Home ڕاپۆرتسۆرانی مامەحەمە؛ مۆمی سەردەمی تاریکی و هەوێنی قەڵەمە ئازاکانی ئەمڕۆ

سۆرانی مامەحەمە؛ مۆمی سەردەمی تاریکی و هەوێنی قەڵەمە ئازاکانی ئەمڕۆ

by Hawpshti Media
0 کۆمێنتەکان 125 بینینەکان

هەموو ساڵێک ٢١ـی تەمووز دێت و لاپەڕەیەک هەڵدەدەینەوە و دەڵێین ئەمڕۆ ڕۆژنامەنووس سۆرانى مامە حەمە لەسەر ئەوەى بە قەڵەمەکەی دەینووسی شەهید بوو، بەڵام ئەوەش دەڵێین، ئەوەى سۆرانی لەسەر شەهید کرا ئایا بەردەوامە یان خوێنی ئەو ڕۆژنامەنووسە بووەتە هۆی گۆڕانی بارودۆخەکە و باشتربوونى؟

١٧ ساڵ لەمەوبەر لە پڕێکدا هەمووان بە هەواڵی شەهیدکردنى ڕۆژنامەنووس سۆرانى مامە حەمە تاسان و دڵتەنگ بوون، ئەم دڵتەنگییە لەبەر ئەوە نەبوو کە گەنجە و خوێنی ڕژاوە، بەڵکو لەبەر ئەو خەمە بوو کە لەناو جانتاکەی شانى هەڵیگرتبوو بە قەڵەم و وشە گوزارشتى لێدەکرد.

سۆران گەنجێکی باریکەڵەى باڵا بەرزی چاو گەورەی سپیکەلانە بوو، ڕۆحسووک و قسەخۆش و نەرم و نیان، کەسێکی پڕ زانیاری بوو سەبارەت بەم بارودۆخەى لەناو هەرێم دەگوزەرا، ئەو نووکی قەڵەمەکەى دەخستە سەر دۆسییە هەستیارەکان، سەر گەندەڵی و دادپەروەرییەکان، لەسەر خراپی و سەرەڕۆیی بەرپرسانی هەرێم و کەرکووک، ئەم پرسانە بوونە کاری ڕۆژانەی ئەو ڕۆژنامەنووسە بوێرە.

ئەو پرسە هەستیارانەى سۆرانى مامەحەمە بابەتى لەسەر ئامادە دەکرد و قسەى لەسەر دەکردن، گیانی سۆرانى خستە تابووتەوە، ئەمە تەنیا چارەنووسی ئەو نەبوو، بەڵکو لەسەر هەمان ئەو ڕێباز و پرسانە پێنج ڕۆژنامەنووسی دیکەش لە هەرێمی کوردستان جەستەیان ساردکرایەوە و ژمارەیەکیشیان خرانە زیندانەکانەوە کە بەشێکیان ئێستا چوار بۆ پێنج ساڵە لە زیندانن.

تێوەگلانى بەرپرسانى حزبی و حکومی و ئەمنی لە کاری لەشفرۆشی و مامەڵە بە جەستەى ژنانەوە، بووە بابەتى ڕاپۆرتێکی بنکۆڵکاری سۆرانى مامە حەمە، بۆیە بەردەوام لەلایەن ئەو بەرپرسانەوە هەڕەشەی جۆراوجۆری لێدەکرا تا لە کۆتاییدا ئەو ڕۆژنامەنووسە بوێرەیان خەڵتانی خوێنکرد و خۆشیان بۆ ئەم کارە قێزەونە زەمینەکەیان بۆ تەخت بوو.

چیرۆکە خەمناکەکە بەمجۆرە بوو، نزیکی کاتژمێر ٨ـی ئێوارەی ٢١ـی تەمووز بوو، دەنگی تەقەی دەرگا هات، سۆران پاروەکەی لە دەمدا بوو هەستا بۆ کردنەوەى دەرگاکە، کاتێک نیوەى دەرگاکەی کردەوە و ڕوخساری لای مافیاکان دەرکەوت دەستڕێژی گوللەیان لێکرد و کەوت بەزەویدا، بکوژە ترسنۆکەکان هەڵاتن و سۆرانیش بەپەلە گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام لە ڕێگا و بەر لە گەیشتنى بۆ نەخۆشخانە ڕۆح لە جەستەی دەرچوو.

بوێری سۆران لە باسکردنى بابەتى گەندەڵی و خراپییەکانى بەرپرسان و سیستەمی بەڕێوەبردنى هەرێم وایکرد دوای شەهیدبوونی هاوڕێ و هاوپیشەکانى نازناوی شەهیدی قەڵەمی پێ ببەخشن، دوای تێپەڕبوونی ١٧ ساڵ هاوپیشەکانى بە نەمری هێشتوویانەتەوە و یادی دەکەنەوە، چونکە ئەو بۆ تاریکی سەردەمی خۆی مۆمی ڕووناکی بوو، هەوێنی قەڵەمە ئازاکانی ئەمڕۆیە.

ئێستا دوای ١٧ ساڵ لە تیرۆرکردنى دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان وانەى لە شەهیدبوونى ئەو ڕۆژنامەنووسە وەرنەگرتووە و بەردەوامن لەسەر پێشێلکردنی ماف و ئازادییەکانى ڕۆژنامەنووسان، لەگەڵ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکى هاوڵاتییان ڕۆژنامەنوسان دەکرێنە ئامانج و ناهێڵن ڕووماڵی چالاکییە مەدەنییەکانی خەڵک بکەن.

هاوکات لە کۆنگرە و کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکان و کۆبوونەوە سیاسییەکان کێشە بۆ ڕۆژنامەنوسان درووست دەکەن و وەڵامی پرسیارەکانیان نادەنەوە یانیش سوکایەتییان پێدەکرێت، ئەوەى جگە لەوەى هەر ڕۆژنامەنووسێک دەست بۆ بەرژەوەندییەکانیان بەرێت بێ سێ و دوویان تیرۆری دەکەن یان زیندانی.

تیرۆرکردنى يۆژنامەنووسان لە سۆرانى مامەحەمەوە دەست پێناکات، بەڵکو لە ساڵی ١٩٩٣ ڕەئوف ئاکرەیی، ڕۆژنامەنووس لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە دهۆک تیرۆرکرا، ساڵی ٢٠٠٨ عەبدولستار تاهیر شەریف لە کەرکووک و ساڵی ٢٠١٠ سەردەشت عوسمان لە هەولێر و ساڵی ٢٠١٢ کاوە گەرمیانی لە کەلار و ساڵی ٢٠١٦ـش وەدات حسێن لە دهۆک و شوکری ئامێدی لە ٢ـی کانوونی یەکەمی ٢٠١٦ تیرۆرکراون.

لەگەڵ ئەوانەشدا ئێستا سێ ڕۆژنامەنووسی بوێر و ئازا لە زیندانەکانى پەدەکەدان و سەرەڕای تەواوبوونى سزاکەیان، بەڵام هەر جارە و بە بیانویەک سزای تریان بەسەردا دەسەپێنن، بەڵام ئەوان تا ئێستا ملیان بۆ سزا و خواستەکانى دەسەڵاتدارانى هەرێم نەداوە، یەکێک لەو ڕۆژنامەنووسانەى کە بێ تاوان و بێ بەڵگە ٤٥٤ ڕۆژ لە زیندانى پەدەکەدا مایەوە سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەنووس کە ئاژانسی هەواڵیی ڕۆژنیوز بوو.

ئێستا دوای ١٧ ساڵ لە شەهیدکردنى سۆرانى مامە حەمە بکوژەکانى بە ئازادی دێن و دەچن و لە سزای ئەو تاوانەیان وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچوون، شەهیدکردنی سۆرانیش ئەو تاوانەیە کە وەک لكەیەكی گەورە بە سیستەمی حکومڕانی هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە.

 

لێدوانێک بەجێ بهێلە