Home بیروڕائێران.. کۆتایی جەنگ و شکستی سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەت!

ئێران.. کۆتایی جەنگ و شکستی سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەت!

بۆچی تەنها "چارەسەری سێیەم" دەتوانێت ئێران و ناوچەکە رزگار بکات؟

by admin
0 کۆمێنتەکان 41 بینینەکان

عەبدولڕەحمان گەورکی:    
دوای کۆتاییهاتنی شەڕی ١٢ رۆژەی نێوان ئیسرائیل و رژێمی دیکتاتۆری مەزهەبیی ئێران، کە بە ئاگربەستێکی ناسک و کاتی کۆتایی هات، کاردانەوە و لێکەوتەکانی، لە سەرووی مەیدانی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەشەنەی کرد. موقاومەتی خەڵکی ئێران وەک هێزێک کە هەمیشە لە دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئایینیی ئێران هەڵوێستێکی روون و بێ دوو دڵی هەبووە و لە ژێر ناوی “چارەسەری سێیەم” هەڵوێستی سیاسیی خۆی خستۆتە روو، پێشوازیی لەم ئاگربەستە کرد. ئەم چارەسەرە لەسەر بنەمای “نە شەڕ و نە سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەت، بەڵکو پشتیوانیکردن لە راپەڕینی خەڵکی ئێران بۆ رووخاندنی رژێم” دامەزراوە.
پێشوازیکردنی موقاومەتی ئێران لە ئاگربەست، بە پێچەوانەی هەڵوێستی پڕوپاگەندەیی رژێم، رەنگدانەوەی هێڵێکی سیاسی روونە کە تیشک دەخاتە سەر “ئازادیی خەڵکی ئێران”. رژێم کە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا شەڕخوازی و ناسەقامگیری لە ناوچەکەی وەک ئامرازێک بۆ بە لارێدابردنی رای گشتی و پاراستنی دەسەڵات بە کارهێناوە، ئێستا خۆی لەبەردەم زەنگی رووخاندا دۆزیوەتەوە کە لە ناوخۆی ئێراندا لێدراون، نەک لە (شەڕی دەرەکی) یان سیاسەتی سازان لەگەڵ ئەم دیکتاتۆرییەتە!
لە رۆژانی دوای ئاگربەستدا، رژێمی ئێران دەستی کردووە بە بەرزکردنەوەی رێژەی سەرکوتکردن و دەستگیرکردن لە ناوخۆی ئێران کە بەرەو هەڵکشان دەچێت و دەستگیرکردنی بەکۆمەڵ و گوشار بۆ سەر بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی و هەڕەشە ئەمنییەکان لە سەرانسەری وڵاتدا زیادی کردووە. هاوکات بڵاوبوونەوەی راپۆرتگەلێک لەسەر چالاکیی (ناوەندەکانی شۆڕش) لە شارەکانی ئێراندا و بڵاوبوونەوەی درووشمی “مەرگ بۆ خامنەیی” و “مەرگ بۆ دیکتاتۆر” لە شوێنە گشتییەکان، کۆڵەکەی مانەوەی دەسەڵاتی هەژاندووە. رژێمی ئێران تەنات ئەم درووشمانەی وەک “بڵاوکردنەوەی درووشمی ناڕەزایەتی” ناو هێنا، کە ئەوەیش دانپێدانانێکی تاڵە به بڵاوبوونەوە و پەرەسەندنی بەرخۆدان لە ناو قووڵایی کۆمەڵگای ئێراندا.
لە وەها کەش و هەوایەکدا، هۆشداریی بەرپرسانی پێشوو و ئێستای رژێم و لەوانە یەکێک لە بەرپرسانی پێشووی رژێم، کە دۆخی ئێرانی بە گڕکانێکی خەوتوو شوبهاندووە، زیاتر لە جاران ئیعتباری پەیدا کردووە. دانپێدانێک کە راستییەکانی روو لە تەقینەوەی کۆمەڵگای ئێران نیشان دەدات و لە ماوەی زۆر ساڵاندا، بە شەپۆلی یەک لە دوای یەک لە راپەڕینەکان، لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠١٧ تا خەزەڵوەری ٢٠١٩ و راپەڕینی سەرتاسەری ساڵی 2022 خۆی نیشان دا.
لێدوانەکانی داواکاری گشتیی ئێرانیش ئاماژەن بۆ جیددییبوونی دۆخەکە. ئەو لە هەڵوێستێکی بێوێنەدا هەڕەشەی لە (ناوەندەکانی شۆڕش) کرد لە ژێر ناوی لێپێچینەوەی یاسایی. داواکاری گشتی داوای لە ئەندامانی ئەو ناوەندانە کردووە خۆیان بە دامەزراوە ئەمنییەکانی رژێم بناسێنن. ئەم هەرەشەکردنە لە راستیدا دانپێدانانێکی بە ئاشکرایە لەمەڕ کاریگەربوونی ئەم ناوەندانەی شۆڕش کە بوونەتە سەمبۆلی خۆڕاگری و هیوا لە ناو دڵی خەڵکی ئێراندا.
لەم ناوەدا، سیاسەتی سازانی رۆژئاوا لەگەڵ دەسەڵاتی دیکتاتۆریی مەزهەبیی ئێران نەک هەر لە جۆری “چارەسەر” نەبووە، بەڵکو بووەتە بەربەست لە بەردەم بەدیهێنانی ئازادی و دیموکراسی بە درێژایی مێژووی هاوچەرخی ئێران. لە سەردەمی پشتیوانیکردنی زلهێزەکانی جیهان لە دیکتاتۆرییەتی (شا)وە تا ئەمڕۆ، کە بەشێک لە وڵاتانی رۆژئاوایی بە بیانووی رێککەوتنی ئەتۆمی بەردەوامن لەسەر سیاسەتی سازان لەگەڵ رژێمی مەزهەبی و خەڵکی ئێران باجێکی قورسیان داوە. لە ئێعدامکردنەکانی ساڵانی شەست تا سەرکوتی بەربڵاوی راپەڕینە جەماوەرییەکاندا!
ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە (کۆمەڵگای نێودەوڵەتی) دان بە مافی گەلی ئێراندا بنێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ستەم. پشتیوانیکردن لە خەڵکی ئێران، نە لە شێوەی دەستێوەردانی سەربازیدایە و نە لە رێگەی سیاسەتی سازان لەگەڵ ئەم رژێمەدا. بەڵکو بە داننان بە مافی بەرخۆدانی رێکخراو و سەپاندنی سزای ئامانجدار لە دژی رژێم و رێبەرانی رژێم و داخستنی کەناڵە دارایی و سیاسییەکانی رژێمی ئێران مومکینە. هەروەک چۆن خانمی (مریەم رەجەوی)، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران، چەندین جار جەختی کردووەتەوە: (ئێمە نە پارەمان دەوێت، نە چەک. ئێمە تەنیا داوای ئەوە لە وڵاتانی جیهان دەکەین کە مافی موقاومەتی خەڵکی ئێران بە رەسمی بناسن و بێلایەنیی خۆیان بپارێزن. کەڵک وەرگرتن لە میکانیزمی (ماشە) دەتوانێ هەنگاوێک بێت بەرەو پشتیوانیکردن لە خەڵک و موقاومەتی ئێران.
قسەی کۆتایی!
دەرئەنجامی ئەو شەڕە ١٢ رۆژەەیە بۆ خەڵکی ئێران ئاشکرایە، نەک لە بەرەکانی شەڕدا، بەڵکو لە ئاوێنەی ناوخۆدا روونە. واتە ئەو شوێنەی کە، دەنگدانەوەی هاواری گەل بۆ ئازادی و ئازادیخوازی، جەستەی رزیوی ستەمکاریی هەژاندووە. بژاردەی راستەقینە و ئینسانی بۆ ئایندەی ئێران، “چارەسەری سێیەم”ە. واتا پاڵپشتیکردن لە خەڵکی ئێران بۆ رووخاندنی دیکتاتۆرییەت و دامەزراندنی کۆمارێکی دێموکراتیک، سەربەخۆ و لە سەر بنەمای مافەکانی مرۆڤ. ئەم رێگایە تاکە بژاردەیە کە دەتوانێت هەم ئاشتی لە ئێران و هەم سەقامگیری لە ناوچەکە و جیهاندا دەستەبەر بکات.

عەبدولڕەحمان گەورکی، نوسەر و شرۆڤەکاری سیاسی

لێدوانێک بەجێ بهێلە