماددەی ٢٠) (هەموو کەسێک مافی ئازادیی گردبوونەوە و ناڕەزایەتی دەربڕینی ئاشتیانەی هەیە).
(یاسای ڕێکخستنی خۆپیشاندان لە هەرێمی کوردستان، ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠١٠، (ماددەی دووەم) دەڵێت: “خۆپیشاندان مافێکی دەستووری و یاسایی هاووڵاتیانە بۆ دەربڕینی هەست و بیروڕا و داواکارییەکانیان بە شێوازی ئاشتیانە.”
ئەم وشانە، کە دەبوو ببنە قەڵغانی پاراستنی ئازادی ڕادەربڕین و شکۆی هاووڵاتی، کەلەژێر سایەی ئەم دەسەڵاتەدا بوونەتە چاوبەستێکی یاسایی بۆ شاردنەوەی سروشتی ڕاستەقینەیان، کاتێک هێزی چەکدار ڕووبەڕووی سنگی ڕووتی هاووڵاتی دەبێتەوە، ئیتر ئەم یاسایانە دەمرن و تەنها یاسای جەنگەڵ بەرقەرار دەبێت.
با هیچ گومان و لێڵییەک نەمێنێت: بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی و یاسایی و مێژوویی ئەم تیرۆرە ڕێکخراوە دەکەوێتە ئەستۆی لوتکەی دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی کوردستان. ڕاستەوخۆ سەرۆکایەتیی هەرێم و بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی وەک بەرپرسی یەکەمی دەستەلاتی حکومەت و حیزبی حوکمڕان، کە هەموو جومگەکانی دەسەڵات و هێزیان مۆنۆپۆل کردووە، خوێنی ئەم قوربانیانەیان لە ئەستۆیە. شەرعییەتی ئەوان لەسەر هەمان ئەو شەقامانە ڕژا کە خوێنی هاووڵاتییانی تێدا ڕژێنرا.
ڕەنگە ئەوان بتوانن خوێن لەسەر شەقامەکان بشۆنەوە، بەڵام هەرگیز ناتوانن ئەو لەککەیە لە لاپەڕەکانی مێژوو و لە ویژدانی زیندووی گەلدا بسڕنەوە، ئەم خوێنە، ئەو مەرەکەبەیە کە کۆتایی شەرعییەتی ئێوەی پێ دەنووسرێتەوە.
ئەم خوێنە، ئەو مەرەکەبەیە کەکۆتایی شەرعییەتی ئێوەی پێ دەنووسرێتەوە
64