هاوڕێ حەسەن مارف عارف، کادری حیزب و کۆمۆنیستێکی کۆڵنەدەر و کرێکارێکی سۆشیالیست و سیمایەکی خۆشەویستی کۆمۆنیزمی کرێکاری لە کوردستان و لە ئوسترالیا، لە ١٢/٧/٢٠٢٥ دا لە نەخۆشخانەی (وێستمید) لە شاری سیدنی گیانی لە دەستدا و بۆ هەمیشە بەجێی هێشتین.
یەکەم:
هاوڕێ حەسەن لە ٢٠/٧/٢٠٢٥دا لە گۆڕستانی (پاین گرۆڤ) لە مینچنبێری نزیک لە هاوڕێیانی کۆچکردوو (لەیلا محەمەد و جەبار مستەفا) بە خاکسپێردرا. لەم مەراسیمەدا سەرەتا هاوڕێ عامر لە وتەیەکی کورتدا بەخێرهاتن و سوپاسی زۆری نارد بۆ بەشداران و باسی کەسایەتی هاوڕێ حەسەنی وەک کۆمۆنیستێکی خۆشەویست و ماندوونەناس کرد. پاشان پۆشکین کوڕەکەی هاوڕێ حەسەن بە زمانی ئینگلیزی وتەیەکی کورتی پێشکەشکرد و شیعرێکی شاعیری ڕووسی (ئەلێکساندەر پۆشکین)ی خوێندەوە. پاشان زاریای کچی هاوڕێ حەسەن بە گێڕانەوەی چەند یادەوەرییەکی باوکی خۆشەویستی بەشداریکرد. پاشان هاوڕی چیمەن عارف هاوسەری هاوڕێ حەسەن بە وتەیەک تیشکی خستە سەر چەند گۆشەیەک لە ژیانی هاوسەر و هاوحیزب و هاوخەباتی خۆشەویستی و سوپاس و پێزانینی زۆری ئامادەبووانی مەراسیمەکەی کرد. پاشان سڵایدشۆیەک بە پیشاندانی وێنە و گۆرانی پێشکەشکرا.
بەدوای ئەم قسانەدا تەرمی هاوڕێ حەسەن بەڕێخرا بۆ سەرگۆڕەکەی و شکۆدارانە بە ئامادەبوونی سەدان کەس لە هاوڕێیان و دۆستان و ئاشنایانی هاوڕێ حەسەن، بە لێدانی هەندێ لەو گۆڕانیانەی کە هاوڕێ حەسەن حەزی لێبوو (عەدنان کەریم و نەجمەدنی غولامی…) ئەم هاوڕێ ئازیزەمان بەخاک سپێردرا. شایانی باسە کە ڕادیۆی پێشەنگ ڕاستەوخۆ پەخشی مەراسیمەکەی بڵاوکردەوە لە ڕێگەی فەیسبووکەوە.
دووەم:
لە ڕۆژی شەمە ٢٦/٧/٢٠٢٥ مەراسیمێک لە لایەن ڕێکخستنی ئوسترالیای حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستانەوە بۆ ڕێزگرتن لە ژیان و خەباتی هاوڕێ حەسەن لە هۆڵی (پینانت هیڵس کۆمیونیتی سێنتەر) بەڕێخرا. سەرەتا هاوڕێیان (دلاوەر مونزیر و لیزا جەبار) کە پێشکەشکارانی برگەکانی مەراسیمەکە بوون، بە ناوی ڕیکخستنی ئوسترالیاوە بەخێرهاتنی ئامادەبوونیان کرد. پاشان بە ساتێک بێدەنگی و سرودی ئەنتەرناسۆنال دەستپێکرا، پاشان هاوڕێ عامر سابیر وتەی ڕێکخستنی ئوسترالیای حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستانی پێشکەشکرد و باسی چەند تایبەتمەندی کەسایەتی هاوڕێ حەسەنی کرد، وە سوپاسی هەموو ئەو ئازیزانەی کرد کە لە پرسە و مەراسیمی بەخاکسپاردن و ئەم مەراسیمی ڕیزگرتنە لە ژیان و خەباتی هاوڕێ حەسەن لەگەڵماندا بەشداربوون و هاوسۆز و ئامادەیی هاوکاری بوون، وە باسی چۆنییەتی نەخۆشییەکەی هاوڕێ حەسەنی کرد و بە ناردنی پەیامێک بۆ کاک مەجیدی برا گەورەی هاوڕی چیمەن، کۆتایی بە قسەکانی هێنا. پاشان بەیانی ڕێکخراوی دەرەوە لەسەر مەرگی هاوڕێ حەسەن بە زمانی ئینگلیزی لە لایەن (لیڤانا سابیر)ەوە خوێندرایەوە. پاشان پەیامێکی ڤیدیۆیی هاوڕێ عوسمانی حاجی مارف سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان پێشکەشکرا. بەدوای ئەمەدا هاوڕێ سەعید قوربانی کرێکارێکی سۆشیالیست و هاوڕێی هاوڕێ حەسەن بە زمانی فارسی وتەیەکی پێشکەشکرد. پاشان کورتەیەک لە ژیاننامەی هاوڕێ حەسەن لەگەڵ پێشاندانی سڵایدشۆیەکدا کە چەندین وێنەی بڕگە جیاجیاکانی ژیانی هاوڕێ حەسەنی لەخۆگرتبوو پیشاندرا. پاشان هاوڕێ موزەفەر عەبدوڵا بە گێڕانەوەی چەند یادەوەرییەک بەشداری کرد. پاشان کاک عەتا عوسمان بە گێڕانەوەی چەند یادەوەرییەک و شیعرێک بۆ هاوڕێ حەسەن بەشداری کرد.
لێرەدا بۆ ئەوەی ئامادەبووان زۆر ماندوونەبن، پشوویەک ڕاگەیەندرا و بە خواردنەوەی چاو قاوە و شیرینی، بیست خولەکێک بەسەربرا. پاشان لە بەشی دووەمی مەراسیمەکەدا کاک هێمن بابان بە خوێندنەوەی پەخشانە شیعرێک بەشداری کرد. پاشان هاوڕی (ئێران بایەزیدی) بە خوێندنەوەی شیعرێک بە زمانی فارسی بەشداری کرد.
پاشان ناوی ئەو حیزب و ڕێکخراوە سیاسییانە خوێندرایەوە کە پەیامی سەرەخۆشیان بە بۆنەی مەرگی ناوەختی هاوڕێ حەسەنەوە ئاڕاستەی ڕێکخستنی ئوسترالیای حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان کردبوو کە ژمارەیان شەش ڕێکخراو و حیزبی سیاسی بوون. پاشان زاریای کچی هاوڕێ حەسەن باسی لە چەندین گفتووگۆی نێوان خۆی و باوکی کرد لەسەر ماکسیزم و کۆمۆنیزم. لە کۆتاییشدا هاوڕی چیمەنی هاوسەری وتەیەکی پێشکەش کرد و سوپاسی زۆری بەشدارانی کرد بۆ هاوپشتی و خەمخۆریان لەمەرگی ناوەختی هاوڕێ حەسەندا، وە باسی درێژەپێدانی خەباتی هاوڕێ حەسەنی کرد کە بەردەوامدەبێت لەسەری. بە دوای وتەی هاوڕێ چیمەندا کۆتایی بە مەراسیمەکە هێندرا. شایانی باسە کە لە بەشێکی هۆڵەکەدا بەشێک لەوکارە هونەری و تابلۆیانە دانرابوون کە هاوڕی حەسەن لە ڕابردوودا کێشابوونی. هەورەها ئەم مەراسیمەش ڕاستەوخۆ لەلایەن (ڕادیۆ پێشەنگ)ەوە پەخشکرا لە ڕیگەی فەیسبووکەوە. بەداخەوە کە بە هۆی هەڵەیەکی تەکنیکییەوە بەشی دووەمی مەراسیمەکە ڕیکۆرد نەکرابوو. وە بەداخەوە کە چۆنایەتی بەشی یەکەمیش کە بە ڵایڤ بڵاوکرابۆوە کەموکوڕی زۆر لە دەنگەکەیدا هەبوو. لەمبارەوە داوای لێبووردنی زۆر لە بینەرانی سەر ئۆنڵاین و قسەکەرانی بەشی دووەمی مەراسیمەکە ئەکەین کە وتەکانیان ڕیکۆرد نەبوو بوو.
بۆ هەمیشە یادی هاوڕی حەسەنی ئازیز لەلامان بەرز و بەریزە و ڕێگەی خەباتی بەردەوامە.
ڕێکخستنی ئوسترالیای حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٢٨/٧/٢٠٢٥