بەڕێز مەسعود بارزانی! لەم ڕۆژانەدا پەیامێکت ئاراستەی خەڵکی برسی و بێدەرەتانی کوردستان کرد، سوپاس و ستایشت کردن لەبەرئەوەی بەرگەی زیاتر لە ٨٠ رۆژ برسێتی و بێ موچەییان گرتوە. دیارە خۆت باش دەزانی کە ئەوە بەرگەگرتن نەبوو، خەڵک نەیتوانی بەرگە بگرێ، بۆیە دەنگی هەڵبڕی و هاتە سەر شەقام، بەڵام دەسەڵات بە لولەی چەک و داپڵۆسین و تەنانەت کوشتن وەڵامی ئەو خەڵکەی دایەوە، کە تەنها داوای خزمەتگوزاری و موچەکانی خۆیان دەکرد. هەر پێرێ بوو سوپایەکی پڕچەکتان بردە سەر خەڵکی خەبات کە داوای سەرەتایترین خزمەتگوزاریان دەکرد. داستانەکە وەهایە کە حکومەتەکەتان موچە و مافی خەڵک نادات و بە زەبری چەکیش بێدەنگیان دەکات، پاشان جەنابتان دێن و سوپاس و ستایشی ئەو خەڵکە دەکەن، چونکە گوایە بێدەنگ بوون و تەحەمولی ئەم زۆرداریەیان کردوە. ئایا ئەمە بەدەر لە لایەنە ستەمکارانەکەی، جۆرێک لە بێ ڕێزیش نییە بە خەڵکی کوردستان؟!
٨٠ ڕۆژ بڕینی بژێوی سەدان هەزار خێزان کارەساتێکە کە بە وشە گوزارشی لێ ناکرێت. ئەم کارەساتە چەندین کارەساتی تری لێکەوتەوە. بیهێنە بەرچاو کە فەرمانبەر لە تاو بێ موچەیی و برسێتی خانەوادەکەی، دەست بۆ خۆکوشتن بەرێت. یان شان بداتە ژێرباری قەرزێک کە نازانێ دواتر چۆن بیداتەوە. ئاخر منداڵی شیرەخۆرە و ساوا کە تەنانەت لە ستایشەکەی جەنابتان تێناگات، چۆن دەکرێت پێی بڵێی سوپاس کە بەرگەت گرت؟! ئەوەی جەنابتان ناوتان ناوە بەرگەگرتن، زۆردارییەکی بەزۆر داسەپاوە کە لەم ٨٠ ڕۆژەدا هەر ڕۆژی هەشتاجار جەرگی ئەو دایک و باوکانەی چوزاندوەتەوە کە نەیانتوانیوە منداڵەکانیان تێر بکەن و لانی کەمی داخوازیییەکانیان مەیسەر بکەن، نەیانتوانیوە دکتۆر و دەرمان بۆ نەخۆشەکانیان دابین بکەن. ئاخر کاتێک دەکرێت ستایشی خەڵک بکەی لەبەر ئەوەی تەحەمولی برسێتیان کردوە، کە خۆشتان لانی کەم تەنها یەک ڕۆژ وەکو ئەوان برسێتی و نەبوونی بچێژن.
چەند ساڵ لەمەبەر رۆژنامەیەکی بەلجیکی لە دەمی بانکی سویسراوە نوسیبوی کە تەنها بنەماڵەی بارزانی و تەنها لە بانکی سویسرا خاوەنی ٦٠٠ ملیار دۆلارن. بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە لەم بڕە پارەیە ٣٧٢ ملیارێکی هی خودی جەنابتانە ئەو دواشی بەپێی خشتەیەک بەسەر ئەندامانی خانەوادەکەتاندا دابەشکراوە. جگە لەمە هەر ئەندامێکی بنەماڵەکەت خاوەن کۆشکی سەرسوڕهێنەرە بە پانتایی یەک شار بە هەموو پێداویستیەکانی ژیانی فیرعەونانەوە. هیچ داهێنانێکی کەیف و ڕابواردن نییە کە بۆ هەموو ئەندامانی هەردوو بنەماڵە دەسەڵاتدارەکە فەراهەم نەبێت. سەروەت و سامان و موڵك و ماڵتان خەیاڵیە و لە ژماردن نایات. ئاخر ئەوە چۆن دەکرێت خۆت لەوپەڕی خۆشگوزەرانیدا ساتەکانت بەڕێبکەیت و سوپاس و ستایشی خەڵکیش بکەی بۆ ئەوەی بەرگەی برسێتی دەگرن؟! ئەگەر بەرگەگرتنێکی بەم جۆرە بوونی هەبێت، وە ئەگەر ستایش هەڵگرێت، ئەی بۆچی خۆتان لەو ستایشە بێبەشن؟! بۆچی دەبێ خەڵک بەرگەی برسێتی بگرێت؟! لە کاتێکدا هەموو ئەو خەڵکە برسییەی کە بەڕێزتان ستایشیان دەکەی، چونکە گوایە بەرگەی برسێتیان گرتوە، زۆر ڕون و ڕاشکاو دەزانن خۆت و تاک بەتاکی ئەندامانی بنەماڵەکەت و تەنانەت دەوروبەرەکەتان، نوقمی بەهەشتێکن کە لەم سەرزەویەدا بۆتان بەرپاکراوە؟! ئەزانی ئەو خەڵکە برسییە باش دەزانن کە کۆشکی هەریەکەتان بە ئەندازەی شارێکە بە تەواوی ئەو مواسەفاتانەوە کە دەڵێن بەهەشت!! هەیەتی؟ دەزانی ئەو خەڵکە برسییە هەموو رۆژێک ئاپورای ئۆتۆمبیلە سەیروسەمەرەکانتان دەبینن و دەزانن کە تەنها بەوەوە نەوەستاون و ئێستا ئیتر خاوەن کۆپتەر و فڕۆکەن؟ دەزانی ئەو خەڵکە برسییە دەزانن سەروەت و سامان و موڵک و ماڵی لەبن نەهاتوتان نەک هەر لە کوردستان، بەڵکو بە پانتایی جیهان بڵاوبوەتەوە؟ ئایا ئەوەش دەزانی ئەو خەڵکە برسییە دەزانن کە تاقە دۆلارێکی ئەو سەروەت و سامانەتان بە کاسبی پەیدا نەکردوە و سەرچاوەکەی ڕێک و ڕاست ماف و موچە و سامانی دزراوی کۆمەڵگە و ئەو خەڵکەیە نەدار و برسیەیە؟! بە مانایەکی تر ئەو خەڵکە دەزانن کە بۆیە ئێوە ملیاردێرن، چونکە ئەوان ڕوت و ڕەجاڵ و برسین؟! کەوایە ئەوە چ دادپەروەریەکە کە ژیانی فیرعەونانە بۆ خۆتان و ستایش و سوپاس و برسێتیش بۆ خەڵکی کوردستان؟! ئایا ئەم دابەشکردنە کەمێکیش بێت ناڕەوا و ستەمکارانە و نادادپەروەرانە نییە؟!
ئەگەر بەڕاستی داهات و پارە نییە، ئەگەر بەڕاستی ناچارییە و دەبێ خەڵکی کوردستان بەرگەی نەبونی و برسێتی بگرێت، دەی باشە لانی کەم خۆشتان وەکو ئەو خەڵکە تۆزقاڵێک لەو نەبوونی و برسێتیە شەریک بن. ئاخر چۆن دەکرێت دوو بنەماڵە و دەوروبەرەکەیان داهاتی سەرزەوی و ژێرزەوی و ئاسمانی کوردستانیان قۆرخ کردوە، سەدویەک جۆرە باج و سەرانەیان لەسەر خەڵک داناوە، هەرچی زەوی و موڵکی گشتییە هەڕاجی دەکەن و داهاتەکەی دەچێتە قاسەکانی خۆیانەوە و پاشان بەخەڵک دەڵین: هەربژی ئێوە کە بەرگەی برسێتی دەگرن؟! لە کاتێکدا ئەو خەڵکە ئاگایان لە قاچاخچێتی نەوت و داهاتە سەرسورهێنەرەکەی هەیە، ئاگایان لە ڕمبازێنێ دوو بنەماڵە لەسەر موڵک و ماڵی گشتی هەیە، ئاگایان لەوە هەیە سەروەتی دوو بنەماڵە بەشی موچەی نیو سەدەی خەڵکی کوردستان دەکات، ئاگایان لەوەش هەیە کە ئەو سەروەتەی هەردووبنەماڵە لە بنەڕەتدا موڵکی گشتی خەڵکی کوردستانە. کەوایە وەرن بۆ موچە و خزمەتگوزاری خەڵک تەرخانی بکەن. هەرکات ئەوە تەواو بوو، وە ئەگەر بەناچاری و پێویستی کرد، ئەوکات ڕەوایە هەموو خەڵک بە ئێوەشەوە بەرگەی برسێتی بگرن. بەڵام ناکرێ خۆت لە لوتکەی ڕابواردن و کەیف و سەفاوەتدا بیت و ستایشی خەڵک بکەی، چونکە بەرگەی برسێتی دەگرن.
سیستەمی باجی ئێوە لە هیچ کوێی دنیا ناچێت. دەوڵەت کە باج لە خەڵک وەردەگرێت، لە بەرامبەردا ئەرکێتی لانی کەم ئەو خزمەتگوزاری و لایەنانەی ژیانی خەڵک دابین بکات کە ناکرێ و ناتوانرێت بە تاک بسپیردرێت. بەڵام حکومەتەکەی ئێوە جۆرەها باجی سەیروسەمەرەی لەسەر خەڵک داناوە، لە بەرامبەریشدا هیچ خزمەتگوزاری و بیمە و هاوکاریەک پێشکەش بە هاوڵاتی ناکات. تەنانەت خوێندنگا و نەخۆشخانە حکومیەکان خەریکە ئینقراز دەکەن یان کەڵکیان نامێنێ. هەرکەس بیەوێ داهاتوی منداڵەکەی مسۆگەر بکات دەبێ یان خوێندنگەی بەپارە بۆ بکڕێت یان مامۆستای تایبەتی بۆ دابین بکات، هەرکەس بیەوێ نەمرێ دەبێ خۆی خەرجی دکتۆر و دەرمان دابین بکات، جادە و بانەکان بونەتە ڕێگای مەرگ..و… ئەو باجەی لە خەڵک وەردەگیرێت ڕاستەوخۆ دەچێتە گیرفانی هەردوو حزب و هەردوو بنەماڵەی دەسەڵاتدارەوە. ئاخر داهاتی باج بۆچی و بە کام یاسا و پێوانە دەچێتە دەستی حزبە دەسەڵاتدارەکان و لەوێشەوە بۆ قاسەی دوو بنەماڵە دەسەڵاتدارەکە؟ هەر لە بنەڕەتەوە ئەگەر حکومەتەکەتان خزمەتگوزاری پێشکەش بە خەڵک ناکات، بە چ ماف و بە چ مەنتقێک باج لە خەڵک وەردەگرێ؟ داهاتی باج و گومرک و فرۆشتنی نەوت و زەوییە بەنرخەکانی موڵکی شارەوانی و داهاتەکانی تر، سەرچاوەی سەروەت و سامان و ژیانی شاهانەی دوو بنەماڵە و دەوروبەرەکەیانە. بەڵام ئەم داهاتەی دەستتان بەسەردا گرتوە هیچ مافێکی ئێوەی پێوە نییە. بەم پێیە سەروەت و سامانی سەدان ملیاریتان پارەی خەڵکە و بە زۆر زەوتکراوە. بۆیە سوپاس و ستایشەکەت بۆ خۆتان، دەرگای قاسەکانتان بکەنەوە و موچە و خزمەتگوزاری و بیمە جۆراوجۆرەکانی پێ دابین بکەن! ئەم کارەساتە سامناکە بە سوپاس و ستایش بەڕێناکرێت!
ڕێبوار ئەحمەد
کۆتایی تەموزی ٢٠٢٥