Home بیروڕائێران.. شەڕی سەرەکی نزیک دەبێتەوە!

ئێران.. شەڕی سەرەکی نزیک دەبێتەوە!

by admin
0 کۆمێنتەکان 138 بینینەکان

عەبدولڕەحمان گەورکی:     
شەڕی ماڵوێرانکەری ١٢ رۆژە گەیشتە “ئاگربەست”. هەنگاوی داهاتوو چی دەبێت؟ ئایا ئەوەی خەڵک و موقاومەتی ئێران دەیانەوێت، واتە “ڕاپەڕین” و “ڕووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران” بەدی دێت؟ شەڕی کۆتایی یان شەڕی سەرەکی لە کوێ دەبێت و چییە؟ ئایا شەڕێکی لەو شێوەیە نزیک دەبێتەوە؟ کێ براوە و دۆڕاوی ئەم شەڕە دەبێت؟
بینینی گۆڕەپانی شەڕەکە!
تا ئێستا سەلمێنراوە کە “شەڕی سەرەکی” لە نێوان رژێمی دیکتاتۆری ئێران و وڵاتێکیتر نەبووە و نییە. هەروەک چۆن “سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەت” “چارەسەر” نەبووە و نییە. چونکە تا ئێستا هەردووکیان یارمەتییەکی زۆریان گەیاندووەتە ئەم رژێمە بۆ لە سەر پێ مانەوە. شەڕی ١٢ رۆژەی ئەمدواییە، جارێکیتر ئەم راستییەی سەلماند.
خانمی مریەم رەجەوی، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران، دوابەدوای ئاگربەستی شەڕی ١٢ رۆژەی ئەمدواییە رایگەیاند: پێشنیاری ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە شەڕ هەنگاوێکە بەرەو چارەسەری سێیەم: “نە شەڕ، نە سازان، با خەڵکی ئێران خۆیان، خامنەیی و دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی لە شەڕی چارەنووسدا بخەنە خوارەوە”.
واتای تۆقینی رژێمی دیکتاتۆریی ئێران ئەوە دەردەخات کە “ناوخۆی ئێران” دیمەنی سەرەکی یان مەیدانی شەڕەکەیە. هەرچەندە تا ئێستا پڕیشکەکانی ئەم شەڕە، دەرەوەی ئێرانیشیان گرتووەتەوە. هەربۆیە “براوە”ی ئەم شەڕە سەرەکییە، ئەو هێزەیە کە رەگ و ریشەی قووڵی لە کۆمەڵگای ئێرانیدا داکوتابێت. نابێت مرۆڤ بێباوەڕ بێت یان بێ ئومێد لە ئاست ئەم بووچوونە. (هێزی روواڵەتی) تەمەنی کورتە. بە دروشمی جۆراوجۆرەوە دێن و دەڕۆن. سەوز دەبن و بە خێرایی سیس دەبن و هەڵدەورن. هیچ داهاتوویەکیان نییە. هەروەک کەف و کوڵی سەر ئاون کە بە خێرایی لا ناو دەچن. وەک لە راپەڕینی ساڵی ١٤٠١ بینیمان. یان وەک لەم شەڕە ١٢ رۆژەدا شایەتحاڵی بویین.
جێگرەوەی دەسەڵاتی دیکتاتۆری!
ئەگەر تۆزێک قووڵتر لە راپەڕین و شۆڕشدا بڕوانین، بۆمان دەردەکەوێت کە “ڕووخاندنی دیکتاتۆریی ئایینی” پێویستی بە ئەڵتەرناتیڤێک هەیە کە رەگ و ریشەی لە ناو ئێراندا هەبێت و لق و پۆپی بۆ دەرەوەی ئێران هاویشتبێت. بۆیە شەڕی سەرەکی نە ئەتۆمییە، نە ئایین و نە نەتەوە، (نە) تەنانەت مافی مرۆڤ و بژێوی خەڵک! شەڕی سەرەکی لەسەر “ئازادی”یە و ئەمانە، دەرئەنجامەکانییەتی. لە وڵاتێکدا کە “ئازادی” نەبێت، دەرئەنجامەکانی شەڕی سەرەکی زۆر فراوانن. لەبیرمان نەچێت کە ئەمانە “دەرهاویشتە” و “دەرەنجامن”. دەبێت هۆکارەکەی لە “ناسنامەی دژە ئازادی”ی هێزی دەسەڵاتداردا ببینینەوە.
لە راستیدا دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری سەرەتا “ئازادی” لە کۆمەڵگادا لەناو دەبات. پاشان بە دوای چەکی ئەتۆمی، سەرکوت، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، پێشێلکردنی بژێوی خەڵک، شەڕخوازی، هەناردەکردنی قەیران و .. هتد دەڕوات! ئەمە راستییەکە بە درێژایی مێژوو سەلمێنراوە. هەر بۆیە دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان لە سەرووی هەموو شتێکەوە لە “ئازادی” تۆقاون و ئازادیخوازان دەبەنە نا قەسابخانەکانی. چونکە لە ئازادیدایە دیکتاتۆرییەت دەنێژرێت. خەڵکی ئێران رقی لە هەموو جۆرەکانی دیکتاتۆرییەتە!
ئازادی و سەربەخۆیی!
“ئازادی” لە کۆمەڵگادا کە دیوەکەیتری “سەربەخۆیی”یە، بەخۆرایی بەدەست نایەت و تێچووی قورسە. هەربۆیەشە زۆر بەنرخە. چون نرخەکەی دەبێ بدرێت. وەک ئەوەی موقاومەتی خەڵکی ئێران باجەکەی داوە. باجێک کە قوربانیدان لە پێناویدا لە (120) هەزار کەس تێپەڕیوە و لەوانە زیاتر لە ٣٠ هەزار زیندانیی سیاسی کە لە ساڵی ١٩٨٨ لەلایەن دیکتاتۆری ئایینیەوە کۆمەڵکوژ کران!
ئاڵا هەڵگری ئازادی و دیموکراسی لە ئێران!
ژمارەیەکی زۆر لە رۆڵەکانی خەڵکی ئێران بە دەستی رژێمی دیکتاتۆریی (شا) شەهید کران. دوای رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی شا و هاتنە سەرکاری دیکتاتۆرییەتی ئایینی لە ساڵی ١٩٧٩، ژمارەیەکی زۆر زیاتر شەهید کران کە زۆربەیان لە رێکخراوی سەرەکیی موقاومەتی خەڵکی ئێران، موجاهیدینی خەلقن. ئەم رێکخراوە بە پشتبەستن بە دوو پرەنسیپی “ئازادی” و “سەربەخۆیی”، هەمیشە هێزی سەرەکی بووە لە سەنگەری دژ بە دیکتاتۆرییەتدا. هەر لەبەر ئەم هۆکارە بووە کە هاوکات لەگەڵ بەرەپێشبردنی پرۆژەی “رووخاندنی دیکتاتۆرییەت”، ناچار بووە چەندین بەربەست لە سەر رێگای خۆی دوور بخاتەوە. بەشێوەیەک کە دووری و نزیکایەتی لەم موقاومەتە، خۆی بۆتە پێوەر و دانپێدانان بە “ناسنامە”ی تاک و بزووتنەوەکانیتردا!
تێپەڕبوون بەسەر ئەم ئاستەنگانەدا، هەرچەند زۆر قورس و هەندێکجاریش مەحاڵ دەهاتە بەرچاو، بەڵام ئەم ئاستەنگانە هەرگیز نەیانتوانی موقاومەتی خەڵکی ئێران لە بەدواداچوونی ئامانجەکەیان رابگرێت. سازانی رۆژئاوا لەگەڵ دیکتاتۆریی ئایینی بووە هۆی شکستی خۆیان. هەروەک چۆن ناوزەدکردنی تیرۆریستیی موقاومەتی ئێران بووە هۆی شکستی یەک لە دوای یەکی خۆیان. لە راستیدا موقاومەتی ئێران هەموو رێگایەکی تاقی کردووەتەوە بۆ رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێراندا و لە هەموو بوارەکاندا باجێکی زۆر قورسی داوە. بێ هۆ نییە کە یەکێک لە سەرکردەکانی ئەم رژێمە وتی “هیچ گورزێک لە دەسەڵات نەدراوە کە پەنجەمۆری موجاهیدینی خەلقی لەسەر نەبووبێت”. موقاومەت “ئەڵتەرناتیڤێکی ناوازە” و “بێ هاوتا”یە. هەر ئەمەش وایکردووە، سەرەڕای پیلان و وەبەرهێنانێکی زۆر، رەوتە کۆنەپەرست و کۆلۆنیالیستەکان نەیانتوانیوە پەراوێزی بخەن و بەدیلێکی خوازراوی خۆیان درووست بکەن و بیخەنە سەر کورسی!
لە یەکێک لە وتارەکانیدا، مەسعوود رەجەوی، رێبەری موقاومەتی خەڵکی ئێران، وتبووی: “ئێمە رکابەری هیچ کەس نین لە گەیشتن بە دەسەڵاتدا. بە دڵنیاییشەوە هیچ کەسێک ناتوانێت رکابەری موجاهیدین بێت لە مەسێری راستگۆیی و قوربانیدان و فیداکاری”دا. پابەندبوون بەم پرەنسیپە بنەڕەتییەیە کە وایکردووە موقاومەتی ئێران بتوانێت بەردەوام بێت لە سەرکردایەتیکردنی شۆڕش و جەنگ لە دژی دیکتاتۆرییەت لە ئێران و هەروەک هەمیشە ئاڵاهەڵگر بیت!
چاوخشانێک بەسەر ئێراندا لە دوای ئاگربەستی ئەمدواییە!
زانیاری و هەڵسەنگاندنەکان ئاماژە بەو راستییە دەکەن کە دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئایینی لە ساڵانی رابردوودا گورزی گەورەی بەرکەوتووە و لە هەموو روویەکەوە لە لاوازترین خاڵی خۆیدایە. موقاومەتی خەڵکی ئێران چەندین جار رایگەیاندووە کە شەڕی دەرەکی و هەروەها سازان لەگەڵ دیکتاتۆریی مەزهەبی، چارەسەری کێشەی ئێران نەبووە و نییە. رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران کاری خەڵک و موقاومەتی ئێرانە. ئەگەر کەسێک، بزووتنەوە یان حکومەتێک بیەوێت لە دیوی راست و درووستبوونی مێژوودا بووەستێت، دەبێت پشتیوانی لە خەڵک و موقاومەتی ئێران بکات و دان بە مافی بەرخۆدانی خەڵکی ئێراندا بنێت!
ئێستا، جگە لە تۆڕێکی بەرفراوانی هێز لە هەموو بەشەکانی جیهاندا، کە ناوەندە سەرەکییەکەی “ئەشرەف ٣”یە، موقاومەتی ئێران هەزاران “ناوەندی شۆڕش”ی لە ناوخۆی ئێرانیشدا هەیە کە رۆژانە چالاکیی سەربازی و سیاسی و مەدەنی ئەنجام دەدەن.
هەر لەبەر ئەمەشە کە فوکوسی سەرەکیی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئایینی لە ناو ئێران و دەرەوەی ئێراندا لەسەر هێزی سەرەکی موقاومەتە. هەڵبەت لە پەراوێزدا تاوانی دیکەیش ئەنجام دەدات بۆ شاردنەوەی ترس و تۆقینی سەرەکی خۆی و بە ئەوەی پێگەی موقاومەت بە بێ بایەخ دەربخات! تاوانەکانی وەک: گرتن و ئەشکەنجەدان و تۆمەتبارکردنی کەسانیتر و تاوانبارکردنی ئەوان بە سیخوڕیکردن و … هتد، بۆ ئەوەی رووخساری تۆقاوی خۆی بشارێتەوە.
هەڵوێستی موقاومەتی خەڵکی ئێران!
بەشە جۆراوجۆرەکانی موقاومەتی خەڵکی ئێران سەرەڕای جیاوازی لە هەڵوێست و بیر و باوەڕ و داخوازیەکانیاندا، یەکدەنگن لەسەر ئەوەی کە (بەدیلی دێموکراتیک) بۆ رژێمی دیکتاتۆری، رەگ و ریشەی لە کۆمەڵگەی ئێراندا هەیە. هەر بۆیە هەمووان سەرنجیان لەسەر ناوخۆی ئێرانە. هەربۆیە ترسی سەرەکی رژێمی دیکتاتۆریی ئێران نە لە درێژەدانی شەڕی دەرەکی، بەڵکو راست لە فراوانبوون و قووڵبوونەوەی راپەڕین و شۆڕشی نێوخۆی ئێراندایە. راپەڕین و شۆڕشێک کە هەم تێکشکێنەری “جەنگ”ە و هەمیش شکست پێهێنەری سیاسەتی “سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەت”ە!

عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی

لێدوانێک بەجێ بهێلە