لەتیف فاتیح فەرەج:
نوێنەری ئەمەریكا لە سوریا تۆماس باراك ماوەیەكی زۆرە وەك داكۆكیكاری شەرع و سیاسەتی دیمەشق دەردەكەوێت ، ئەم شێوە دەركەوتنە بمانەوێت یان نا لە سەر دوو خاڵ بەندە ، یەكەم بوونی بەرژەوەندی نێوان باراك و توركیاو سوریا، لەبەر ئەوەی تەنها دەوڵەت لە ناوچەكە بیەوێت دیمەشقی شەرع بە هێز بێت و شەرع دەست بەسەر هەموو سوریادا بگرێت توركیایە ، بە تایبەت ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ، ئەردۆغان و شەرع بەرژەوەندی زۆرو هاوبەشیان هەیەلە سوریا ، شەرع بۆ مانەوەی خۆیی و ئەردۆغانیش بۆ لەلایەك نەهێشتنی خۆسەری ڕۆژئاواو لە لایەكی دیكەشەوە ئەو قوڵاییە ستراتیژیەی توركیا لە ڕێی توركیاوە دەیەوێت بەرەو جیهانی عەرەبی هەیبێت ن جگە لە پرسی نەوت و غازی سوریا ، دوەم لە سەر حسابی ئازادی و خۆبەڕێوەبەری ئەوانی تر، ڕۆژئاوای كوردستان ، خواستی دروز و عەلەوی و هتد، بەڵام پێناچێت ئەوەی باراك سیاسەتی هەمووئەمەریكا بێت ، لەبەر ئەوەی لە ناو خودی ئەمەریكا بۆ پرسی خۆ سەری دروز كە ئێستا سەرۆكی ئاینی دروز حیكمەت هیجری زۆر پێداگری لە سەر دەكات و پرسی ڕۆژئاوای كوردستان و هەسەدە خەڵكێكی زۆر پێچەوانەی باراك بیر دەكەنەوە .
لە ڕاستیدا هیچ هۆیەك نیە بۆ ئەوەی تۆم باراك ڕقی لە خۆسەری و شۆڕشی ڕۆژئاوا بێت ، هیچ هۆیەكی ئاشكرا بە دیناكرێت ، جگە لە دوو هۆی كەمێك شاراوە ، یەكەم بوونی بەرژەوەندی باراك لە گەڵ توركیاو بە تایبەت ئاكەپە ، كە ئەمە پێویستی بە بەدواداچوون و شڕۆڤەی وردە ، مەرج نیە بەرژەوەندی مادی و بازرگانی بێت ، بەڵام بونی سوریای بەهێزو بابەتی نەوت و غازی ئەو وڵاتەش جێی هەڵوەستەیە، خاڵی دوەم ئەوەیە كە ڕەنگەباراك سەركەوتنی حكومەتی دیمەشق و بەتایبەت شەرع بە سەركەوتنی خۆی بزانێت و بۆ ئایندەش ئەوی پێ باشتر بێت لە كەسانێكی تر كە ڕەنگە بە ئاسانی خۆیانی ڕادەست نەكەن ، لە راستیدا نەبینینی ئەوەی كە ڕۆژئاوای كوردستان تاكە شوێنی ناوچەكەیە كە هەندێك ڕووسوری بۆ ئەمەریكا هێشتوەتەوە لە شەڕی داعشدا كێماسیەكی گەورەیە .
توركیاو ئیسرائیل دوو كوڕی لەبەر دڵانی ئەمەریكان لە ناوچەكە ، ئەمەریكا دەیەوێت دڵی هەردوو كیان ڕابگرێت ، ئێستا كە لە سوریا بەرژەوەندی ئەو دوو دەوڵەتە بەریەك دەكەوێت و وێڕای پەیوەندی نێوانیان گرژی دروست دەبێت ، بوونە لایەنگری ئەمەریكا بۆ هەر لایەكیان بە زیانی ئەمەریكا كۆتای دێت ، توركیاش زۆر باش دەزانێ وێڕای بوونی پەیوەندی موخابەراتی و ئابوری لە گەڵ ئیسرائیل، بەڵام لەمپەریشە لە بەردەمویستگەلی جیا جیای ئیسرائیلدا ئەمە بۆ ئیسرائیلیش توركیا هەمان شتە، بەتایبەت لە بابەتی ئاسایشی ئیسرائیل ، ئەو دەوڵەتە توركیا لە خانەی نەیاراندا دەبینێت، بەڕادەیەك لە هەندێك بابەتا وەك ئێران سەیری توركیا دەكات .
بابەتی دروزەكان بەشێكی زۆر لە خەیاڵ و ئایندەخوازی باراك و توركیای شێواند، شەڕی گروپە چەكدارەكانی دروز لە گەڵ سوپای سوریاو هەروەها پەلاماری یەكتری عەرەبی بەدوو دروز لە سوەیداو گوند گەلی دەورو بەری ، داوای موەفەق تەریفی سەركردەی ئاینی دروزی ئیسرائیل لە ترەمپ بۆ پاراستنی دروزی سوریاو داوای خۆ سەری حیكمەت هیجری بۆ دروز ئەمانە ئێستا هەموو بابەتی هەڵوەستەو قسە لە سەر كردنن ، دروز لە سایەی دەوڵەتی شەرعدا لە ئایندەی خۆیان دەترسن ،قسە كردنی سەرانی دیمەشقیش هۆیەكن بۆ ئەو ترسە ، تەنانەت وەزیری ڕاگەیاندنی سوری پاش داواكەی تەریف و هەروەها بانگەوازیەكانی هیجری ، بە ئاشكرا هەڕەشەی لە دروز كردو بە دەرچوو لە قانون ناوی بردن.
گومانكردن لە شەرع و دەسەڵاتەكەی لە بارو دۆخی ئێستای سوریادا لە جێی خۆیدایە ، چونكە ئەو حكومەتە بە هیچ جۆرێك سەربەخۆو خۆخاوەن نیەو لە دەرەوە بە تایبەت لە توركیاوە خاوەندارێتی لێدەكرێت ، توركیاش هەرگیز نەیشاردوەتەوە كە دژی خۆسەری ڕۆژئاواو هەسەدەیەو بەردەوام دەیەوێت لە ناوی بدات ، بۆیە هەر پێشنیازێكی بارك لە ئێستادا بۆ ئەوەی سوپای ڕۆژئاواو خۆسەری ڕۆژئاوا بخرێنە نێو چوار چێوەی سوپاو دەوڵەتی سوریاوە، جۆرێكە لە نەیارەتی و دوژمنایەتی بەو خۆ بەڕێوەبەریە دیموكراتیە جیاوازو پێشكەوتوەی ناوچەكە ، ئەمەش ئەوە لە هەموو كوردان و ئازادیخوازان دەخوازێت لە دەرەوەو ناوەوە ئەو سیاسەتەی باراك كە وەك سیاسەتی دژە ڕۆژئاوا دەبینرێت لە قاو بدەن، هەڵبەت ئەو سیاسەتەی باراك نەسیاسەتی كۆی دەسەڵاتدارانی ئەمەریكایە ، نەسیاسەتی فەڕەنساو هاوپەیكانی دژی داعش ، ئەوە تەنها سیاسەتی توركیاو شەرعەو هیچی تر .